٤\٣\٢٠١٦
پێویستە پەند لە
رژێمە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە وەربگرین.

ئێڤار ئیبراھیم
ئەگەر سەیری مێژووی نەتەوەکان بکەین دەبینین زۆرێک لە رووداو و یان
رێکەوتی گرینگی مێژووی ھەن کە قۆناغەکانی ئەو نەتەوانەیان گواستۆتە بۆ
قۆناغێکی جیاوازتر لە قۆناغەکانی پێشخۆیان، ھەر وەک ئەو رووداو و
رێکەوتانەش بونەتە پەند بۆ ئەو میللەت و دەسەڵاتە ستەمکارە یەک لەدوای
یەکەکان.
راپەرینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ خەڵکی رزگاری خوازی کوردستان، خالی
وەرچەرخانی مەزن بوو لە مێژووی میللەتێک لە باشوور لە سەدەی بیستەم کە
لە دژی زوڵم و ستەمی زۆرداری و داگیرکاری دڕندەترین رژێمی ناوچەکە
راپەڕین کە ئەوەش نیشانەی گەلێکی زیندوە لە قبوڵ نەکردنی ژێردەستەی ،
سەلمێنرا کە لە ھیچ رژێمێکی دیکتاتۆری قبوڵ ناکات زۆڵم و ستەم و نادادی
بەسەردا بسەپێنێت چونکە درەنگ یان زوو گەل بە راپەڕین و روخانی تەختی
دەسەڵاتەکەی بێت یان ھەڵگەڕانەوەی جەماوەری بە شێوەیەکی مەدەنیانە و
شارستانیانە یان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان بێت ئەگەر زۆریش بە ھێز بێت
وەڵامی دەداتەوە.
لە رابردوودا روخانی تەختی زۆرێک لە رژێمە دیکتاتۆرە یەک لە دوای
یەکەکانمان لە رۆژھەتی ناویندا بینی ( سەدام حوسین لە عێراق ، حوسنی
موبارەک لە میسر+ قەزافی لە لیبیا ) ھەرچەندە دوای نەمانی ئەوانەش
کاولکاری و ماڵوێرانی رووی لە بەشێک لەو وڵاتانە کردوە و ھێشتا ھەروا
ماوەتەوە، بەڵام پێویستە دەسەڵاتە ستەمکار و گەندەڵ و نادادپەروەرەکان
و ئەوانەی رەفتارەکانیان لەو رژێمانە دەچن و بۆ مانەوەی خۆیان دووبارەی
دەکەنەوە، پێویستە پەند و ئامۆژگارییان لێوەرگرن، چونکە ئەگەر ئاوڕێک
لە رابردووی خۆیان نەدەنەوە بەو شێوەیە درێژە بە دەسەڵاتەکانی خۆیان
بدەن و خۆیان چاک نەکەن ئەوا ھەموو کات نزیکە چارەنوسیان وەک چارەنوسی
ئەو رژێمانە باشتر نابێت و گەل سزایان دەدات، ( مەرج نیە کە کۆتای ھەر
رژێمێک بە راپەڕین و کودەتا وشۆڕشی چەکداری بێت، چونکە خوای گەورە بۆ
کۆتای دەسەڵاتەکەی نەمرود مێشولەیەکی ناردە ناو کەلەی سەری زاڵم واتە
مێشولەیەکی بەسیت بوە ھۆی کۆتایھاتنی نەمرود، صدام حوسێنیش دوای زیاتر
لە ٣٠ ساڵ حكومرانى خرایە ژێر پەتی سێدارە).
راپەڕن وقۆناغەکانی دوای ٥ ی ٣ لە زۆر روەوە دەرفەتی دەستبیکی زێڕین
بوو بۆ کورد، تا بتوانێت ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و بە تەواوی بکەوێتە
سەر پێی خۆی رزگاری بێت لە رژێمە دەرەکیە داگیرکەرەکان، ئەو کات
دەسەڵات بەدەستانی کورد بە سانای دەیانتوانی کیانێکی سیاسی سەربەخۆی
خۆیان بۆ کورد رابگەیەنن و خەونی میللەتێک بە دی بھێنن، ھەروەھا
گەڕاندنەوەی بەشێکی زۆری خاکی وڵات و ناوچە دابڕاوەکانی ژێر دەستی بەعس
، بەڵام نەکرا، ئێستا دوای چەندین ساڵ کورد دەیەوێت ئەو ناوچانە
بگەڕێنێتەوە، بەڵام نەک نەیانتوانی ئەمانە و زۆر شتی تر وەکو بە
دیھێنانی ئامانجەکان و ھۆکارەکانی راپەڕین جێبەجێ بکەن، بەڵکو دوای
ماوەیەکی کەم راپەڕین دوو ئیدارەی و شەڕی براکوژیان دروست کرد، دوای
ئەو ماوەیەش میللەتیان توشی قەیرانگەلێک کردوە و لە بری خۆشگوزەرانی و
ئاوەدانی سیاسیەتی بە کۆمەڵ برسیکردنی کۆمەڵگایان گرتۆتەبەر.
حکومەت و پەرلەمان دەستکەوتی راپەڕینن، بەڵام دوای ٢٥ ساڵ لە حکومڕانی
خۆماڵی ئەوانەی کە بەشداری راپەڕینیان کرد بە ھۆی خراپی حکومڕانی و
بەکارھێنانی دەسەڵات لە بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی خۆیان ھەموو ساڵێک
لەو یادەدا خۆیان لەراپەڕین دەترسن ، پەرلەمان کە شەرعیترین دام و
دەزگای ھەڵبژێردوای خەڵکە بە بڕیارێکی حیزبی پەکخراوە، حکومەتیش دوای ٨
کابینە شکست لە دوای شتکستی بەرھەم ھێناوە.
باشترین کارێک بۆ روو ڕوونەوەی تەواوی ئەو گرفتانەی ٢٥ ساڵی رابردوو
ئەنجامدانی چاکسازی ریشەیە لەسەر جەم سێکتەرەکاندا، پێشم وایە پشگوێ
خستن و دواکەوتنی چاکسازیش کارێکی ترسناکە و دوور نیە لە داھاتوودا
ھەرێمەکەمان نەخاتە بەردەم مەترسیەکی نەخوازراو.
٤\٣\٢٠١٦
evaribrahem.parlaman@yahoo.com
|