٢٧\١٠\٢٠١٠
پەرتووک زۆر و
خوێنەر کەم.

فەرەیدوون سامان
لەو پەراوێزە ئازادییەدا لەباشوری کوردستان کە بە خوێنی خەڵکە نیشتمان
پەروەرو خوێنی قەڵەمی رووناکبیرەکان فەراهەم بووە ، بەرەنجام چەندان
داوودەزگای چاپەمەنی و رۆژنامەوانی هەن و بێوچان دەیان بگرە سەدان
رۆژنامە وهەفتەنامەو مانگنامە و پەرتووک و بڵاوکراوەی کوردی جۆراوجۆر
هەڵبەت لەگشت بوارە ئەدەبی وهونەری وتەنانەت زانستی و مەعریفی
وفەلسەفیشدا دێنە وەشاندن ، لێ مخابن لەم چەند ساڵەی دوایی دیاردەیەک
سەریهەڵداوە ئەویش نەشۆپاندن و نەخوێندنەوەی پەرتووکە ، باشە هۆی چییە
و کەمی خوێنەر بۆچی دەگەڕێتەوە؟ دەمێکە ئەم پرسیارە لەئاستە
جیاوازەکاندا رووبەروومان دەبێتەوە ، جا چ لەئاستی کەناڵە میدیاییەکان
و چ لەئاستی چاپەمەنی وەک رۆژنامە وگۆڤارەکان ، ئەمن پێموایە ئەم
دیاردەی نەخوێندنەوەیە هەر تایبەت نییە بە هەرێمی کوردستان ، بەڵکو
سەرجەم ناوچەکەو تەنانەت وڵاتانی جیهانیشی گرتۆتەوە ، واتە دەتوانم
بڵێم ئەم پەتای نەخوێندنەوەیە دیاردەیەکی جیهانییەو جیهانگیری و
تەکنەلۆژیای زانیاری وەکو دیاری سەردەم لەگەڵ خۆیدا بۆی هێناوین ،
ئەمەش بێگومان باندۆری راستەوخۆی شۆرشی زانیاری و وەدەستهاتنی
هۆکارەکانی گەیاندن و راگەیاندنە، وێراِی هەبوونی ئەو حەمکە زۆرە لە
بڵاوکراوانە و هەبوونی دەیان کەناڵی لۆکاڵی وەک رادیۆو تەلەفزیۆن، ئەو
تۆڕە زانیارییانەی لەسایتەکانی ئینتەرنێت وکەناڵە ئاسمانییەکان هەن،
دیارە ئەمانە هەموویان راستەوخۆ وایان لەخوێنەران کردووە لەئاست
خوێندنەوەو شۆپاندن و وەدەستهینانی سەرچاوەگەلی جیاوازی رۆشنبیری و
زانیاری وەک پەرتووک و رۆژنامەو گۆڤاردا پاشەکشێ بکەن ، راستە کە
هێَشتاکە کۆمەڵگەى کوردی نەریتییەو مۆدێرن نییە بەگشتی لەنێو چین و
توێژە جیاوازەکانیدا رێزی پێویست لە پەرتووک نەگیراوە و نەیتوانیوە
شارستانیانە بەجوانی کەڵک لەو هۆکارانە زانستیانەش وەربگرێ بۆ
مەبەستەکانی خۆ پەروەردە و رۆشنبیرکردن بەگەڕیان بخات، بۆ نموونە هێشتا
خوێندنەوە نەبۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی وەک چۆن لەسەر ئاستی جەماوەردا
سەودا لەگەڵ سێ دێ (c.d ) یان وێنەی وەرزشکاران و هونەرمەندان دەکرێت ،
تەنانەت لەسەرئاستی جیاوازی قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆکانیش رێز لە
پەرتووک نەگیراوە ( مەگەر بۆ کاری راپۆرتی قۆناغەکانی خوێندن
ساڵێ جارێک ئاورێکی راگوزەرانەی لێ بدرێتەوە.
مخابن وەکو رۆژگاری بەر لە راپەرینیش زۆر لەتاکەکانی ئێمە خەونى جوان
نابینن ، ئیدی کە مرۆڤیش خەون نەبینێ ، پێموایە هەنگاو بەهەنگاو بەرەو
لێوارەکانی مەرگ گلۆردەبێتەوە ، لێرە ئاماژە بۆئەو توێژەش دەکەم
ئەوانەى دەشخوێننەوە وەک خوێنەرانی جاران جددى نین، چونکە خوێنەرى جددى
ئەوەیە وەک ئارکۆلۆژیک دەبێ بەدواى پەرتووکی باش بگەڕێت ، بەڵێ راستە
پەرتووک زۆرە ، بەڵام خوێنەر کەمە، ئەوەش قەیرانیکى بەرفراونە ، دیارە
ئەم دیاردەیەش ئەگەر لەسەر ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگاو زانکۆو دام و
دەزگا کولتوری و ئەکادیمیەکان و وەزارەتە تایبەتمەندەکانی وەک رۆشنبیری
و پەروەردە وخوێندنی باڵا، زانستانە لێی نەکۆڵنەوە ئەوا چارەنووسی
هەرێمەکان زێتر بەرەو تاریکی و نەخوێنەواری دەڕوات.
ماڵپهڕی فهرهیدون سامان
|