٥\٦\٢٠١١
پەتای شۆڕش و
فەنتازیای گۆڕان.

ستیڤان ئەحمەد
دەیەیەک پێش ئێستا وازم لە بیرۆکەی چەپڕەویی رادیکاڵانە هێنا، ماوەی
یەک دەیە خەونم بە دنیایەکی نوێ و گۆڕانێکی ریشەییەوە دەبینی لە
کوردستاندا، بەڵام خۆشبەختانە یۆتۆپییانە و خۆشخەیاڵانە سەیری زەمینەی
سیاسییم نەدەکرد، پێموابوو خەونە پەمەییەکانی شۆڕش و فەنتازیای جاڕدانی
خرۆشانی کۆمەڵایەتی کە بەردەوام هاوڕێ نزیکەکانم موژدەیان لە بارەوە
دەدا لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا.، جۆرێکە لە سەرمەستی سیاسیی و لە
ئەنجامدا ئەو سیاسەتە بەرەو شەڕێکی دەستەویەخەی دۆڕاومان دەبات "هەرواش
بوو". هەر ئەوکاتە رەخنەم لە چڕکردنەوەی گووتاری سیاسییمان دەگرت لە
جاڕدان بۆ بەرپاکردنی شۆڕش. تا دەهات لەو بارەوە رەخنەکانم کەڵەکە
دەبوون و دواجار بوونە کتێبێک. ئەوسا پێموابوو چەپەکان ئەو هێزانەن
بەخێرایی سەرمەستی شۆڕش دەبن و لەگەڵ هەموو رۆژێکدا کە خۆر هەڵدێت
خۆیان بۆ شۆڕش ئامادە دەکەن، وەلێ دوای دەیەیەک ئێستا بە روونی
تێگەیشتووم پەتای شۆڕش و گۆڕین لە رێی خرۆشانی جەماوەرییەوە، خاڵی
هاوبەشی کۆی هێزە رادیکاڵەکانە، گۆڕانیش وەک هێزێکی رادیکاڵ و توندڕەو
بەدەر نییە لەم خەونە ئەرخەوانییە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بەیاننامەکەی بیست و نۆی کانوونی دووەمی گۆڕان و
لێدوانی هەفتەیەک پاشتری نەوشیروان مستەفا لە کەناڵی "کەی ئێن ئێن"ەوە،
کە باسی لە ئامادەکردنی چەند سیناریۆیەک دەکرد بۆ دووبارەکردنەوەی
ئەزموونی تونس و میسر، لە دواجاریش ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی هاتنی
ئیزرائیل کرد بۆ دەرکێشانی گیانی دەسەڵات لە کوردستاندا، بە ئاشکرا
دەبینرا گۆڕان قاچی خزاوە و پەتای شۆڕش و راماڵینی دەسەڵات تووشی
یۆتۆپیایەکی سەیری کردووە، لەم رووەوە حزبی گۆڕان شێمانەی ئەوەی دەکرد
لە چەند رۆژێکی کەمدا و دوای ئەوەی جەنەراڵەکانی گردەکە فوو دەکەن بە
شەیپۆری شۆڕشدا، ئیدی دەسەڵات وەک بەفر هەرەس دەهێنێت، ئەو
خۆشخەیاڵییەش وای لێکردن بە پەلەپەل و بێ هیچ ئامادەکارییەکی پێویست،
لە 19 رۆژ دواتردا بکەونە پراکتیزەی ئەو سیناریۆیانەی پێشتر نەوشیروان
مستەفا باسی لێوەدەکرد.
هاوزەمان باسی ئەوە زۆرکرا، کوردستان لەگەڵ تونس و میسر، سەرباری
هەندێک لێکچوونی بچووک، جیاوازیی زۆریان لە نێواندایە، هەرچەندە باسی
ئەوە زۆرکرا تەنانەت میسر و تونس لەیەک جودان، بگرە زەمینە و دۆخی
وڵاتێکی عەرەبی بۆ یەکێکی تر زۆر جیاوازە و هەر یەکە بەرنامە و
شێوازێکی کارکردنی دەوێت بۆ گۆڕین و چاککردنی سیستمی سیاسیی. لەولاوە
برادەرانی گۆڕان و ئیسلامییە هاوپەیمانەکانیان، ئەمجۆرە سەرنج و
دیدەیان بە نوکتەی سیاسیی دەخوێندەوە، کەچی ئێستا دوای سێ مانگ لەو
قەیرانەی لە کوردستان بوونی هەیە، بەهەموو پێوەرێک بۆ هەموو لایەک
سەلماوە، کوردستان نەک تونس و میسر نییە، بەڵکو شایانی بەراوورد و
چوواندن نییە بەهیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبی. تازە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە
تایبەتی سەرانی گۆڕان دەزانن چاویلکە تەڵخەکەیان تووشی هەڵەیەکی
کوشندەی کردوون، چوونکە نەک خەڵکی کوردستان ئامادەی شۆڕش نین، بەڵکو
خەڵک بەهەموو شێوەیەک ناکۆکی هەیە لەگەڵ دیدی رادیکاڵی بۆ دۆزینەوەی
رێگەچارە بەمەبەستی دەرچوون لە هەر جۆرە قەیرانێک، بگرە لەوە زیاتریش،
هاووڵاتیانی کوردستان بە کردەوە پیشانیاندا نەک پێشوازیی لە هیچ
توندوتیژییەک ناکەن بەناوی شۆڕشەوە، بەڵکو وەڕسن لە داواکردنی ماف لە
رێگەی شەڕە قۆچەقانی و بەردەفڕکێی سەر شەقام و کۆڵانەکانەوە.
گۆڕان هێزێکە هێشتا خەون دەبینێت بە بەرپاکردنی شۆڕشەوە، خەون دەبینێ
تەنیا بە میکانیزمی شۆڕشگێڕانە دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستەوە بگرێت، لەم
پێناوەشدا فەیلەسووف و رووناکبیرە پۆستمودێرنەکانی خۆی خستۆتە گەڕ، تا
رۆڵ ببینن لە بڵاوکردنەوەی وەهمی شۆڕش و ناساندنی شۆڕش وەک تاکە
میکانیزمی گونجاو و عەمەلی بۆ کۆتاییهێنان بە گەندەڵی سیاسیی و ئیداریی
و لەناوبردنی نادادپەوەریی کۆمەڵایەتی و ..هتد، گۆڕان تا ئەم چرکەساتەش
تەنیا و تەنیا ختوکەی هەستی نوستووی توندوتیژانەی بەشێک لە گەنجان
دەدات کە بەهەر هۆیەک بووە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی نموونەی لیبیی و
یەمەنی و تونسی و میسریی، گۆڕان هێزێکە ختوکەی جەماوەر دەدات تا رێگەی
رادیکاڵی و شۆڕشگێڕانە وەک دوا رێگە و تاکە فۆرم بۆ چارەسەرکردنی
کێشەکانی نێو کۆمەڵگە هەر لە سیاسەتەوە تا ئابووری قبوڵ بکەن. بەم
بۆنەوە دەبێت هەموو بە ئاگابین لەو سیناریۆ دۆزەخییانەی گۆڕان وەک
هێزێکی رادیکاڵ لە داهاتوودا دەستیان بۆ دەبات.
دەگەڕێمەوە بۆ ئەزموونی تاکەکەسی خۆم و ئەوە بیر دەهێنمەوە، ئەوسا منی
گەنجی چەپڕەو، پێموابوو خەتای ئایدۆلۆژیایە کە مرۆڤەکانی حۆل و گێژ
کردووە و بێ ئەوەی هیچ زەمینەیەک شک ببەن جاڕی شۆڕش دەدەن، بەڵام ئەمڕۆ
زیاتر راستیی ئەو روانگەیەی خۆمم بۆ دەرکەوت و دەبینم هەموو هێزە
ئایدۆلۆجی و رادیکاڵەکان، بە کاریگەریی ئەفیونی شۆڕش و لەناوبردنی هەر
نەیارێکی سیاسیی بە میکانیزمی توندڕەوانە، تووشی هەمان سەرمەستی بوون
کە ساڵانێکی زووتر من و هاوڕێکانم پێی مەست ببووین. گۆڕان لەم
رەهەندەوە کۆمەکی زۆری کردم تا راستی بیرکردنەوەکانم لە ماوەیەکی دیکەی
مێژووییشدا بەچاوی خۆم ببینمەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانەوە
تۆبڵێی نەوشیروان مستەفا دوای پەنجا ساڵ کارکردنی جیددی لە سیاسەتدا
نەگەیشتبێتە ئەو بڕوایەی چارەسەری رادیکاڵیی و شۆڕشگێڕانە چی بەدواوەیە؟!.
تۆبڵێی نەوشیروان مستەفا نەزانێت کەی سەروەختی شۆڕشە؟. وەڵامی ئەم
پرسیارانە لەلای کەسمان نییە، خۆزگە کاک نەوشیروان خۆی بەرسڤێکی
دەدایەوە.
14\5\2011
Shamzini79@yahoo.com
|