٢٢\١٢\٢٠٢٣
پەڕوباڵکردنی
دیموکراسی
لە سایەی گەندەڵیی
سەرمایەدارییدا.

عامر سابیر
ڕەشیدە
تلەیب تاکە کەسە لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا کە بەڕەچیڵەک فەلەستینی بێت.
ڕەشیدە نوێنەری دیموکراتەکانە بۆ ویلایەتی (میشیگن). ڕێکخراوی (کۆمیتەی
کاروباری گشتی ئیسرائیل ئەمەریکی) کە ناسراوە بە (ئەیپاک)*
کە گروپێکی لۆبیکردنە کە داکۆکی لە سیاسەتەکانی لایەنگری
ئیسرائیل دەکات، بەڵێنی ٢٠ ملیۆن دۆلاری داوە بە هەریەک لە (هیڵ هارپەر
و ناسر بەیدون) کە دوو کاندیدی حیزبی دیموکراتن لە میشیگن بۆ سەنێت
(ئەنجومەنی پیران) کە ئەگەر واز لە کاندیدێتی بۆ سەنێت بهێنن و بچن لە
هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ دا بۆ کۆنگرێس لە بەرانبەر ڕەشیدە تلەیب خۆیان کاندید
بکەن ئەوا سەرەڕای ئەم ٢٠ ملیۆن دۆلارە بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی
کەمپنەکەشیان ئەکەن. هەر یەک لەو دوو کاندیدە ئەم بەرتیلەیان ڕەتکردەوە
و بە میدیاکانیان ڕاگەیاند کە کاری وا ناکەن.
ئەم خانمە (ڕیشیدە تلەیب) هەرچەندە لە کۆنگرێسدا لە قسەکانیدا وتبووی
کە من دژی کوشتنی هەر مناڵێکم جا ئیسرائیلی بێت یان فەلەستینی. بەڵام
لەبەر ئەوەی داوای ئاگربەست و کۆتایهێنان بە کوشتنی مناڵان و خەڵکی
سیڤیلی کرددوە، بۆیە بە پشتیوانیکردن لە حەماس تاوانباریان کردووە و لە
کۆنگرێسی ئەمەریکا دەنگدانیان کرد بۆ سەرزەنشتکردنی و بە٢٣٤ دەنگ لە
بەرانبەر ١٨٨ دەنگدا تاوانباریان کرد. ئەوانەی دەنگیان لەدژ دا ٢١٢ یان
کۆمارییەکان و ٢٢ یان دیموکراتەکان بوون. وە ئەوانەی دەنگیان بە
سەرزەنشتکردنی نەدا ١٨٤ دیموکراتەکان و ٤ کۆمارییەکان بوون.
بەشێک لە قسەکانی ڕەشیدە لە کۆنگرێسدا ئەمە بوو "داوا لە هاوکارەکانم
دەکەم کە لەگەڵ زۆرینەی ئەمەریکییەکان بەشداری بکەن و لە ئێستاوە
پشتگیری ئاگربەست بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین ژیانی خەڵک ڕزگار بکەن. سەرۆک
بایدن دەبێت گوێ لە هەموومان بگرێت و نوێنەرایەتی هەموومان بکات، نەک
تەنها هەندێکمان. داوا لە سەرۆک کۆمار دەکەم جورئەتی هەبێت و داوای
ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە کوشتارەکان بکات".
لە خۆپیشاندانی ڕۆژی شەمە ١٨/١١/٢٠٢٣ لە واشنتۆن، کە بە دەیان هەزار
کەس ناڕەزایەتیان لە دژی هێڕشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە دەربڕی و داوای
ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕیان ئەکرد، کە تیادا چەندین گرووپی جیاجیای
جووەکان بەشداربوون و ڕەشیدەش یەکێک لە قسەکەرەکان بوو، وە ئەمەی بە
تۆمەت بۆ حیساب کرا و لە گۆنگرێسدا دەنگیان لە دژ دا.
گومانی تیادا نییە کە دیموکراسی لە سایەی سەرمایەداری و
نیولیبرالیزمەکەیدا، چوارچێوە و تەوقێکە لە گەردنی ئازادی و بۆ
بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانە. سەیری ئەو دیموکراسییە بکەن کە خۆیانی
پێوە بادەدەن و بەردەوام بەشانوباڵیدا هەڵئەدەن، چۆن ڕیسواکراوە و
گەندەڵی دایڕزاندووە و هەر لە ڕێگەی قانوونەکانیانەوە بە یاسایی
ناڕازییەکان سەرکوت ئەکەن و سپی ئەکەن بەڕەش و ڕیشیش بە سپی.
______________________________________________________
*
(American
Israel Public Affairs Committee (AIPAC
تێبینی:
لە ٧/١٠/٢٠٢٣دا ڕێکخراوی حەماس هێڕشێکی
تیرۆریستانەی کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا ١٢٠٠ کەسی کوشت کە نزیک
بە نیوەی کەسانی سیڤیل بوون، وە نزیک بە ٢٤٠ کەسیشتان وەک بارمتە ڕفاند
و بردیانن. لە بەرانبەردا حکومەتی ئیسرائیل لەوکاتەوە هێڕشێکی دڕندانە
و وێرانکەرانەی کردۆتە سەر غەزە و ناوچەکانی تری فەلەستین و تا ئێستا
زیاتر لە ١٨ هەزار فەلەستینی کوژراوە کە بەشی هەرە زۆری کەسانی سیڤیلن
و نزیک بە نیوەشی مناڵانن و غەزەش بەتەوای کاولکراوە و خەڵکەشی
ئاوارەکراوە و ئاو و کارەبا و خۆراک و هەموو خزمەتگوزاریەکانی لێ بڕاوە
و سزای بەکۆمەڵیان بەسەردا سەپێندراوە.
ماڵپهڕی عامر سابیر
|