١٣\٧\٢٠١٤
پەرتووک سوتاندن و
قەیرانی ئاوەز.

بەنگین پیرۆت
بکوژی
بیرمەندی میسریی ''فەرەج فودە'' کە ناوی ''ئەبو عەلا عەبدرەبە''یە
کاتێک دادگا لێیی دەپرسێ بۆچی فەرەج فودەت کوشت؟ دەڵێ کافر بوو، دەڵێ
چۆن دەزانی، دەڵێ پەرتووکی کوفری نووسیوە، لێی دەپرسن چی فەرەج فودەت
خوێندۆتەوە، دەڵێ ھیچ.. من پەرتووک ناخوێنمەوە.
لە جەنگێکیشدا (سەحابە)یەک لە گەرمەی شەڕدا یەکێک دەکوژێ کە پێشتر
ھاواری کردبوو ''لا ئیلاها ئیلەڵا''.. بۆ پێغەمەری گێڕایەوە و پێغەمبەر
لۆمەی کرد کە نەیکوشتبا.. ئەویش گوتی لە ترسی شمشێرەکەی وای گوت..
پێغەمبەریش پێی گوت دڵیت لەت کرد تا بزانی.
بە ھەمان شێوە بکوژانی پەرتووک بە بێ ئەوەی بزانن چ لە ناو دڵی
پەرتووکدا هەیە سڵ لە کوشتنی ناکەنەوە، ئەوانەی لەم سەردەمە سەدەی ٢١دا
دەستیان داوەتە سوتاندنی پەرتووک لە سەردمی ئەمین و مەئمونیش کەم هۆشی
وا نەبوون.
کاتێک ''مەعتەزیلە''کان لە نێو خودی شارستانیەتی ئیسلامدا سەریانهەڵدا
و داوای چاکسازیی دینیی و ئاوەزی مرۆڤی ئەو سەردەمەیان دەکرد، کاتێک
سوپای مەغۆل شاری بەغدای لە ساڵی ١٢٥٨دا داگیر کرد.. جیاوازیی لە نێوان
سوتاندنی جەستەی مرۆف و پەرتووک و خاکدا نەبوو و ھەموویان وەک یەک
سوتاند، سوپای تاتار ئەوەندەی پەرتووکی سوتاند ئەوەندەی پەرتووکیان
خستە ناو رووباری دیجلە و فورات ئەوەندە مرۆڤیان نەکوشت، پێشتریش
عومەری کوری خەتاب کە لە رێگەی لەشکرکێشییەوە و خەلافەتی ئیسلامی
فراوان کرد و دەستی بەسەر زۆربەی ناوچەکەدا گرت سوپایەکەی پەرتووکێکی
زۆریان سوتاند.
ھیتلەر و ستالین و فرانکۆ و سەدام ئاسایەکانی ئێستا پاشماوەی ئەو
سەردەمە کوێرەی ئەوسان.. ئێستا پەرتووک دەسوتێنن لەبەرئەوە نییە کە
ھەستیان بە گرنگیی پەرتووک کردبێ لەسەر بیر و هۆشیاریی مرۆڤ.. بەڵکە
لەبەرئەوەیە کە یەک وشەیان لە پەرتووک نەخوێندۆتەوە.. ئەگین ناسکیی
وشەکانی هۆنراوەکانی جەمال غەمبار و قوبادی جەلیل زادە هێندەی شمشێرێک
تیژە تا ئەو دڵڕەش و تاریکپەرستانە گۆشاگۆش سەر ببڕێ کە رووناکیی وشە
چاوی دڵەکانیانی کوێر کردوون؟!
ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری
|