٨\٩\٢٠٢٥
سووکە لەنگەر:
پێشێلکردنی
تایبەتمەندیی كۆچکردووان.

فەریق
ماددەی ١٢ ی مافی مرۆڤی جیهانی جەخت
دەکاتەوە لەسەر پاراستنی تایبەتمەندییەکانی هەموو مرۆڤێك و
بڵاونەکردنەوەی بێ ڕەزامەندی خۆی، هەروەها دەبێت بزانرێت چۆن
زانیارییەکان کۆدەکرێنەوەو چۆن بەکاردێن (١٥،٥)، وێڕای ئەوەی یاسای
مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی ژمارە ٨ داکۆکی دەکات لەسەر ڕێزگرتنی ژیانی
تایبەتی هەموو مرۆڤێك لە ڕووەکانی خێزانی و نشینگە و
نامەگۆڕینەوەکانیشیەوە.
لێ داخم ناچێ دەیان ساڵە ئێمەی کورد نەك لە مێژوودا، بەڵکو لە دەرەوەی
مێژوودا دەژین و لە ڕەوتی ژیاریی مرۆڤایەتی هاوچەرخ و مافە مادیی و
مەعنەویەکانی مرۆڤ بێبەشین و دابڕێنراوین، بەرەنجام ئاسانترین و بێ
لێپرسینەوەترین کار تەنانەت لای هاوڵاتییەکی سادە بریتییە لە
پێشێلکردنی تایبەتمەندییەکانی تاکەکانی مرۆڤی کورد و زۆر ئەم کارە کە
تەنانەت بووە بە (خوو) بە ئاسایی وەردەگیرێت و وەکو پێشینانیش گوتویانە:
گەورە ئاو دەڕێژێ و بچووك پێی تێ دەنێت، نموونەش بۆ ئەوەی ئەم ڕاستییە
بزانێت گەر کەمێك بەدواداچوونی سۆشیال میدیا بکات دەزانێت چ
نەهامەتییەك بەرپابووە.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لەسەری بدوێم ئەو نامە تایبەتەی ڕەوانشاد شاعیر (موحەمەد
عومەر عوسمان)ه کە لە گۆڤارێکدا لەم ماوەیەی دوایدا بێ ڕەچاوکردنی هیچ
پرەنسیپێکی پاراستنی تایبەتمەندییەکانی تاکە کەسیی، دوای چل ساڵ لە
نووسینی و بێ ڕەزامەندی خۆی و ئەندامانی ماڵباتەکەی بڵاوکراوەتەوە، ئەو
لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا بوو کاتێك ئەو نامە شەخسییەی نووسی و
هەرگیز ئەو بە مەبەستی بڵاوکردنەوە نەنووسیبووی و نەناردبووی، ڕەنگە
ئێستا گەر لە ژیانیشیدا بووایە زۆر پەشیمان بوایەتەوە و هەرگیز نامەی
وای نەنووسیبا، ئەو داوای لە کەسی نامە بۆ نێردراو کردووە (بە پێی
ڕەشنوسی نامەکە) گەر بتوانێت ئاوڕێك لە شیعرەکانی بداتەوە، نەكو هەڵەی
ڕێنووسی ناو نامەکەی بۆ ڕاستبکرێتەوە و دەقی نامەکە بڵاوبکرێتەوە!
مەگەر ئاوا پاێزگاری لە ئەمانەت و ڕاسپاردە دەکرێت؟ خۆ ڕاسپاردە تەنیا
پارە و نەختینە نییە لای کەسێك دابنرێت، تەنانەت وتەش هەر ئەمانەتە، چ
جای نامەی شەخسی؟ بە ناوی ئەرشیف و کاری ڕۆژنامەنووسییەوە پێشێلی
تایبەتمەندی نێرەر بکرێت و بڵاوبکرێتەوە! ئیدی نازانین چ مەبەستێکی لە
پشتە؟ ئایا بۆ تیشكخستنە سەر بایەخی کەسی نامە بۆ نێردراوە کە لە لایەن
شاعیرەوە داوای لێ کراوە شتێك لەسەر شیعرەکانی بنووسێت؟ یان شانازیکردن
و خۆ بە چەقکردن و دەمڕاستکردنی نووسەران و قەڵەم بەدەستانە؟
جگە لەمەش خاڵێکی گرنگی تر کە دەبێت باس بکرێت ئەوەیە کە لە دنیای
ڕۆژنامەگەریی ئەمڕۆدا هیچ بەهایەكی زانستی بۆ بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنی
کۆچکردووان دانانرێت، چونکە جێی متمانە نییە و چەندان پرسیار بەدوای
خۆیدا دەهێنێت؛ وەك ئەوەی ئایا بۆ تا لە ژیاندا بوو بڵاونەکرایەوە؟ ئەی
ئایا کێ ناڕاستی گوتەکانی نێو چاوپێکەوتنەکە ڕاست دەکاتەوە و دەستنیشان
دەکات گەر دەسکاری کرابێت؟....
بەهەرحاڵ هەنە لە هەموو چاخ و سەردەمێکدا هەر دەیانەوێت لە بڵندایی
بمێننەوە، بۆ نموونە گەر بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتییەك بێت لە
زەمەنی پێشوودا یان بەرپرسی گۆڤارێك لە زەمەنی ئێستا و داهاتوودا، بێ
ئەوەی پرسیار لە سەرچاوەی داهاتی چاپکردنی گۆڤارەکە بکرێت لە کوێوە دێت
و لە بەرانبەر ئەو بەخشینەدا دەبێت چی بکرێت؟ هزرمەند و ڕۆشنبیر و
ئەدیب و هونەرمەندی ڕاستەقینە، تەنانەت گەر بە بێکەسی و تەنیاییش سەر
بنێتەوە؛ عەزیز گەردی ئاسا هەموو ئەو پرسیارانە دەکات و خۆی بەدوور
دەگرێت لەو دنیایەی لای کاڵفامانی قەڵەم بەدەستان لە بڵاوکردنەوەی
بەرهەمێك لەو بڵاوکراوانەدا خۆیان دەبیننەوە.
مەخابن زۆرینە ئەوانەی خۆیان بە قەڵەم بەدەست و خاوەن بەهرە و هزرمەند
دەزانن ڕاستییەکان دەزانن و نایانەوێ خۆیان بدەن لەو بابەتگەل و
پرسیارانە، چونکە نووسین لایان پرەنسیپ نییە، چونکە خاوەنی پاشخانی
مەعریفی دروست و دنیابینی نین. ئەمەش گەورەترین کێشەی وڵاتانی جیهانی
سێیەمە کە هزرمەند و خامە بەدەستەکانیان لە قەیرانی جەوهەریدا دەناڵێنن
و تا پرسیار دەگاتە ئەوەی ئایا بە کێ بڵێین ڕۆشنبیری ڕاستەقینە؟
ڕەنگە ئەم خاڵانەی باسمان کردن شتێکی کەم بن لەو پێوەرە جیهاناینەی وای
کردووە تەنانەت بڕوانامەی زانکۆکانیشمان ئەو ڕەواج و ڕەوایەتییەی نەبێت
لە ڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە لەسەر ئاستی جیهاندا، ئیدی لە بچووکترین
شتەوە بیگرە کە ژیانی تاکەکەسییە تا دەگاتە ئاستی گروپ و دەستە و
ناوچەکان، چ پێشبینییەك دەکرێت بۆ پێشکەوتن کە هێشتا تاك وەكو مرۆڤ
مافە سەرەتاییەکانی مسۆگەر نین و تەنانەت مافی پارێزگاری
تایبەتمەندییەکانی خۆی نەبێت و بگرە تەنانەت بە ئەنقەست و بۆ
لەکەدارکردنی لە جێگاگەلێك کامێرای شاردراوەی بۆ دابنرێت! یاخود
دروستکردنی سیناریۆ بە فۆتۆشۆپ و زیرەکی دەسکرد و... ئیدی ئاساییە لە
کۆمەڵگایەکی وادا زۆر هەبن بڵێن جا قەیدی چییە شاعیرێك چل ساڵ پێش
ئێستا نامەیەکی بۆ کەسێکی تر نووسیوە با بڵاوبکرێتەوە بێ پرسپێکردنی و
مۆڵەت لێ وەرگرتنی، چونکە لەژیاندا نەماوە!
دەمەوێت بە وتەیەكی جۆرج بەرنارد شۆ کۆتایی بەم وتارە بهێنم کە دەڵێت:
ئاگادار بن! بانگەوازکردنی مەعریفە و ڕۆشنبێرێتی زۆر مەترسیدارترە لە
خودی نەزانیی.
|