په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٤\٢٠١٣

پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٣ لە کوردستان.

 


لە زنجیرە ئۆپاسیۆنێکی ھێزە ئەمنیەکاندا لە مانگی مارس دا لانیکەم ٣١ چالاکڤانی مەدەنی و سیاسی لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون.

 

کۆڵبەران.

 

کاربەدەستێکی باڵای رژێمی ئێران: کۆمەڵکوژ کردنی کۆلبەران رەوایە رۆژانە کۆلبەران و کاسبکارانی کورد بەھۆی نەبوونی کار و پیشە و دابین نەکردنی پێدوایستیە سەرەکیەکانی ژیانیان، لەلایەن رژێمی ئێرانەوە خەڵک ناچاری کۆلبەری لەسەر سنوورەکان دەکەن و بەدەستی ھێزەکانی سوپای پاسداران دەکرێنە ئامانج و کۆمەڵکوژ دەکرێن، فەرماندەی ھێزە ئەمنیەکانی رژێم رایگەیاند: "ئەمرۆ لەژێر سایەی بەرەکەتی کۆنترۆلی توندی سنوورەکان دەتوانم بانگەشەی ئەوە بکەم، ھیچ ناوچەیەک نییە لەوڵاتدا ھێلانەی ئاژاوەگێڕ و تیرۆریست بێت".

لەکاتێکدا کوشتنی کۆلبەران و کاسبکارانی کورد لەسەر سنوورەکان یەکێکە لەگەورەترین کۆمەڵکوژیەکان، کە ھاوکاتە لەگەڵ لەسێدارەدانی چالاکوانان و گەنجانی تازەپێگەیشتووی وڵات.

فەرمانداری ھێزە ئەمینەکانی ناوخۆی ئێران (ئیسماعیل ئەحمەدی مۆقەدەم) لە کۆبوونەوەی ھێزەکانی سنووردا رایگەیاند: " کارێکی زۆرمان لەم ناوچە سنووریانەدا ئەنجام داوە، بەڵام ھێشتا لەسەرەتای رێداین و پێویستە کارێکی زۆرتر ئەنجام بدرێت" . ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو کاربەدەستەی ئێران بانگەشە دەکات ھیچ ناوچەیەکی سەر سنوور نەماوە کە لەژێر کونترۆلی رژێمدا نەبێت.

لەکاتێکدا رۆژانە پاسەوانان و ھێزە چەکدارە نادیارەکانی رژێم لە سەر سنوور کۆلبەر و کاسبکارانی کورد کۆمەڵکوژ دەکەن و رەنجەکانیان بە تاڵان دەبەن، ئەحمەدی موقەدەم بانگەشە دەکات: "شوێنپەنجەی کاروباری ھێزەکانمان لەناوچە سنوورییەکانی وەکوو پارێزگاکانی؛ سیستان و بلوچستان، خوراسانی باکوور و باشوور، ئازەربایجانی رۆژئاوا و شار و پارێزگاکانی دیکە بەروونی دەبیندرێت" . بەڵام ناوبراو بە بچوکترین دەستەواژە ئاماژەی بەکوشتنی کۆلبەرانی کورد ناکات و ناڵێت کە چۆن و بەچ رێبازێکی دڕندانەو توند و تۆڵەوە ناوچەسنووریەکان کۆنترۆل دەکەن .

ئەحمەدی موقەدەم دان بەوەدا دەنێت کە لە (١٢ ـ ١٣ ) ساڵی رابردوو بەھۆی لاوازی لەکۆنترۆڵ کردنی ناوچە سنوورییەکاندا، گرووپە چەکدارەکان بەقەنناس و دۆشکە ماددەی ھۆشبەریان تا دەوروبەری تاران ھێناوە .

موقەدەم بێ ئەوەی ئاماژە بە کومەڵکوژکردنی کوردەکان لەناوچە سنووریەکاندا بکات، کردەوەکانی سوپای پاسداران بەرز دەنرخێنێت و پێھەڵدان و ستایشیان دەکات. لەکاتێکیشدا PJAK لەماوەی رابردوودا ھیچ چالاکیەکی چەکدارییانەی نەبووە، ئەو فەرماندارەی رژێمی ئێران بۆ رەواکردنی کۆمەڵکوژییەکانی دەستی سوپای پاسداران دەڵێت : " نابێت خزمەتگوزارییەکانی سوپای پاسداران لەبەر چاو نەگرین بۆ بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ ئاژاوەگێڕان و تیرۆریستەکانی PJAK لە ئازەربایجانی رۆژئاوا " .(موکران نیوز).


ھێزەکانی پاسداران لەسەر سنووری نێوان باشور و رۆژھەڵاتی کوردستان کۆمەڵێک وڵاغداریان دایە بەردەستڕێژی گولــلە و لە ئەنجامدا یەکێک لە کاسبکارەکان بەسەختی بریندار دەبێت و ھاوکات (٥) وڵاغیش دەکوژرێن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ANF لە ناوچەکەوە پێ راگەیاندین ھێزێکی زۆری پاسدار لەسەر سنووری رۆژھەڵات ــ باشور لە گوندی بێتووش ی سەر بە شاری سەردەشت، لە بۆسەیەکدا ھێرش دەکەنە سەر کاسبکارانی کورد و لە ئەنجامدا کەسێک بەناوی نەوزاد محەمەد سەعید بە سەختی بریندار دەکەن.

زانرا ( نەوزاد محەمەد سەعید ) تەمەن (٢٢) ساڵ و باوکی منداڵێک، لە ڕێگای نەخۆشخانە بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دەدات . شایانی باسە لەو ھێرشەدا (٥) وڵاغ دەکوژن و بەشێکی زۆری بارەکانیان دەسووتێنن.

بە ھۆی تەقینەوەی مینێکەوە لەسەر سنوری رۆژھەڵات و باشوری کوردستان کاروانچییەک دەبێتە قوربانی.

سەردەشت ٠٧.٠٣.٢٠١٣

لە سنورە کوێستانیەکانی ( باژێری ) سەر بە قەلەرەشێی شاری سەردەشت مینێکی سەردەمی شەڕی ئێران و ئێراق بە وڵاغی یەکێک لە کاروانچییەکاندا بەناوی ( عەبدولڵا سەرە ) دەتەقێتەوە و وێرای کوژرانی وڵاغەکە پارچەکانی مینەکە بەر کاروانچییەکە دەکەوێ و زۆر بە سەختی بریندار دەبێ.

چەترپرێس لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە کاروانچییە بریندارەکە بەمەبەستی چارەسەری بۆ نەخۆشخانەی قەڵادزێ گواستراوەتەوە. سەرچاوە ھەرێمییەکان رایانگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەی جەستەی بە سەختی بریندارە و پارچەی مینەکەی زۆر بەرکەوتوون، ئەوە ئەگەری لەدەستدانی چاوەکانیشی ھەیە .

عەبدولڵا سەرە خەڵکی گوندی "بێوران"ی سەر بە شاری سەردەشتە و بە مەبەستی دابینکردنی بژێوی ژیانی، ماڵەکەی بۆ گوندی قەلەڕەشێ گواستۆتەوە و زانرا کە خاوەن دوو منداڵە.

جێی ئاماژەیە بە درێژای سنوری رۆژھەڵات و باشوری کوردستان دوڵبەدۆڵ و گردبەگرد مین گوزاری کراوە و مینەکان بۆ شەڕی ئێران و ئێراق دەگەڕێتەوە و کۆماری ئیسلامیش لە چوارچێوەی پاراستنی سنورەکان دیسان مینی تریشی چاندۆتەوە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کاسبکار دەبنە قوربانی.

پێویستە باس لەوەش بکرێت جگە لە مەترسی مین ئەوە کاروانچییەکان زۆربەی شەوان لە لایەن ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی خۆیان و وڵاغەکانیان گولەباران دەکرێن و کەلاکی سەدان وڵاغی کاروانچییان لە سەر کانی و دوڵەکانی سنور کەوتووە و ئاو و ژینگەی ئەم سنورانەی تێکداوە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وھرزی بەھار ئەوە بۆنی کەلاکەکان بە گوندەکاندا بڵاو دەبێتەوە. وێنەی ھەرە بەرچاوی کۆژرانی وڵاغی کاروانچیان بەم نزیکانە، کوشتنی (٤٧) وڵاغی کاروانچییان دۆڵەگەرم بوو.

فەرماندەی ھێزە ئەمنیەکانی بۆکان دۆزینەوەی تەقەمەنی بە کارنەھێنراوی لەو شارەدا پشتراست کردەوە.

سەھەنگ "فەتاح بابانەژاد" باسی لە دۆزینەوەی فیشەکی نەتەقێنراو کرد کە لەناو کەل و پەلی کۆنە فرۆشانەوە دۆزراوەتەوە. بە وتەی ناوبراو رێژەیەکی بەرچاو لەو لەو فیشەک و تەقەمەنیانە دۆزراوەتەوە.

شایانی باسە سالانە گەنجان و مناڵان دەبنە قوربانی پاشماوەی فیشەک و تەقەمەنی و مین کە لەلایەن کاربەدەستانەوە ھیچ ھەوڵێک بۆ کۆکردنەوەیان نادرێ.(موکریان).


گرتن.


شاڵاوی نوێ دەستبەسەر کردنی چالاکوانانی کورد لەرۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامە. ( ٣ ) ھاوڵاتی و چالاکڤانی کورد، خەڵکی شاری دێھگولان لەلایەن ھێزە ئەمینەکانی رژێمی ئێران دەستبەسەر کران .

بەپێی ھەواڵی ئەندامی کەمپەینی پشتیوانی لەزیندانیانی سیاسی و مەدەنی لەبەردەوامی شاڵاوی نوێ دەستبەسەر کراوەکان لە رۆژھەڵاتی کوردستان رۆژی رابردوو ٣ چالاکڤانی دیکە بەناوەکانی سەعەدی حسێن پەناھی خەڵکی گوندی قوروچای، نعمەت و شەمسولا نادری خەلی گوندی کرونان سەر بەشارستانی دێھگولان لەپارێزگای سنە، لەلایەن ھێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکران.

رژێمی ئێران ژمارەیەکی تر رۆژنامەنووسانی رۆژھەڵاتی کوردستانی دەستبەسەر کرد.

رژێمی ئێران لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەستی بە شاڵاوێکی نوێی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکانی بواری ڕاگەیاند کردەوە و لەو چوارچێوەیەدا، چەندین کەسایەتی ناسراو لە شارەکانی بۆکان، و پاوە دەستبەسەر کراون.

بە گوێرەی زانیارییەکان ( کەیھان عەزیزی و داود غەفاری ) دوو چالاکی فەرھەنگی ــ ئەدەبیی شاری پاوە و ئەندامانی ئەنجومەنی فەرھەنگی ــ ئەدەبیی شارەکە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوەوە بانگھێشت و دەستبەسەر کراون.

ئەو دوو چالاکە فەرھەنگییە بە تۆمەتی بێ ‌رێزی کردن بە ئیمام جومعەی شاری پاوە کە ھاوکات نوێنەری "وەلی فەقیەـ"ـە دەستبەسەر کراون .

لەلایەکی ترەوە ( قاسم ئەحمەدی ) بەرپرسی پیشووی وەرزنامەی ڕۆژەڤ و ( خوسرەو کوردپور )، سەرنووسەری ئاژانسی ھەواڵدەری موکریان لە لایەن ھێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

شایانی باسە وەرزنامەی سیاسی ، کۆمەلایەتی ڕۆژەف، لە لایەن خوێندکارانی کورد لە زانکۆی تاران دەردەکرا و دوای دەرکردنی ١٣ ژمارەی ئەو وەرزنامەیە ساڵی ٢٠١٢ داخرا.

تا ئێستا سەبارەت بە دادگاییکردن و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسانە بەفەرمی ەیچ شتێک رانەگەیھندراوە .

چوار لە چالاکانی خوێندکاری مەریوانی گوازرانەوە بۆ گرتووخانەی ناوەندی ئەو شارە.

پێنجشەممە ١٠ ی ڕەشەمە سۆران دانشوەر، داود قاسمی، موحەممەد کۆنەپووشی و سامان موحەممەدی لە ژورەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە گوازرانەوە بۆ گرتووخانەی شاری مەریوان.‌ تا ئێستا ھۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکانە تا ئێستا رانەگەیێندراوە.

زیندانییەکی سیاسی کوردی ژێر پەتی سێدارە لە تاران بێ سەروشوێن دەکرێت.

تاران ٠٤.٠٣.٢٠١٣

زیندانییەکی سیاسی کورد لە زیندانی ئەوینی تاران کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، ‌ ماوەی دوو رۆژە بێ سەرووشوێنە . لەو بارەیەوە ماڵپەڕی ھرانا بڵاوی کردەوە کە زیندانییەکی سیاسی کورد بەناوی ( ھۆ‌شەنگ رەزایی ) کە بە تۆمەتی ھاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حزبە نەیارەکانی رژێمدا، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە زیندانی رەجایی شەھری کەرەج لەژێر پەتی سێدارە بەندکرابوو ماوەی دوو رۆژە راگوازراوە بۆ شوێنێکی نادیار .

ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە ئەو کەسە دوای راگرتنی بۆ ماوەی (٦) مانگ لە ژووری تاکەکەسی بەندی (٢٠٩) زیندانی ئەوین، راگوازراوە بۆ زیندانی رەجایی شەھری کەرەج و لە کاتی دادگایی کردنیدا بێبەش بووە لە مافی ھەبوونی پارێزەر و لە ئێستاشدا راگوازراوە بۆ شوێنێکی نادیار .جێگای باسە بنەمالەی ئەو گیراوە کوردە بە ھۆی تەمەنی زۆر و بە سالاچوییدا ناتوانن بەدواداچون بۆ چارەنوسی رۆلەکەیان بکەن.

خوێندکارانی خەڵکی مەریوان کە ماوەیەک لەمەوبەر دەستبەسەر کرابوون بە بارمتەی قورس ئازاد کران.

داود قاسمی، خالد ئەحمەدی، سامان مەحمودی، سۆران دانشوەر کە پێشتر دەستبەسەر کرابوون بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کران.

دوو چالاکی فەرھەنگی لە پاوە دەستبەسەر کران.

کەیھان عەزیزی و داود غەفاری لە لایە ئیتلاعاتی شاری پاوە دەستگیر کران. ناوبراوان بە ھۆی نوسینی ئافیشی سەرەخۆشی بە زمانی کوردی گیراون.(ھرانا).

خسرو کوردپوور بەڕێوەبەری ئاژانسی موکریان نیوز و قاسم ئەحمدی سەرنووسەری گۆڤاری رۆژەڤ ١٧ رەشەمە لە مھاباد دەستبەسەر کران.

مەسعود کوردپوور بە بی بی سی راگەیاند کە ئیتلاعاتی مھاباد براکەی ئەویان بە حوکمی دادگا دەستبەسەر کردوە و کامپیوتێر و کەل و پەلی شەخسی ئەویان بردوە. بە وتەی ناوبراو بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر بارودۆخی زیندانیان ھۆکاری دەستبەسەرکردنی خوسرەو کوردپوورە.

قاسم ئەحمەدیش کە سەرنووسەری گۆڤاری خوێندکاریی "رۆژە"یە دەستبەسەرکراوە و گۆڤارەکەشی پاش دەرچوونی ١٣ ژمارە لە لایەن کۆمیتەی ئینزباتی زانکۆی تاران داخستراوە.

دوو ھاوڵاتی کوردی دانیشتوی گوندی بروشخواران سەر بە سەلماس بەناوەکانی (عەلائەدین عەبدوللا زادەو فارس عەبدوللا زادە) بانگھێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکە کران .

بەپێی زانیارییەکان (عەلائەدین عەبدوللا زادە) کوڕی (محەمەد) و (فارس عەبدوللا زادە) کوڕی (عەبدوللا) خەڵکی گوندی (بروشخواران) بانگھێشتی ئیدارەی ئیتلاعات دەکرێن و پاش چەند کاتژمێر راگرتنیان لەئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکە خراونەتە ژێر لێپرسینەوە .

راگەیەندراوە لەچەند مانگی رابردوو عەلائەدین عەبدوللا زادە گەلێک جار بەتۆمەتی ھاوکاری لەگەڵ پارتێکی کورد دژی دەوڵەت بانگھێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکە کراوەو خراوەتە ژێر لێپرسینەوە .

شایانی باسە پێشتریش کوڕی عەلائەدین لەساڵی ١٣٨٥ی ھەتاوی بەناوی (سەمەد عەبدوللا زادە)، (١٨) ساڵ بەھۆکاری تەقەکردنی ھێزەکانی ئەمنی بەسەختی بریندار کراوە .

دەستبەسەر کردنی ٥ چالاکی کرێکاری لە سنە.

بە پێی ھەواڵی ماڵپەری کۆمیتەی ھاوئاھەنگی رێکخراوە کرێکاریەکان و بە گێڕانەوە لە ھرانا ٥ چالاکی کرێکاری ١٧رەشەمە ھێرش دەکرێتە سەر ماڵەکانیان و دەستگیر دەکرێن.

٨ کەسی دیکە لەپاوە دەستبەسەر و زیندانی کران.

١٣.٠٣.٢٠١٣

شاڵاوی نوێ دەستبەسەر کردنی گیروانی سیاسی و مەدەنی کورد لە لایەن رژیمی ئێرانەوە بەردەوامە و تا دەچێت رێژەی دەستبەسەر کراوەکان زیاتر دەبێت، لەشاری پاوە ( ٨ ) کەسی دیکە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کران .

دەستبەسەر کردنی رۆژنامەوانان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد لە لایەن رژیمی ئێرانەوە بەردەوامە. لەشاری پاوەی رۆژھەڵاتی کوردستان ( ٨ ) کەسی دیکە دەستبەسەر کران .سەر لەبەیانی دوێنێ گۆران بەھرامی و ٧ کەسی تر کە ناوەکانیان تا ئێستا نەزانداراوە لە لایەن ھێزە چەکدارەکانی رژێمەوە دەستبەسەر کران، بەپێ زانیارییەکان تا ئێستا ھۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو کەسانە نەزانراوە .

شایانی باسە لە ماوەی ( ٢ ) ھەفتەی رابردوودا نزیکەی ( ٢٠ ) کەس لەدانیشتوانی شاری پاوە دەستبەسەر کراون بەڵام بە ھۆی بارودۆخی میلیتیاریزە کراوی ئەو شارە و رەوشی ئەمنیەتی سەپێندراو، ھەواڵی دەستبەسەر کردنەکان لە مێدیاکان دا زۆر بە کەمی دەنگی داوەتەوە .

ھێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێران کەسێکی تەمەن (١٠٨) ساڵ دەخەنە زیندانەوە.

لە ناوچەیەکی سەر بە شاری ماکۆی رۆژھەڵاتی کوردستان ھێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێران بۆ جاری دووەم پیاوێکی بە ساڵاچوو دەگرن و دەیخەنە زیندانەوە .

لە گوندی زالکای سەر بە شاری ماکۆ ھێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێرانی بە تۆمەتی کاری سیاسی، پیاوێکی بەساڵاچووی تەمەن (١٠٨) ساڵ بەناوی ( حاجی عەلی چیلان ی کوڕی گیلۆ ماوەی (٤٥) رۆژە دەست بەسەر کراوە .

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە دەست ANF کەوتوون حاجی عەلی چیلان بەر لە (٧) ساڵ بە ھەمان تۆمەت دەستگیر و زیندانی دەکرێت و سزای (٨) ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت، پاش دوو ساڵ مانەوەی لە زیندان، بەھۆی نەخۆشی و پیرییەوە ئازاد دەکرێت .

شەریف ساعد پەناھی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری سەندیکای کرێکاران دەستبەسەرکرا/

٢٠ رەشەممە کاتێک ساعد پەناھی لە کار گەڕابۆوە و لە ماڵی خۆی بوو کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کرا و ماڵەکەشی پشکێنرا.

دوو چالاکی مەدەنی لە تیکاب دەستبەسەرکران.

عەلی ھیدایەتی و یەدوڵڵا دەشتی لە چالاکانئ مەدەنی شاری تکاب دوای پشکنینی ماڵ و دوکانەکانیان و دەستبەسەرداگرتنی کتێبە ئازەریەکان و کامپیوتێرەکانیان دەستبەسەرکران. (ھرانا).

سزا.

عەلی ئەحمەد سولەیمان زیندانی سیاسی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپا.

عەلی ئەحمەد سولەیمان زیندانی سیاسی خەڵکی باشووری کوردستان لە دوھەمین دادگایی دا حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا سەپا. نابراو بە تاوانی کوشتنی دوو ئەندامی سوپای پاسداران مەحکوم کراوە، لە حاڵێکدا ھیچ ئیعترافێکی بەو کارە نەکردوە.

سزای لە سێدارەدان بۆ تۆمەتبارانی کوشتنی سەر شەقام بەڕێوەچوو.

دادوەر فەرەیدوون حەمیرئابادی لە پەراوێزی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی پەروەندەی ناسراو بە کوشتنی خیابانی رایگەیاند کە حوکمەکان ئامادە و لەوانەیە لە قۆناغی تایۆکردن دابن.

کەمبوونەوەی حوکمی دو زیندانی سیاسی.

سەید سامی حوسێنی و جەمالەدین موحەممەدی کە پێشتر بە سزای لە سێدارەدان حوکم درابوو لە لایەن دادگای پێداچوونەوە حوکمەکەیان بۆ دە سال زیندانی کەم کرایەوە.

بێبەشکران لە خوێندنی خوێندکاری دەورەی دوکتورای خوێندکارێکی سوننی.

بە پیی ھەوالی ھرانا "ئەسما چشمە کوبوودی" لە ئەندامانی مەکتەبی قورئان لە سنە بە فەرمانی وەزارەتی ئیتلاعات لە خوێندن بێبەش کراوە.

ناردنی پەروەندەی سێ زیندانی سیاسی بە سیدارە حوکمدراو بۆ بەشێ جێبەجێکردن

ئیبراھیم عیساپوور، سمکۆ نەژادی و سامان نەسیم سێ زیندانی سیاسی کە بە تاوانی ئەندامبوون لە پژاک بە سێدارە حوکم دراون پەروەوندەکانیان دراوەتە بەشی ئیجرایی ئەحکام و ئەمەش مەترسی لە سێدارەدانیانی زیاد کردوە و بۆتە جیی نیگەرانی.(ھرانا)

مانگرتن.


گیراوێکی سیاسی ژن بەناوی مەریەم موقەدەسی خەڵکی شاری نەغەدە کە بەتاوانی خەبات و پرۆپاگاندە دژی رژێم و ھاوکاری لەگەڵ پارتێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە مانگی بانەمەڕی ١٣٨٩ی ھەتاوی بە ( ٩ ) ساڵ زیندانی مەحکوم کرا و ئێستا لەسێھەمین رۆژی مانگرتن لەخواردن دایە .

بەپیێ راپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی مەریەم موقەدەسی لە ساڵی ١٣٨٩ی ھەتاوی و پاش لەسێدارەدانی گیراوی سیاسی کورد فەرزاد کەمانگەر و چەند کەسێک لە چالاکانی سیاسی کە بووبوونە ھۆی ناڕەزایەتی بەرفراوان لە ئێران و بەتایبەت لە شارە کوردنشینەکاندا، دەستبەسەر و بەو تۆمەتانە کرا مەحکوم دەکرێت .

موقەدەسی گیراوی سیاسی ژن ھۆکاری مانگرتنی خۆی بارودۆخی مەترسیداری زیندانی ئەوین و بەتایبەت بەندی ژنانی ئەو زیندانە کە لە لایەن پاک و خاوێنییەوە کاربەدەستانی زیندان ھیچ چاودێری ناکەن و ھەروەھا بەھۆکاری رەنج بردن لەنەخۆشی گورچیلە کە کاربەدەستان ھیچ ھەوڵێکی چارەسەری بۆ نادەن، راگەیاندووە .

(١٨) زیندانی سیاسی کورد لەدژی سزای لە سێدارەدان دەستیان بە مانگرتن کرد.

زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانیانی قزل حەسار و رەجایی شەھری کەرەج کە ئەو زیندانیانە لەدژی راگواستن و بۆ بەرزکردنەوەی داوای ھەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی سەپێندراوی سەریان دەستیان بە مانگرتن گرتوە و تاکو ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە ھیچ وەڵامێکیان لەلایەن کاربەدەستانی رژێمەوە پێ نەدراوھتەوە .

(٦) کەس لەو زیندانیانە سزای سێدارەیان بەسەر سەپێندراوە و (١٢) کەسیشیان یان سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپاوە یان تاکو ئێستا لە زیندانی رەجایی شەھری کەرەج دەستبەسەرن و چارھنوسیان نادیارە .

مانگرتن لە خواردنی پێنج گیراوی عەرەب

ھاشم شەعبانی نەژاد، ھادی راشدی، موحەممەد عەلی عەموری نەژاد، جاب و موختار ئالبەشکە لەگەڵ رەحمان عەساکرە کە بیست سال حوکمدراون دەستیان دا مانگرتن لە خواردن.

کۆبوونەوەی ناڕەزایی بنەماڵەی چالاکانی کرێکاریی لە بەردەم گرتووخانەی سنە.

بەیانی رۆژی دووشەممە بیست و یەکی رەشەمە ٥ ئەندامی کۆمیتەی ھەماھەنگی لە بەرامبەر ئیتلاعاتی سنە کۆبوونەوەیان رێکخست. ھێزەکانی رژیم ویستیان کە کۆنترۆڵی وەزعەکە بکەن ،بەڵام بە ھۆی پێداگری جەماوەرەوە مەجبوور بوون ئیزن بدەن کە یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی گیراوان دیدار لەگەڵ یەکێک لە زیندانیەکان ئەنجام بدات.دوای دەستێوەردانی ھێزە لیباس شەخسیەکان بڵاوەیانکرد.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەری کۆمیتەی ھەماھەنگی کە رێکخەری چالاکیەکە بوە عەلی ئازادی پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ھاوژینەکەی ھەبوە. ھەروەھا خالید حوسێنیش گیراوێکی دیکەیە کە بە تەلەفۆن بە بنەماڵەکەی راگەیاندوە کە دادوەر ماوەی یەک مانگی حوکمی دەستبەسەرکردنی کاتی بۆ دەرکردوە و ئێستا لە ژووری تاکەکەسی دایە.

ژنان.


بەھۆی دوورخستنەوەی لە خوێندن؛ لە مەریوان کچە منداڵێک خۆی سوتاند.

کچە منداڵێکی تەمەن (١٣) ساڵە لە شاری مەریوان بەھۆی دەرخستنیەوە لە خوێندنگا خۆی دەسووتێنێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستکەوتوون لە شاری مەریوان کچە خوێندکارێکی تەمەن (١٣) ساڵ بەناوی ( پەریا.ر.ح) ەوە، دوای ئەوەی بەزۆری باوکی زیاتر لە (١٥) ڕۆژ لە قوتابخانەی ( ڕاھنمای نشاد ) ی شاری مەریوان لە خوێندن دوور دەخرێتەوە. ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات .

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوچەکە، رایگەیاند کە باوکی کچەکە نەیویستووە لە خوێندنگا بیھێڵێتەوە و دوای دوورخستنەوەی لە خوێندنگا، شەوی ٦/٥ی ئاداری ٢٠١٣ ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە ، دەستبەجێ گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی گشتی مەریوان. دواتر بەھۆی سەختی برینەکەیەوە (پەریا)ی (١٣) ساڵ ھەمان شەو ڕەوانەی نەخۆشخانەی ( تەوحید جیھاد )ی شاری سنەی دەکەن و لە دوای ھەوڵێکی زۆری پزیشکانی نەخۆشخانەکە بۆ چارەسەرکردنی برینی سوتانی کچە خوێندکارەکە، بەڵام بە ھۆی سەختی سوتانەکەیەوە (پەریا) ژیان لە دەست دەدات و بۆ ھەمیشە ماڵئاوای لە ژیان دەکات.

لەرۆژی ٨ی ئادار ژنێک لەشاری مەریوان کوژرا.

مەریوان ٠٩.٠٣.٢٠١٣

لەحالێکدا ژنانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەھۆی گوشار و تاسانەوە لەم ووڵاتەدا ناتوانن ( ٨ )ی ئادار رۆژی جیەانی ژنانی رەنجدەر پیرۆز بکەن، سەرەڕای ئەوەش توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنی ژنان بەردەوامە. لەرۆژی جیھانی ژنانی رەنجدەردا لەشارۆچکەی ( سەوڵاوا )ی سەر بە شاری مەریوان کچێک بەدەستی باوکیەوە کوژرا .

بەپێ سەرچاوە ھەرێمیەکان لە ٨ی ئادار، رۆژی جیھانی ژنانی رەنجدەر ھەر جۆرە گردبوونەوەی ژنان بۆ بەرز راگرتن و یاد کردنەوەی ئەو رۆژە لەلایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە قەدەغە راگەیەندراوە، ئەمەش لەحاڵێکدایە ھەواڵی کوشتنی ژنێکی ٣٠ ساڵ بەناوی ( زەعفەران محەمەدی ) کچی ( عەبدولڵا ) خەڵکی گوندی ( ھەزار خانی ) بڵاو دەکرێتەوە و ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەکی دیکەی زھنیەتی پیاوسالاری و توند و تیژی و زوڵم و زۆرداری دژی ژنان .

ئەنجومەنی ژنانی مەریوان لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاوی کردوەتەوە : " زەعفەران محەمەدی خاوەن ٥ منداڵە و بەپێ لێکۆڵینەوەکانی کە لەلایەن چەند کەسی بێ لایەنەوە لەسەر ئەو رووداوە کراوە، زانراوە کە زەعفەران بەھۆی ( کێشەی نامووس ) لەمێردەکەی جیا دەبێتەوە و لەرۆژی ٨ی ئاداردا لەلایەن باوکییەوە خنکێندراوە .

شایانی باسە کە یاسای بنەڕەتی ئێران رێگا خۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە کوشتنانەی دژی ژنان و تا ئێستا یاسایەک پەسەند نەکراوە کە پاراستنی مافی ژنان بخاتە گەرەنتییەوە .

لە شاری مھاباد رووداوی کوشتنی نادیار سەریھەڵداوە و تا ئێستاش ھیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەمەڕ رووداوەکان رانەگەیاندووە.

بە گوێرەی ھەواڵێک کە لە ماڵپەڕەکاندا بڵاو کراوەتەوە بەر لە نەورۆز کەسێک بە ناوی ھیوا موعروفی لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەدرێتە بەر دەستڕێژی گولــلە و دەکوژرێت، تا ئێستاش تەرمەکەی لە ساردخانەی شاری مھاباد ڕاگیراوە .

ھەروەھا ھاوڵاتییەکی تر لە شاییەکدا لە چوارڕێیانی ئازادیی شاری مھاباد لەلایەن کەسێکەوە بە چەکی کڵاشینکۆف کوژرا.

تا ئێستاش نازاندرێت کە ئەو کەسانە بە چ ھۆکارێک کوژراون و گوومانەکان لەسەر خۆبەدەستەوەدەرانی ڕژێمیش، ڕوویان لە زیاد بوونە ، سەرەڕای ھەموو ئەوانەش لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی رژێمەوە ھیچ تەکبیر و لێپرسینەوەیەکیش لەسەر رووداوەکە نەکراوە.

پێشمەرگەیەکی حیزبی دیموکرات لەکەمپی کۆیە بەھۆکارێکی نادیارەوە گیانی لەدەستدا

بەپیێ سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو کە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند پێشمەرگەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ناوی ئەیوب حەسەنزادە لەکەمپی ئەم حزبە لە ‌ئەنجامی ھۆکارێکی نادیارەوە گیان لەدەست دەدات. بانگەشەی ئەوەی دەکرێت و بەپێ ھەمان سەرچاوە ھەندێک کەس رایانگەیاندووە خۆی کوشتووە و ھەندێکیش دەڵێن کوژراوە .

شایانی باسە تا ئێستا حیزبی دیموکرات بەفەرمی لەسەر ئەم ڕووداوە ھیچ روونکردنەوەیەکیان نەداوە .

ئەیوب حەسەن زادە تەمەن ١٩ ساڵ خەڵکی گوندی چەمەنزار سەربە شاری جوانڕۆ لەپارێزگای کرماشانە و دو ساڵە ئەندامی حیزبی دیموکراتە.
 

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد

info@kmmk.info

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک