په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٥\٢٠٢٢

پەتەکە لەکورتیداوە!


ئەرسەلان مەحمود    


هەژاری و برسێتی، تۆمەت بەشینەوەو تاوانكاری، جیاكاری جۆرایەتی و ڕەگەزی، بەتاڵی خزمەتگوزاری و ڕژانی بێدادی، سەرباری ناهاوسەنگییە دەرون كۆمەڵایەتی و سیاسیەكە، بوون بەدیاردەو بەشێك لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكی هەرێمی كوردستان!!

بەرژەوەندی دەسەڵات و ئەركی ڕاگرەكانی، سودی حزب و حزبیەكانی، نەك هەر لەوەها ڕەوشێكدا، لەهیچ كاتێكدا مژاوی كردنی ڕاستییەكان و هەڵاتن نییە لەبەرپرسیارێتی، هەنگاوی یەكەمی بەدیهێنەری هەر جۆرە چارەسەرێكی بەبنەماو ڕیشەیی داننانە بەڕاستییەكان، لەو شوێنەوەی مرۆڤ دان بەڕاستەكاندا دەنێت، بیركردنەوە دەست پێدەكات، بێگومان هیچ كێشەیەكیش نییە دواجار بتوانێ بەرگەی بیركردنەوە بگرێ و خۆی نەدا بەدەستەوە.

هەتا كات درەنگی نەكردوە، ئەركی دەسەڵاتە بەخۆیدا بچێتەوەو بوێرانەش تەتەڵەی بیركردنەوەكانی دوێنێ‌ و ئەمڕۆی خۆی بكات، بیركردنەوەی چاكە خوازانە، پێویستی بەهێزو مۆڕاڵی نیشتمانی هەیە، نەك هەڵخڕێنەرانەو زیرەكی فریودەرانە، دەسەڵات هەرچییەك بێت دواجار ناتوانێت زەریا جڤاكی و مرۆییەكە هەتا سەر وەك ئەوەی دەیەوێ ڕەنگ و پیس بكات!!

خەڵكی نەك هەر مافی خۆیانە، ئەركیانە بپرسنەوە بكەن و بەرەنگاری ئاڵانگاری و ستەمكارییەكانی سەر هەبوونیان ببنەوە، بەبێ خەڵك هیچ دەسەڵاتێك نییە بتوانێ لەسەر پێیەكانی بوەستێت و بمێنێتەوە، بەرگە گرتن سنوری خۆی هەیە، تاك نەك هەر هەبوونی خۆی نەسەلماندووە، تەنانەت دەستی بەژیانش نەكردووە تا ئەو كاتەی بەكرەوە نەهاتووەتە سەر هەست و هەڵوێست نواندن.

بەرگە گرتن چییە؟ تەژیبوونی مێشك و لێوڕێژ بوونی دۆخە لەمۆخەدا، ئەوەی ئەمڕۆی باشترە هەڵەوڕی و ستەمكاری دوێنێی ڕەتكردوەتەوە، ژیان هی هەمووانە، نەك سەرۆك و سەركردەو پادشاو شازادەو مـەلا زادەكان، كاتێك دەسەڵات خزمەتی خەڵك ئامانجە هەرە بنەڕەتییەكەی نییە، كاتێك ڕاگرەكانی ناخوازن هیچ شتێك دەربارەی بێدادییەكانی بووترێ‌ و بزانرێت، كاتێك گوێ بەهاواری خەڵك و دەنگی ویژدانیان نادەن، بیانەوێ‌ یان نا، كەوتوونەتە دەرەوەی جڤاك و بەرژەوەندییە نیشتمانی و مرۆییەكان.

ئەم دۆخە خراپەی هەرێمی كوردستان، لەئاسمانەوە نەهاتووە، بەشێك هاوردەی هەرێمایەتییەو زەمینەی لەخۆدا خۆشكراوە، بەشەكـەی تـری میراتی خراپ بەكاربردن و هەڵە ئاڕاستەكردن و كوێرانە سەركردایەتی كردنە لەواقیعدا.

شكۆی هیچ دەسەڵات لەجامانەو كەتافەی نیشتمانی یان چاكەت و پانتۆڵ و ڕیباتی بیانیدا نییە، لەئەخلاق و عەقڵ و بەرپرسیارێتی خۆی و نیشتمانیدایە، دەسەڵات لێرە لەبازنەی هەڵەیەكدا دەخولێتەوە ڕەش و كوشندە، هێزی بەرگەگرتنی ئەم دەرە بازنەییە جیهانی و خۆییەی تاك و خەڵكی كوردستان لەكورتبووەی داوەو كاتی بێدار بوونەوە خەمڵیووە!!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک