٢٠\٣\٢٠١٢
پەتی سێداره
برینی هەڵەبجە ساڕێژ ناکا.

لاوژە جهواد
٢٤ ساڵ پێش ئێستا حکومەتی فاشیستی بەعس کیمیابارانی شاری هەڵەبجەی کرد.
من نامەوێ بچمە ناو وردەکاری ئەو تاوانە، ماوەی ٢٤ ساڵە ئەو تاوانە
دهگێڕدرێتەوەو دهنووسرێتەوە. تەنها دەمەوێ ئاماژه بەوە بکەم کە
پارته ناسیۆنالیستهکانی کورد و ئیسلامی سیاسی بێتاوان نەبوون لەو
کارەساتە گەورە دژە مرۆییه.
هەمومان دەزانین کاتێک بەرەی کوردستانی پاڵی دا بە کۆماری ئیسلامی
ئیران و سوپای پاسدارانی هێنا ئەو شارە، حکومەتی فاشیستی بەعس بە هانەی
هاتە دەست بۆ (قەتلوعام)کردنی خەڵکی بێتاوانی شارەکە.
لە ئەنجامی ئەو تاوانە گەورە دژە مرۆییهدا، زیاتر لە پێنج ههزار کەس
بوونە قوربانی و خەڵکێکی زۆر کەم ئەندام بوون، پاشماوەی خەڵکەکەش
ئاوارە و دەربەدەری شارەکانی ئێران بوون و بریندارەکان لە
خەستەخانەکانی ئەو وڵاتە چارەسەریان بۆ کرا یان گیانیان لەدەست دا.
ئەو گازە ئەوەندە کاریگەر بوو ئەوانەی کە زیندووش مانەوە، ترسی ئەوەیان
لێدەکرێ کە لە هەر کاتێکدا تووشی نەخۆشیەکی ترسناک بن، وەک
نەخۆشییهکانی خوێن، دڵ، مێشک، پێست، چاو و هەروەها ئەو کەسانەی ئەو
کاتە منداڵ بوون، ئەمڕۆ گەورە بوون و ژیانی هاوسەرییان پێکهێناوە بەڵام
ئاسەواری ئەو مادە ژەهراویانە مەترسیێکی گەورەێە بۆ سەر نەوەکانی
داهاتووشیان.
یەکێکی تر لە ترسەکانی توشبوون بە نەخۆشی جۆراوجۆر لەو شارە پیس بوونی
ژینگەی ئەو شارەیە.
لە ئەنجامی ئەو کارەساتە، چەندین منداڵ بێ سەرپەرشت مانەوە، چەندینی
تریان لە دایک و باوکیان دابڕان، دایک و باوکەکانیان تا ئێستاش دەستیان
لەسەر دڵیانە و بیر لەوە دەکەنەوە ئاخۆ منداڵەکانیان زیندون یان ئاخۆ
لەکوێ دەژیەن؟ تۆ بڵێی برسی یان سەرما و گەرمایان نەبێ؟ خێزانیان
پێکهێناوە یان نا؟ ئەی بڵێی منداڵیان هەبێ؟
ئەم پرسیارانە و هەزاران پرسیاری تر، لە جێی منداڵە بێ سەروشوێنەکانی
هەڵەبجە خۆراکی مێشکی دایک و باوکە کانیانە.
ئەو کارەساتە مەرگبارە بێجگە لە زیانی گیانیی و مرۆیی سیمای
شارستانیەتی ئەو ناوچەیهشی وێران کرد، هەڵەبجەی مەکۆی رۆشەنبیریی بوو
بە زەلکاوی جڕوجانەوەری ئیسلامی سیاسی، لە پاش ڕاپەڕینی ٩١ ژیانی خەڵک
کەوتە ژێر سانسۆری ئیسلامیەکانەوە، بە هۆی توندوتیژیی ئەوان بەرامبەر
بە خەڵک و قەدەغەکردنی تێکەڵاوبوونی کوڕ و کچ لە قوتابخانە و شوێنە
گشتییهکان، قەدەغەکردنی فرۆشتنی جلوبەرگی ناوەوەی ژنان و کهلوپهلی
ئارایشت بە شێوەیەکی ئاشکرا، تەنانەت بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی
حەرامبوونی تەلەفزیۆن و چەندین شتی تر.
لە ماوەی ٢٠ ساڵی دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی ساڵانە یادی ئەو رۆژە بە
شێوەی جۆراوجۆر دەکاتهوه. وێنەی زۆر کاریگەری ئەو تاوانە نیشان دەدەن
و شیعریان بۆ دەڵێن و بۆیان دەلاوێنەوە. دەتوانم بڵێم پتر و پتر برینی
خەڵکی ئەو شارە دەکولێننەوە.
خەڵکی پاشماوەی کیمیابارانی هەڵەبجە، کەسانێکن کە رۆژانە لەگەڵ برین و
ئازارەکانیان دەژیەن. ئەو تاوانە بە جۆرێک کاری کردۆتە سەر دەروونی
خەڵکی ستهمدیدهی ئەم شارە، کاریگەریی بۆ چەندین نهوهی تر
دەمێنێتەوە. زۆربەی دانیشتوانی ئەو شارە لە باری جەستەیی و
دەروونییهوە پێویستیان به چارەسەری تایبەت ههیه.
بەڵام بە داخەوە تاکو ئێستا وەکو پێویست ئاوڕ لە کێشەکانی خەڵکی
هەڵەبجە نەدراوەتەوە، دەبووا بە شێوەێکی بنەڕەتیی و ئاکادیمیی
هەڵسوکەت لەگەڵ نەک هەر مرۆڤهکان بەڵکو دار و بەردی ئەو ناوچەێە دا
بکردبا، بە درێژایی ئەم چەند ساڵە دەسهڵاتی کوردی هەڵپهرەستانە
ساتوسەودای بە دۆکیۆمێنتی ئەو تراژدیایەوە کردووە خائینانە کەڵکی لێ
وەردەگرێ.
هەڵەبجە ئەو شارە بریندارەیە کە پێویستی بە کەسانی پسپۆڕ لە بواری
جۆراوجۆر و پارە هەیە بۆ ئەوەی کە جارێکی تر بژیێتەوە و ژیانی ئاساییان
بۆ بگەڕێتەوە.
حکومەتی هەرێم ٢٤ ساڵە لە ئاستی پێداویستییهکان چاوی نوقاندوە و گوێی
خۆی خنیوە، بەڵام بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایهتی و خۆپیشاندانەکانیان پاش
چهند چرکەیهک لەوێ ئامادهن. هەر ئەمڕۆ لە رێگای راگەیاندنەکانەوە
بینیمان کە چۆن بەرپرسان میلی چەکیان لە گەنجانی ناڕازی ئەو شارە
هێنایەوە و لێیاندان و بە چەندین شێوە سووکایەتییان پێکردن. لە کاتێکدا
دەیانویست رق و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر بەو بارودۆخهی کە هەیانە لە
رێگای خۆپیشاندانەوە دەرببڕن.
دەسەڵاتداران لە کوردستان ئەمڕۆ لە ساڵیادی هەڵەبجەدا پەتی سێدارهی
عهلی کیمیاییان بە دیاری بۆ خەڵکی ئەم شارە بردوە. پەتی سێداره زامی
هەڵهبجە ساڕێژ ناکا! بەڵکو رق و کینە و بیری تٶڵەسەندنەوە لای ئەو
خەڵکە زیاتر دەکا. ئەمڕۆ لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئەوروپا سزای مردن لە
بەرامبەر تاواندا قەدەغەکراوە. خەڵکی برینداری ئەو شارە پێویستیان بە
چارەسەر و گەڕانەوەی ژیانێکی ئاسایی هەیە، لە باری دەروونیی و جەستەیی.
پێویستیان بە شوینی ئاسوودهبهخشی سهردهمییانه هەیە. پێویستیان
بەوە هەیە لە جێگای پەتی سێداره شارەکەیان بە سەوزایی و گوڵ و گوڵزار
بڕازێندرێتەوە. کە دڵیان خۆش بکا. نەوەک هەمیشە لە بیری تۆڵەسەندنەوە و
توندوتیژیی بن. پێویستیان بەوە هەیە کە سیمای شارستانیەتی بۆ شارەکەیان
بگەڕێندرێتەوە. نەوهک رۆژانە سیمای شارستانیەتی سەد ساڵ پێش ئێستایان
لەبەرچاوبێ.
lawzha@yahoo.com
|