پێشانگای شێوه‌کار ئه‌نیتا له کۆبنهاگن و گله‌ییه‌کیش له‌خۆمان.
گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی
ئه‌نیتا وه‌ک خۆی زۆر جار درکاندوویه‌تی له مێژه ئاشنایی له‌ته‌ک کورددا په‌یداکردووه، به‌تایبه‌تی له‌ته‌ک بڕیک ڕۆناکبیری کوردی نیشته‌جێی دانمارک،به‌هۆی ئه‌م ئاشنایهتیهوه هێدی هێدی شاره‌زای ژیان و که‌لتوورو هونه‌ری کوردی بووه. له ڕێگه‌ی دیتنی وێنه‌و به‌رنامه‌ی تێ ڤێ کوردیه‌کانه‌وه به سرووشتی جوانی کوردستان سه‌رسام بووه،هه‌رئه‌م خۆشه‌ویستی و سه‌رسامیه‌ی هانیدا که له پێشه‌نگایه‌کی تایبه‌ت به کوردستاندا ئه‌و وێنه زهنیانهی سه‌باره‌ت به سرووشتی کوردستان هه‌یه‌تی له‌م پێشه‌نگایه‌دا به‌رجه‌سته‌بکات.
زۆربه‌ی تابلۆکان له زه‌یتی و ئاوی پێکهاتبوون،ڕه‌نگه‌کان تاڕاده‌یه‌کی زۆر ڕه‌نگی به‌هاری بوون که واتای ژیان و به‌رده‌وام بوونیان تێدا به‌دیده‌کرا.تابلۆکان سه‌رجه‌م جوان و سهرنجاکێش بوون، لێ ئه‌و تابلۆیه‌ی زۆر سه‌رنجی ڕاکێشام تابلۆیه‌ک بوو که دره‌ختێک له‌سه‌ر به‌ردێکی مه‌زن ڕووابوو،دیاره له واقیعدا دره‌خت له‌سه‌ر به‌رد ناڕویت،لێ ئه‌نیتا به سه‌لیقه‌و تیڕوانینێکی هونه‌ریانه چه‌ندین جۆر لێکدانه‌وه‌ی له‌کن بینه‌ر به‌و تابلۆیه به‌خشیوه،به‌م چه‌شنه‌ش بینه‌ری سه‌رپشک کردووه له‌هه‌ر تێگه‌شتنێک له‌و تابلۆیه..من به‌ش به‌حاڵی خۆم وای بۆده‌چم که ئه‌نیتا میلله‌تی کوردی به‌و دره‌خته شوبهاندووه و به‌رده‌که‌ش به قه‌ساوه‌ت و ناخۆشی بارودۆخ.له ئاکامدا پێمان ده‌ڵیت ژیان چه‌ند سه‌خت و دژواربێت بارودۆخ چه‌ند ئاسته‌نگ بیت ،کورد هه‌ر ژیان ده‌کات و کۆڵنادات.تابلۆیه‌کی دیکه که سه‌رنج راکێش بوو نه‌خشه‌ی کوردستان بوو که به جۆره‌ها سوومبول و ره‌نگ ڕازێنرابوویه‌وه،له گوڵ و سه‌وازایی کۆترو وشینی که‌ئه‌مه‌ش دیسان گوزارشته له خۆشه‌ویستی، ئاشتی، ژیان .بوژاندنه‌وه.
ئه‌وی جیی سه‌رنجه ئه‌نیتا له ژیانیدا کوردستانی نه‌دیوه،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م تابلۆ قه‌شه‌نگانه‌ی سه‌باره‌ت به سرووستی کوردستان کێشاوه.ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ی هێنایه یادم که نووسه‌ری شانۆکاری مه‌زنی ئینگلیز، شه‌کسپیر ،ده‌مێک شاکاری هاملێتی نووسی جێگه‌ی به‌شیکی گرنگی ڕووداوه‌کانی ئه‌و شانۆگه‌ریه قه‌ڵای {کرۆن بۆرگ} ی باژێڕی ههلسینگۆری دانمارکه ،بێ ئه‌وه‌ی شه‌کسپیر له ژیانیدا ئه‌و قه‌ڵایه یاخود ته‌نانه‌ت دانمارکیشی دیبیت. بێگومانم گه‌ر ئه‌نێتا کوردستان ببینیت و له‌نزیکه‌وه پتر ئاشنایی په‌یدا بکات ئه‌و ده‌مه تابلۆی جوانتر ده‌نه‌خشێنێت ،که وه‌ک خۆی گووتی هیواخوازه بتوانیت ئه‌و سه‌ردانه ئه‌نجام بدات.
من ڕه‌خنه‌گری شیوهکارنیم ، بۆیه ناتوانم وه‌ک ڕهخنهگریک وێنایه‌کی پربه‌پێستی پێشانگاکه بکێشم و تابلۆکان شیاکار بکه‌م ،ئه‌وه کاری ڕه‌خنه‌گری بواری شێوه‌کاره، ئه‌م چه‌ند دێره‌ی من ته‌نها به‌رهه‌می دروێنه‌ی دیدی بینه‌رێکی تابلۆکانی ئهنیتایه که پڕن له جوانی و بزوانی ڕه‌نگ و ئاسووده‌به‌خشی که پێشکه‌شی ئێمه‌ی کوردی کردووه. منیش له‌به‌رامبه‌ردا هه‌زاران ده‌ستخۆشی لێده‌که‌م و هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆده‌خوازم .
وه‌ک پێشتر ئامه‌ژه‌م پێدا ئه‌م پێشانگایه تایبه‌ت بوو به کوردستان ،که‌واته ده‌بوو زۆرترین ژماره‌ی کورد له‌وی ئامادبوونایه ،لێ مه‌خابن له‌و ژماره زۆرهکوردهی نیشته‌جێی کۆبنهاگن و ده‌ورووبه‌ری ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م ئاماده‌بوون که ئه‌مه‌ش هه‌م ئهنێتای دڵگران کرد و هه‌م هه‌ڵسوڕێنه‌رانی پێشانگاکه‌ش له دۆستهکورهدهکانی ئه‌نێتا.ئاخر لؤژیک قه‌بوڵی ناکات له بوونی چه‌ند ههزارکورد ته‌نها20 که‌سێک ئاماده‌بن.گهرپاساویان ئه‌وه‌بیت که گوایه نه‌یانزانیوه ئه‌وه هه‌رگیز راست نیه .چونکهبهر له دوو هه‌فته له زۆربه‌ی ماڵپهرهکوردیهکاندا ڕه‌کلامی بۆکرا ،هاوکات ههڵسوڕینهران به ته‌له‌فوون چه‌ندین که‌سیان لی ئاگادار کردووه‌ته‌وه .من به‌ش به‌حالی خۆم وێرای ئه‌وه‌ی له هه‌ندیک ماڵپه‌ری کوردیدابانگهوازم بۆکرد هاوکات به[ ئێس ئێم ئێس]یش به پتر له 50 که‌سم ڕاگه‌یاندوه، هه‌روه‌ها به ته‌له‌فۆنیش به‌هه‌مان شێوه.له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا ژماره‌ی ئاماده‌بووان هێنده که‌م بوون جێگه‌ی شه‌رمه‌زاری بوو . پێده‌چێ ئه‌نێتا وای بۆ چووبێت له‌به‌ر زۆری ئاماده‌بووان شوێن نه‌بێت بۆ وه‌ستان.لێ به‌داخه‌وه واده‌رنه‌چوو. من ده‌زانم و تێده‌گه‌م هه‌مووکه‌س ئاره‌زووی دیتنی پێشانگای نیه‌و ناکریت که‌سیش ناچار بکریت بۆ دیتنی .لێ ده‌بوو وه ده‌کرا ئه‌وانه‌ی ئاگاداری ئه‌و پێشانگایهبوون ته‌نها دوو کاتژمێریان له‌و ڕۆژه‌دا بۆ سه‌ردانی پێشانگاکه ته‌رخان بکردایه ،ئه‌ویش ته‌نها له پێناوی دڵخۆشکردنی دۆستیکی نه‌ته‌وه‌که‌مان ،که خۆی ماندووکردوهو چه‌ندین ڕۆژی خۆی بۆ ئاماده‌کردنی ئه‌و پێشانگایه ته‌رخان کردووه تا له ڕیگه‌یه‌وه ئێمه دڵخۆش بکات، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێمه نه‌مانتوانی ئه‌و دڵخۆش بکه‌ین.بێگومانم گه‌ر له‌بری ئه‌و پێشه‌نگایه ئاهه‌نگی شایی و هه‌ڵپه‌رکی بوایه هۆڵه‌که جمه‌ی ده‌هات و سه‌رچۆپیش به‌رنه‌ده‌که‌وت.بۆیه به‌داخه‌وه ناچارم بڵێم که ئێمه کوردی سه‌رچۆپیمان له کوردی شانۆ‌و پێشانگاو کۆڕی ئه‌ده‌بی زیاتره،ئه‌وه‌ش بۆخۆی ئاستی ڕۆشنبیری ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه نیشان ده‌دات که مایه‌ی دڵخۆشی نیه.
تێبینی / ئه‌و تابلۆیانه‌ی له پێشانگاکه‌دا هه‌ن له ماڵپه‌ڕی تایبه‌تی ئهنیتادا ده‌بینرێن.
فه‌رموو سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی ئه‌نیتا بکه‌ن
|