په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١١\٢٠٢٠

پێشانگای فۆتۆگرافی "ھەورامان: داوێنی ئاسمان"

لە ماڵی ھونەرمەندانی ئێران بەڕێوەچوو.


مەنسوور جیهانی

 

پێشانگای ھاوبەشی فۆتۆگرافی بە ناونیشانی "ھەورامان: داوێنی ئاسمان" بە ھەوڵی کۆمیسیۆنی نەتەوەیی یۆنسکۆ ـ ئێران، لە شاری تاران بەڕێوەچوو.

پێشانگای ھاوبەشی فۆتۆگرافی بە ناونیشانی "ھەورامان: داوێنی ئاسمان" (اورامان: دامان اسمان) بە ھاوکاریی کۆمیسیۆنی نەتەوەیی یۆنسکۆ. لە ئێران بە بەڕێوەبەرایەتی دکتۆر "حوجەتوڵڵا ئەیووبی"، بە ھاوکاریی گۆڤاری "تەسویری ساڵ"ی ئێران بە بەرپرسیاریی "سەیفوڵڵا سەمەدیان" فۆتۆگرافەر و سینەماکاری ناوداری ئێرانی و ھەروەھا بە یارمەتی وەزارەتی میراتی کەلتووریی، پیشەسازیی و گەشتیاریی ئێران و پاریزگاری کرماشان لە گالێری مامۆستا "موڕتەزا مومەیز" لە ماڵی ھونەرمەندانی ئێران لە شاری تاران بەڕێوەچوو.

لەم پێشانگایەدا کە بە بۆنەی پڕۆژەی تۆمارکردنی "ناوچەی ھەورامانی ئێران" لە لیستی خەزێنە فەرھەنگییەکانی جیھان بەڕێوەچوو، ٧٠ وێنەی ھەڵبژاردە لە ٣٥ فۆتۆگرافەریی کوردیی پاریزگاکانی کرماشان و کوردستانی تیایدا نمایشکران، کە کۆمەڵێک وێنەی سەرنجڕاکێش لە سروشت، بیناسازیی، ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و ئایین و دابوونەریتی تایبەت و بێوێنەی "پیرشالیار" و "پاڵنگان"ی لە خۆگرتبوو.

لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەم پێشانگایەدا دکتۆر "حیسام مەحموود مەھدی عەلی" بەراوردکاریی ڕێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ، دکتۆر "حوجەتوڵڵا ئەیووبی" سکرتێری گشتی کۆمیسیۆنی نەتەوەیی یۆنسکۆ ـ لە ئێران، "محەمەد حوسێن تالبیان" جێگری وەزیری میراتی کەلتووریی و گەشتیاریی ئێران، "مەجید ڕەجەبی مێعمار" سەرۆکی ماڵی ھونەرمەندانی ئێران، "سەیفوڵڵا سەمەدیان" فۆتۆگرافەر و سینەماکاری ناوداری ئێران و خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری گۆڤاری "تەسویری ساڵ"، دکتۆر "عەبدوالحوسێن موستەکین" بریکاریی فەرھەنگی کۆمیسیۆنی نەتەوەیی یۆنسکۆ ـ لە ئێران و مامۆستای زانکۆی تاران، کۆمەڵێک لە ھونەرمەندان و کەسایەتییە ڕۆشنبیرەکان و ھەروەھا ھۆگرانی ھونەری فۆتۆگرافی بەشداربوون.

ڕەنگدانەوەی بەشێک لە جوانییەکانی ھەورامان.


دکتۆر "حیسام مەحموود مەھدی عەلی" بەراوردکاریی ڕێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ، سەبارەت بە پێشانگای "ھەورامان: داوێنی ئاسمان" گوتی: پێش ئەوەی کە بێم بۆ ئێرە، سەبارەت بە ھونەرمەندانی ئێران، زۆرم بیستبوو و کاریگەریی لەسەرم کردبوو، بەڵام ئێستا بینینی ھونەریی ئەوان، یەگجار زۆر کاریگەریی لێکردم. ئەگەر پێش لە ڕۆیشتنم بۆ ھەورامان بۆ ئەم پێشانگایە بھاتبایەم بیرم دەکردەوە مامۆستاکان کاریی فۆتۆشاپیان لەسەر وێنەکان کردووە، بەڵام ئێستا کە ھەوارمانم بە چاوەکانی خۆم بینیوە، ھەڵسەنگاندنەکەم ئەوەیە کە ئەم وێنانە تەنیا ڕەنگدانەوەی بەشێک لە جوانییەکانی ھەورامانە و ئەوێی یەگجار زۆر جوانترە.

گوتیشی: ئەو وێنانە ڕەنگدانەوەی تەنیا جوانییەکانی بیندراویی ھەورامانە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەوێی مرۆڤ و جوانییە مرۆڤایەتییەکانیشی ھەیە؛ لەڕاستیدا بە بێی ئەوەی کە زمانی ئەوان تێبگەی دەتوانی جوانیاکیان دەرکبکەی.

بەراوردکاریی ڕێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە درێژەی سەردانمدا بۆ ھەورامان، چاوم بە پیرەپیاوێک کەوت؛ ئەو ئیحساسی بوو و منی لە باوش گرت کە سەرسامی کردم. دیمەنە فەرھەنگییەکان تێکەڵاوێکە لە میراتی ھەست پێکرا و ھەست پێنەکراو. ھەورامان لە تەواویی ئەم وردەکاریانە بە کۆمەڵ پێکھاتووە. زۆر بەختەوەرم و شانازیی دەکەم کە لێرەم، ھەروەھا لەوەی کە ھەورامانم بینی خۆشحاڵم. بۆ ھەمووتان ئاواتی سەرکەوتن دەخوازم.

تۆمارکردنی جیھانی فەرھەنگ، مێژوو و زمانی ھەورامان.


"مەجید ڕەجەبی مێعمار" سەرۆکی ماڵی ھونەرمەندانی ئێران، سەبارەت بە پێشانگای "ھەورامان: داوێنی ئاسمان" گوتی: ئێران وڵاتی کەلتوور، زمان، زاراوە و دین و ئایینە جۆراوجۆرەکانە. ئێرانییەکان بە درێژایی مێژووی چەند ھەزار ساڵەی خۆیان، بەردەوام ڕێزیان لە ھەموو کەلتوورەکان گرتووە.

گوتیشی: بە بیانووی تۆمارکردنی جیھانی فەرھەنگ، مێژوو و زمانی ھەورامان، ئەم پێشانگایە بەڕێوەدەچێت و شانازیی پێدەکەین. سوپاسی تەواویی ئەو خۆشەویستانە دەکەم کە بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پێشانگایە و تۆمارکردنی جیھانی ھەورامان ھەوڵدەدەن.

یارمەتی خوازیی بۆ تۆمارکردنی جیھانی ھەورامان.


دکتۆر "حوجەتوڵڵا ئەیووبی" سکرتێری گشتی کۆمیسیۆنی نەتەوەیی یۆنسکۆ ـ لە ئێران، سەبارەت بە پێشانگای "ھەورامان: داوێنی ئاسمان" گوتی: ئێمە داوامان لە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە کرد کە بۆ تۆمارکردنی جیھانی ھەورامان یارمەتیمان بدەن و بە بڕوای من ئەم تۆمارە جووڵەیەکی نوێی و تازەیە.

گوتیشی: ئەم پێشانگا زۆر جوانە بە یارمەتی ھەموو خۆششەویستان و بە تایبەت ئاغای ڕەجەبی مێعمار کە خانەخێوی پێشانگاکەیە بەڕێوەدەچێت و سپاسی ھەمووان دەکەم.

سکرتێری گشتی کۆمیسیۆنی نەتەوەیی یۆنسکۆ ـ لە ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی ھەورامان و ھەروەھا گرینگی و پێگەی ناوچەکە بۆ ئامادەبووان و "حیسام مەھدی" بەراوردکاریی ڕێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ، ھاتە ئاخاوتن.

مانەوەی ١٢ ڕۆژەی نوێنەریی یۆنسکۆ لە ھەورامان.


"محەمەد حوسێن تالبیان" جێگری وەزیری میراتی کەلتووریی و گەشتیاریی ئێران، سەبارەت بە پێشانگای "ھەورامان: داوێنی ئاسمان" گوتی: سوپاسی دکتۆر ئەیووبی دەکەم کە یارمەتی بوارە کەلتوورییەکان دەدات. ھەمووان دەبێت سەبارەت بە بایەخ و جوانییەکانی ھەورامان بزانن. سوپاسی ئاغای ڕەجەبی مێعمار و حیسام مەھدی دەکەم. حیسام مەھدی برای خۆشەویستی ئێمەیە؛ ئەو ماوەی ١٢ ڕۆژ لە ھەورامان مایەوە کە بووە ھۆی ئاڵووگۆڕیی ئەزموونەکان کە ئێمە زۆر شتی لێفێربووین.

گوتیشی: ڕەوتی تۆمار و بەڕێوەچوونی پێشانگای "ھەورامان: داوێنی ئاسمان" گرینگە. پێنج، شەش ساڵە کە ھەمووان بۆ پێکھێنانی دۆسییەی ھەورامان لە یۆنسکۆ ھەوڵدەدەن؛ ماوەیەکە دامەزراندنی ھەندێک لە بەشەکان لەم بوارەدا دەستی پێکردووە و خەڵکی ئاگاداریی ئەم ڕووداوە گرینگەن و یارمەتی ئێمە دەدەن و لەڕاستیدا ناوچەکەی خۆیان خۆشدەوێت.

جێگری وەزیری میراتی کەلتووریی و گەشتیاریی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە ئەم ناوچەیەمان وەکوو دیمەن ناساندووە کە تیایدا ھەموو شتێک لەوانە: کۆچ، ژیانی خەڵکی، سروشت و ھەروەھا جۆرایەتی ژیان گرینگە. شایەد لە وێنە فۆتۆگرافەرییەکانی ئەم پێشانگایەدا ھەندێک لەم بابەتانە ببینن. بەڵام بە شێوەی گشتیی لە ھەر وەرزێکدا و لە ھەر شوێنکدا کۆمەڵێک شت ھەیە کە گرینگە.

گوتیشی: بەختەوەرانە لە تۆماریی ئەم ناوچەیەدا جۆرێک یەکێتی نەتەوەیی بوونی ھەیە و بۆ ئەوەی کە ڕچاویی ھەموو یاساکان بگیرێت، لە ڕێکخراوەی بیناسازی کۆبوونەوەیەکمان بوو و بەم دەرئەنجامە گەیشتین کە پێویستە بنەماکان لەبەرچاو بگرین.

تالبیان لە بەشکێی دیکەی قسەکانیدا گوتی: ئەم ناوچەیە دەتوانین تۆماربکەین و درێژە بەم ڕێگایە بدەین، چونکە ئەم ھەنگاوە ڕێگایەکی ڕاست و دروست و بە پێی ئیستانداڕدە جیھانییەکانە و دەتوانێت ساڵانێکی زۆر، ھەورامان لە ناوەندیی سەرنجە جیھانییەکاندا بمێنێتەوە.

ئەماژەی بەوەشکرد: ئەم پێشانگایە بێگومان ھۆگریی یەگجار زۆریی دەبێت و لەوباوەڕەدام لە لایەنی ماناییەوە دەتوانێت ئەم ڕوخسارە کەلتوورییە قووڵتر بکاتەوە. ھاوکارانی من لە کاریی تۆمارکردنی ھەوراماندا زۆر ھەوڵیاندا. سوپاسی خەڵکی خۆشەویستی ھەورامانیش دەکەم کە بەشدارییەکی زۆریان کرد کە ئەم کارە بە بێ ھاوبەشی ئەوان بەسەرئەنجام نەدەگەیشت.

ئەزموونێکی نوێی.


"سەیفوڵڵا سەمەدیان" فۆتۆگرافەر و سینەماکاری ناوداری ئێران و بەڕێوەبەریی جەژنی "تەسویری ساڵ"ی ئێران، سەبارەت بە پێشانگای "ھەورامان: داوێنی ئاسمان" گوتی: من بۆ سێ بابەت خۆشحاڵم؛ یەکەم ئەوەی کە ئەم پێشانگایە لێرە بەڕێوەدەبەین، دووھەم ئەوەی کە بۆ چەندین جارە لەگەڵ دکتۆر ئەیووبی ھاوکاریی دەکەم. بەڕێزیان گرووپی "ھونەر و تەجروبە"ی دامەزراند کە لە کارە دەگمەنەکان بوو و ھەروەھا سێیەم لەوە بەختەوەرم کە فۆتۆگرافەرەکان بەرەو ھەورامان ڕۆیشتن و بووە ھۆی بەڕێوەچوونی ئەم پێشانگایە.

ناوی فۆتۆگرافەرانی پێشانگای "ھەورامان: داوێنی ئاسمان" بریتین لە:


ئیبڕاھیم عەلیپور، ئیدریس خوسرەوی زادە، ئەسعەد نەقشبەندی، ئەفشین بەختیار، ئومید حەیدەری فەر، ئەمیر عەلی جەوادیان، بابەک سدیقی، بەھمەن شەھبازی، پەرویز ڕۆستەمی، جەمشید فەرجوەندفەردا، ڕاشید ئەمینی، ڕۆژین فەتاحی، زەھرا مەلەکووت، ژالە بەھرامی، سەروەر فەرھادی، سوھەیل زەندئازەر، سیاوەش نەقشبەندی، شەھێن عەباسی، سەلاح عیلمی زادە، تالب حەیدەری، عادڵ عەبەوڵڵاھی، عەلی ئەسغەر فەیزوڵڵاھی، عەلی کیان جەم، فوئاد گوودەرزی، لەقمان ئەحمەدی، لەقمان عەزیزخانی، موجتەبا فەخری، محەمەدڕەزا ڕەجایی، محەمەدڕەزا بەھارناز، مەرزییە ئەیوتین، مریەم زەمانپوور، موسلیم عەزیمی، ھەڵمەت فەتاحی، ھوومەن حەیدەری و ئارێز قادری.

"ھەورامان: داوێنی ئاسمان".


دکتۆر "حوجەتوڵڵا ئەیووبی" سکرتێری گشتی کۆمیسیۆنی نەتەوەیی یۆنسکۆ ـ لە ئێران، لە دەقێکی تایبەتدا سەبارەت بە پێشانگای "ھەورامان: داوێنی ئاسمان" نووسیوییەتی: پێشانگای "ھەورامان: داوێنی ئاسمان"، پێشانگای نمایشکردنی ڕەنگە و شکۆی شارستانییەتێکە. ئێرە دەربازگەی سیمورغە و نیشاندەریی شایی و جۆش و خرۆشەکانی پەڕیی ئەوە کە کەوتە نێوان چینەوە و لەوێوە پەریی بێگومان پڕ بوو لە شایی ھەر وڵاتێک، ھەورامان نیشتمانی ئاو و ھەتاوە. نیشتمانی چیرۆکەکانی بێوێنەی ژیانە. باغ و بێستانەکان کە سەمادەکەن و سەر وەئاسمان دەخشێنن. نیشتمانی مەقام و گۆرانییەکانی سەرخۆشانەی ژیانە. چیرۆکی جوامێرانە و ئەدەب و ئەخلاق و پاڵەوانییە. ھەورامانەکان ھەڵگریی میراتی ھەزار ساڵەی فەرھەنگ و گێڕانەوەی چیرۆکی ھەرمانن بۆ مرۆڤ. و ئێستاکە بڕیاروایە جیھان بۆ ڕێزگرتن لە کرماشان و کوردستان و ھەروەھا بۆ شکۆی ئێران، بە ڕێزەوە بوەستن. میراتی جیھانی شاراوە لە توێی شاخ و کێو و گاشەبەردەکاندا سەریی لە ئاسمانداوە و ھەورامان بەرەو ئەوە دەڕوات تاکوو لە لیستی میراتی بەنرخی جیھانیدا ناویی تۆمار بکرێت. و ئەم پێشانگایە، وێنەکانی میراتی شاراوەی جیھانی لە نیشتمانی خۆردایە. پێشانگای "ھەورامان: داوێنی ئاسمان"، فێستیڤاڵی مێژووە و شارستانییەکە کە ھەر گۆشەیەکی دەربازگەی سیمورغە. ھەوڵی فۆتۆگرافەرە ئێرانییەکان بۆ یارمەتیدانی کارناسان و بەرپرسانی میراتی کەلتووریی و کۆمیسیۆنی نەتەوەیی یۆنسکۆ بۆ تۆماریی جیھانی ئەم میراتە مرۆڤایەتییە، جێگای پێزانین و ستایش و ھەرمانە. ڕێز و پێزانینم ھەیە بۆ ھەوڵ و تێکۆشانە زۆرەکانی ھاوکارانم و ھەروەھا گرووپی جێبەجێکاریی "تەسویری ساڵ" و ھاوڕێیی مامۆستا "سەیفوڵڵا سەمەدیان" دەبیری ئەم پێشانگایە.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک