١٤\٦\٢٠٢٥
پەتای ڕێزنامە و
قەڵغانەکان.

ئەرسەلان مەحمود
٢٤٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا، سۆقرات پرسیارێکی لە خەڵکی ئەسینا کرد: "ئایا
دەکرێ شایستەیی بکڕدرێ و بفرۆشرێت؟" لە وڵامدا وتییان نەخێر. کەچی
ئەمڕۆ ئەم پرسیارە لێرەی خۆرهەڵات و هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی،
وڵامێکی تری هەیە. هەمووان ڕۆژانە شاهیدی جۆرە نواندنێکین کە تێیدا
قەڵغانی جۆراوجۆر وەک شەکر و شکۆلاتە دابەش دەکرێن. حزبەکان دەیکەن،
NGOکان دەیکەن، دامەزراوە حکومییەکان هەر دەیکەن. بابەتەکە چییە؟ "لەپای
ماندووبوون و دڵسۆزی نواندان" لە کاتێکدا نەک هەر کارێکی زیادە، یان
داهێنەرانە نەکراوە، بەڵکو کارەکەش وەک ئەوەی پێویستە جێبەجێ نەکراوە.
ئەمە تەنها دیاردەیەکی سادە و ئاسایی نەماوە، بووە بە ئەپیدیمیایەکی
کەلتووری کە دواجار هەموو شتێک تێکدەدات.
فۆکۆ و کارخانەی "ڕاستی" ساختە.
فەیلەسووفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ لە باسی "دروستکردنی حەقیقەت"دا
ڕونیدەکاتەوە، ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە، شتێک لەوەهم وەک ڕاستی بەرهەم
دەهێنن و دەرخواردی خەڵکی دەدەن و پێیان دەفرۆشنەوە. ڕێک وەک ئەوەی کە
ئێستا لێرە بەڕوونی دەبیندرێ. زانکۆیەک لەبەرامبەر بەشداریکردنی هەر
خوێندکارێک لە خولێک، ڕاهێنان یان هەر چالاکییەکدا قەڵغان دەبەخشێت،
دەڵێ: "ئەمە لەپای کارکردنە" لە کاتێکدا خوێندکارەکە چییەکی ئەوتۆی
نەکردوە. حزبییەک ڕێزنامە دەبەخشێتە حزبییەکی خواروتر لەخۆی، دەڵێ: "ئەمە
لەپای دڵسۆزی و خزمەتە" لە کاتێکدا ئەو خۆیی و حزبییە خەڵاتکراوەکەش
تەنانەت ئەرک و واجباتەکەی خۆیشیان وەک ئەوەی پێویستە، جێبەجێ نەکردوە.
دامەزراوەیەک مەدالیا بە کارەکتەرێک دەبەخشێ، دەڵێ "ئەمە شایستەییە" لە
کاتێکدا هیچ پێوەر و بنەمایەک بۆ دیاریکردنی ئەو چۆنایەتییە دیار نییە.
بەم شێوەیە ڕاستی دەگۆڕن بە درۆ، شایستەیی دەکەنە شاباشی هەرزانفرۆشی.
تراژیدیای گەنج: "بۆچی هەوڵ بدەم؟".
باوەڕ بکەن، گەنجانێکی زۆر هەن، بەردەوام لە خۆیان دەپرسن: "بۆچی
بخوێنم؟ بۆچی تێبکۆشم؟ داهێنان چ بەهایەکی هەیە؟" ئەوەتا بەبێ بنەما
ڕێزنامە و قەڵغانی شایستەیی تەخشان و پەخشانی خەڵکانی ناشایستە دەکرێت،
دراوسێ یان هاوڕێ و هاوشاریییەکەی لە ترسی گێرە بووە بە حوشتر، یان
ساڵانێکە بە ناوی کار و خزمەتکردنەوە بێکار و بەرخۆرە، کەچی ڕێزنامەی
کارمەند، کادر، یان چالاکوانی نموونەیی هەیە. ئەمە وایکردوە لە بۆشایی
هاندان و شایستەیی ڕەسەن و بە بنەمادا، گەنجەکان ببنە قوربانی سیستەمێک
کە هەموو بەهاکانی پێچەوانە کردووەتەوە. پیێر بۆردیۆ، زانای کۆمەڵناسی
فەرەنسی، لە باسی "سەرمایەی سیمبۆلیک"دا ڕونیدەکاتەوە کە چۆن شەرەف و
ناوبانگ بە پێگە و پۆست و دەسەڵات دەگۆڕدرێنەوە. ئەوەی ئێستا لە
کوردستان ڕوودەدات، هەمان ئەو جۆرەیە لە گەندەڵی و بەرخۆری حازر بەدەست،
ئەوەی جیاوازە، تەنها فۆڕمەکەیە.
چی بۆ منداڵەکان دەمێنێتەوە؟
کۆمەڵگەیەک تێیدا هەموو ناشایستەییەک بە شایستەیی دەفرۆشرێتەوە و
هەرزانفرۆش دەکرێ، لە ڕاستیدا کۆمەڵگەیەکە کە ڕۆحییەتی شایستەبوونی
لەدەستداوە. ئەمە تەنها هەر کێشەی ئەمڕۆ نییە، ئەمە کارەساتێکە کە
کاریگەری لەسەر نەوەی داهاتوو دادەنێت. منداڵەکانمان چی فێر دەبن؟ فێری
ئەوە دەبن کە لەوەی دەچێندرێ شتێکی تر سەوز دەبێت؟ هەوڵدانەکان نابنە
مایەی سەرنج و گرنگیپێدان؟. بەری جیاوازییەکان گەورە لە نێوان ئەوەی کە
کار دەکات و ئەوەی کە کار ناکات، گەورە نییە و هەردووکیان هەر هەمان
چشت و پاداشت وەردەگرن؟ یان ئەوەی کار ناکات باشتر دەردەکەوێت. ئەمە
نەک هەر وێرانکردنی ئەمڕۆیە، بەڵکو دزینی داهاتووشە.
کادر، کارمەند و کارەکتەری ڕاستەقینە چی لێدێت؟
تەماشای کادرێک، یان کارمەند و کارەکتەرێک بکەن کە دەیانساڵە لە
دامەزراوەیەکدا بە دڵسۆزی تێدەکۆشێ و کار دەکات. هەموو بەیانییەک زوو
لەسەر کارەکەیەتی و دواین کەسیش دەڕوات. کارەکەی بە وریاییەوە ئەنجام
دەدات. خەونی ئەوەی هەیە کە ڕۆژێک بە شایستەیی بناسرێتەوە. بەڵام
دەیبینێت کەسێک کە دوێنێ هاتووە، هێشتا ڕووننییە کێیە، چکارەیە،
ئامانجی چییە، ڕێزنامە دەخرێتە دەستی. کەسێک کە تاکە کاری یاریکردن
بووە بە مۆبایل لە ناو گەڵ و گونی لێپرسراواندا.
ڤێبەر و خەونی "شایستەسالاری".
ماکس ڤێبەر، زانای ئەڵمانی، لە باسی "شایستەسالاری"یدا دەڵێت
کۆمەڵگەیەکی تەندروست دەبێت لەسەر بنەمای توانا و شایستەیی بنیاد بنرێت،
نەک لەسەر پەیوەندی و ڕواڵەتگەرایی. بەڵام ئەمە ئێستا لێرە بووە بە
خەونێکی دوور. کاتێک حزبییەکان ڕێزنامە دەبەخشنە پشتگیرەکانیان، کاتێک
NGOکان مەدالیا دەبەخشنە خاوەنەکانیان، کاتێک دامەزراوە حکومییەکان
قەڵغان دەدەنە فەرمانبەر یان بەرپرسە بێکار و کردەوەکانیان، سیستەمی
شایستەسالاری تێکدەدەن و سیستەمی "مەرامسالاری" دەکەن بە جێگرەوە.
گرامشی: کاتێک گەندەڵی دەبێتە "نۆرم و نۆرماڵ".
ئانتۆنیۆ گرامشی، بیرمەندی ئیتاڵی، لە باسی "هەژمونی کەلتووری"یدا
دەڵێت کارە خراپەکان دەبنە شتی ئاسایی. ڕێک وەک ئەوە ئێستا لە
کوردستاندا بەڕوونی دەبیندرێت، هەرزانفرۆشی ڕێزنامەیی، ئەوەندە زۆر
بووە، خەریکە ڕەوایی لە هەر جۆرە ڕەوایەتییەک وەردەگیرێتەوە. بەڵام نا
نەخێر، نابێ ئەمە هەروا سادە و ئاسایی تێپەڕێت. نەخێر نا.. مرۆڤ ئامراز
نییە، مرۆڤ ئامانجە، ئیمانوێل کانت، فەیلەسووفی نەمسایی، لە یەکێک لە
بنەڕەتییترین وتەکانی فەلسەفەی مرۆییدا دەڵێت: "مرۆڤ هەرگیز نابێت وەک
ئامراز سەیر بکرێ و بەکار بهێنرێت." بەڵام کاتێ ڕێزنامە دەبێتە ئامرازی
گەمەی سیاسی، کاتێ دەبێتە کڕین و فرۆشتن بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و
پشتگیری، کاتێ ناڕەواییت بە ڕەوایی دەرخوارد دەدات، ئەوا مرۆڤی کردوەتە
ئامراز. ئەم کارە نەک هەر دژی شایستەییە، بەڵکو دژی کەرامەتی مرۆڤیشە.
فریدریش نیتشە دەڵێ: "کاتێک تۆ دەچیتە ناو بۆشاییەوە، بۆشاییەکەش دێتە
ناو تۆوە." کۆمەڵگەیەک کە تێیدا هەموو شتێک دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت،
کۆمەڵگەیەکە کە چووەتە ناو ئەم بۆشاییەوە. کاتێک شەرەف دەبێتە کاڵا،
کاتێک بازاڕ دەبێتە بازاڕی ناشایستەیی، کاتێک ڕێز دەبێتە ڕواڵەت، ئەوا
هەمووان کەوتوونەتە ناو ئەو بۆشاییەوە.
ڕێگەچارەیەکی سادەیە لە وتن و قورس لە جێبەجێکردندا.
دەبێ بڵێین. نەخێر بۆ وەرگرتنی ڕێزنامە و قەڵغان. نەخێر بۆ پێدانیان.
نەخێر بۆ بەشداریکردن لەم گەمە تێکدەرانەدا. دەبێ بگەڕێینەوە بۆ بەهای
ڕاستەقینە. ڕێز بۆ ئەوەی کار دەکات. ناسینەوە بۆ ئەوەی هەوڵ دەدات.
پاداشت بۆ ئەوەی دەستکەوتی هەیە. دەبێ منداڵەکان فێر بکەین کە ڕۆحیان
نەفرۆشن. شەرەفیان بە هیچ نرخێک نەدەن. شایستەیی بە هەوڵ و تێکۆشان و
داهێنان بەدەست دێت، نەک پەیوەندی. ئەگەر بە ڕاستی دەمانەوێ
کۆمەڵگەیەکی تەندروست بنیاد بنێین، دەبێت ئەم نەخۆشییە بنەبڕ بکەین.
دەبێت ئازایانە ڕووبەڕووی ئەم ڕاستییە ببینەوە: ئێمە کۆمەڵگەیەک نین
تێیدا هەموو شتێک دەکڕدرێ و دەفرۆشرێ. شایستەیی نرخی هەیە، ڕێز لە
هەوڵدان دەگیرێت، پێزانین ئاڕاستەی ئەوانە دەکرێ کە سەرەڕای ئەرک و
کاری خۆیان کاری زیادە لە وەختی زیاد کراودا دەکەن و داهێنەرن. ئەمە
نەک هەر خەونە، ئەرک و پێویستییە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|