پێویستە هەمومان هاودەنگ بین بەرامبەر هەر دەستدرێژیەک دەکرێتە سەرهەرێمی کوردستان.
ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی حیزبی دیموکراسیخوازانی کوردستان
بۆ نزیکەى سێ هەفتە دەبێت هەردوو دەوڵەتى تورکیاو ئێران بە پاساوى بوونى هێزەکانى (پەکەکە) و پەژاک دەستیان کردووە بەهەرەشەو گورەشەى لەشکرکێشى و بگرە لەوەش تێپەریوە و لەچەندین شوێنەوە بۆردومانى ئاسمانى و ئۆپەراسیۆن و تۆپبارانى ناوچە سنوریەکانى هەرێمى کوردستانى گرتۆتەوەو بەو هۆیەشەوە زیانێکى زۆرى گیانى و مادى لەهاوڵاتیانى سەر سنورەکان کەوتوەو خەڵکێکى زۆر ئاوارە بوون و ماڵ وحاڵى خۆیان جێهێشتووە . لەبەرامبەریشداحکومەتى عێراقى لەبەغداد چاوپۆشى کردوەو هەڵوێستێکى وەهاى دەرنەبڕیوە کەجێگاى سەرنج بێت..وتەنها دەزگاکانى ڕاگەیاندن هەڵساون بە گوێزانەوەى هەواڵەکان .. ئێمە لەحزبى دیموکراسیخوازانى کوردستان وێڕاى مەحکوم کردن و ئیدانەکردنى ئەو کارە دڕندانەیە داوا دەکەین لە هێزەکانى هاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتوەکان و وڵاتانى عەرەبى کەبێدەنگ نەبن و نەهێڵن هەرێمى کوردستان ببێتە شوێنى یەکلایى کردنەوەى حساباتى ئەم وڵات و ئەو وڵات لە گەڵ چەکدارەکانى(پهکهکه)..یاخود ئەمەریکاو هاوکێشەکانى وڵاتانى دەوروبەرى عێراق . کە زیاتر وێرانکردنی کوردستان مەبەستە لەم جۆرە گرفتانەدا نەک یەکلایى کردنەوەى کێشەکانى خۆیان . لەهەمان کاتدا ئەو کێشانەى ئەم دوو وڵاتە پەلامارى کوردستانیان لەسەر داوە پەیوەندى هەیە بەنەبونی دیموکراسیەت و عەقڵیەتى شۆڤێنیانەى حاکمی ئەو وڵاتانە و خراپ مامەڵە کردنیان لەگەڵ دۆزى ڕەواى گەلى کوردا ، نەک هەرێمى کوردستان کەبە هەڵە پێیان وایە مەترسیەکى گەورە یە بۆسەریان . باشترین چارەسەرى ئەم کێشانە ئەوەیە هەردوو وڵاتی دەستدرێژى کەر هەستن بەچارەسەرکردنێکى دیموکراتیانەى دۆزى ڕەواى گەلى کوردستان لە وڵاتەکەیاندا و لەڕێگاى دانوستان و دیالۆگەوە گرفتەکانیان چارەسەر بکەن نەک بەرێگاى لەشکرکێشى و کاولکردنى هەرێمى کوردستان بەبیانووى کۆتایى هێنان بەو هێزانە ، هەموان ئەو ڕاستیە دەزانین نە سەردەمەکە سەردەمى جارانەو نە توندو تیژى و جەنگیش ئەو مەسەلانە یەکلای دەکەنەوە .بۆیە جارێکى تریش ئێمەوەک حزبى دیموکراسیخوازانى کوردستان داوا لەجەماوەرى کوردستان دەکەین کەبەهەر شێوازێک بۆیان دەلوێ کاربکەن بۆ ڕووبەروبوونەوەى ئەودەستدرێژى و دەستێوەردانەى ئەو دوو وڵاتە و وەکو خۆشمان هەردەم ئامادەین سەربازێکى ماندو نەناس بین بۆ هەر قوربانیدان و ڕوبەڕوبوونەوەیەک بەرامبەر دوژمنەکانی هەرێمی کوردستان .. بۆیە ئێمە جارێکى تریش ئەو کارە نائینسانیانە ڕیسواو مەحکوم دەکەین ..
م . س حزبى دیموکراسیخوازانى کوردستان هەولێر 26/8/2007
|