١\٤\٢٠٢٣
پێویستە
لەسەرت نەخەوی.*

ئەرنۆلف
ئۆڤێرلاند |

و: جەلال
دهباغ |
شەوێکیان لە
خەوەکەم بە ئاگاهاتم،
لە خەون دیتنێکی زۆر سەیرم
دەنگێک دەدووا لەگەڵم
وەک لە بن ئاوی ژێرزەوی قوڵپ بدا.
هەستامە سەرپێ:
چیت لە من دەوێ؟
تۆ دەبێ
خەو لەچاوانت نەکەوێ!
پێویستە لەسەرت نەخەویت!
دەبێ تۆ خەیاڵ نەکەیت
خەو ببینیت.
من دوێنێ فەرمانی دادگاییم درا!
دوێنێ شەو لەناو گۆڕەپانەکەدا
داری سیدارە، هەڵخرا.
هەر سبەینێ، کاتژمێر پێنجی بەیانی
لەگەڵ خۆیاندا دەمبەن..
هەموو سەردابەکان پڕن
یەک لە دوای یەک ژێرزەمینی
ناو سوپاگەی سەربازەکان ڕیزکراون
ئێمەش بەڕیز ڕاکشاوین
لە ناو زیندانە ساردەکان.
چاوەڕوانی چارەنووسی خۆمان دەکەین،
لە ژێرخانە تاریکەکان
ڕاکشاوین داڕزاوین
نازانین بۆ ئێمە لێرەین
چاوەڕوانی چی دەکەین،
ناشزانین کێمان بانگ دەکرێ.
تووشی چارەنووسی دەبێ
ئێمە ناڵە و هاوارمانە- بەڵام کێ گوێی لە دەنگمانە؟
دەکرێ یارمەتیمان بدەن؟
ڕێی بینینمان بە کەس نادەن.
کەس نازانێ چیمان بەسەردێنن.
لەوەش زیاتر:
کەس ناتوانێ
باوەڕبکا
بەوەی رۆژانە لێرەدا
بەسەرمان دێ!
تۆ وا باوەڕدەکەی ئەمە ڕاستی نەبێ؟
ناشێ مرۆڤ تا ئەم ئاستە شەڕانیبێ!
هەندێ جاریش کەسانێک هەن
وەجاخزادەن!
دەی سا وانییە؟
برام دەبێ باش بزانیت
زۆر شتت ماوە فێری بیت!
گوتراوە: هەر ئاوا دەبێ
بڕیارێک بدەی پیویستبێ
بگاتە ئاستی قوربانی
بەخۆدانی بێ دەربەستی
ئیستاکەش وا بێهوودەیە، بێهوودە
خوێن دەڕژێت و بە بێ سوودە
لە جیهاندا فەرامۆش و بیرکراوین!
فێڵ لێکراوین!
ئەمشەو لەسەرتە، نەخەوتن
تێبینیت نابێ
لەسەر قەبارەی سوود و زیانبێ
وەکو پڕۆژەی بازرگانیبێ
لەسەرت پێویستە و دەبێ
نە ئەم نە ئەو بیانووەت بێ
تەنانەت هێندەی پێویستبێ هەتبێ.
مەڵێ: ئەوەی بەسەر ئەو هەژارانە دێ
دڵگیر و خەمناکە.. بەڵێ
کاتێک لە ماڵێکی گەرمدابی
نابێ قایلبیت خەڵکیتر زۆر و جەوریان لێبکرێ
بکەونەبەر
کار و کردەی نادادپەروەر
ئەگەرچی خۆت لێشی دووربی
پڕ بە دەنگم تا کۆتایی هەناسەکەم
هاوارئەکەم:
مافی تۆ نییە پشتی تێکەیت
ئەوەی روویدا لەبیربکەیت
لێیانخۆشنەبیت، ئەوان دەزانن چی دەکەن!
هەناسەی پشکۆی ڕق و شەڕ دەدەن!
چێژ لە کوشتن و بڕین وەردەگرن،
کە سەیری ناڵەی قوربانی دەکەن
حەزدەکەن دنیاکەمان ببینن
کە دەسوتێ!
لە دەریای خوێنا نوقوم دەکرێ.
ئایا کەوایە تۆ باوەڕ ناکەیت؟
تۆ لە ڕاستییدا هەستی پێدەکەیت!
تۆ چاک دەزانی منداڵانی ناو قوتابخانەکان
کراونە سەرباز،
کۆبوونەتەوە و لەسەر شەقام و گۆڕەپانەکان
هەر سروود دەڵێن
منداڵەکان ئازایەتی و پڕکێشییان
لە پەرستیاری فێڵبازانەی دایکانەوە وەرگرتووە
خۆ ئامادەدەکەن بۆ جەنگ بۆ بەرگری لە نیشتیمان.
تۆ دەزانیت کەسە نزمەکانن خەڵک فریودەدەن
هەر بە ناوی ئازایەتی و باوەڕداریی و شکۆمەندیی
تۆ دەزانی، منداڵ خەو بە پاڵەوانێتییەوە دەبینێ،
هەروا دەزانی، دەیەوێ شمشێر و ئاڵا راوەشێنێ!
پاشان لە بنمیچێکی پۆڵایینەوە دەرچێ
جارێکیتر بەسەر تەلی دڕکاویی ئاڵۆزدا هەڵاواسرێ
لە پێناو ڕەگەزی ئاریی هیتلەردا بۆگەنبکا!
تۆ دەزانی، ئەمە بیروڕا و ئامانجی پیاوەکەیە!
من هەستم بەم بۆچوونانە نەکردبوو.
ئێستاش تازە کات بەسەرچوو.
شایانی ئەم سزایەم. فەرمانێکی دادپەروەرانەیە بۆ من.
باوەڕم بە پێشکەوتن هەبوو، باوەڕم بە ئاشتی هێنابوو،
بە کار، بە هاوکاریی، بە خۆشەویستیی!
بەڵام ئەوەی نایەوێ لەگەڵ خەڵکا بمرێ
با بە تەنیا لەگەڵ جەلاد بەختی خۆی تاقیکاتەوە!
لە تاریکییدا دەقیژێنم - ئۆف، نابیستن!
تەنیا تاقە شتێک هەیە، کاری لە پێناودا بکرێ:
یارمەتیی خۆت بدە چونکە هەردوو دەستت ئازادە!
وا ئەوروپا دەسووتێ! منداڵەکانتان رزگارکەن!
جلەکانم لەبەرکردووە. زۆر سەرمایە و هەڵدەلەرزم
لە دەرەوە ئەستێرەکان دەجریوێنن.
لە رۆژهەڵات تەنیا داوێک زۆر لەسەرخۆ دەسووتێ.
گریمان، هەمان دەنگ لە خەونەکەدا:
ئەمڕۆ لەودیو لێواری زەوییەوە
پەڵەیەکی سووری خوێن و ئاگر بەرزبۆوە
دڵەڕاوکێ ئەوەندە زۆرتر زیادی کرد
تا گەیشتە ئاستی هەناسەبڕکێ؟
وەک ئەوەی ئەستێرەکان بەستووبن!
بیرم کردەوە: ئێستا شتێک ڕوودەدات -
کاتەکەمان تەواو بوو -
وا ئەوروپا دەسوتێ!
_________________________________________________
*
وەرگێڕانی لە
نەرویژییەوە بۆ عەرەبی:
سوهەیل زەهاوی.
کورتەیەک لە ژیانی شاعیری نەرویژی ئەرنولف
ئۆڤێرلاند:
ئەرنۆلف ئۆڤێرلاند (١٨٨٩- ١٩٦٨) لە شاری کریستین
سوند لە کەناری دەریای باکوور لەدایکبووە. نووسەرەو شاعیرەو بەشداریی
لە بەرەوپێشبردنی زمانی نەرویژیدا کردووە. ئەرنۆلف ئۆڤێرلاند تا کۆتایی
دووەمین شەڕی جیهان لە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی نەرویژدا کاری کردووە.
کەسایەتییەکی چالاکبووە لە رێکخراوی (بزاڤی بەرگری ئەمڕۆ) کە
رێکخراوێکی ئایدیۆلۆژی سیاسیی کۆمونیست بووە. ئۆڤێرلاند شارەزابوو لە
جوڵانەوە سیاسییەکانی ئەوروپا لەنێوان هەردوو جەنگی دووەمی جیهان و
سەرکەوتنی فاشیزمی ئەڵمانی و دەسەڵاتگرتنە دەست لە ساڵی ١٩٣٣داو
ڕێوشوێنی سەرکوتانەوەکە نازیستەکان لە ئەڵمانیای هێتلەریدا
پەیڕەویانکردو، پێشبینی ئەو مەترسیانەی کردبوو سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی
کاریگەرییەکەی لە هەموو لایەکی ئەوروپادا. ئۆڤیرلاندی شاعرلە ساڵی ١٩٣٦دا
ئەو شیعرەی نووسیبوو بە سەردیڕی (لەسەرت پێویستە کە نەخەوی) کە ساڵی
١٩٣٧ بڵاوکرایەوە، واتە پێش ڕوودانی دووەمین شەڕی جیهان بە دووساڵ،
ئەمە لە کۆمەڵە شیعرێکیدا بەسەردێڕی (ئاڵای سوور) بڵاوکراوەتەوە.
ئۆڤێرلاند پێش دوو ساڵ لە ڕوودانی جەنگەکە پێشبینی کردبوو کە شتێکی زۆر
خراپ خەریکە رووبدات. شیعرەکەی وەکو چەکێک لە دژی فاشیزم بەکارهێنابوو
بۆ هوشیارکردنەوەی هاوڵاتییە نەرویژییەکان و خۆدوورخستنەوە لەو کڵۆڵی و
کوێرەوەرییانەی دواتر روودەدەن و ویستیشی وێنەیەکی ڕاستەقینەی فاشیزمی
ئەڵمانی بخاتە بەرچاو. هەروا گەلی نەرویژ لەخەوتن و ساویلکەیی و بێباکی
بەئاگابێنێت و، هەڵوستێکی دژە جەنگ و فاشیزم بگیرێتە بەرو بەرپرسی
بگیرێتە ئەستۆ، داواش لە گەلی نەرویژ دەکات بۆ تێکۆشان لە دژی
ژێرپێخستنی مافەکانی مرۆڤ ئەگەرچی لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکەت بێ بۆ
رزگارکردنی جیهان لە کارەساتێکی زۆر مەزن. هەروا ئۆڤێرلاند پەیامبەری
ئاشتی وکار و یەکێتی و خۆشەویستی و هاوکاریی نێوانیان بوو. ئەم شیعرە
لەوکاتەوە بۆتە پەیکەرێکی یادەوەریی تێکۆشان دژی هەڕەشەکانی نازیزم لە
ساڵانی سییەکاندا و زۆر شیعری دیکەی شۆڕشگێڕانەی نووسیووە بۆ هاندانی
گەلی نەرویژ دژی مەترسییەکان و پیلانەکانی نازیزم، کاتێک ئەڵمانیای
هێتلەریی نازیزم نەرویژی داگیرکرد ئۆفێرلاندیش لە لایەن فاشیزمی
ئەڵمانیاوە دەستگیرکراو خرایە زیندانی تاقەکەسی و، لە ساڵی ١٩٤١دا
کۆمەڵە شیعرێکی نووسی بە سەردێڕی شەقامی ئاشەکان و لەسەر کاغەزی توالێت
گەیاندیە دەرەوەی بەندیخانە. ساڵی ١٩٤٣ئۆفێرلاند نێردرا بۆ سوپاگەی
گرتوخانەی ئەڵمانی (زاکسینهاوزن)، تا لە کۆتایی دووەمین جەنگی جیهاندا
ئازادکراو، هەموو شێوازێکی داپڵۆسین کە بەرانبەری پەیڕەوکران ورەیان
شلۆق نەکردو بەڵکو زۆرتر سووربوو لەسەر بەرگریکردن و، لە ناو
زیندانەکانی ئەڵمانیای نازیدا چەندان شیعری تازەی نووسی و دیلەکانی
هاندەدا بۆ نەبەزین. حکومەتی نەرویژ مەدالیای پاڵەوانی نەتەوەیی
نەرویژی پێ بەخشی.
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|