٢٩\٧\٢٠١٠
پەتای
کوورسی دەســەڵات!
(1)

دوکتۆر حوسێن موحەممەد
عەزیز*
ئاشکرایە، پەروەردەکردنی ڕۆڵەکانی نەتەوەیەکی دیارییکراو، بە ئەرکی
سەرشانی گەلێ لایەنی وەک: {خێزان، خوێندنگە، کۆمەڵ... } دادەنرێ. بەڵام
لە هەموویان گرنگتر، دەزگەکانی دەوڵەتە. لەبەرئەوەی نەتەوەی کورد، لە
سەرتاسەری مێژووی خوێناوی خۆیدا، خاوەنی یەک دەوڵەتی یەکگرتووی
نەتەوەیی خۆی نەبووە، وەک پێویست نەیتوانیوە، ئەم ئەرکە گرنگ و پیرۆزە
جێبەجێکا. بەڵکوو تا ئەندازەیەکی زۆر، ڕێکخراوی دێمۆکراسیی و پارتی
ڕامیاریی جیاواز، لە قۆناغەکانی خەباتی نەتەوەییدا، ئەم ئەرکەیان لە
ئەستۆی خۆیان گرتووە. بەڵام لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا چۆنیان
جێبەجێکردووە و چییان کردووە؟!
لە ڕاستییدا، سەرکردەی پارتەکانی {کوردستان}، ئاوێکی وا خاوێنیان
نەڕشتووە، تا هەموو دەسەڵاتدار و لێپرسراوەکانی دیکەی کورد، لە هەر
جێگە و پۆستیکدا بووبن، پێیان لێ نەخستبێ. چونکە وەک کورد گوتوویەتی:
گەورە ئاو دەڕێژێ و پچووک پێی لێَدەخا! لەبەرئەوە، دەردێکیان لە
ڕیزەکانی نەتەوەکەدا بڵاوکردووەتەوە، گەر لە دەردی تاعون و شێرپەنجە
ترسناکتر نەبێ، مەترسیی کەمتر نییە، ئەویش پەتای گەندەڵیی و ئارەزووی
دەسەڵات وەرگرتنە. چونکە ئەو دوو دەردە کوشندەیە، چەن مرۆیەک دەکوژن و
هەموو کۆمەڵەکە لەنێونابەن. بەڵام ئەم پەتا گەورەیەی دیکە، بنچینە
سەرەکیی و دینگە بەهێزەکانی کۆمەڵ هەڵدەتەکێنێ و لەنێویدەبا. بۆیە زۆر
ترسناکە و بە ئەم زووانەش چارەسەر ناکرێ.
گەر ئامانجی پارتێکی دیارییکراو، تەنیا هەر ئەوە بێ، بە هەر شێوازێ بێ،
دەس بە سەر دەسەڵاتدا بگرێ و کوورسییەکان داگیرکا، ئەوا گرنگ نییە، چی
دەچێنێ و چی دەدورێتەوە! چونکە ئەو پارتەی بە کوورسی دەسەڵات دەگا،
مەگەر بە زۆر و بە کودەتای سەربازیی خوێناویی لاببرێ، یا مەرگ لە چنگی
سەرکردەکانی دەربێنێ، ئەگینا ئەوە دەردێکە و دەرمانی نییە!
کوورسی دەسەڵات، پێوەندیی بە دید و بۆچوونی جیاوازەوە هەیە. لە کۆمەڵە
دێمۆکراسیی و ئازادەکاندا، بە شێوەیەکی ئاشتییانە و پڕ لە هێمنانە،
دەسەڵات ئاڵوگۆڕدەکرێ، هەموو لایەنێکیش بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان
قایلدەبن. بەڵام لە کۆمەڵە دیکتاتۆریی و تۆتالیتارەکاندا، بە بیر و
باوەڕی سەرکردەی خۆسەپێن و پارتی تاقانەی دەسەڵاتدارەوە بەسراوەتەوە.
واتە: دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتییخوازانە، دادپەروەرانە و هێمنانە
ئاڵوگۆڕناکرێ، بەڵکوو لە ڕێی جەنگی نێوخۆ، کودەتای سەربازیی و هێندێ
جاریش، بە هۆی دەسەڵاتی ڕێکخراوەکانی مافیاوە دەبێ. با لێرەدا، چەن
نموونەیەک بێنمەوە:
لە جیهانی سەرمایەدارییدا، چەندین سەرکردەی وەک: {هیتلەر، مۆسۆلۆنی،
فڕانکۆ ...} توانیان، دەسەڵات وەرگرن و خوێنێکی زۆریش بڕێژن. بە
تایبەتیی یەکێکی وەک { هیتلەر}، کەڵکێکی زۆری لە پڕۆسەی دێمۆکراسیی
وەرگرت، هەلی قواستەوە و لە {ئەڵمانیا} دەسەڵاتی وەرگرت. بەڵام نەک هەر
دەسەڵاتی بۆ خۆی و پارتەکەی قۆرغکرد، بەڵکوو زۆر خراپ بەکاریهێنا و
دەسیشی لە کوورسی دەسەڵات بەرنەدا، تا سەرانسەری جیهانی لە گۆمی خوێن و
فرمێسکدا نقومکرد و سەری خۆشی تێداچوو.
لە جیهانی سۆسیالیزمدا، چەندین سەرکردەی وەک: {لینین، ستالین، ماوتسی
تۆنگ، تیتۆ، کیم ئیڵ سۆنگ، چاوشیسکۆ، ئەنوەر خواجە، هۆنیکەر ...}، بە
شۆڕشی خوێناویی و بە هێزی چەک توانیان، بە کوورسی دەسەڵات شادبن، خۆیان
و ئایدۆلۆژیاکانیان، بە سەر ڕۆڵەکانی گەلەکانیاندا بسەپێنن، تا دوا
هەناسەشیان، بە زەبری ئاگر و ئاسن، فەرمانڕەوایی گەلەکانیان بکەن و
ورتەیان لێ ببڕن. لە ئەنجامیشدا، ڕاستیی و درووستیی ئەو ئایدۆلۆژیا و
دەسەڵاتە، بۆ هەموو لایەک ڕوونبووەوە.
هەروەها، لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستیشدا، چەندین سەرکردەی دیکتاتۆری وەک: {شای
ئێران، کەمال ئەتاتوورک، حافز ئەسەد، حوسنی موبارەک، موعەممەر قەزافیی،
سەددام حوسێن} هەبوون و هەن، بە شێوەیەکی خراپ، دەسەڵاتیان بەکارهێناوە،
ڕۆڵەکانی گەلەکانی خۆیان، لە دێمۆکراسیی و ئازادیی ڕاستەقینە بێ بەش
کردووە. نموونەی { شای ئێران} و {سەددام حوسێن}مان لەبەرچاوە، بە چ
دەردێ چوون!
چیرۆکی پڕ لە سەیر و سەمەرە، لای {ڕۆبێرت موگابی}یە. چونکە ئەم پیاوە
ڕەشپێستە، بە سیمبۆڵی سەربەخۆیی {زیمبابۆی} ناسراوە، شەش دانە جارە، لە
وولاتەکەیدا هەڵبژاردن دەکرێ، تەنیا هەر خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار
هەڵدەبژێررێ و ڕێ بە هیچ کەسێکی دیکە نادا، خۆی هەڵبژێرێ. تەنانەت
گوتوویەتی: {تا لە ژیاندا بم، دەبێ، هەر خۆم سەرۆکی ئەم ووڵاتە بم}.
**
ئایا ئەو دیکتاتۆرانە، بیریان لە ئەوە کردووەتەوە، تا کەی سەرۆک و
سەرکردە دەبن؟! تا کەی مێشکیان کاردەکا؟! تا کەی ڕێ بە کەسی دیکە نادەن،
لێهاتوویی و دەسڕەنگینیی خۆیان تاقیکەنەوە؟! هەڵبەتە، هەموو ئەوانەی بە
ئەو شێوەیە بیریانکردووەتەوە، کوورسی دەسەڵاتیان بۆ خۆیان و نەوەکانیان
پاوەنکردووە، هەر لە سەرەتاوە، کردار و ڕەفتاریان دیاربووە، بۆیە
چارەنووسیان بە ئەو ڕۆژە ڕەشە گەیشتووە و پاشەڕۆژی گەلەکانی خۆشیان،
تووشی ئەو هەموو ماڵوێرانیی و کارەساتە گەورانە کردووە!
هەرچەندە لە {کوردستان}، جگە لە ئەم ئەزموونەی {باشوور}ی ووڵات،
دەسەڵاتی بنەماڵە و چەن میرنشینێکی خێڵەکیی نیمچەدەرەبەگیی ـ دەرەبەگیی،
نەتەوەی کورد دەوڵەتێکی سەربەخۆی نەبووە. لەبەرئەوە، ئەزموونێکی
درێژخایەنی دەسەڵاتی نەبووە و نییە. بۆیە کوورسی دەسەڵاتیش، مێژوویەکی
هێندە کۆنی نییە، تا نموونەی لە سەر بێنینەوە. بەڵام دەتوانین،
ئەزموونی پارتەکانی {کوردستان}ی مەزن، لەبەرچاوگرین و بەپێی تەمەنیان،
چەن نموونەیەکیان لە سەر بێنینەوە.
لە خۆرهەڵاتی {کوردستان}، گەر {قاسملو} شەهید نەکرایە، ئەز دڵنیام،
ئێستەش هەر ئەو سکرتێری {حیزبی دێمۆکراتی کوردستان} دەبوو. یا دوای ئەو،
گەر {شەرەفکەندیی} شەهید نەکرایە، ئەوا دوور نەبوو، ئێستەش هەر ئەو
سکرتێر بووایە!
لە باشووری {کوردستان}، ڕەوانشاد {مستەفا بارزانیی}، لە ئەو ڕۆژەی {پارتیی}
دامەزرازوە، تا کۆچیدواییکردووە، هەر خۆی سەرۆک بووە. لە دوای ئەویش، {مەسعوود
بارزانیی} کوڕی سەرۆکە و ڕەنگە تا لە ژیانیشدا بێ، هەر خۆی سەرۆک بێ!
هەروەها {جەلال تاڵەبانیی}، ئەوەتەی {یەکێتیی} دامەزراندووە و تا
مێژوویەکی نادیاریش، هەر خۆی سکرتێری گشتیی دەبێ!
سەیر ئەوەیە، ئەم پەتای کوورسی دەسەڵاتەی {پارتیی} و {یەکێتیی}، نەک
هەر کاری لە پارتە گچکە ئایینیی و سیکولارەکانیش کردووە، بەڵکوو کاری
لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتەکانیش کردووە. بۆ نموونە: یەکێکی وەک {عەلی
عەبدوڵڵا}، ئەوەتەی لە {پارتیی}دا کاردەکا، ئەندامی سەرکردایەتی بووە،
تا دەشمرێ، ئەو پۆستەی هەر لێ ناسەنرێتەوە!
ئەوە جگە لە ئەوەی، {حەمەی حاجی مەحموود} و { قادر عەزیز}، ئەوەتەی
پارتەکانی خۆیان دامەزراندووە، هەر دووکیان هەر سکرتێری گشتیی
پارتەکانی خۆیانن و تا لە ژیانیشدا بن، مەگەر خۆیان وازبێنن، ئەگینا
هێز نییە، لایانبەرێ!
لە ئەوەش سەیرتر ئەوەیە، ئەوەتەی {عەبدوڵڵا ئۆجەلان}، پارتی کرێکارانی
دامەزراندووە، هەر ئەو سەرۆکی بووە. ئێستەش کە گیراوە، هەر ئەو
سەرۆکێتی. کەچیی، کاتێ {نیلسۆن مەندێلا} دەسگیرکرا، تا ئازادکرا،
هەڤاڵەکانی سەرۆکێکی دیکەیان دانابوو!
ڕاستە، کوورسی دەسەڵات و پوڵ و پارە، بە هەموو ڕێیەکی ڕەوا و ناڕەوا
دەسدەکەوێ، بەڵام ئەو کارە، بە هەموو کەسێکی ئابڕوومەندی ئازادییخواز و
نیشتمانپەروەر ناکرێ. لە هەمان کاتیشدا، ناو و ناوبانگی جوان، کەسایەتی
بەهێز و بە تواناش، بە کرداری باش پەیدادەکرێ، بەڵام دیسانەوە ئەمەش،
دەس هەموو کەسێ ناکەوێ. چونکە جیاوازیی نێوان ئەو دوو هەوڵدانە ئەوەیە:
کوورسی و پارە دەڕوا، بەڵام ناو و ناوبانگی باش دەمێنێتەوە. لەبەرئەوە
پێویست ناکا، مرۆ کوورسیپەرست بێ، لە سەر مێزی قوماری کوورسی دەسەڵات و
پارە، ئابڕووی خۆی بدۆڕێنێ. چونکە هەر کاتێ کوورسییەکەی لەکیسچوو،
خەمێکی زۆر دایدەگرێ و خەو لە چاوانی دەتۆرێ!
لە کۆتایی ئەم بەشەشدا دەڵێم: کەم پیاوی وەک: {نیلسۆن مەندێلا} و {عەزیز
موحەممەد} هەڵدەکەون، بەرگەی دەسخەڕۆکردنی پارە و دەسەڵات بگرن، هەروا
بە ئاسانیی، واز لە پۆستەکانی خۆیان بێنن و بۆ یەکێکی دیکەی بەجێبێڵن!
بەڵێ، ئەوان ڕێزی خۆیان گرت و وازیانهێنا، پێش ئەوەی کوورسی دەسەڵات
ماڵاواییان لێ بکا، ماڵاواییان لێ کرد!
_________________________________________
*
دوکتۆر حوسێن
موحەممەد عەزیز - نووسەر و مامۆستای زانکۆ.
**
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز، هێندێ پەتای کوردکوژە، سولەیمانیی،
2009، ل59.
azizhus@yahoo.se
|