په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٤\٢٠١٤

پەیامێک بۆ هەموو یەکسانیخوازان لە کوردستان و دەرەوەی وڵات.


لاوژە ماهیە       

ژنان، پیاوانی یەکسانیخواز..
ئەی ئەوانەی دڵتان بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان لێدەدا..

لە سایەی دەسەڵاتی ئێستادا، ماوه‌ی ٢٣ ساڵە کوردستان بۆتە شوێنێکی نائارام بۆ ژنان، لە کوردستان و عێراق ژیان و ئاسایشی نیوەی کۆمەڵگا تەنها بە هۆی ژنبوونیانەوە لە مەترسیدایە. دەسەڵاتداریەتی ئەم وڵاتە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک حیزبی ناسیۆنالیست و دینیی و خێڵەکی، بۆیە بارودۆخی ژنان رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاماری تیرۆری ژنان دەچێتە سەرەوە، ئەنفالی شێنەیی ژنان لەم وڵاتە بەڕێوەیە. یاری ئەم حیزبانە هەر لەسەرەتای دەسەڵاتیانەوە تیرۆرو ڕەشەکوژی بووە بۆ ژنان، یەکێک لە ئەرکەکانیان کە بە باشیی و دڵسۆزانە جێبەجێیان کردووە، پەرەدان بە کۆنەپەرستی و ئیسلامی سیاسیی بووە، لە هەمانکاتدا تا پێیانکرابێت یەکسانیخوازی و ئازادیخوازیان سەرکوت کردووە، ڕێگاخۆشکەری بڵندگۆی مزگەوتەکان بوون بۆ هەڕەشە و فتوای کۆنەپەرستانە لە دژی هەر هەنگاوێکی پێشکەوتوخوازانە و سەرجەم ڕابەرانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی.


لە ئاکامی هەڵخڕاندنی هەست و نەستی کۆنەپەرستانە، لە ژێر دەسەڵاتداریەتی ئەوان ژنان ئەتک ده‌کرێن ‌بەلوت بڕین و دەیان شێوازی نەخوازراو و دەڕندانەی تر، دوعاکان لە پێش چاوی دامودەزگاکانی ئاسایش و پۆلیسی ئەوان بەردباران کران، لە وەڵام بە داوا ڕەواکانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، جارێکی تر یاسای کۆنەپەرستانەی فرەژنییان لە پەرلەمان پەسەندکرد.


ئەوان لە ٢٣ ساڵی ڕابردودا چەند جارێک خەڵکیان خۆشخەیاڵکردوەو پەنجەیان مۆرکردوون و بردویاننه‌ته‌ پای سندوقەکانی دەنگدان، خەڵکیش بە ئومێد بە بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر، بەڕێژەیەکی بەرچاو بەشداریان کردووە. هەمێشە لەکاتی بانگێشەی هەڵبژاردنەکان کۆمەڵێک بەڵێنی بریقەداریان داوە بە خەڵک، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا کە بەشێک له‌هێزە میللی و مەزهەبیەکان، میکیاجەکانی خۆیان گۆڕیوە و بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە و سواری ناڕەزایەتیە رەوایەکانی خەڵکی کوردستان بوون.


بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئێستا، جارێکی تر کۆنەپەرەستبوون و پیاوسالاربوونی سەرجەم حیزبەکانی پەرلمانی کوردستانی بە ئاشکرا خستە ڕو، هیچکام لەم حیزبانە تەنانەت وەک بەڵێن و لافی کەش و هەوای هەڵبژاردنیش باسی دۆخی ژنانیان نەکردووە، لە کاتێکدا یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی کوردستان کە زۆرترین قوربانی لێکەوتووەتەوە، نالەباری دۆخی ژنان و توندوتیژیی بووە لە دژی ژنان. ئه‌وەتا ئەو هێزەی کە بە پێی لاف لێدانی پێنج ساڵی ڕابردوو، بڕیار بوو چاکسازی بکات ، به‌ڵام وادیارە بەڵێنەکانیان سەبارەت بە کێشەکانی ژنان تەنها هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی کە ژنان لەچوارچێوەی چوار دیواری ماڵ ببەستنەوە بەناوی مافی کەیبانوی ماڵ، وە چەقبەستنیان لەسەر سەوابتی ئیسلامی، واتا تەئکیدکردنەوە لەسەر سەپاندنی یاساکانی ئیسلام و کۆیلەیی و پلە دوویی ژنان.

 

ئەگەر ئێمە هەر ئێستا سەیرێکی بانگشەو هاتوهاواری ئەم هەڵبژاردنە بکەین دەبینین، سەرباری ئەو بارودۆخە خراپەی ژنانی عیراق هەیانە هیچ کامێکیان لە بەرنامەی چوارساڵی داهاتویان جوولە و بەشێک لە کاریان نەبووەتە کێشەکانی ژنان، کەس باسی کێشە سەرەکیەکانی ژنان، ئەو دۆزەخەکەی کە دین و داب و نەریت کردویەتە لەنێوبەری ژیانی ژنان، ناکات. هیچ کەس باسی جیایی دین لە دەولەت ناکات، هیچ کامیان باس لە بەرەنگاربوونەوەی پڕۆژە یاسای کۆنەپەرستانەی جەعفەری کە شەرعیەت بە هاوسەرگیریی منداڵی تەمەن ٨ ساڵ و ٩ ساڵ دەدات و دژی هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤە ناکەن، هیچ کەس لەبیری ئەم هەموو ژن و منداڵە نییە کە لە عیراقدا ڕۆژانە بە هۆی نەبوونی ئەمنیەت و دابینەبوونی ژیانیان دەکەونە داوی باندە مرۆکوژەکان. زۆر باس لە گرنگی کەرکوک و کوردستانی بوونی دەکەن، بەڵام کەس باس لەوە ناکات کە ژنان لە کەرکوکدا لە خراپترین بارودۆخدان و لاشەکانیان بە لەتوپەتکراوی دەدۆزرێتەوە، کەس باس لەوە ناکات کە تەنها لە ساڵی ٢٠١٣ دا ٦٥ ژن بە هۆی سوتانەوە گیانیان لەدەستداوە، کەس باس لەم ڕێژە زۆرەی کوشتنی ژنان ناکات کە لەناو کوردزمانەکانی کەرکوک دا ڕودەدات. کەس باس لە یاسای ژمارە ٤٠٩ی سزادانی عیراق ناکات کە دادگا بە پاساو ژن کوژان ئازاد دەکا.


له ‌هەرێمی کوردستاندا ژن کوشتن تاوانە بەڵام سزادەرانی دەستگیرناکرێن یاخود بە یاسای لێبووردنی گشتیی ئازاد دەکرێن. کەسیان ناڵێت کاردەکەم بۆ هەڵوەشانەوەی یاسای کۆنەپەرستانەی فرەژنیی. ئەمانە تەنانەت لە بانگێشەی هەڵبژاردنیشیان باس لە بارودۆخی ژنان ناکەن و بۆ بانگێشەش ئامادەنین قسە لەسەر بارودۆخی ژنان بکەن، ئه‌مه‌ش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم لایەنانە لە ڕیشەو پیاوسالارن و باوەڕیان بە یەکسانیی ژن و پیاو نییە.


پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان و ئاسایشی شارەکان کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانە، بەڵام ئەوەی باسی ناکرێت پلانە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیی و تیرۆر و گێچەڵی سێکسیی شوێنی کارە بە ژنان.


زۆر جار ئەم لایەنانە باس لەوە دەکەن کە ژمارە و ڕێژەیەک ژنانمان لە حیزبەکەمان هەیە، من پێیان دەڵێم ئەگەر حیزبێک لە بنەڕەتەوە پیاوسالار و دژە ژن بێت ئەگەر هەموو ئەندامەکانیشی ژن بێ چی لە بابەتەکە دەگۆڕێ؟


ئازادیخواز و یەکسانیخوازان، نابێت چاوەڕێبن ئەم حیزبە بورژوا ناسیونالیست و دینییانە یەک هەنگاو بارودۆخی ژنان بەرەو باشیی ببەن. ئێمە دەبێت بەرەنگاری ئەم دەسەڵاتە بینەوەو پێش بە ئەم گاڵتەجارییە کە ناوی هەڵبژاردنە بگرین، با هێزی خۆمان یەکگرتوو بکەین و لە دەوری ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆمان ، لە دەوری سیاسەتی ڕۆشن و بەرژەوندی ژنان کۆببینەوە، با بوەستینەوە و ڕێگا نەدەین، چیتر بەدەنگی ئێمە شەرعیەت بەم دەسەڵاتە ژنکوژە بده‌نه‌وه‌، بە دەنگەکانمان تەمەنی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە و پیاوسالارانەیان درێژنەکەنەوە. با بەو دروشمەی کە لە ١٧ی شوبات بەرزکرایەوە " ئازادی یەکسانی، دروشمی هەمومانی" جارێکی تر بێینەوە مەیدان، هەرچەندە تەنها لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیدا ژنان دەتوانن ئازاد و یەکسانبن، بەڵام بە هێزی یەکگرتوو ڕێکخراومان دەتوانین زۆر لە داواکاریەکانمان بسەپێنین..

 

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک