په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١٢\٢٠٢١

چـیڕۆک بۆ منداڵان:

پەشـیمانیی و لـێبووردن.


رەزا ساڵح        


ماڵمان لە شاری کەرکـووک لە گەڕەکی شۆڕیجـە بوو. لە پـۆلی پێنجەم لە قوتابخـانەی شۆڕیجـەی سەرەتـایی بووم. لە منـداڵانی کـۆڵانـەکەی خۆمـان و لە کـۆڵانـێک پێشتر و کۆڵانـەکەی دوای کۆڵانەکەمـانەوە، کە ھەموومـان ھـاوڕێی یەکـتری و ھـاوقـوتابخـانە بووین. تەمەنمان لە نێوان یانزە و دوانزە ساڵاندا بوو. تیپێکی تۆپی پێمان دامەزراند و ناومان نا (تیپی تۆپی پێی کوردستان) ژمارەمان (١٨) منداڵ بووین. پارەمان کۆکردەوە و بە (٦) پەنـجـایی واتا (٣٠٠) فـلـس. تـۆپێکی لاستیکی گەورەمـان کـڕی. زۆر دڵمان پێی خـۆشـبوو. لە دوای یـاری، ھـەر جارەی یەکێکـمان دەمانبردەوە بۆ مـاڵی خۆمـان.
پارچە زەوییەکی چۆڵی گەورە لە سەرووی کۆڵانەکەمان ھەبوو. کردمان بە یاریگامان. رۆژانی سێ شەممان و رۆژانی ھـەینی، لە دوای نیوەڕوان، دەبـووین بە دوو بەشەوە، تا کفـت دەبـووین تێر یاریی دوو گۆڵـیمان دەکرد. بەڵام ئەوەی کە نیگەرانی کردبووین. رەفـتاری ھـەڵەی (شـێرۆ)ی ھـاوڕێمان و ئەنـدامێکی تیپەکەمـان بـوو. کە کەمـێک لە خۆبـایی بـوو. زۆر رەق یـاری دەکـرد. لە ھـەر یارییـەکـدا، شـەقی لـە پـێی یەکـێک یا دووانـمان دەدا. یان پـاڵـێکی قـایـمی بە یەکێکمانەوە دەنـا و دەیخـستین و ئـازاری پێ دەگەیـانـدین. مـن دوو جـار بەر شـەقی شـێرۆ کەوتـم. جـارێکـیان ئازارێکی زۆری بە پێی راستم پێگەیانـد. لە دوو یاری دا، نەمتوانی یاری بکـەم. ھـەر بە ھـۆی شێـرۆوە جاری واش ھـەبوو یارییـەکەمان رادەگرت و بە دڵـتەنگـیـیەوە کۆتاییمان پێ دەھـێنا.
گـلەیـیمان لێی کرد و زۆریش ئامۆژگاریمان کرد. بەڵام بێ سوود بوو. تا گەیشتە ئەو رادەیەی کە لە رەفتاری شێرۆ بێزاربووین. بیرمان لە دۆزینەوەی چارەسەرێک کرد.
بەبێ ئاگاداری و بێ بەشداریکردنی شێرۆ، ھەموو ئەنـدامانی تیپەکەمان لە شوێنێکـدا کۆبووینەوە. کە چی بکەین بۆ ئەوەی وا لە شێرۆ بکەین واز لەم رەفتارەی بھێنێـت و بە خۆیدا بچێتەوە. چەند ھاوڕێیەکمان پێشنیاریان کرد و رای خۆمان لە بارەیانەوە وت.
شاھـۆ: سبەینێ کە شـێرۆ ھـاتە نـاو یاریـگاکەوە، با پێـکەوە ھەمـوومان رووبـەڕووی ببـیـنەوە و بە پـاڵ دەریـبـکـەیـن.
دارا: با لە تیپەکەمان دەری بکەین و قسەی لەگەڵدا نەکەین و واز لە ھاوڕێتی بھـێنین.
سەرکەوت: با لە لای مامـۆسـتا فـەرھـاد، مامۆسـتای وەرزشـمان سکاڵای لێ بکەیـن.
کە نـۆرەی مـن ھـات، راو و پێشنیـارم ئەمـە بـوو:” با سبەینێ ھـەینی یاری نەکەین و کەسمان نەچین بۆ یاریگاکەمان. کە شێرۆ بچێت و کەسمان نەبینێت، ھەست بە شتێک دەکات. رۆژی شەممەش لە قـوتابخانەدا، کە شـێرۆ رۆژ باشی لێکردین، بە ساردییەوە وەڵامی بـدەینەوە. ئەگەر پرسی: بۆ بە ساردی وەڵامـم دەدەنەوە؟ چی بـووە؟ بۆ دوێنێ کەستان نەھاتن بۆ یاریگاکە؟ ئەم وەڵامە، وەڵامی ھەموومان بێت:”لە خـۆت بپـرسـە” ھەمـوو ئەنـدامـانی تیپەکەمـان، ئـەم را و پێـشـنیارەیـان پێ بـاش بـوو.
بەیـانی رۆژی شەممـە، کە شـێرۆ رۆژ بـاشی لێـمان کـرد، بە سـاردییـەوە وەڵامـیمـان دایەوە. کە پـرسی:” بـۆ بە ساردییەوە وەڵامـم دەدەنـەوە؟ بـۆ دوێـنێ کەستان نەھـاتن بۆ یاریگاکە؟ چی بـووە..؟”. ھەر یەکەمان بە “لە خـۆت بـپرسـە” وەڵامیمان دایەوە.
ئەو رۆژە کە چووینەوە بۆ ماڵ، شـێرۆ زۆر دڵـتەنگ و خەمبار ببوو. زانی تەگـبیرمان لێی کردووە. بیری لە وەڵامەکەمان کردەوە، لەبەر خۆیەوە، وتی:”ھـاوڕێکانم ھەقـیانە کە بە سـاردی وەڵامـم بـدەنـەوە. راسـت دەکەن پێویسـتە لە خـۆم بپـرسـم. مـن ئـازاری ھەموویانم داوە، دڵی ھەموویانم رەنجانـدووە. من ھەڵەم و پێویستە پەشیمان ببمەوە و واز لەم رەفـتارە ناشـیرینەم بھـێنم. واتە من خەتـابارم و ھـەر مـن دەتـوانم کۆتـایی بەم کـێشـەیە بھـێـنم. پێـویسـتە لە پێشـا یـەک بە یـەکی ھـاوڕێـکانـم ئاشـت بکـەمەوە.”
بەیـانی رۆژی یەکـشەمـمە لە قـوتابخـانـەدا، شـێرۆ ھـات و دەستی کـردە مـلی یەک بە یەکـمـان. چاوەکـانی پـڕببـوون لە فـرمـێسک و وتی:”ھـاوڕێ خۆشـەویستەکـانـم، مـن ناتـوانـم بەبێ ئێـوە ھـەڵـبـکەم. مـن خەتـابارم و دان بە ھـەڵەکەمـدا دەنێـم، کە ئـازاری ھەمـووتـانـم داوە. زۆر پەشـیمانـم. بەڵـێنـت دەدەمێ، کـە ئیتـر ئـەم رەفـتـارە ناشـیرینە دووبـارە نـاکـەمـەوە و دڵـی کـەسـتان نـاڕەنجـێـنـم. بە رۆحـێکی وەرزشـیـیەوە داواتان لێـدەکەم کە لـێـم ببـوورن.
منیش بە نـاوی ھاوڕێیانی ئەندامانی تیپەکەمانەوە، وتم:”شـێرۆ گیـان، تۆ ھـاوڕێیەکی خـۆشـەویستـمانی و حەزمـان نەکـرد درێـژە بـەم رەفـتارەت بـدەیـت. لێـت دەبـووریـن.
شــێرۆ زۆر سوپاسی ھەموومانی کرد. بەڵـێـنەکەی ھـێـنایـەدی. لەوە دوا بە خۆشی و شادییـەوە یـاریمـان دەکـرد و بە خۆشـیـشەوە کـۆتـاییمـان پێ دەھـێنـا.
_____________________________________
* منداڵە خۆشەویستەکانی کوردستان. پەشیمانی و دانان بە ھەڵەدا، نەنگی و لاوازی نییـە. بەڵکو درێـژەدان بە ھـەڵـە، ھـەڵـە و نەنـگـییە. ھـەڵـەکـەری کەللـەڕەق باجـێکی زۆری ھەڵەکـانی دەداتەوە. لـێبووردنیـش جـوانـترین و بـەرزتـرین خەسـڵەتی مـرۆڤـە.

 

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک