په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٩\٢٠١٧

پەیوەندی ئاسۆیی و پەیوەندی ستوونی
لە قەسیدەی (کێشی ئەو شیعرەت بۆ نادۆزرێتەوە، بلوورێنە تکایە)
*ی یوونسی رەزایی.*

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

گورگێک فەرز کەن لە پێستی شاردا
دەوەڕێ بەو گوڵەبەڕۆژانەی
لە پەنجەکانی نەقاشێکدا ئاوابوون
پۆلیسیش لە رێگا فیتوو لێدەدا و
رووبەڕووی کڵوەبەفرەکان
پێکێک ھەڵدەدا لە ئاور.

گورگێکتان بەو زستانە رێ داوەتە شیعرەوە
لە زەینیشتان سەگێکی بەرەڵڵا
ناڕەسەن نا
لە رەگەزێکی دیکەتر
کە دەلورێنن لە سەرکێشی شەو
پشت لەو دەربەندانەی زایەڵەی مەرگن

کیژێک لە چاوتان بکێشنەوە بەیانی
تینوویە رەنگە جیھان بە جوانیی

بە چاویشیدا کە بەستێنێکە لە وەرزی شیعر
بەرەو باران پێنوسەکانتان لەنگەریان- سەوز

کیژێک فەرزکەن لە نزاکانتاندا
دڕندەیی نا...
بە جادەکانی کەویرەوە... پەڵەی دابێ نیگای...
لە پێستی بادا

فەرزکەن شەوێک لە قەتاردا
فیلمی منداڵانی -با-
لە مەزراکانی لۆکەدا

بە کەژاوەیەکەوە لە شەقامەکانی شار
پڕەنسیس دایانا و
داوێنی بەرزی بایەوانی دەریای سوور
کە لەنگەری بە ئاورەوەیە دەمێکە.

گورگێک لە ژێر داوێنی دا و
سەگێکیش لە سەر ئەو گالیسکانەی روو لە ئافریقا دەبارن
سیگارێکیش روو لە وڵات کە بەھمەنە.

بەو گوڵەبەڕۆژانەی بە تاریکی دەوەڕن
بەو پۆلیسانەی رووبەڕووی ھەتاو
دەخولێنەوە بەسەر مەنزوومە تاڵەکان دا
متمانە ناکەم... خاتوون
متمانە بە تەنیایی دار
بە تابووتی جیھان کە لەسەر شانی ئێمەیە
دڵنیام کەوە لە تاڵی بسکەکانت... کە نەریتی منن
وە لە فاڵی چاوت کە رەگەزێکی برێزیلیان لە ناخ دا
دڵنیام کەوە لە لەشت ئەی نیشتمانی تەنیاییم
دڕندەیی ئەو مەنزوومەیە با تاڵانی -با-

"لە پەنجەتدا مێژووی جوانیم
لە چاوتدا جوگرافیای دەریاکانم
لە زاراوەتدا.. رەوانە زمانم.. بەیانان
کە ئاسۆیەکی بە شەقاممەوە.

نە زستان بیانووە بۆ نەپشکوتن
نە پۆلیس ھاتووچۆ لە بەفروباراندا
گوللەکانی بەرەو شیعرەکانی ئێوە، کە بێ چەترن

لە وێستگەی ھێلی ئاسن: کە بە قەڵەم مووی ڤان گۆک و
بە ریتمی سەمفۆنیای -باخ- کە ھاوواتای باغە
فەرزی دەکەم.
گوێچکەیەکی بڕاو دەبینم لە بادا
ماندوو لە دەنگەکان نا.. کە رەنگیان بە تامترین بەرامەیە
دەنگ دەدەم بە بادا .. کە بێ سنور دەژی.

داوێنێکی بەرز لە قەڵەم مووەکەمەوە بە سەر بوومدا دەکشێ
کە لە ژێرییەوە نیو کورەی ئاسک و
نیسف وێنە ھاری گورگ
داوێنێک کە سونامییە بە بەستێنی دڵمەوە

مەلەک دایاناش لە خوێنی ئەفریقا گەوزیوە
لە شەقامەکانی ھاوسەروای منچسٍتێر ستی
ئەمن و ئێوەش شاعیرانی ئاوابوون لە ژان
جگەرەیەک لە شەقامەکانی ناشوێن
شیعرێکیش داگیرساو بە ئاسۆکانی ژیانەوە

بەھمەن سەرەتای گورگە و
فەرز دەکەین پۆلیسەکان
بە کێشی ئەو شیعرە گەیشتوون لە رێگای بارانەوە.

یوونسی رەزایی - زستانی ١٣٩٠ بۆکان


پێشەکی.


لە خوێندنەوەی قەسیدەی (کێشی ئەو شیعرەت بۆ نادۆزرێتەوە، بلوورێنە تکایە)ی (یوونسی رەزایی)دا لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی زمانەوانیەوە قسە لە پەیوەندییە ئاسۆییەکان دەکەم، لە سەر ئاستی شیعریی و دەلالەت و ناوکۆیی و داڕشتنی تایبەت، پەیوەندییە ستوونیەکان دەخەمە روو، کەواتە (پەیوەندی ئاسۆیی) بە ئەزموونەوە دەلکێ و (پەیوەندی ستوونی) بە سەرسامبوونەوە بەندە، یەکەمیان ئاستەکانی مانای لەخۆدا ھەڵگرتووە و دووەمیان ئاستەکانی چێژ دەنوێنێ، یەکەمیان بە مێژوو و بەردەوامییەوە بەندە و دووەمیان لەسەر حەپەسان و چرکەسات وەستاوە... لەو دوو پەیوەندییەوە حیکایەتی ئاشنابوون و نائاشنابوون* بە بیرکردنەوە و خەیاڵی خۆم دادەڕێژمەوە! دەشێ ئەو دوو پەیوەندییە بە پێی رێبازە ئەدەبییەکان دیاری بکرێن، بەڵام راڤەکردن و خوێندنەوە جیاوازەکان ھەمیشە سنورەکانی دیار تێکدەشکێنن و ھەرگیز ئابڵوقە نادرێن.


داڕشتنەوەی حیکایەتی پۆلیس و ھونەرمەند.


لە قەسیدەکەدا پۆلیسێک بە دوای کێشی شیعرێکدا دەگەڕێت، ھونەرمەندێک بە دوای جوانی بێ سنوردا وێڵە، ئەوەی ئەو پۆلیس و ھونەرمەندە بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە مرۆڤبوون و راستی ژیانە، ئەوەی لێکیان جیا دەکاتەوە ترس و جوانییە...رەنگە پۆلیس چاودێریکردن و گرتنی قەسیدەکەی مەبەست بێت، ھونەرمەند ھەوڵی جوانکردنی پەیوەندییەکان بدات؟! بە مانایەکی دیکە ئەگەر پۆلیس سیفەتی (گورگ)ی ھەبێ، ئەوە راوی قەسیدە دەنێت، ئەگەر ھونەرمەند (ڤان کوخ) بێت، ئەوە جوانی بە ئامانج دەزانێت... خودی ئەو خەیاڵەم وەک رووداوێکی واقیعی وەرگرتووە و حیکایەتەکەم لە سەر دروست کردووە!


وەک زەمەن، زەمەنی گێڕانەوە لە پەیوەندی ئاسۆییدا بە رێگای کردەیی و بە پێی سیستمی سروشتی دەرەکی (وەرزی زستان) دەنوێنێ، بەڵام زەمەنی گوتار زەمەنی رووداوەکانی نێوان پۆلیس و ھونەرمەندە و بە شێوەیەکی ھونەریی لە تەکنیکە ئیستێتیکییەکانی خۆدواخستن و خۆپێشخستن و پەلەکردن و خاوبوونەوە و رەمز و ھەست دەردەکەوێت! ھەمووان دەزانین ھیچ رەگەزێکی زەمەنی بە بێ رەگەزی شوێن بوون و رەنگدانەوەی نابینرێت، شوێن لەو حیکایەتەدا دەکەوێتە نێوان شار وەک بینراو و لادێ وەک نەبینراو، شوێن و زەمەن فەزای حیکایەتەکە دادەڕێژن.


لێرە لە نێوان لێکنزیکبوونەوە و لێکدوورکەوتنەوەی ھەر دوو کاراکتەری (پۆلیس و ھونەرمەند) چەمکی ئاشنابوون و نائاشنابوون، بۆ پەیوەندی ئاسۆیی و پەیوەندی ستوونی خوێندنەوەکەم دەکەمە رابەر و ھەوڵدەدەم نائاشنابوونی (پۆلیس و شیعر) و ئاشنابوونی (ھونەرمەند و جوانی) لە حیکایەتی قەسیدەکەدا زێتر روون بکەمەوە.


ھەڵبەتە لێکنزیکبوونەوەی گورگ و پۆلیس و تاریکی و لادێ...لە ( پەیوەندی ئاسۆیی)دا ترس دەخاتەوە! وەک چۆن لێکنزیکبوونەوەی ھونەرمەند و رۆناکی و شار... لە (پەیوەندی ستوونی)دا جوانی بەرجەستە دەکات! لە پەیوەندی ئاسۆییدا (گورگ و پۆلیس و تاریکی و لادێ...) رووبەڕووی گوڵەبەڕۆژە دەوەڕێ، لە پەیوەندی ستوونیدا (ھونەرمەند و رۆناکی و شار...) وێنەی گوڵەبەڕۆژە دەکێشێ... ھونەرمەند لە بەرانبەر جوانی ئاوا دەبێت، پۆلیس لە بەرانبەر جوانی ئاور دەکاتەوە؟!


راستی حیکایەتەکە ئەوەیە: (ترس رووبەڕووی جوانی فیتوو لێدەدات... ترس رووبەڕووی کڵوەبەفر پێک ھەڵدەدا)، یەکەمیان ترسە لە خۆ، دووەمیان ترسە لە سرووشت، یەکەمیان ناوەکییە و دووەمیان دەرەکییە! مەبەستم ئەوەیە کاتێک مرۆڤ بەرانبەر جوانی دەوەستێ سڵ لە ناشیرینییەکانی ناوەوەی خۆی دەکاتەوە، کاتێک رووبەڕووی سرووشت دەوەستێ بیر لە بچووکی خۆی دەکاتەوە... ترسی یەکەم سڵبوونەوەیە لە تووندوتیژی ناوەوە، ترسی دووەم ترسە لە نھێنی سرووشت... دەمەوێ بڵێم راستی حیکایەتەکە راستی ژیانە، راستی ژیان لەو قەسیدەیەدا لە خۆدواخستن و خۆپێشخستن و پەلەکردن و خاوبوونەوە و رەمز و ھەستی ناوکۆیی شیعری ئاماژەی بۆ دەکرێت، بەو مانایەش نە زستان بیانووە بۆ نەپشکوتن، نە پۆلیس ھاتووچۆ لە بەفروباران دەگرێ! نە ھونەر بیانووە بۆ ئاوابوون، نە پۆلیس بیانووە بۆ ئاگرنانەوە... چونکە ژیان ئازادییە لە نێوان ئاوابوون و ئاگرکردنەوە، لە نێوان شەو و رۆژ، لە نێوان زایەڵەی مەرگ و وێنەکێشانی بەیانی... ئەوە مرۆڤە لە شەقامی ژیاندا ھەنگاو دەنێ، ئەوە گورگە لە ژێر داوێنی (مرۆڤ) و لەگەڵ مرۆڤ بەرەو دنیا دەبێتەوە... (مەلەک دایانا) لە خوێنی ئەفریقا گەوزیوە! مرۆڤ گورگی مرۆڤە*/ مرۆڤ لە نھێنی سرووشت سەری سووڕماوە، ئەوەی مرۆڤ و گورگ بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، راستی مرۆڤە، ئەوەی مرۆڤ و سرووشت بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە راستی ژیانە، راستی ژیان راستی مەعریفەیە، ژیان بێ تووندوتیژی مەحاڵە! ژیان بێ نھێنی مەحاڵە! ئەوەی لە ژیان دەمێنێتەوە پەیوەندییە، ئەوەی لە مەعریفە دەمێنێتەوە نھێنییە، پەیوەندی بێ جوانی بوونی دەکەوێتە قەیرانەوە، مەعریفە بێ نھێنی بوونی نییە... جوانی تووندوتیژی خۆی ھەیە، مەعریفە خەونی مرۆڤە، تووندوتیژی جوانی خۆی ھەیە، مرۆڤ بێ مەعریفە دەکەوێ!


خوێندنەوەی حیکایەتی قەسیدەکە پێماندەڵێت ئەوەی (نائاشنابوون و ئاشنابوون) رێکدەخاتەوە، ئەوەی (گورگ و مرۆڤ/ تاریکی و رۆناکی/ شار و لادێ...) بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، ئەوەی (گوڵەبەڕۆژە و کڵوەبەفر/ شیعر و کچ/ باران و سەوزایی...) بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە: (مەعریفە و جوانییە...).


دواجار جوانی پۆلیس لە ژیانی حیکایەتی قەسیدەکەدا لەوەدایە کێشی شیعرەکە دەدۆزێتەوە، وەک چۆن سەرکێشی ھونەرمەند لەوەدایە بۆ جوانکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان گوێچکەی خۆی بە با دەدات؟! یەکەمیان لە پەیوەندییەکی بەرتەسکی قەسیدەکەدا دەخولێتەوە، دووەمیان لە پانتایی بەرفرەوانی پەیوەندی مرۆڤایەتیدا...


دەتوانم بڵێم ئەو خوێندنەوەیە لە رووی کۆمەڵابەتییەوە چەمکی ئاشنابوونی پۆلیس و نائاشنابوونی ھونەرمەند بە خەیاڵ و بیرکردنەوەی حیکایەتەکەوە بەند دەکات؟! نەک ھەر ھێندە بەڵکو لە لایەک چەمکی مەعریفە بە ھونەری داڕشتن و جیاوازی داڕشتن دەبەستێتەوە، لەلایەکی دیکە گۆڕینی چەمکی جوانی لە گۆڕینی ئاسۆی چاوەڕوانی باوی خوێنەر بەرھەم دەھێنێتەوە، بەو مانایە ئەو خوێندنەوەیە پێیوایە شاعیر لە رێگای مەعریفەی شیعرییەوە دارشتنی باو ھەڵدەوەشێنێتەوە و دووبارە دایدەڕژێتەوە... شاعیر لە رێگای جوانیی دنیابینییەوە ئاسۆی چاوەڕوانی باو و ھۆگری دووچاری ئاوڕدانەوەیەکی جیاواز و حەپەسان دەکات!


چەمکی ئاشنابوون.


چەمکی (ئاشنابوون) خاوەن رابردووییەکی مێژووییە، بە ئاسۆیی ھەنگاو دەنێت، دابونەریت و یاسا و رێسا باوەکان دەچەسپێنێ و پارێزگاری لە ئاسۆیی چاوەڕوانی و ھۆگری خوێنەران و زمانی نوسینی باو دەکات... بەو مانایەش ھەر یەک لە نوسەر و خوێنەر ئاشنای یەکترن و ناسنامەی یەکتر تەواو دەکەن. یان خۆیان لە ئاوێنەی یەکتردا دەبیننەوە، ھەر یەک لە نوسەر و خوێنەر حەقیقەتی خۆیان لە سەر ئاستی ئاشنابوونی یەکتری وێنا دەکەنەوە... دواجار چەمکی ئاشنابوون وەک لە قەسیدەکە دەردەکەوێت، لە باشترین حاڵەتدا بە دوای گەشەکردنی مانای ئاسۆییەوەیە!


لە راستیدا لە رووی کۆمەڵایەتییەوە پۆلیس نوێنەری چەمکی ئاشنابوونە و فیتوو لێدان یەکێکە لە ئەرکەکانی سەر شانی، بەڵام ناشێ لە کاتی دەوامی فەرمی مەی بخواتەوە. پۆلیس وەک گورگ بە دوای (تاوانبار/ نێچیر)ەوەیە، پۆلیس (لە شاردا) بە دوای شیعر و گورگ (لە لادێ) بە دوای وەرزی شیعرەوەیە، پۆلیس جوانی زیندانی دەکات و گورگ ھێمنی دەشێوێنێ!


قسەکردن لە لێکنزیکبوونەوەی پۆلیس و گورگ، قسەکردنە لە ئاشنایی مرۆڤ و گورگ، لەوێوە مرۆڤ لە ناوەوەی خۆیدا تووندوتیژی ھەڵگرتووە، پڕەنسیس دایانا بە کەژاوەیەکەوە لە شەقامەکانی شاردا دەبینرێ و گورکێک لە داوێنیدایە، دایانای شاژن لە خوێنی ئەفریقا گەوزیوە... شاعیر وەک وێنەگرێ لە بەرانبەر ئەو ھەموو ئاشناییە سیگاری (بەھمەن) لە ناشوێندا دادەگیرسێنێ، وەک شیعر لە نائاشناییدا... مەرج نییە شوێنی شیعر دیار بێت، مەرج نییە شاعیر سیگار بکێشێ، بەڵام یەکێک لە مەرجەکانی شاعیر بوون شیعر نوسینە، شیعر و شاعیر و سیگار ئاشنای یەکترن.


(یوونسی رەزایی) نایەوێ ئەو ھەموو ئاشناییە لە داڕشتندا بخاتە روو، متمانەی بە شتە باوەکان نییە، شاعیر لە فێڵی زمان دەگات، دەیەوێت بۆ ھەڵنانی جوانی وەک ڤان کوخ سەرکێشی بکات، دژی باو بوەستێ، وەک پڕشنگی (گوڵەبەڕۆژەکان) رووبەڕووی (تاریکی)، نەک وەک دەنگی (پۆلیس) رووبەڕووی (ھەتاو)... بخولێتەوە.


شاعیر متمانەی نییە، لە گومانەوە دێتەوە، ھەتا تابووتی ئاشنابوون بە شانی خۆی بۆ گۆڕستان نەگوازێتەوە، دڵنیا نابێتەوە! ھەتا رەھەندێکی جیاواز بە تیشک و دەنگ نەدات، لە سەرکێشی بەردەوام دەبێت... ئەدەب جگە لە جوانی ھیچ چەکێکی دیکەی نییە، ھونەر لە بێوێرییدا، شیعر لە داڕشتندا، سەرکێشی ڤان کوخی دەوێ؟! کەواتە دووبارە داڕشتنەوەی پڕشنگی گوڵەبەڕۆژە و تاریکی و دەنگی پۆلیس و ھەتاو، سەگ و باران، شیعر و ناشوێن... وەک دوو نائاشنا سنورە باوەکان تێکدەشکێنن و خوێنەر دووچاری ئاوڕدانەوەیەکی جیاواز و حەپەسان دەکەن.


چەمکی نائاشنابوون.


چەمکی نائاشنابوون لە شیعردا فۆرمالیستەکان و یەکەمجار (شکلۆفسکی)* بە کاری ھێناوە، بە مانای رێگای دەربڕینی ھونەری، یان نواندن بە شێوەیەکی ھونەرییانە، بەڵام ئایا ئەو قسەیەی شکلۆفسکی چ ھونەرێکی مەبەستە، ھەڵبەتە وێنەی شیعری مەبەست نییە، بەڵکو گۆشەنیگا و دۆزینەوە بە ھەند ھەڵدەگرێت، ئەو مانا نائاشنایەی مەبەستە، کە نکۆڵی لەوە دەکات خۆی بە دەست دنیای ئێمەوە بدات! ھونەری شیعری لە (دنیای بەتاڵی زمان) کە لە شێوازی ئەبستراکتدا قسەم لێکردووە، پەیوەندی بەو مانا نائاشنا و ھێزەوە ھەیە، کە دەکەوێتە سەر (دواخستن و پێشخستن) و (رەمز) و (ھەست)ی رستەی شیعرییەوە... دەمەوێ بڵێم یوونسی رەزایی دوای جولەی مانای نائاشنا دەکەوێت، دوای دۆزینەوەی گۆشەنیگای شیعری دەکەوێت... بۆ نموونە (پۆلیس لە رێگا فیتوو لێدەدا- ئەو گوڵەبەڕۆژانەی بە تاریکی دەوەڕن- گوێچکەیەکی بڕاو دەبینم لە بادا...) من لێرەدا ھەوڵمداوە قسە لەو جۆرە نائاشناییە بکەم!


ئەگەر ئاشنابوون ھۆگری مرۆڤ بۆ شتەکان و دنیا بەرجەستە بکات، ئەوە نائاشنابوون نامۆیی مرۆڤ بۆ شتەکان و دنیا دەخاتە روو، یەکەمیان دەلالەت لە رێکەوتنی مرۆڤ و شتەکان و دنیا دەکات، دووەمیان دەلالەت لە یاخیبوونی مرۆڤ و شتەکان و دنیا دەکات، یەکەمیان بەشێک لە مێژووی (ئاسۆیی) مرۆڤی لەسەر بونیاد نراوە، دووەمیان بەشێک لە چێژی ھونەری (ستوونی) مرۆڤی لە سەر دادەمەزرێ، یەکەمیان جێگیربوون دەچەسپێنێ، دووەمیان جیاوازی دەسەلمێنێ... ئاشنابوون، رەھا کردنی ئاسۆی چاوەڕوانی باو و ھەستی گشتی باو بارە دەکاتەوە، ئاشنابوون ھۆگریبوونی باوە، نائاشنابوون دژی ئاسۆی چاوەڕوانی باو و ھەستی گشتی باو دەبێتەوە، نائاشنابوون یاخیبوونە لە باو!


چەمکی نائاشنابوون بە مەعریفەی جیاواز و دنیابینی جیاوازەوە بەندە، لە سەرسامبوون و حەپەسانەوە پەیوەندی بە داھێنان و چێژی داھێنانەوە دەکات! نائاشنابوون ئەو رێگا ھونەرییە نوێیە دیاری دەکات، کە ناکەوێتە سەر رێگا باو و کۆنەکانەوە، بەکارھێنانی ئەو رێگا ھونەرییە و چێژە ھونەرییە نەناسراو و نوێیە پەیوەندی بە ئاگایی جیاواز و دیدی جیاوازەوە ھەیە، پەیوەندی بە ھەستی تێگەیشتنی جیاواز و نەگوتراوەکانەوە ھەیە، ئەفراندنی دنیایەکی نوێ و دیتنی شتە نادیارەکان و دۆزینەوە دەگەیەنێت...


ئەو قەسیدەیە ھەر نایەوێت پێمانبڵێت مرۆڤ گورگی مرۆڤە و شار نامۆیی لێدەکەوێتەوە و ھونەر جوانییە و ھونەرمەند لە کۆمەڵگا نامۆیە و مرۆڤ لە ژیاندا ھەست بە نیگەرانی و ترس و نائاشنابوون دەکات... ئەو قەسیدەیە ھەر تەنھا پۆلیس ناکاتە ھاونشینی کڵوەبەفر و پێکھەڵدان و کیژ ناکاتە ھاوسێی بەیانی و دەسەڵات ناکاتە گورگ و گورگ ناکاتە شیعر... ڤان کوخ و گوێچکە، باخ و باغ و ھونەرمەند ھاونشینی جوانی... بەڵکو ھەموو ئەوانە بە شێوەیەکی دیکە وەک خودی حەقیقەت و ھونەری نواندنی زمان و کورتبڕی و دیتنی نوێ و پەیرەونەکردنی گرامەر و دواخستن و پێشخستن و رەمز و ھەستی شیعرییەوە دەردەکەون... بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یوونسی رەزایی دەکەوێتە وڕێنەکردن بە ئامرازی پەیوەندییەوە بۆ نموونە (کە دەلورێنن لە سەرکێشی شەو. کە رەنگیان بە تامترین... کە بێ سنور دەژی. وە لە فاڵی چاوت...)، ھەندێجار جولەی مانای نائاشنا گۆشەنیگای شاعیرانە بەجێدەھێڵن و شێوانی مانایان لێدەکەوێتەوە، بۆ نموونە (تینوویە رەنگە جیھان بە جوانیی... دڕندەیی ئەو مەنزوومەیە با تاڵانی -با- ئەمن و ئێوەش شاعیرانی ئاوابوون لە ژان...)، ھەندێجار تێکەڵاوبوونی شتە جیاوازەکان، دەنگ و تیشکی جیاواز و واتای نوێ بەرھەم ناھێنێ، بەڵکو لە شوێنی خۆی پێ دەکوتێ، بۆ نموونە (ئەمن و ئێوەش شاعیرانی ئاوابوون لە ژان) دەمەوێ بڵێم جیاوازی واتای "ئاوابوون" ناتوانێ جولە بە دەنگ و جولە بە جوانی بکات، بە دیوەکەی دیکەش شێوانی مانای لێدەکەوێتەوە...


دەرئەنجام:


١- دەقگەرایی دەقی (کێشی ئەو شیعرەت بۆ نادۆزرێتەوە، بلوورێنە تکایە)ی (یوونسی رەزایی) بە گشتی نامۆیی لێدەکەوێتەوە... لە پەیوەندی ستوونی پڕشنگی ئاگامەندی ئەو نامۆیی و نائاشنابوونە چێژ و تیشکی دەلالەتی شیعری بەرھەم دەھێنێ، بەڵام لە پەیوەندی ئاسۆیی داڕشتنی جولەی مانای نائاشنا، وێنەی شێواو دەخاتەوە. بەڵام وەک دیارە مامەڵەکردن شاعیر لەگەڵ شێوازی داڕشتن ئەگەرچی لە رووکاردا ئاسۆیی دەنوێنێ، بەڵام بە ھۆی بەرھەمھێنانی وێنە شێواوەکانەوە لە ناوەوە ستوونی دەکەوێتەوە، وەک چۆن مەڵەکردن لەگەڵ چێژ و تیشکی دەلالەتی شیعری ستوونییە، ستوونی بوونی جولەی مانای نائاشنا و ستوونی بوونی تیشکی دەلالەتی شیعری شێوازی نوسینی شاعیر لە شێوازی ئەبستراکت نزیک دەکاتەوە.
٢- یوونسی رەزایی وێنەی شیعری بە قوربانی جولەی جوانی دەکات، بەڵام دوور لە قوڕسایی مەعریفە و گوتارخوازی، ھەمیشە بۆ پرکردنەوەی بۆشاییەکان پشت بە بیرکردنەوە و خەیاڵی خوێنەران دەبەستێت، نائاشنابوونی چێژ و تیشکی دەلالەتەکان و نائاشنابوونی دەنگی مانا و وێنەی شێواو ئاسۆیەکی تازەی چاوەڕوانی بۆ خوێنەران واڵا دەکات.
٣- خوێندنەوە و داڕشتنەوەی ئەو قەسیدەیە بە خەیاڵ و بیرکردنەوەی خوێنەران، ھەر تەنھا دەلالەت لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکان ناکات، بەڵکو لە لایەک دەلالەت لە فرە مانایی دەق و لەلایەکی دیکە دەلالەت لە بەرھەمھێنانەوەی داھێنانی خوێنەر لە ناو داھێنانی دەقدا دەکات.
___________________________
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
١- رۆژنامەی "ھیچ" ژ ٧، ١/١/٢٠١٧
٢- یوونسی رەزایی شاعیر و نوسەری بۆکانییە. لیسانسی لە تەکنۆلۆژیای پەروەردە و ماستەری لە زانستە سیاسییەکان وەرگرتووە.
٣- نائاشنابوون/نامۆبوون... لە وشەی (تغریب - اغتراب‏ expatriation)ی عەرەبیەوە نزیکە.
٤- ئاماژەیە بە گوتەکەی بیریار و فەیلەسوف تۆماس ھۆبز (١٥٨٨-١٦٧٩) کە دەڵێت: (ھەموو مرۆڤێک لە پێناو خۆیدا شەِر دەکات، بنچینەی کارەکانیشی خۆویستییە، بناغەی ھەڵسوکەوتەکانی ئارەزوویەتی لە سوود گەیاندن بە خۆی، ئەو خۆشەویستسەی بۆ ھاوسێیەکەشی ھەیەتی تەنھا فێڵکردنە لە فێڵەکانی خۆشەویستی خۆی).
٥- نوسەر و رەخنەگری رووسی فیکتۆر بۆریسۆفیچ شکلۆفسکی (١٨٩٣ - ١٩٨٤) پێیوایە شاعیر پێویستە ناوکۆیی باو تێکبشکێنێ و جیاوازی بونیاد بنێت، داڕشتنە باوەکان ھەڵوەشێنێتەوە ودەست بەسەر وەڵامە ئامادەکاندا بگرێت. شاعیر پێویستە پرسی جیاوازی بسازێنێ و خوێنەران بە دەرککردنی بەرزی شتەکان بگەیەنێت. شکلۆفسکی پرۆسە داھێنانی گواستنەوە لە باوەوە بۆ ناباو، بە ھونەر ناو دەبات.


١٠\٧\٢٠١٧ - ھەولێر
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک