په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٦

پێشمەرگە و شەڕ بۆ نیشتیمان.


عەبدوڵا ساڵح    


شەڕ لە دژی داعش لە موسڵ دەستی پێکرد، لەناوبردنی ئەم ڤێرژنە لە سوپەر وەحشیەتی ئیسلامی سیاسی بە شەڕی سەربازی، ویستی بەشەریەتی مودێرنە لە ھەموو گۆشەیەکی ئەم جیھانە ، ئەم سەرەتانە دەبێ لە جەستەی مرۆڤایەتی دەربھێنرێ ،بۆیە ھێزە بەشدار بوەکان لەو شەڕەدا، ھەرناسنامەو شوناسێکیان ھەبێ بەلای منەوە گرنگ نییە.


زۆر ئاشکرایە ھێزە بەشداربوەکانی ئەم شەڕە ھەر ئەوان بوون داعشیان خوڵقاندو پارێزگاریان کرد، ئەمڕۆش شەڕی لەناوبردنی دەکەن، ئیتر بە ھەر ھۆیەکەوە بێت، کە گرنترینیان ئێکسپایەر بوونی ڕۆڵی ئەم ڤێرژنە یەو گەڕانە بە دوای بەدیلی تردا . لەگەڵ ھەموو ئەمانە ،ئەگەر لە ژنە یەزیدیە یەخسیرەکانی ژێر دەستی داعش بپرسی: ھێزێک ھاتوە دەیەوێ داعش لەناو بەرێ ڕاتان چی یە ؟ ئەوان بێشک شوناس و ناسنامەی ئەو ھێزەیان مەبەست نیە ، ئێمەش ئەگەر لەبری ئەو ژنانەو وەک ئەوان بیر بکەینەوە دەبێ ھەمان ھەڵوێستمان ھەبێ.


پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لەو شەڕە ، ئێمە لێرەوە دەستخۆشیان لێدەکەین و دەزانین ئەوان ، وەک ‌ھێز، دەوری ڕاستەوخۆیان لە گەشەو پەرەگرتنی داعشدا نەبوە ، بەڵام ئەو بازرگانە چاوچنۆکانەی لەژێر باڵی مەسئولە حیزبیە گەورەکاندا ھەڵتۆقین و بە چاوتروکانێک بوونە ملێۆنێر و ملیاردێر، ژێر بەژێر سات و سەودایان لەگەڵ داعش ھەبوو، ئەم دۆسیە کە ئێستا پەردەپۆش کراوە دەبێ ڕۆژێک ئاشکرا بکرێ.


قەڵەم بەدەستەکانی ئەحزابی کوردی دەسەڵاتدار چەند ڕۆژێکە بۆقی ئەوە لێدەدەن کە " پێشمەرگە موڵکی گەلە و ھیچ حزبێک نابێ خۆی بکا بە خاوەنی "، منیش دەڵێم سەد خۆزگە وا بوایە ، بەڵام کاتێک ئاوڕێکی خێرا لە ڕابردوو دەدەینەوە، پێچەوانەکەیمان بۆ دەردەکەوێ کە خۆی لەبن چەند ڕاستی یەکدا حەشار داوە:


ئەم ھێزە پێکھاتە سەرەکیەکەی ڕۆڵەی خەڵکی کرێکاروزەحمەتکێشە کە بە ئیستلاحی ھەندێک لە حیزبە کوردیەکان بە ( پێشمەرگەی سادە ) ناویان دەبەن ! ئەوانە خۆراکی سەرەکی ھەر شەڕ و ئاڵۆزیەکن کە ڕووبدا ودواتریش کە گیان لەدەست دەدەن کەس و کارو منداڵەکانیان دەبێ بپاڕێنەوە تا لەتە موچەیەکیان دەدرێتێ. تەلەفزیۆنە کوردیەکان و میدیاکان شاھیدی ئەم ڕاستیەن.


سەرکردەکانی پێشمەرگە ، بەتایبەتی باڵاکان ، ھەمان ئەو پێخەفە گەرمەو ھەمان ئەو پاروە چەورەو ھەمان ئەو لاف و گەزافە لێدەدەن کە بەر لە قەیرانی ئابوری و شەڕی داعش لێیانداوە ، بەڵام شەیپوری سەر کەوتن کە بەخوێنی ئەو پێشمەرگانەی بەرەی شەر ھاتۆتە دی، دەبێ بەدەست باڵا دەستەکانەوە بێ و لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانەکانیان بەرامبەر میدیای جیھانی و ناوخۆیی وەک پاڵەوانی مەیدان دەرکەون ! ھەر ئەو سەرکردانە بە دووربینی دوور ئەنگێو و بەدووری چەندین کیلۆمەتر لەبەرەکانی شەڕەوە دەردەکەون و وێنەیان دەگیرێ کە گوایە فەرماندەھی و ڕابەری شەڕکە دەکەن و دڵۆپە خوێنێکیشیان لێ بێ ئەوا تەلەفزیۆنە حیزبیەکانیان ھات و ھاواریان نابڕێتەوە!


دووبارە دەڵێم سەد خۆزگە قسەی قەڵەم بەدەستەکانی حیزبە کوردیە دەسەڵاتدارەکان ڕاست بایەو پێشمەرگە سەر بە حیزب و تاقم نەبوایە ، بەڵام داخەکەم کاتێک دەبینم ئەو ڕاو ڕوتەی دەکرێ لە کوردستان ، ئەو بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانە ، ئەو خەفە کردنی دەنگی ئازادە ، ئەو پێشێلکاری کردنەی سەرەتایی ترین مافی مرۆڤە ، ئەو تیرۆر کردنی ڕۆژنامە نوسانە ، ئەو برسیکردنی خەڵکە و دەیان ئەوی تر...... لەژێر سایەی لولەی تفەنگی ھەمان ئەو پێشمەرگانەدا دەکرێ کە ئەو بەناو نوسەرانە ئەمڕۆ بیریان کەوتۆتەوە زەزمزەمەی" نیشتیمانی " بوونیان بۆ دەڵێن.


نامەوێ کارەساتی ساڵکانی ١٩٩٥ / ١٩٩٦ بیری خەڵک بێنمەوە کە زامەکەی لەجەستەی ئەواندا چەندە قوڵە ، ئەم ‌ھێزانەی ئیمڕۆ ئەو زەمزەمەیان بۆ دەگوترێ لەلایەن ھەمان ئەو قەڵەم بەدەستانەوە، ئەو کات چ ئەرکێکیان خرابوە ئەستۆ!؟


پێشمەرگە کاتێک شەڕبۆ نیشتیمان دەکا کە لە ژێر سایەی سیاسەتی ئەم حیزبانە بەواقعی بێتە دەرێ ، دابەش نەبوبی بە یەکەی حەفتاو ھەشتا ، ئامادە نەبێت لولەی تفەنگەکەی بە کۆنترۆڵی دەستی سەرانی حیزبەکان بسوڕێ، دوای سەرکەوتنیش سک ھەڵگوشێ. دەسکەوتەکانی ئەم شەڕە و شەڕی دواتریش لە پێناو ئازادی و خۆشگوزەرانی خۆی و کۆمەڵگادابێت، کۆمەڵگایەک کە جەماوەری خەڵک بە ھەموو چین و توێژەکانەوە ئیرادە بکەن حوکمی خۆیان بگرنە دەست خۆیان، ھێزی پێشمەرگەش ببێتە ھێزی ئەو خەڵکە ، ئەو کات پاڵەوانەکانی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان ناتوانن لەژێر سایەی ئەوان دا لاف و گەزاف ڵێدەن ، ئەمجا دەردەکەوێ ئەو گەورە بەرپرسانە دابڕاو لە لولەی چەکی پێشمەرگە لە پیاوی ڕەشۆکی بەولاوە ھیچیتر نێن.

 

 

٢٢\١٠\٢٠١٦
a_salih١١@hotmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک