٢٠\١\٢٠١٨
پەرتووک و
رۆشنبیریی و خۆخەڵەتاندن!
رێبوار حەمەکەریم
وتیان
قاوەخانە و پەرتووکخانەی جەمال عیرفان شوێنێکی ستراتیجی لەسەر شەقامی
سالم پێدراوەو لکاوە بە یەکێتی نووسەرانی کوردی زۆنی سەوزەوە!! وتم
سەرەو خێرە و با بچین ئەوێش تاقیبکەینەوە، هیوادارم جێیەکی رۆشنبیریی
بێت نەك بازرگانیی، رەنگە لەوێ ئەو رۆشنبیرە جدیانەی لەمێژە لێم ونن
بیاندۆزمەوە، بۆنەیەک هاتە پێش و نووسەرێکی بە توانا داوای لێکردم چەند
کۆپییەکی پەرتووکە تازەکەی بۆ ئەوێ ببەم، بەو هیوایەی لەوێ نمایشبکرێت
و ئەوانەی تامەزرۆی خوێندنەوەن و مەراق و ئارەزوویانە بەو پەرتووکەش
ئاشنا بن و خوێندنەوەی بۆ بکەن، چونکە لە کۆتاییدا هەر خوێنەرە بڕیار
بەسەر باشی و خراپی پەرتووکدا دەدات.
هەرچەندە داشکاندنی پەرتووک هەندێك جار مایەشی پێوە دەڕوات و نووسەر
هەر سەریەشەو دەردەدڵی بۆ دەمێنیتەوە، بەڵام ئەوەی سەنگ بە کارەکەی
دەدات ئەو پێشوازییەی پەرتووکخانەو خوێنەرانە کە کاردانەوەیان دەبێت بۆ
پەڕتووکە جیاوازە ئەدەبی و هونەری و فەلسەفی و مێژووی و زانستییەکان
و... تاد.
لە کاتێکدا ئەم دەزگایە لە پایتەختی رۆشنبیرییدایە و خۆیان بە دڵسۆزی
رۆشنبیریی و فەرهەنگی کوردی دادەنێن و ناوی کەسایەتییەکی دیاریان لە
خەباتی چەوساوانی کورد کردووە بە ناوی قاوەخانە و پەرتووکخانەکەیان،
بەڵام ئەوەی هەرگیز جێی بیرلێکردنەوەو خەمڵاندن نییە، ئەوەیە زۆر بە
هەڵوێستێکی ناشرین رەفزی وەرگرتنی پەرتووکەکە بکرێت، لە کاتێکدا ئەوان
هیچ ماندوونەبوون بە نووسین و چاپکردنی پەرتووکەکەو تەنیا نمایشتی
دەکەن و لە کۆتاییدا نیوەی تێچوونەکەشی بۆ خاوەن پەرتووک ناگەڕێتەوە.
کاکی خاوەنی پەرتووکخانە بێ ئەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکەکە ببینێت، وتی لای
ئێمە (سەرف) نابێت.
وتم: هیچ پارە نادەیت تا (سەرف) نەبێت، ئەوساش بە (تەسریف)ی داشکاندن
حسابی دەکەن.
ئەنجا بیانوی ئەوەی دەربڕی جێگای نییە بۆ نمایشکردن.
جارێکی تر وتم: ئەو رەفانە بەتاڵن دەتوانیت لەوێ دایان بنێیت.
وتی: ئێمە خۆمان دەزگای چاپەمەنین و پەرتووکی خۆمان دادەنێین.
وتم: ئیتر خزمەتکردنی چی؟ گەر نەتوانن بە سادەترین شێوە خزمەتی
نووسەران بکەن.. گەر تەنیا بە دانانی پەرتووکەکانیشیان بێت!
وتی: بیبە بۆ پەرتووکخانەیەکی تر.
وتم: کەواتە ئەمەش بووە حیزب حیزبێنە (حەیات)ەکە.. حەپە سەوز و زەردەکە!
ئێدی ڕۆشتم و حەپەسام لەو دەموچاوانەی بە کورسیەکانەوە لکێنرا بوون و
وام زانی وام لە بازاڕی دەبۆکە، لەوێ کەس بایکۆت و هەڵویست نانوێنێت،
هەر یەکە خەریکی دەسکەوت و قازانجی خۆیانن.
ئاواتەخوازیش بووم لە ژیانمدا شوێنگا و ئاکاری نارۆشنبیریی ئاوها
نەبینمەوە.
rebwarkarim@yandex.com
|