په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٧\٢٠١٦

پەتای پارتایەتی، شێرپەنجەی کوردە.


کامیل ژیر      


ئەشێ لەژینگەی رۆژئاوادا، پارتایەتی دیاردەیەکی دروستبێ. لە رۆژھەڵاتدا، بەتایبەتی ناوەڕاست، بۆتە پەتایەکی مەترسیدار. لەوەش زیاتر: لەناو ئەو نەتەوانەدا کە لەقۆناغی خەباتی رزگاریدان، وەک کورد، پەتاکە بۆیانبۆتە شێرپەنجە.


میرنشینیەکانی جاران و پارتەکانی ئێستای کوردستان، وەکیەک ڤایرۆسی ئەو پەتایەن بۆ جەستەی کورد. ھەردو جۆرەکە، لە کەرتوپەرتکردنی نەتەوەی کورداو کلکایەتیان بۆداگیرکەرانی کوردستان و گەندەڵییان، یەکسانن.. یەکەمیان، خۆشبەختانە، ئێوە خۆش. بەڵای ئێستە، دوەمیانە کە بۆئەوەی بژین، ھیچ چارێکیانییە ئەبێ لەئاوی لێڵدا مەلەبکەن و گەندەڵبن و ئەو کلکایەتییە بکەن! ئەگینا ناژین!. چۆن؟ :


ھەر پارتێک، کە لەئەنجامدا ئەبێتە سپڵێکی لاورگ و تەمەڵخانەیەک، پێویستیی بە بوجەیە،بەلایەنی کەمەوە بۆ بژێویی سەرکردەو کادیرە تێرنەخۆرەکانیان و چەندین خەرجییتر. ئەو بوجەیەش بە رێگەی رەوا پەیداناکرێ. ئالێرەوە گەندەڵییەکە دەسپێئەکا. جگە لەدزی و تاڵانی، پەنا بۆ لایەنی دەرەکیش ئەبەن، بە زۆری، بۆ داگیرکەرانی کوردستان. ئەوانیش لەڕێێ خوادا پولێ بەکەس نادەن. بەوجۆرە کلکایەتییەکەش دروستئەبێ و وردەوردە تۆخئەبێتەوە بۆ ناپاکیی نیشتمانی!. ئیتر حەیاش قەترەیەکە، کە تکا ئەتکێ و نە شەرم ئەمێنێ، نە گوێش بە رەخنەو توانجی کەس ئەدەن. بەڵکو دەستی تاوان درێژئەکەن بۆگیانی ھەر مەترسیدارێک بێتە رێگەیان. مەترسیدارترینیش، ئەو پارتانە خۆیانن بۆسەر یەکدی، بۆیە بەردەوام لەشەڕدائەبن لەگەڵ یەکتر، شەڕی سارد یا شەڕی گەرم!.


ئابەوجۆرە، لەدوای شەڕی چاڵدێرانەوەو دابەشکردنی کوردستان بەسەر عوسمانی و سەفەویداو دواتر سایکس بیکۆ، داگیرکەرانی کوردستان ھەمو بزوتنەوەیەکی رزگاریخوازی کوردیان، بە میرنشینی و پارتە کوردییەکان خۆیان لەگۆڕناوە. یاھیچنەبێ ئەوەیان مسۆگەرکردوە کە جەماوەری کورد پشتی یەکدینەبن لەبزاڤی سەربەخۆییدا. بەوجۆرە ھەمو شۆڕشەکانی کورد شکستیانھێنا، چونکە ناوچەییبون نەک سەرتاسەری، ناوچەکانیتریش یا دژ، یا سەیرکەربون!. لەبەرئەوە، تا فرە پارتی، بەم شێوازەی ئێستای، لەناو کوردا بمێنێ، دەوڵەتی کوردستان دروستنابێ و چەندین ئەنفال و ھەڵەبجەو شنگاڵیتر لەڕێماندا ئەبێ.


لەگەڵ ئەو دۆخە تاڵەدا،سەری دنیا بەپوش نەگیراوە. دەوڵەتی کوردستان ھەر دروستئەبێ کاتێ ھوشیاریی نەتەوە ئەگاتە ئاستی پەیبردن بە ھەرکام لەم رێگایانە:


١- پارتەکان ھۆشیان بەبەردا بێتەوەو دەسبەرداری سیستمەکەیان (پارتایەتی) ببن و لەژیر ئاڵای لەشکرێکی سەربازی، یا پێشمەرگەدا، یەکگرن و رابەرایەتی ئەو لەشکرە ببێتە خاوەن بریار. یا لەژێر چەتری کۆنگرەیەکی نەتەوەییدا بۆ ھەمان مەبەست.


٢- تێکڕا میللەت، بەجەماوەری پارتەکانیشەوە، رو لەوپارتانە وەرگێڕن و رسواو نابوتیان بکەن و دایانماڵن لەبنکەکانیان و ئەوەی دەستی چەک ئەگرێ بچێتە ژێر ئاڵای لەشکرێکی سەربازییەوە: پێشمەرگە، گەریلا، شەڕڤان.


٣- راپەڕینێکی سەرتاسەری، ھەرەس بەو پارتە گەندەڵ و نۆکەرانە بێنێ و سەرکردایەتییەکی خاوێن و داناو زانای نوێی لێبێتە بەرھەم کە لەئاستی رابەرایەتیی نەتەوەدابێ و سەربەخۆیی دەستەبەربکا.


٤- ئەگونجێ یەکێک لەو پارتانەی ئێستا کە خاوەن لەشکری گەورەن، ھۆشی بەبەردا بێتەوەو تاک لایەنە جاڕی سەربەخۆیی بدا لە ھەر بەشێکی کوردستاندا. دواتریش لەو بەشەوە پەلبھاوێ بۆ بەشەکانیتر، بەوەش ئەبێتە جێگەی متمانەی میللەت و سەرشۆڕی و پوکانەوە ئەبێتە بەشی پارتە گەندەڵ و نۆکەرەکانیدی.


٥- ئەشێ لەم سەردەمەدا زلھێزەکانی جیھان بەرژەوەندیی خۆیان لە دەوڵەتێکی کوردیدا ببیننەوە. بۆئەو مەبەستەش ئێستا، دوای سایکس بیکۆ، ھەندێ پرۆژەی گۆڕینی نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەئارادایە کە دەوڵەتی کوردی لە دەریای رەشەوە ئەگەیەنێتە دەریای سپی.. ئەگەر ژیربین ئەتوانین دەورمان ھەبێ بۆئەوەی ئەم ھەلە، لە خەیاڵەوە بکەینە راستی.


رێگەیتریش ھەیە، جارێ لەم کورتە وتارەدا ھەر ئەوەندە ئەوترێ.. بەکوردی و بەکورتی: سیستمی پارتایەتی نە بۆ ئێستای کورد، نە بۆ دوای سەربەخۆییش، نەک ھەر بێ سودە، بەڵکو شێرپەنجەیەو پێویستە بنەبڕ بکرێ تا ئەگەینە ئاستی رۆژئاوای گێتی. ئەوسا نەوەکانی داھاتومان خۆیان بڕیاری خۆیان ئەدەن. ئێستا ئەرکی سەر شانمانە: نە تێکەڵیانبین، نە لە ھەڵبژاردنەکانا دەنگیان بۆ بدەین، تا لەئاستی خۆیان ئەپوکێنەوەو لەشکر ئەبێتە رابەری نەتەوەو گسکێ لەوان ئەدا.

 

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک