په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٩\٢٠١٣

پێویستە پشتیوانیی لە رۆژئاواى کوردستان و ئاوارەکانیان بکەین.

 


راگەیاندراوى هاوبەشى رێکخراوە مەدەنییەکانى کوردستان لە بارەى دۆخى نالەبارى هاووڵاتییە ئاوارەکانى رۆژئاواى کوردستان لە وڵاتە دراوسێکانیاندا. قەیرانى کەمیى خۆراک و دەرمان بۆ ئەو هاووڵاتییانە، کە هێشتا ئاوارەى وڵاتانى دراوسێ نەبوون بووەتە مەترسییەک بۆ سەر ژیانیان.


لە ئێستادا رۆژانە بارودۆخى ژیان و گوزەرانى ئاوارەکانى رۆژئاواى کوردستان لە وڵاتانى دراوسێیاندا بووەتە باسى ناو میدیا جیهانییەکان. هەمومان لەوەش ئاگادارین، ئەو دۆخە تاقەت پڕوکێنە لەرووى ئاسایش و ئابوورییەوە هەڕەشە لە سەر ژیانى پەنابەرانى ئەو بەشەى وڵاتەکەمان دەکات.


چەندینجار لە رێگەى مانگى سوورى کوردستانەوە، کە رێکخراوێکى فریاگوزارییە و هاوکاریى لێقەوماوانى کوردستان دەکات، لەبارەى بارودۆخى خراپ و مەترسییەکانى ژیانى ئەو هاووڵاتییانە، کە هێشتا لەناوچەکانى رۆژئاواى کوردستاندا ژیان بەسەر دەبن راپۆرت بڵاوکراوەتەوە. هاوکات ریکخراوەکانى بوارى مافى مرۆڤ چەندین راپۆرتیان لەو بارەیەوە بڵاوکردوەتەوە، کە تێکڕاى هەواڵ و راپۆرتەکان ئاماژە بە کەمیى خۆراک و دەرمان بە شێوەیەکى مەترسیدار دەکەن. بۆیە ئێمە وەک رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و مەدەنى بە خستنەڕووى ئەو خاڵانەى خوارەوە داوا لە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمیسیاریاى باڵاى پەنابەرانى نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەین:


١- وڵاتانى دراوسێى سوریە و بەتایبەت حکومەتى هەرێمى کوردستان بە زوترین کات گەمارۆى ئابوورى و خۆراک و دەرمان لەسەر رۆژئاواى کوردستان هەڵبگرێت.


٢- تێکڕاى ئەو کەسانە، کە بەهۆى نەخۆشى و زیانەکانى جەنگ بەشێوەیەک لە شێوەکان ژیانیان لە مەترسیدایە رێگاى هاتنیان بۆ وڵاتانى دراوسێ پێبدرێت و بەپێى یاسا مرۆییەکان هاوکارییان بکرێت.


٢- داوا لە کۆمیسیاریاى باڵاى پەنابەرانى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەین، کە بەپێى یاسا و کۆنڤانسیۆنەکانى ساڵى (١٩٥١) و رێکەوتننامەى ساڵى (١٩٦٧)، کە بە بنەماى کارکردنى ئەو رێکخراوە دەناسرێت ئەرکەکانى بە جێبهێنێت و هاوکاریى مرۆیش بەپێى یاساى نێودەوڵەتى بە پەنابەران بگەیەنێت. هەروەها رێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان بەپرسیاریەتیى سەرەکیى لەبوارى دابینکردنى پێداویستییەکانى ژیان و نیشتەجێکردنى ئاوارەکان لە وڵاتە دراوسێکانى سوریادا لە ئەستۆ بگرێت و پەنابەران بخاتە ژێر چەترى مرۆدۆستانەى رێکخراوەکەیانەوە.


٤- بەپێى هەواڵى بڵاوکراوە لە میدیاکاندا پەنابەران کەوتونەتە بۆسەى تۆڕەکانى قاچاخچێتیى مرۆڤەوە، کە لەو نێوەدا ژنان و منداڵان بوونەتە قوربانیى سەرەکیى ئەو تۆڕە مافیایانە و ئەوەش پێشێلکردنى پێوانەکانى مافى مرۆڤە. بۆیە دابینکردنى دۆخێکى لەبار و تەندروست و دابینکردنى ئاسایشى پەنابەران لە رووى ئەخلاقى و بەرپرسیاریەتى مرۆییەوە لەو وڵاتانە، کە پەنابەرەکان روویان تێدەکەن پێویستە بەخێرایى بچێتە بوارى جێبەجێکردن و حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەرکەکانیان بەرامبەر بە پەنابەران بە جێبهێنن. هەروەها پێویستە ژنان و منداڵان بە پێى بڕیارى (١٣٢٥)ى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتوەکان پارێزراو بن.


٥- داواش لە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەین لەناوچە ئارامەکانى رۆژئاواى کوردستان (لەناو خاکى سوریادا) کەمپ بۆ نیشتەجێکردنى پەنابەران بکرێتەوە تاوەکو لەئەگەرى رەخسانى هەر دەرفەتێکدا پەنابەران بتوانن بەخێرایى بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان لە وڵاتەکەیاندا.


٦- رێگاى هاتوچۆکردن بۆ رۆژئاواى کوردستان بۆ رێکخراوە مەدەنییەکان و بوارى مافى مرۆڤ دەستەبەر بکرێت. هاوکات رێگاى هاتۆچۆش بۆ تێکڕاى رێکخراوەکانى بوارى مرۆیى و بە تایبەتى رێکخراوى پزیشکانى بێسنور بەشێوەیەکى ئاسایى کراوە بێت تاوەکو بتوانن بە ئاسانى هاتوچۆ بکەن و ئەرکە مرۆدۆستانەکانیان لەو بەشەى کوردستاندا بە جێبهێنن، چونکە رۆژئاواى کوردستان یەکێکە لە چوارپارچەکەى کوردستان، کە لەنێوان وڵاتانى سوریا، عیراق، ئێران و تورکیادا دابەشکراوە.

١. کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد لە ئوروپا
٢. رێکخراوی دەستپێشخەرێی کۆمەڵی مەدەنی
٣. کۆمپانیای ئاوێنە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە
٤. رێکخراوی دەنگی پیران و خێزان
٥. رێکخراوی ئەوروپی میزۆپۆتامی
٦. گەنجێن کورد بۆ گوھرتین
٧. کۆمەڵەی رۆشنبیریی میزۆپۆتامیا
٨. رێکخراوی پەرەپێدانی پەروەردەیی
٩. گروپی چرا
١٠. مافـی ژنـی کـورد
١١. کەمپەینی بەرگری لە بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی
١٢. فیدراسیۆنی زیندانیان سیاسی کوردستان
١٣. ناوەندی باڵای زەردەشتیان کوردستان
١٤. ئەنجومەنی ژنانی ئازەر مێھر
١٥. کۆمیتەی دیفاع لە مافی گەلەکان ئیرانی
١٦. رێکخراوی ھاوار بۆ مافەکانی پەنابەرانی کورد - سوریە
١٧. رێکخراوی شیرین
١٨. ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتژییەکانی کوردستان
١٩. کوردۆساید واچ - چاک سوید
٢٠. ھۆزەی زەردەشتیان کوردستان
٢١. ڕێکخراوی نەھێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان ئۆڕتە

ئەم راگەیاندنەمان ناردووە بۆ:


رێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان
کۆمیسیاریاى باڵاى پەنابەرانى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتوەکان
حکومەتى هەرێمى کوردستان
یەکێتیی ئەورووپا
وزارەتی دەرۆەی سۆئد
وزارەتی دەرۆەی ئالمان
وزارەتی دەرۆەی بریتانیا
وزارەتی دەرۆەی فەرانسە
وزارەتی دەرۆەی ئامریکا
وزارەتی دەرۆەی یەمەن
وزارەتی دەرۆەی لۆبنان
وزارەتی دەرۆەی تۆرکیە

 

١٣\٩\٢٠١٣

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک