٢٩\٣\٢٠٢٥
پەرتووک!

تاڤگە
سابیر
پەرتووکی بن دەستی
فاڵچیەک پێیگوتم
رۆژێك دێ جەستەت لە سێبەرەکەت جێدەمێنێ
بێ واتا لە ئەڤین دەپرسی
لە وشکەساڵییەکی مرۆڤان کەوشەکانت وندەکەی
پێیگوتم!
بەختی تۆ بەستراوە و بەرنابێ
بەختی تۆ لە قتووی یادەوریی ژنێکدا دیلە و
لە رۆخی دەریادا نوستوە
بەختی تۆ بەستراوە و بەرنابێ
پێیگوتم!
دەبێ تۆ.. ھەزاران نشێو و ھەزاران دارستان تەواوکەی
ھەزاران فرمێسک و ھەزاران تەزبیحیش تەواوکەی
تاڵێکی مووی سپیی سەری خۆت ھەڵگری و
لەبەرپێی ئەو کاروانەدا دایبنێی
یەکەمین تفیان گرتە نیشتیمان
ھەر دەبێ بە رووتیی بە کووچە و تەنیایی پایزەکاندا تێپەڕی
لەگەڵ زستانە نسرمەکاندا بخەوی
لەگەڵ سپێدە ساردەکاندا ھەڵبێی و
لە ئێوارە بێ تینەکاندا ئاوابی
من ھەر خۆم دەمزانی چ تاعونێك ھاتۆتە ناو ژیانمەوە
بۆ هەمیشە توولەڕێیانی دەریام لێتێکدەچێ
لەو شەوەوە ترسێکی گەردوونیی چۆتە ناو دڵمەوە
کە یەکەمین بایەقوش
بەسەر بانیژەی ئومێد و درەختی ھەمیشەیی من و تۆوە نیشتەوە و
بۆ دوا جار
بەسەر ژووری تاقانە و دیوانە سەوزەکەی مندا بانگیدا
میهری تۆی لە گیان و
جەستەی تۆی لە شەرم و
وڵاتی لە خەونم داتەکاند
خۆشەویستی من!!!
ئەوە یەکەمین شەوی دۆزەخیی من بوو
کاتێ ھەناسەم بوو بە تۆز
بەسەر نیشتیمان داباری و
چاوە ئەفسوونییەکانی لێ ونبوو
من سەرەتای ئەو بایەم دەبینی
جاروبار دەھاتە ژوورەکەم و
پەڕی پەرتووکەکانمی دەژاکاند
جاروبار تەپوتۆزێکی گەردوونیی
بەسەر ئەم دڵە خوێنینەی مندا
دەباراند!
لە یەکەم سپێدەوە دەمزانی
دەبێ بڕۆم و وەك قەرەجێکی بێ شوناس
لە ناو بەھاری تەمەنی تۆ و
فێنکیی پەرتووکان بچمەدەرێ
دەمزانی دەبێ پێبەپێ
منیش بچمە ناو تاوانە گەورەکان و
کەس راسپاردەیەکم بۆ نەکا
ئەڤینی من!
بە روخساری شپرزەیی وەرزەکاندا دەمزانی
رۆژێك دەبێ
ماڵئاوایی رابردووە شیرین و تاڵەکانم بکەم و
وەك گەڕیدەیەکی دۆست مردوو
ئاوێتەی کاروانە سەرلێشێواوەکان بم
کاروانی ئەو بوونەوەرانە ببینم
نەخوێندەوارانە پێدەخەنە دڵی زەوییە نەیارەکانەوە
بە بێ ھیچ رادارێک
نیشتیمانەکان تاقیدەکەنەوە و جەمسەرکان دەگەڕێن.
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|