په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٨\٢٠١٧

پەرتووکخانەی کوردی لە هانۆڤەر.

ئیسماعیل تەنیا     


هانۆڤەر یەکێکە لەم شارانەی ئەڵمانیا کە مێژوویەکی (٧٥٠-٨٠٠) ساڵی هەیەو کەوتۆتە باکوری وڵات و ژمارەی دانیشتوانەکەی (٥٢٥) هەزار کەسێک دەبێت. ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لە نەتەوە جیا جیاکانی وەک؛ ( یۆنانی، ئیتالی، ئێرانی، ئیسپانی، تورکی، عەرەب، هیندی، ئەفغانی، ئەلبانی، کورد، بە هەموو پارچەکانییەوە، .....تاد)، تیایدا نیشتەجێن. پەنابەرە چالاکەکان، سوودیان لە دەستووری ئەڵمانیا، وەرگرتووە. توانیویانە ڕێکخراوی کولتووری، قوتابخانە بە زمانی دایک، پەرتووکخانە، دابمەزرێنن و بکەنەوە. هەڵبەتە، شارەوانیش یارمەتییان دەدات. لە میانەی ئەم سەنتەرو ڕێکخراوانەدا، چالاکی کولتووری و کۆمەڵایەتی خۆیان نمایش دەکەن و زێتر خۆیان لە کولتووری ئەڵمانی و ئەوروپی، نزیک دەکەنەوەو خۆیانیان پێدەناسێنن. بە چالاکییەکانیان بەشداری بۆنە نیشتیمانیی و فەرمییەکان دەکەن. جگە لە سازکردنی ئاهەنگی هاوسەرگیریی و شەوانە ئاهەنگ و نمایشکردنی خواردەمەنی و ڕێپێوانی لایەنگیریی و ناڕەزایی دەربڕین.


لەم شارەدا، چەند نەتەوەیەکی چالاک، توانیویانە ئەم پەرتووکخانە تایبەتییانە بکەنەوە;


- پەرتووکخانەی ئێرانی: بریتییە لە دوو پەرتووکخانە لە دوو شوێنی جیا جیادا. هەر پەرتووکخانەیەک زێتر لە بیست هەزار پەرتووکی تێدایە.
- پەرتووکخانەی جوولەکەکان: نزیکەی دە هەزار پەرتووکی تێدایە.
- پەرتووکخانەی چینییەکان: دە هەزار پەرتووکی تێدایە.
- پەرتووکخانەی ئەرکەداش(تورکی): هەشت هەزار پەرتووکی تێدایە.
- پەرتووکخانەی ئێزیدییەکان: نزیکەی پێنج هەزار پەرتووکی تێدایە.


جگە لەم پەرتووکخانانەی سەرەوە، هەندێک پەرتووکخانەی تریش هەن، وەک؛ پەرتووکخانە ئەلبانی، رووسی،...هەندێک ئەڵمانی چەپڕەویش، چەند پەرتووکخانەیەکی نێونەتەوەییان دامەزراندووە، کە یەکێک لەم پەرتووکخانانە، پەرتووکخانەی ( هانا ئاڕند)ە ، کە زیاتر تایبەتە بە پەنابەران و پرۆسەی ئاوێتە بوونەوە. بۆ بە ناوی ( هانا ئاڕند ) و بۆچی تایبەت بە پەنابەران و خەڵکی غەریب و لایدە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت کەمێک باسی ناوبراو بکەین.


هانا ئاڕند کێیە.


لە ڕێکەوتی ١٤-١٠-١٩٠٦ ، لە ( لیندن)ی سەر بە هانۆڤەر، لە خانەوادەیەکی جوولەکە، لەدایک بووە. لیندن، ئێستاکە بۆتە بەشێک لە شاری هانۆڤەر. لە ساڵی١٩٢٤ دا چۆتە زانکۆ و لە بەشی (فەلسەفەی کلاسیک) درێژەی بە خوێندن داوە. لە ساڵی ١٩٢٩دا لەگەڵ خانەوادەکەیدا، شاری هانۆڤەر بەجێدەهێڵن و لە بەرلین نیشتەجێ دەبن. لەوێ، " گونتەر شتێرن ئاندرس" دەناسێ و شووی پێدەکات. کاتێک کە هیتلەر و نازییەکان، دەسەڵات دەگرنە دەست، کاری لەپێشینەیان، دژایەتی کردنی هاووڵاتییە جوولوکەکان دەبێت و هەموو مافە سەرەتایی و بنچینەییەکانیان، لێ زەوت دەکرێت. چەندین نووسەرو سیاسەتمەدار و ڕۆشەنفکر و چالاکڤان و کەسایەتی جوولەکە، لەلایەن نازییەکانەوە، بندەست دەکرێن و دەخرێنە زیندانەوە. ( هانا ئاڕند)یش یەکێک دەبێت لەوانە. لە ساڵی ١٩٣٧، لە زیندان ئازاد دەکرێت، بەڵام ڕەگەزنامەی ئەڵمانی لێدەسەندرێتەوە. هەر لەم ساڵەدا، لە مێردەکەی " گونتەر شتێرن " جودا دەبێتەوەو وەک پەنابەر ڕوو لە فەڕەنسا دەکات و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. درێژە بەکاری نووسین و ڕۆژنامەگەریی، دەدات. لەوێ، لەڕێگای نووسین و پەرتووکەکانییەوە ( سیاسی و فەلسەفی)، وەک ڕۆژنامەنووس، پرۆفیسۆر، فەیلەسوف، دەناسرێت و درێژە بە کارو چالاکییەکانی دەدات. ناوبراو، باوەڕی بە ئازادی ڕادەربڕین و یەکسانی تەواوی مرۆڤەکان هەبووە. ئازادیخوازو مرۆڤ دۆست و یەکسانیخواز بووە. جیاوازی لەنێوان ڕوخسارو ڕەنگەکان نەکردووە. بۆ جاری دووەم، لە ساڵی ١٩٤٠دا ئەمجارەیان لە فەڕەنسا، دەچێتەوە ناو پرۆسەی هاوسەرگیریی و لەگەڵ ( هاینریش بلوکەر)، زەماوەند دەکات و تا مردنی بلوکەر لە ساڵێ ١٩٧٠دا، هەر لەگەڵ ئەودا، درێژە بە ژیان دەدات. لە ساڵی ١٩٤٩، وەک پەنابەر روو لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات و لە ساڵی١٩٥٠ دا، ڕەگەزنامەی ئەم وڵاتە وەردەگرێت. پاش کۆتایی هاتنی شەڕی دووەمی جیهانی و شکست خواردنی نازییەکان،( هانا ئاڕند)، لەساڵی ١٩٤٨ ، بەسەردان دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا. لەپاش پەنجاکانەوە، زۆر کاری لەسەر چمکی نازییەت و هەوڵی تواندنەوەی جوولەکەکان، لەلایەن نازییەکانەوە، کردووە. لە ڕۆژی ٤-١٢-١٩٧٥، ( پێنج ساڵ دوای مردنی هاوسەرەکەی)، لە شاری (نیۆیۆرک)، لە تەمەنی شەست و نۆ ساڵیدا، بە نەخۆشی دڵ، کۆچی دوایی دەکات و هەر لەوێش دەنێژرێت.


کۆمەڵێک پەرتووکی سیاسی، مێژوویی، فەلسەفی، چاپ و بڵاوکردۆتەوە، کە گرنگترینیان پەرتووکی؛ (ڕەگی تۆتالیتاریزم)ە. ئەم پەرتووکە؛ بریتییە لە شیکردنەوەو لێکۆڵینەوەو هەڵوەستە کردنە لەسەر چمکی نازییەت و ستالینیزم و بزووتنەوەو هزرە شمولییەکانی تر لەسەدەی بیستەم. لە ساڵی ١٩٥١ دا، بڵاویکردۆتەوە. دوای ئەمە، ئەم پەرتووکانەشی بڵآوکردونەتەوە:


(ژییاننامەی ئافرەتێکی جوولەکە- ساڵی ١٩٥٨ ، دۆزی مرۆڤایەتی- ساڵی ١٩٥٨ ، لە نێوان ئێستاو داهاتوودا- ساڵی ١٩٦١ ، لەبارەی شۆڕشەوە- ساڵی ١٩٦٣، پیاوانی کاتە تاریکەکان- ساڵی ١٩٦٨ ).


لەبەر هەوڵ و خەبات و ماندوو بوونی، حکومەت و کۆمەڵگای ئەڵمانی، ڕێزیان لێ گرتووە، چەندین (شەقام و کوچەو کۆڵان و قوتابخانە و باخچەی گشتی)، لە ئەڵمانیا بە گشتی و لە هانۆڤەر بە تایبەتی، بە ناوی ئەم ژنەیان کردووە، تاوەکو هەر بە زیندوویی لە هزری نەوەکانیاندا،بمێنێتەوە.

پەرتووکخانەی ( هانا ئاڕند).


پەرتووکخانەی هانا ئاڕند، یەکێکە لەم پەرتووکخانە نێونەتەوەییانەی شاری هانۆڤەر، کە زیاتر تایبەتن بە پەناهەندەکان، لە ساڵی ١٩٨٢دا ،( بەڵام بە ناوی ترەوە) دامەزراوە. لە (٦-٥-٢٠٠٥)دا، بە رەسمی ناوەکەی بۆتە ( هانا ئاڕند). ( ڤاڵتەر کۆخ )ی نووسەر و خاوەن ئایدیای چەپ دایمەزراندووەو هەر خودی خۆیشی بەڕێوەی دەبات. بۆیەش ئەم ناوەی لێناوە، چونکە؛ هانا ئاڕند، یەکێک بووە لە قوربانییەکانی هەڵگری فکری ئازادی و یەکسانیخوازی و یەکێکیش بووە لە پەناهەندە کۆچبەرەکان و بەبێ ویستی خۆی، زێد و پەرتووکخانەکەی، پێ بەجێهێڵدراوە. چۆن ناوبراو مرۆڤ دۆست و یەکسانیخواز بووە، سەرپەرشتیارانی ئەم پەرتووکخانەیەش، لەسەر هەمان ڕێباز دەڕۆن.


لە ڕۆژانی دووشەممەوە تاوەکو هەینی، لە کاتژمێری(١٤-١٨)،کراوەتەوەو بە خۆشحاڵییەوە، پێشوازی لە میوان و هاوڕێیانی پەرتووک دەکات. کارو چالاکییەکانی بریتییە لە:


- ئامادەو سازکردنی کۆڕو سیمینار بۆ خەڵکی پەناهەندەو دۆستەکانیان و یارمەتیدانیان.


- هەوڵدان بۆ لەیەکتر نزیک کردنەوەی کولتوورە جۆراو جۆرەکان و ئاوێتە بوونیان بە کۆمەڵگای ئەڵمانی، تاوەکو بە ئاسانی لەگەڵ ئەم کۆمەڵگا تازەیە هەڵبکەن و بتوانن درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن.


- ئەم پەرتووکخانەیە بۆتە ماڵی دووەمی پەناهەندەکان، ئەگەر لە وڵاتی یەکەمیان بەهۆی کۆچبار بوونەوە، پەرتووکخانەکانیان لەدەست داون، ئەوا لێرەدا دەتوانن پەرتووکەکانیان بدۆزنەوەو ئارەزوو و خەونە بەدینەهاتوەکانیان، بهێننە دی.


- پەرتووکخانەیەکی نێونەتەوەییە، جگە لە پەرتووک کۆمەڵێک گۆڤار و رۆژنامەو کارتی داوەتنامەو کارو چالاکییەکانی پەناهەندەکان، تێیدا ئەرشیف کراون.


- پەناهەندەکان ( بەتایبەتی ڕۆشنبیرو کەسایەتییە کولتووریەکان)، دەتوانن لەم پەرتووکخانەیەدا ژوان بگرن و یەکتر ببینن و لە دەوری یەک مێزدا گفتوگٶ بکەن و بیروڕاکانیان، ئاڵوگٶڕ بکەن. جگە لەمەش دەتوانن کۆڕو سیمینار ببەستن و ئاگاداری کارو چالاکی ڕابردوو و ئایندەی یەکتر، ببن.


لەم پەرتووکخانەیەدا، کۆمەڵێک پەرتووکخانەی بچووک بچووک هەن، وەک:


- پەرتووکخانەی یۆنانی: کە بریتییە لە چەند دۆڵابێک لە پەرتووکی یۆنانی.


- پەرتووکخانەی باکوری ئەفەریقا: ئەم بەشە بریتییە لە چوار دۆڵاب پەرتووک، ئەوانیش دابەش دەبن بەسەر پەرتووکی؛ (بەربەر، ئەمازیغی، عەرەبی)، کە بە زمانی جۆراو جۆر نووسراون، لەوانە؛ ( فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، بەشێکی کەمیش بە زمانی عەرەبی).


- پەرتووکخانەی کوردی: ژمارەی پەرتووکەکانی ئەم پەرتووکخانەیە، بە بەراورد بە پەرتووکخانەکانی تر، زۆر نین، بەڵام لە دەستپێکی دامەزراندنیدا، لە هەموویان زیاتر، ئەندام و چالاکی زیاتری هەبووە.


- کۆمەڵێک پەرتووکی فارسی: کە خۆیان لە سێ دۆڵاب پەرتووک دەدەن، بەڵام بە پەرتووکخانە حسێب نەکراوە. باوەڕ دەکەم هەر لەبەر ئەوە بێت کە لە شاری هانۆڤەر، دوو پەرتووکخانەی تری پەناهەندە ئێرانییەکان هەیە، بۆیە ئەمەیان بە پەرتووکخانە حسێب نەکردووە.

پەرتووکخانەی کوردی.


دامەزراندن و زەمینە سازکردن بۆ ئەم پەرتووکخانەیە بۆ ساڵانی (١٩٨٦-١٩٨٧) دەگەڕێتەوە. کۆمەڵێک کوردی پەناهەندەی باشور لەم ساتەوەختەدا کۆمەڵیک پەرتووکیان کۆکردۆتەوەو وەک بەشێک لە پەرتووکخانەی نێونەتەوەیی دایانناوە. لە ساڵی (١٩٨٧)دا، یەکەم چالاکییان بەستنی کۆڕێک بووە بە زمانی ئینگلیزی و لەهەمان کاتیشدا تەرجەمەی زمانی ئەڵمانی کراوە. تورکە چەپەکانیش هاریکاریان کردوون و ئەوانیش پەرتووکەکانی خۆیان، لەم پەرتووکخانە نێونەتەوەییە داناوە. پاشان کوردەکانی باکور هەوڵ دەدەن پەرتووکخانەیەک بکەنەوە، بەڵام هەوڵەکەیان شکست دێنێت. پەرتووکخانەی کوردی لە ساڵی (١٩٩٣)دا، بە فەرمی مۆڵەت لە حکومەت وەردەگرن و دەیکەنەوە. کەسە چالاک و ئەکتیڤەکان بریتی بوون لە ؛( هوشیارعەبدوڵا هەولێری، کەمال سلێمانی، ڕەمەزان ). ئەمانە دەست پێشخەر و بناغە دانەری بوون. دوای ئەوە خەڵکانی تریش دەبنە ئەندام لەم پەرتووکخانەیەدا. بە گوێرەی دیکۆمێنتەکانی ناو ئەم پەرتووکخانەیە، لە ساڵی (١٩٩٥)دا، چالاکی باشیان هەبووەو رۆژانە کرایتەوەو ئەم ئەندامانە؛( هوشیار عەبدوڵا، ئیبراهیم محەمەد، فەرەج تەها، بەکر مەرگەیی، ئەحمەد کەلاری، کەنعان شێخۆ)، دەوامیان لێ کردووە. جاران لە ناوچەی نۆرد شتاد ( باکوری شار)، لە کۆرن شتراسە ( شەقامی کۆرن)، بووە.


لە ڕێکەوتی (٢٩-٨-٢٠٠١)، پرۆتۆکۆڵێک لە نێوان پەرتووکخانەی کوردی ( وریا،ئەردەڵان،فرانک پوئین) و پەرتووکخانەی هانا ئارند ( ڤاڵتەر کۆخ)دا، واژۆ دەکرێت. بە گوێرەی ئەم پرۆتۆکۆڵە، پەرتووکخانەی کوردی دەگوازرێتەوە ئەم پەرتووکخانە نێونەتەوەییە. کوردەکان هەوڵ دەدەن، شوێنێکی تایبەت بگرن و بیکەنە پەرتووکخانە،بەڵام هەوڵەکانیان سەر ناگرێت. بە گوێرەی قسەکانی ( ڤاڵتەر کۆخ)، ئەندامەکانی ئەم پەرتووکخانەیە زۆر چالاک بووینەو بە بەردەوامی بە ژمارەیەکی زۆر هاتوچۆی ئەم شوێنەیان کردووە، کە جاری وا هەبووە خۆی لە پەنجا کەس داوە.

بەشێک لە ئامانج و ئەرکەکانی پەرتووکخانە.


بە گوێرەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆ ؛ ( پەرتووکخانەی کوردی شاری هانۆڤەر دەزگایەکی کولتووری بێلایەن و سەربەخۆیە، لە هەنگاوەکانیدا بەرژەوەندی کورد بە گشتی ڕەچاو دەکات).


- پەرتووکخانەی کوردی تێدەکۆشێت بۆ پتەوکردنی دۆستایەتی نێوان هەموو میللەتانی جیهان و بەهێزکردنی بیروباوەڕی نێونەتەوەیی.هەروەها هەوڵ دەدات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەی خوارەوە؛-
- کۆکردنەوەی هەموو ئەو پەرتووک و ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوانەی کە بە زمانی کوردی چاپکراون یان چاپدەکرێن بە هەر جۆرە ئەلف و بێیەک نووسرابن.
- کۆکردنەوەی هەموو ئەو پەرتووک و بڵاوکراوانەی کە بە زمانە جیهانییەکان چاپکراون و دەکرێن، بە تایبەت دەربارەی کوردو کوردستان.
- بنیاتنانی ئەرشیفێکی بەرفراوان بۆ پەرتووکخانەی کوردی.
- پەرتووکخانە هەوڵ دەدات ببێتە مەڵبەندێکی کولتووری بۆ کوردە ئاوارەکان و کەسانی بیانی کە دەیانەوێت توێژینەوە لەسەر کورد بکەن.
- پەرتووکخانە تێدەکۆشێت بۆ بەشداری لە بواری هونەریدا وەک ( پێکهێنان و یارمەتی کۆمەڵەی شانۆو مۆسیقاو کاری تەشکیلی).
- پەرتووکخانە کار دەکات بۆ بانگهێشتن و سازکردنی سیمینارو یاد کردنەوە لەلایەن ڕۆشنبیران و کەسان و کۆمەڵەی هونەری دەرهەق بە خزمەت بە کولتووری کوردی ، پەرتووکخانە پێویستییەکانی ئەو جۆرە کارانە دابین دەکات.
- پەرتووکخانە هەوڵ دەدات بۆ یارمەتیدانی کوردە ئاوارەکان و پەنابەرەکان.

پەرتووکەکانی ناو ئەم پەرتووکخانەیە.


پەرتووکەکان، بەشی زۆریان لەلایەن کوردەکانی هانۆڤەرەوە بە تایبەتی ئەندامەکانیان، پێشکەش کراون.ئەوانی تریش بە گوێرەی نووسراوی سەر پەرتووکەکان، لەلایەن خودی نووسەرەکانەوە، یان خەڵکی ترەوە لە شوێنی جیا جیا پێشکەش بەم پەرتووکخانەیە کراون. دەتوانین پەرتووک و مەوجوداتی پەرتووکخانەکە کە خۆیان لە (٣٢٥) ناوونیشان دەدەن، بەم شێوەیە پۆلین بکەین.( هەڵبەت لە سەرەتاوە ژمارەکە زۆر لەمە زۆرتر بووە، بەڵام کە داخراوە، وردە وردە کەم بوونەتەوە).


(١) - دوو سەدو سی و پێنج دانە بە زمانی کوردی( کرمانجی خواروو-ڕێنووسی ئارامی)و عەرەبین.پەرتووکە عەرەبییەکان زۆر کەمن، لە ڕووی ژمارەوە لەگەڵ کوردییەکاندا بەراورد ناکرێن. بەرهەمی زۆربەی نووسەرانی کوردی تێدایە، ئەگەر بە یەک ناوونیشانیش بووبێت. لەوانە، نووسەران؛ ( د.جەمال نەبەز، د. ئاوڕەحمانی حاجی مارف، د. مارف خەزنەدار، حوسێن حوزنی موکریانی، مەسعود محەمەد، عەلائەدی سەجادی، محەمەد عەلی قەرەداغی، د. سادق شەرەفکەندی، د. خەلیل جندی، ئەسکەرێ بیوک، فریاد فازیل عومەر، دلشاد مەریوانی، حەیدەر عومەر، خەبات عارف، د. حوسێن خەلیقی، فەرهاد شاکەلی، عەونی داودی، ڕێبوار ڕەشید، سەعید نورسی، عەلی باپیر، عەبدولقادر سەعید، ئەنوەر محەمەد ئەحمەد، .....تاد).


(٢)- بیست و حەوت دانە بە زمانی کوردی ( کرمانجی ژووروو-ڕێنووسی لاتینی)و تورکین. پەرتووکە تورکییەکان زۆر کەمن کە خۆی لە (٤-٥)، پەرتووک دەدات. ئەوانیش هی مێژوونووس و کۆمەڵناسی دۆستی کورد ( ئیسماعیل بێشکچی)ن و لەسەر مێژوو و دۆزی کورد نووسراون.


(٣)- شەست و سێ دانە بە زمانی ئەڵمانی نووسراون کە سێزدە لەوانە ڕۆمانەکانی ( یەشار کەمال)ن و لە تورکییەوە کراونەتە ئەڵمانی. لەگەڵ چەند پەرتووکێکی تر کە نووسەری ئەڵمانی ( مۆتکە)، لەسەر کوردستان و کورد، نووسیویەتی. بەشێکی تریان خەڵکی پسپۆڕ و ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی و کورد نووسیویانە، یان وەرگێڕدراون. پەرتووکی نووسەرە کوردەکانی وەک ( لەیلا زانا، د. عیسمەت شەریف وانلی، مەهدی زانا، مەحمود باکسی، شێرکۆ بێکەس، فازیل ڕەسوڵ،.....) لەوێدا، دەبینرێن.


(٤)- گۆڤارەکان: هەندێک لە ژمارەکانی گۆڤارە کوردی و ئەڵمانی و عەرەبییەکانی وەک؛( یەکگرتن، ژیلەمۆ، دالیان، هاڤیبوون، هاوار، نواڵە، ڕۆژ، هانا، ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم، نووسەری کورد، نووسەری نوێ، وان، بیری نوێ، ئەکادیمی، ئەمارا، رسالە العراق، کوردستان ئینفۆ،.....تاد)، لە دۆڵابەکاندا دەبینرێن.


ناوەرۆک و چمکی پەرتووکەکان وەک هەر پەرتووکخانەیەکی ئاسایی تر، هەمەجۆرن، وەک:


- پەرتووکی مێژوویی
- پەرتووکی سیاسی
- پەرتووکی کۆمەڵایەتی
- ئیسلامی
- زانستی
- قوتابخانە، یان پەروەردەیی
- ئەدەبی بە هەموو چمکەکانی وەک؛ ( ڕۆمان، چیرۆک، شیعر، چیرۆکی منداڵآن، فۆلکلۆر، فەرهەنگ).


بە داخەوە، بەهۆی گواستنەوەی ململانێی حزبی لە کوردستانەوە بۆ هەموو شوێنێک کە کوردی پەناهەندەی لێ بێت، هەروەها یەکتر قبوڵ نەکردن و لەگەڵ یەکتر هەڵنەکردن، بە ناچاری پەرتووکخانەکە- مەبەست لە کوردیەکەیە نەک هانا ئارند - ، داخراوەو چالاکییەکانیان وەستاوە. ئەوەندە پەرتووکەی کە ماویشن، بە بێنازی لەنێو دۆڵابەکاندا تۆزیان لێ نیشتووەو کەسێک نییە لایان لێ بکاتەوەو میواندارییان بکات.

پێشنیارێک بۆ حکومەتی هەرێم.


ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر، کوردێکی زۆر- هی هەموو پارچەکان بە لوبنان و کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جارانیشەوە- لە هانۆڤەردا دەژین، وا خەریکە ئەو نەوەیەی لەوێدا لەدایک بوون، پێڕادەگەن و لێپرسراوەتی سیاسی و کارگێڕی وڵات دەگرنە دەست، ئەگەر لایان لێ نەکرێتەوەو خۆیان لێ بە خاوەن نەکرێت، لەوانەیە سوودێکی ئەوتۆیان بۆ نیشتیمانی یەکەمیان ( کوردستان) ، نەبێت. بۆیە پێشنیار دەکەین کە حکومەتی هەرێم، دوور لە گیانی زاڵبوونی حزبایەتی، خۆ لەم پەناهەندانە بە خاوەن بکات و بەدەنگ داواکارییە کولتووریەکانیانەوە بچێت، خەڵکێکی ڕۆشنبیر لەم نێوەندەدا هەن، دەکرێت لێپرسراویەتی ئەم سەنتەرو پەرتووکخانەیان پێ بسپێردرێت. بۆ مەسەلەی کردنەوەو دامەزراندنی پەرتووکخانە هەر هیچی تێناچێت، حکومەتی خۆجێیەتی ئەڵمانیا، بە پێی یاسا دەتوانێت یارمەتییەک بدات. دەمێنێتەوە سەر کۆکردنەوەی پەرتووک، ئەمەش ئەوەندە کارێکی ئەستەم نییە، حکومەت ( وەزارەتی ڕۆشنبیری) ، لە ڕێگای فڕۆکەخانەکانەوە ، دەتوانێت بە ناردنی پەرتووک یارمەتی بدات. حاڵی حازر ئەوەندە پەرتووک لە کوردستاندا چاپ دەکرێت، بەڵام بە داخەوە خوێنەریان نییە. دڵنیام ئەم کاتە، دەزگا تایبەتییە ئەهلییەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەش بە پەرتووک ، یارمەتی پێشکەش دەکەن.


مەسەلەیەکی تری هەرە گرنگ ئەوەیە، مانەوەی پەرتووک و نەفەوتانی ، لە ئەوروپا زامنترە وەک لە کوردستان.ئەدی ئەوە نییە پەرتووک و گۆڤارو دەستنووسە کۆنەکانمان لەم پەرتووکخانانەدا پارێزراون....
 

هانۆڤەر

ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک