په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١٢\٢٠١٦

پەشیمانیی، ئاوڕێک لە رابردوو.

بەنگین پیرۆت    

 
بەھاتنی ساڵی نوێ، ھەنگاوێکی تر لەژیان و تەمەنمان دەچێتە پێش و ئاوڕێکیش لەڕابردوو دەدەینەوە لەکوێ وەستاوین و لەکوێش دەست پێبکەینەوە، لەکوێ و لەچی و بۆچی ئەو کارەی کردومانە لێی پەشیمانین و مرۆڤ دەبێ چی بکات ئەوەی دەیکات لێی پەشیمان نەبێتەوە؟

"لەژیانی خۆم پەشیمان نیم، کارە باشەکانم دڵخۆشیان کردوم و وایان لێکردوم داد و بێداد لەھیچ شتێک نەکەم و ئەزمونم لەھەڵەکانم وەرگرتوە" سۆزان محمد کە لێشم پرسی "دەبێ مرۆڤ چی بکات بۆ ئەوەی پەشیمان نەبێتەوە؟ ئەو کە ڕوانگەیەکی ئاینی ھەیە پێیی وایە: بەیانی کە لەخەو ھەڵدەستی، وای دابنێ دوا ڕۆژی ژیانتە چێژ لەھەموو شتێک وەربگرە تا لە ھیچ شتێک پەشیمان نەبیت.

ئەحمەد عومەر پێچەوانەی سۆزان لەبەریتانیاوە دەڵێ: پەشیمانم لەوەی خوێندنم تەواو کرد، تەمەنێکم بەدیار وانە وشکەکانی خوێندنەوە لەدەست چوو کە ئەوەی نەدەھێنا خۆی بۆ ھیلاک بکەیت".

"لەھیچ پەشیمان نیم، بەتایبەتی ئەو بیر و باوەڕە کورداتیەی لەھەرزەکاریەوە ھەڵمبژاردوە" جەمال شارباژێری ئەوەشی گوت: دەشێ لەتافی لاویدا ھەڵەم کردبێت ئێستا لێیی پەشیمانم ئەویش مەی نۆشی بوو لەپێناو ئەو کەسەی خۆشم ویست و لەخۆش ویستنی پەشیمان نیم و تا ئەم چرکەیەش خۆشم دەوێ، ئێستا ئەو نەنکە و من باپیرم، بەداخەوە بۆیەک نەبووین.

شانازیش پەشیمانە، ئەو دەڵێ "پەشیمانم لەژیان، کە دەژین و ژیان ناکەین، پەشیمانم لەعەشق، کە تەنھا دەمامکێک بوو ڕوپۆشی حەزیان پێکرد و لەژێر ناوی عەشق ڕەقیان پێ فرۆشتین. شاناز دەڵێ ناوم شانازە، نازانم شانازی بەچی خۆمەوە بکەم! بۆیە پەشیمانم لەخۆم کە ھیچ کات بۆ خۆم نەژیاوم، ئەو خانمە کە لەخوێندن پەشیمانە، پێی وایە:لەو خوێندنە پەشیمانم کە ئێستا پەشیمانیەکانمی پێ دەنوسمەوە. ئەوەشی ووت :دەزانم خەمخۆرێک نیە بەڕۆح بمخوێنێتەوە و بەدڵ دەستم بگرێت دووبارە ڕێگەکان نەمبەنەوە ماڵی پەشیمانی. کە پرسیشم "ئەو کارەی کردوتە کە لێی پەشیمان نیت؟ پێیی گوتین "تەنھا پەشیمان نیم لەو تاقیکردنەوانەی ھاتنە ڕێگەم و تێیدا خودام نەدۆڕاند و باجەکەی لەگۆڕنانی ویژدانم نەبووە.

لەکەرکوکەوە ئاوێزان نوری باسی ئەوە دەکات کە "خوێندکارێکی زیرەک بووم بەڵام خوێندنم تەواو نەکرد. پێچەوانەی ڕاکانی ترخۆزگەی تەواو کردنی خوێندنی ھەیە "زۆر پەشیمانم لەکات و زەمەنی خۆیدا خوێندنەکەم تەواو نەکرد. ئاوێزانی شاعیر ئەوەشی ووت "مرۆڤ بە قۆناغەکاندا گوزەر دەکات،ھەرچیەک کردبێتم و بڕیارم لێی دابێت،پەشیمان نیم کە دواجار ئەزمونێکی سەرکەوتو بون بۆ من.

خوێندکارێکی زانکۆش دەڵێ "شتی بچوک ھەیە کە لەڕابردودا ئەنجامم داوە ئێستا پێم وایە ھەڵە بووم، بەڵام لێی پەشیمان نیم چونکە ئەو ھەڵانە کاریگەریان نەبووە لەسەر ژیانی ئێستام. کامەران عسمان کە لەگۆڕینی بەشەکەی لەیاساوە بۆ ئەندازیاری،پەشیمان نیە پێی وایە کارێکی باشی کردوە،کە کاریگەری باشی دەبێ لەسەر ئایندەی. ئەو پێشی وایە "دیراسە کردنی ھەر کارێک بەر لەئەنجامدانی ھۆیەکی گرنگە بۆ ئەوەی مرۆڤ پەشیمان نەبێت لەوەی کە ئەنجامی دەدات.

"لەوکاتەوە خۆم بە بەرپرسیار دەزانم لەشتێک پەشیمان نیم. چونکە مرۆڤ کاتێک بەرپرسیارە کە خاوەن بیرکردنەوەی ئازادانەی خۆیەتی، لەھەمانکاتیشدا، کۆیلەی کلتور، نەریت، دین و خێزان و تاد...لەبەر ئەوە پێویست ناکات پەشیمان بێت. محمود عەبدوڵا ڕای وایە: زۆر شت مرۆڤ دەتوانێت بیکات بۆ ئەوی پەشیمان نەبێتەوە، گرنگترینیان بیرکردنەوەی ئازدانەیە، لەبەر ئەوەی یەکەم ئەرک خۆ ڕۆشنبیر کردن و ھەڵسەنگاندنی ژینگە و کلتور و نەریت و دینە بۆ ئەوەی پەشیمان نەبیتەوە لەوەی دەیکەیت.

"ھەموو تەمەنم بەپەستی و شکاوی گوزراندوە، بۆیە ژیانکردنم جگە لەپەشیمانی ھیچ بەرھەمێکی تری نەبووە،گەنجیەتیشم سەفەرێکە تامردن" ئەمە قسەی ئەو خانمە بوو خۆی بەئاواز ناساندو ووتیشی :قسە کردنم لەگەڵ خۆشەویستەکەم خەمی قوڵم بۆ دروست دەکات چونکە درەنگ ئەوم ناسی" لەوەڵامی پرسیاری ئەو کارەی کردوتە کە لێی پەشیمان نیت؟ ئاواز دەڵێ :بڕیارەکانم دروستن بۆچی لێیان پەشیمانبم، کە تا بڵێی ئەخلاقیە، ھەرگیزپەشیمانی ناکێشم بەدڵێکی گەورە لێیان دەڕوانم.

لەمامۆستا ژاکاویشمان پرسی"لەماوەی تەمەنتدا لەچی پەشیمانی؟ ئەو دەڵێ :لەبوونم بەمامۆستا، لەبەر ئەوەی نا حکومەت گوێ لەمامۆستا ناگرێ،لەبەر ئەوەی بوون بەمامۆستا ویست و ئارەزوی من نەبوو، توانستی خۆم لەبواری تردا ئەدۆزیەوە، بەڵام پەشیمان نیم لەوەی ڕێزی بەرامبەرەکەم گرتتوە چونکە شیاوی ئەو ڕێزە بوون و ویژدانم پێی ئاسودە یە.

ڕای پەروانەش وایە:لەھیچ شتێکی ژیان پەشیمان نیم،لەسەر ھەر شتێک، زیاتر لەجارێک دەبێ بیر بکەیتەوە، بۆ ئەوەی لەبڕیاردان پەشیمان نەبێتەوە.

"زۆر دەرفەت ھەیە لەکاتی خۆیدا مرۆڤ بەگرنگی نازانێت دواتر ھەست بەپەشیمانی دەکات" داستان معروف پێشی ووتین :شتێکی دیاریکراو نیە لێی پەشیمانبم، بەڵام بەداخم بۆ ئەو شێوازە پەروەردە نەریتیەی لەناو خێزاندا بەسەر مێینەدا سەپیچنراوە کە پێویستە بەویستی کۆمەڵگە بیر بکاتەوە، بۆیە نەمتوانیوە ژیانێکی ئازاد بژیم. داستان کە ئەندازیاریشە دەڵێ :دەرفەتی ژیانێکی ئازادم ھەبوایە، لەوەیە لەئێستادا جیاوازتر ژیانم بکردبایە.

"ئەوانەی پەلەم لەکردنیانکردوە پەشیمانم، پەشیمانی ڕەھا نا،چونکە ھەڵەکان دەبنە ئەزمون. دابان عەتار وەک خۆی گوتی لەتاقیگە کار دەکات،پێی نەگوتین ئەوە چی بوو دەبوایە پەلەی لێێ نەکردابایە ھەر ئەوەندەی گووت :ھەست دەکەم دەکرا پەلە نەکەم و کارێکی باشتر ئەنجام بدەم.

"پەشیمانم زیاد گرنگیم داوە و لەدڵمدا جێگەی زۆر کەسم کردۆتەوە، پاش تەواو بوونی بەرژەوەندیان دورکەوتونەتەوە کە خەراپ شکاوەتەوە سەر لایەنی کەساتی من. ھاوناز گوتیشی :دەکرێ باشتر و ژیرانەتر بیر بکەینەوە ئەوسا بڕیار بدەین.

پرۆگرامسازێکیش دەڵێ :جێھێشتنی کوردستان و وازھێنان لەھەموو ئاینێک،یەکێکن لەوانەی لێیان پەشیمان نیم" ھێدی فەنایی دەشڵێت :ھەرچەند کوردستان وڵاتی دایکە، بەداخەوە باوەشی ئەم دایکە خۆشەویستە وەک جاران گەرم نیە و سارد بۆتەوە.

بەئاخ ھەڵکێشانەوە پێی گووتین "لەتەواوی ژیانم پەشیمانم لەبەر ئەوەی پڕ بەدڵ بەباوکمم نەگوتوە خۆشمدەوێی تاماڵئاوایی لێکردم" شیرین ڕەواندزی ئەوەشی گوت :لەخۆش ویستنی دایک و ئەو کەسەی ھەڵمبژاردوە بۆ ژیانی داھاتو ھەرگیز پەشیمان نیم،ژیان بەخۆشەویستی و ڕاستگۆیی جوانە، کە ئەمانە نەمان یاساکانی ژیان دەڕوخێن.

"ئەوەتەی بیردەکەمەوە،دڵسۆزی قەناعەتی خۆم بووم و، لەوپێناوەشدا قوربانیم بۆداوە" ئەرسەلان محمود دەڵێ "مرۆڤ بەبێ ئەم سێ شتە:جەستە، ئاکار، ئەقڵ، ناتوانێت بگاتە کامڵ بوون و دەبێ ئەمانە ئەزمون بکات،لێرەوە دەبێتە مرۆڤێکی کارتێکەر و ئەقڵمەند.

مامۆستا کاروان عسمان ڕای جیاوازی ھەیە و دەڵێ :مرۆڤ لەزۆر کارپەشیمان دەبێتەوە،چونکە بیرکردنەوە بەردەوام لەگۆڕاندایە.لەزۆر شت پەشیمانم،ئەو کارانە نەبێت کە چونەتە خزمەتی گشتی، چونکە دوای نەمانی خۆشم بەمیرات ئەمێننەوە بۆ ئەوانەی لەمنەوە فێر بوون.

"پەشیمانم لەھاوڕێیەتی ھەندێک کەس، نەک لەئاستی چاوەڕوانیم نەبون، بەڵکو ھەڵوێستیان ھەژاندومی" کلارا دەڵێ"سێ کەس کە باجیشم لەسەر داون، لەبەرئەوەی خۆشم دەوێن،پەشیمان نیم کە ڕاست بوم لەھەڵبژاردنیان و ئاسودەم بەھاوڕێیەتیان.

دوا کەس تریفە علی بۆمان دوا و وتی :مرۆڤ دەبێت بەھەموو بڕوایەکەوە کار بکات و ھەنگاو بنێت و بە لەوەی دەیکات ووردی بیری لێ بکاتەوە لەکۆتایدا پەشیمان نەبێتەوە.


چوارقوڕنە

ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک