په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١١\٢٠١٦

پەیامەکەی بارزانی،‌
رێکخستنەوەی ''ماڵی کورد'' و پێویستیی پەرەسەندنی خەباتی چینایەتی.

حەمە غەفور     

ڕێکخستنەوەی "ناو ماڵی کورد".

لە هەڵوێست و پێگەی بەهێزییەوە، مەسعود بارزانی لە پەیامەکەی‌دا، کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠نۆڤەمبەر٢٠١٦ بڵاوبۆتەوە، قسە و شێوازی چارەسەری خۆی بۆ گرفت و کێشەکانی ناوخۆی هەرێم بە شێوەیەکی هەڕەشەئامێز ئاراستەی کۆمەڵگا و ڕای گشتی و حزبەکان دەکات. هەڕەشەکان ڕووی لە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دەڤەری سلێمانییە، بانگەوازەکەشی بۆ حزبانەکانە. ئامانجێکی سەرەکی پەیامەکەی ڕووی لە هاوچینەکانی خۆیەتی لە بۆرژوازی نەتەوەیی و ئیسلامیی هەرێمی کوردستان و بە حزبەکانیان دەڵێت؛ ئەگەر ئێوە بە کردەوە دەتانەوێت چارەسەری ناکۆکی و قەیرانی سیاسی بکرێت، ئەگەر بە شێوەی واقعی خوازیارن "ئاژاوەی ناو ماڵی کورد"، کە هێمایە بۆ ناڕێکیی و پەرش و بڵاوی چینی سەرمایەدارانی کورد، کۆتایی پێ بێت، وە یەکڕیزییەکی مەحکەم و بەهێز لە نێوماندا بێتەدی وەکو بۆرژوازی قەومی و ئیسلامی کوردستانی عێراق، ئەوا پێویستە هەموو لایەکتان بێنە ژێر ڕکێفی من و ڕابەرایەتی سیاسی من قبوڵکەن تا ئەم کارە ئەنجامبدەین.

بارزانی زمنییەن ئەم هەژموونی خوازییە بە مەرج و هەنگاوی یەکەمی ڕێگای چارەسەر بۆ داڕشتنی ستڕاتیژێکی سیاسی دروست و عەقڵانی دائەنێت، تا هەمئاهەنگیی و سازگاریی نێو چینی بۆرژوازی کوردی بە گشتی بەرقەرار بکرێت بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی هەموو تەحەداکان. چ تەحەدای دوای شەڕی موسڵ و ناوچە جێ ناکۆکییەکان و کێشەکانی دیکەیان سەبارەت بودجە و ..تد لەگەڵ بەغدا، چ تەحەدایان بۆ وەڵامدانەوەی چینایەتییان بە ڕەوشی ناوخۆی هەرێم و کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکان و سازماندانەوەی زەمینەکانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری.

بارزانی دەیەوێت بەدوای تەحقیق بوونی ئەو دوو خاڵەی سەرەوەدا، کۆبوونەوەی ڕاشکاوانە و شەفاف لەسەر مێزی گفتوگۆ دەستپێبکرێت بۆ ڕێکەوتن لەسەر ئەم خاڵە سەرەکییانەی دیاریی کردوون: یەکەم، دەڵێت، پارلەمان کارابکەینەوە بەوەی سەرۆکایەتییەکی تازەی بۆ هەڵبژێردرێت، وەکو هێما نەک تەنها بۆ ڕەتکردنەوەی تەواوی گلەیی و گازەندەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و کردنەوەی هەموو گوریسەکانی ئەو حزبە بە خوری، بەڵکو بۆ بەتاک خستنەوەی لەنێو مەیدانی سیاسەتی کوردستاندا. دووەم، حزبەکان لەسەر دامەزراندنی حکومەتێکی نوێ ڕێکبکەوین، سێیەم، کەسێکیش کاندید بکەن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم تا کاتی هەڵبژاردنی داهاتوو. درێژەی ووتارەکەم لەبارەی ئەم سێ خاڵەوە دەکەوێتە کۆتاییەوە.

بە خستنەڕووی ئەم سێ خاڵە حەیاتییە بۆ ڕێکەوتنی لایەنەکان، بارزانی بەشێوەی واقعی جارێکی دیکە لە هەوڵی ئەوەدایە هەموو ناوەندە سەرەکیەکانی بڕیاردان و دەسەڵات ببەستێتەوە بە هەولێری پایتەختەوە، هەروەها کاراکردنەوەشیان هەر لە هەولێر دەبێت لە بن دەستی خۆیدا. هەولێر کە ناوەندی هەژموون و دەسەڵاتی بێ ڕکابەری حزبەکەی بارزانییە و بێگومان دوای دەورەیەک لە پەککەوتنیان، کە بەکردەوە ئۆباڵەکەی خستۆتە گەردنی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆیە لێرە بەدواوە ئاسانتر و باشتر دەتوانێت هەیمەنەی خۆی هەم بەسەر حزبەکانەوەو هەم بەسەر هەر سێ ئۆرگانە سیادییەکەوە جێبەجێبکات. ئەگەر سەرنجبدەین هەر ئێستا کە پارلەمان قفڵدراوە و حکومەت بەکردەوە ڕۆڵێکی بەرچاوی نییە، دەبینین کەناڵەکانی پەیوەندی سیاسی و دبلۆماسی و تەنانەت ئابووری و بازرگانی و فەرهەنگیش وەکو حکومەت و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی تەواو لەلایەن پارتی خۆیەوە ئەنجامئەدرێت. ئەمەش پێگە بەهێزەکەی پارتییە کە زلهێزەکانی جیهان بەجۆرێک لە جۆرەکان بە ڕەسمی ناسیویانە و مامەڵەشی لەگەڵدا دەکەن. وە بۆ ڕای گشتی و حزبەکانی تریش بۆتە ئەمری واقع و فەرزبووە بەسەریاندا. بۆیە بارزانی بێمنەتانە پەیامەکەی ڕاگەیاندووە و حزبەکانیش بە هەڵەداوان ڕایانکردووە بە پیرییەوە.

وەڵامی بارزانی بۆ ناڕەزایەتییەکان.


لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری، سەرەتا بارزانی هەوڵئەدات هەستی ڕاسیستی و دژەئاوارەو دژە عەرەب بوورووژێنێ و ڕێگا خۆشکات بۆ بانگەشەی نامرۆڤانە دژی ئاوارەکان، هەتا بەشێکی گرفتەکان بخاتە ئەستۆی ئاوارەکان و دوژمنایەتی بهێنێتەئاراوە، وەکو لەم قسەیەیدا هاتووە؛ "بڕینی بودجەی هەرێم و ئەو دۆخە نائاساییەی لە ئەنجامی میوانداریی سەدان هەزار ئاوارە هاتووەتە كایەوە". بەڵام جەماوەری سلێمانی و خەڵکی کوردستانیش باش دەزانن بوونی ئاوارەکان بۆتە خێرو ڕژاوە بەسەر کۆمپانیاو سەرمایەدارە سیاسییەکانی حزب و بنەماڵەکان و حکومەت و دەسەڵاتەکەی بارزانیدا. کۆمەکی دەرەوە بۆ ئاوارەکان بۆتە سەرچاوەیەکی دووهەمی دزی و تاڵانی بۆ حزبەکان و فیرعەونەکانی هەرێم. زۆربەی ئەو هاوکاری و کۆمەکانەی لە لایەن حکومەتی بەغدا، دەوڵەتانی ڕۆژئاواو جیهان و لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە لە چوارگۆشەی دنیاوە بۆ ئاوارەکان دابینکراوە، لەلایەن دەسەودائیرەی حزبەکان و بنەماڵەوە فەرهود دەکرێ و بەشێکی زۆر کەمی دەگاتە دەستی ئاوارەکان. زوومی کامێرای تیڤییەکان شاهیدی ڕەوشی خراپ و کەمی ئیمکانیات و خراپی جێگاو نەبوونی کەلوپەل و خواردەمەنی پێویست و کەموکوڕی زۆر لە دابین بوونی ئاوی خواردنەوە و چەندین پێویستی دیکەن بۆ ئاوارەکان. بارزانی با موزایەدە نەکات بەسەر ئاوارەکان و خەڵکی کوردستانیشەوە چیتر.

دوای ئەوە بارزانی بە شێوەیەکی فریوکارانە وەکو پاڵپشتی لە داواکاری ناڕەزایەتییەکان خۆی نیشانئەدات، تا ڕێگاخۆشکات لە جوملەی دواتریدا بێشەرمانە پییانبڵێت، داواکانتان بە هیچ جۆرێک جێ‌بەجێناکرێن، چونکە بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی ئابوری و کێشەی ئەمنی و سیاسیمان لەگەڵ بەغدا حکومەت ناتوانێت وەڵامی داواکاری و کێشەکانی ترتان بداتەوە. سەرباری ئەوەش پێیاندەڵێت، دوای جەنگی موسڵیش مەترسییەکان زیاتر دەبن و کێشەی مووچە چارەسەر نابێت و ڕەنگە خراپتریش ببێت! بارزانی ئاوا دەڵێت؛ "ڕێزم بۆ داوا و مافە ڕەواكانیان هەیە و حەقی خۆیانە داوای مافەكانیان لە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن و پاڵپشتیان دەكەم و پێویستە وڵاتەكەمان لە خوشی و ئاسوودەییدا بێ بەڵام بەهۆی ئەو قەیران و كێشە ئەمنی و ئابووری و سیاسییانەی هاتوونەتە پێش، ئیمكانیات و توانای حكوومەت سنووردار بووە.". لە قسەی دواتریدا بارزانی، کێشەی مووچە و داواکاری خەڵکی بەرەوڕووی حزبەکانی دیکە دەکاتەوە و وەکو گوشارێکیش بۆ سەریان بەکاریدێنێت، بۆ ئەوەی بچن بەدەم بانگەوازەکەیەوە. بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانن وەڵامی چینایەتی و بۆرژواییانەی خۆیان بە تەواوی ناڕەزایەتییەکان بدەنەوە. سەرنجی ئەم قسەیەی بارزانی بدەن؛ " بەڵام كە پێیان وایە چارەسەر هەیە، با لایەنەكان و حكوومەت بفەرموون پێكەوە دابنیشن بە شەفافییەتێكی تەواو دۆخەكە چارەسەر بكەن و هەموو شتێكیش بخەنەڕوو و كۆتایی بە موزایەدات و شێواندنی ڕای گشتی بهێنرێت. "کاتێک ڕەخنە لە حزبەکانی دیکە دەگرێت و پێیاندەڵێت کۆتایی بە موزایەدات و شێواندنی ڕای گشتی بێنن، بارزانی خۆی دەکەوێتە موزایەدەو شێواندنی ڕاستییەکان و ڕای گشتیش. ناڕەزایەتییەکانی زۆنی سەوز دەکاتە بۆنەیەک بۆ هێرشبردن بۆ سەر بزووتنەوەی گۆڕان. لەویش خراپتر سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە خۆڕسکی و ڕەوایەتی دادەماڵێت، بەمەی بە دەسیسەی بزووتنەوەی گۆڕان تۆمەتباریان دەکات. ئامانجیشی لەم تۆمەتە ناڕەوایەی دەیداتە پاڵ ناڕەزایەتی و داخوازییە ڕەواکانی فەرمانبەران و مامۆستایان و خەڵکی شەریفی کوردستان، ئەوەیە لە بڕگەی ئاخری پەیامەکەیدا دەستبداتە هەڕەشەو گوڕەشەکردن لە خەڵکی سلێمانی و تەواوی جەماوەری ناڕازی دەڤەری سەوز وەکو پەیامێکیش بۆ مامۆستایان و کارمەندان و تەواوی خەڵکی ناوچەی هەولێرو دهۆکیش.

وەڵامی خەڵکی ناڕازی بۆ بارزانی.


نزیک بە سێ ساڵە بەهۆی دەسەڵاتی کوردییەوە قەیرانێکی ئابووری و سیاسی سەخت بەربینی بە خەڵکی کوردستان گرتووە. لەم ماوەیەدا خەڵکی کوردستان بە گشتی، وە جەماوەری مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکاران بە تایبەتی بە شێوەی خۆیان و بەردەوام دەنگی ناڕەزایەتی و ڕەتکردنەوەی سیاسەتی بڕینی بەکۆمەڵی مووچەکانیان لە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی گەورەی جەماوەریدا نیشانی دەسەڵات و حزبەکان داوە. داوایانکردووە ئەم زوڵم و ستەمە قبوڵناکەن و دەبێت مووچەکانیان و ماف و خزمەتگوزارییەکانی دیکەیان بۆ دابینبکرێت. بەڵام دەسەڵاتداران و حکومەتیان لەجیاتی وەڵامێکی ئیجابی پێیان، دەستی دەستییان پێکردوون و بە بەڵێنی درۆ و چەواشەکاری و فڕوفێڵ خۆیان لە جێبەجێکردنی داخوازی خەڵکی لاداوە.

بەم دەلیلەی دەسەڵات بێمنەتەو گوێ بۆ دەنگی ناڕەزایەتییەکان ناگرێت، بەمەی بەڵینی درۆ و فریوکاری بەخەرجئەدات، مانای ئەوەیە ئەم هاوکێشەیەی نێوان خەڵک و دەسەڵات کارساز نییە لە بەرژەوەندی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر. ئەم ئاستە لە گوشار کەمە و ناتوانێت دەسەڵات ناچارکات وەڵامی ئیجابی بداتەوە پێیان. واتە ئەم ئاستە لە هاتنەمەیدانی جەماوەری ناڕازی و خەڵکی بەشمەینەت، ئەم ئاستە لە ڕێکخراوبوون ویەکێتی و یەکگرتن، وە سەرئەنجام ئەم شێوازەی دەربڕینی ناڕەزایەتی بۆبەدەستهێنانی خواست و مافەکان پێماندەڵێت میکانیزمی گوشاردانان بەس نییە و پێویستە میکانیزمی هێرشبردن و ڕاپەڕین بخرێنەدەستووری بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکانەوە. پێویستە ئیرادەیەکی زیاتر و گەورەتر بهێنرێتەمەیدان. ئاستێکی بەرزتر لە ڕیکخراوبوون و هاودەنگیی لەنێو جەماوەری فەرمانبەران و مامۆستایان و کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراو بۆتە زەرورەت. جەماوەر خواستی ڕەواو بەرهەقی هەیە و دەبێت حکومەت و دەسەڵات جێبەجێیان بکات. کە نایکات، ئاماژەیە بۆ پێویستی بەگەڕخستنی هێزێکی فراوانترمان و بە میکانیزمی شۆڕشگێڕانەتر تا بتوانین بەکردەوە ببینە مەترسی بەسەر دەسەڵاتەوە. ئەوسا هاوکێشەکە دەگۆڕێت و حزبەکان ناچاردەبن بەعەمەلی داواکان جێبەجێبکەن. دوای ئەو سەرکەوتنەی جەماوەر زەمینەی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە دەسەڵاتی هەرێمدا ئامادەتر و کارسازتر دەبێت.

پەیامەکەی بارزانی بۆ ئەوە نییە هاوکار بێت داواکانتان جێبەجێ بکرێن. بەڵکو دروست بەدژی ئێوەیە پەیامەکەی. بانگی حزبەکان دەکات وەکو نوێنەرانی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان و چینی بۆرژوازی کوردی، بە دژی ئێوە مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، خۆیان ڕێکخراوتر و یەگرتوو تر بکەن، هەتا بە دەستێکی پۆڵایین ئەمجارە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ئێوە بکەن و ناچارتان بکەن بێ دەنگ بن و داوای مووچە و مافی زەوتکراوتان نەکەن و بە چارەکە مووچەش ڕازی بن. ئەگەریش بەردەوام بن لە ناڕەزایەتی سەرکوتتان دەکەن. بۆ ئەوەی سەرمایەداران دەوڵەمەندتر و سەرمایەکانیان زیاتر و گەورەتر بکەن لەسەر شانی هەژاربوونی هاوڵاتیان و بێکاری و بێمافی هەموو بەش و پێکهاتە کارگەر و مووچەبگیرەکانی کۆمەڵگا.

بۆیە کاتێک دەسەڵاتێک لە زمانی باڵاترین بەرپرسی خۆیەوە بێتوانایی خۆی ڕابگەیەنێت بۆ جێبەجێکردنی داواکاری و مافی هەرە سەرەتایی و ڕەوای خەڵک و هاوڵاتیان، دەبێت بە ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ناڕازیی ئەمڕۆ و ڕاپەڕیوی سبەینێیان ئەو دەسەڵاتە بڕوخێنرێت و کاراکتەرەکانی لە زیندانی دەسەڵاتێکی شەرعی و جەماوەری و دیموکراتی ڕاستەقینەدا توندبکرێن بۆ لێپێچینەوە لە پەروەندەی تاوانکاری و خیانەت و دزی و تاڵانکردن و خۆدەوڵەمەندکردن بەسەر سامانی ووڵاتەوە.

بۆ ئەوەی خەڵکی ناڕازی هێندە ئیرادەو تواناییان بخەنە پاڵ یەکتر، کە بتوانن بە دژی ئەم دەسەڵاتە بێباک و دژە ئینسانییە ڕاپەڕین بکەن و دەسەڵاتیان لێ بسێننەوە، بەئیرادەی خۆیان دەسەڵاتێکی واقعی و جەماوەری دامەزرێنن کە جێگای ڕەزامەندی و متمانەی سەرجەم خەڵکی کوردستان بێت، ئەوا پێویستە ئامڕازی شوراکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکاران و زەحمەتکێشان بەدەستەوەبگرن و نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان لە هەر ناوەند و گەڕەک و شارو شارۆچکەو گوندێک هەڵبژێرن. وە لە هەر پارێزگایەکدا نوێنەرانی شورای پارێزگا لە نوێنەرانی دەزگاو ناوەندو شارو شارۆچکەکان پێکبێنن بۆ دروستکردنی حکومەتی شۆڕشگێڕی پارێزگا. دواتریش لە شارەکانی تر ئەم پرۆسەیە ئەنجامبدرێت و شورای پاریزگاکان پێکەوە کۆدەبنەوەو شورای سەرتاسەری بۆ بەڕێوەبردنی ووڵات دروستئەکەن. ئەمەش حکومەتی شورایی مامۆستایان، فەرمانبەران، کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەبێت.

ئەم بەدیلە شوراییە دەتوانرێت لەلایەن جەماوەری ناڕازی و خوازیاری ژیانێکی باشترو شکۆمەندانەترەوە بەدەستەوەبگیرێت و ئەم دەسەڵات و دەورو دوکانەی بۆرژوازی و فیرعەونەکانی کوردستانی پێ بڕوخێنرێت و خۆیان لەجێگایاندا کۆمەڵگا ڕێکبخەنەوەو بەڕێوەیشی بەرن. خەڵک لە حکومەتی شوراییدا چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە دەگرن، وە بە شێوەی شەفاف و ڕاشکاو لە ماوەی دیاریکراودا کێشەی کوردستان لەگەڵ هەرێم بە شێوەی شۆڕشگێڕانە چارەسەر دەکەن، بەهەمان شێوە پرسی ناوچە جێناکۆکییەکان وەڵامئەدەنەوە. بۆ نمونە؛ ئازادی و یەکسانی وکارو ژیانی شکۆمەندانە بۆ دانە دانەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دابیندەکات، هەر ئەمە دەنگ ئەداتەوەو خەڵکی ناوچە جێناکۆکییەکان بە هەموو پێکهاتە جیاجیاکانیشییەوە داوادەکەن بە دڵنیایی بگەڕێنەوە سەر کوردستانی شۆڕشگێڕ و سەرکەوتوو. وە دەشبێتە نموونەی حوکمڕانییەکی ئازادو کراوەو پێشکەوتوو بۆ گشت ناوچەکە، چونکە بواری تەواو بۆ تەقینەوەی تواناییەکانی ئینسان دەکاتەوەو داهێنانەکانی خەڵکی ئازاد جیهان سەرسام دەکەن.

بارزانی هەڕەشەی چی لە خەڵکی سلێمانی دەکات!


ئەگەرچی مەسعود بارزانی لە تەواوی پەیامەکەیدا بە گشتی و لە بڕگەی کۆتاییەکەیدا بەتایبەت، وا نیشانئەدات شەڕی فکری و سیاسی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا هەیە. وە لە درێژەی ململانێکانی حزبەکەی لەگەڵیدا بارزانی هەوڵئەدات لە حزبی گۆڕان شەیتانێکی گەورە دروستبکات، بۆ ئەوەی ڕێگابکاتەوە پەلامار و هەڕەشەکانی بۆ سەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکان و جەماوەری مامۆستاو فەرمانبەر و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی دەڤەری سلێمانی و ئینجا کوردستان جاڕبدات، لە جیاتی درۆ و چەواشەکاریی بۆ پاڵپشتی کردن لێیان، گوایا ئیرهابی فکری گۆڕانە ناڕەزایەتییەکانی دروستکردووە، بەڵام لە واقعدا و لە ڕووی چینایەتییەوە هەرچەند ناکۆکی و جیاوازی فکریشیان هەبێت لەگەڵ گۆڕان، بەڵام ئەسڵی مەبەستی هەڕەشەکانی بارزانی ڕووی لە ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیانی ناوچەی سلێمانییە و بیانووەکەی گۆڕانە. مەبەستی خەڵکی سلێمانییە کە تا ئاستێکی باڵاتر ووشیارن و ڕێکخراوی سیاسی و جەماوەری و پیشەيیی زۆرو زەبەندی تێدا هەیەو چین و توێژەکان تاڕادەیەکی باش خۆیان رێکخستووە و بەشێوەی دەستەجەمعی بەرگری لە خۆیان و ماف و داواکارییەکانیان دەکەن. ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستییەکان لە سلێمانی چالاکن و بزووتنەوەی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر لەئارادایە. بۆیە پارتی ناتوانێت و دەسەڵاتی نییە سلێمانی وەکو دەڤەری هەولێر و دهۆک لێبکات و ئیستیبدادی بارزانی و پارتی دیموکرات سێبەری ڕەشی بگاتە سەر هاوڵاتیانی. لەم بڕگەیەدا دەڵێت: "چاك دەزانم شاری سلێمانی لەژێر ئیرهابی فكری دایە و دەبێ ئەو ئیرهابە فكرییەی سەر شاری سلێمانی بشكێت. ".

دواتر بارزانی هەوڵئەدات خەڵکی سلێمانی بەگشتی بخاتە سەبەتەی کوردایەتییەوە و بەتایبەتیش مێژووی شەڕی زەعیم سدیق وەبیر دێنێتەوە، وەکو بانگەشەیەک بۆ بیرو سیاسەتی جووڵانەوەی کوردایەتی و ناسیونالیستانەو دەیخاتە بەردەمی خەڵکی سلێمانی گوایا بۆ ئەوەی لە ئیرهابی فکری ڕزگاریان ببێت! بەڵام بارزانی ئەڵێی لەیادی چووە بەشێکی گەورەی خەڵکی کوردستان بەگشتی و جەماوەری ناوچەی سلێمانی بەتایبەت بزووتنەوەی کوردایەتی بە فاشل و داردەستی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە دەزانن. وە ئۆباڵی تەواوی نەهامەتی و دواکەوتوویی و کێشە و گرفتەکانیان دەخەنە ئەستۆی حزبەکان و ڕەمزەکانی کوردایەتی و پشکی گەورەش بۆ پارتی دانراوە، بەتایبەتی لە دەڤەری سلێمانی. مەسەلەی بارزانی لەم پەیامەیدا بە پوختی ئەوەیە هەموو کوردستان وەکو ناوچەکانی هەولێر و دهۆک بە ئیرهابی فکری پارتی سەرکوت و ددەستەمۆ بکات. بارزانی بۆیە لە خەڵکی ناوچەی سلیمانی تووڕەیەو لەم بۆنەیەدا هەڕەشەیان لێدەکات، چونکە دەستەمۆی سیاسەتی هیچ حزبێک نابێت و لەڕووی سیاسییەوە هێندە پێگەییشتوون بە شێوەی تایبەتی خۆیان ڕێگاو میکانیزمی بەرگری و پاراستنی بەهاو شکۆمەندییەکانیان پەیدا دەکەن لە هەموو هەل و مەرجێکدا. ڕژێمی شۆڤێنیی بەعسی لەم شارەدا واوەیلای بوو بە دەستی ڕۆڵەکانییەوە. بێگومان بەشێکی گەورەی ئەم گیانی بەرەنگاری و یاخیبوونە دەگەڕێتەوە بۆ خەباتی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیزمی کرێکاری.

کاردانەوەی حزبەکان بۆ پەیامەکەی بارزانی.


کاردانەوەکان سەبارەت پەیامەکەی بارزانی گەلێک خێراو سەرنجڕاکێشن! حزبە ئیسلامییەکان بە سەرمەقولات پێشوازییان کرد لە داواکەی بارزانی و تەنانەت بوونەتە موبەلیغی پارتی و بارزانیش بۆ نییەتە باشەکانی بەرانبەر بە خەڵک و ئیسلامییەکانی کوردستان. هەردووک باڵەکەی یەکێتیش وەکو چەپڵەلێدان بۆ بارزانی دایان لە شەقەی باڵەکانیان و چوون بە پیری بانگەوازەکەی بارزانییەوە. مەحمود سەنگاوی لە باڵی ناوەندی بڕیارەوە، لای خۆیەوە لە ووتارێکیدا بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدی یەکێتییەوە، نەک هەر پێشوازی لێکرد، بگرە خۆشی و باڵەکەشی و یەکێتیشی قەرزارباری پارتی و بارزانی کرد. لە ووتاری کۆتاییهێنانی ڤیستیڤاڵی گەلاوێژیشدا مەلا بەختیار، لە جیناحەکەی بنەماڵەی برایم ئەحمەد، بەشێوەی بۆرژوایەکی ڕوناکبیری خزمەتکاری بۆرژوازی و بارزانی دەستیدایە پیاهەڵدان بە دیموکراسییەتی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی حزبەکانی کوردستاندا. بە ڕادەیەک کەوتە فڕوفیشاڵ هۆنینەوە بۆی کە پەردەی شەرم بدڕێنێت و بڵێت؛ تا ئێستا ئێمە، مەبەستی هەموو بۆرژوازی کوردییە، بە دەمماندا نەهاتووە دروشمی ڕوخاندنی ڕژێمە دڕندەو دکتاتۆرەکەی بەشار ئەسەد بڵیینەوە یاخود هەڵیبڕین، ئەگەرچی زیاد لە نیو ملیۆن ئینسان بەدەستی ڕژێمەکەی کوژراوەو چەند ملیۆن کەسیش ئاوارەو دەربەدەر بوون! ئێستا چۆن دەبێت خەڵکی کوردستان لە ڕیزی ناڕەزایەتییەکانی زۆنی سەوزدا دروشمی ڕوخاندنی حکومەتی هەرێم هەڵبڕن و بیڵێنەوە؟! ئاخر چۆن شتی وا دەبێت؟! ئایا حکومەتی هەرێم باشتر نییە لە ڕژێمەکەی ئەسەد؟! ئەم لێدوانە "شەرافەتمەندانەی" مەلا بەختیار لە نۆکەرایەتیی زیاتر چی دەگەیەنێت بۆ بارزانی و دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی کە پڕ پڕیەتی لە پسیخۆپات و دز و تاڵانچی و گەندەڵ و سەرمایەداری دەوڵەمەندبووی دزینی نەوت و سامانی ووڵات و بەری ڕەنج و خوێنی شەهیدانی حزبەکەی! لە هەمووی خۆشتر ئەوەیە ئەم پیاوە لووت سەقەرییە خۆی بە فەیلەسووف دائەنێت و گلەییشی لەوە هەبوو کورد فەیلسوفی تێدا هەڵنەکەوتووە! کەچی بینیمان چۆن بوویە خزمەتچی و پیاهەڵدەری دەسەڵاتی کۆمەڵیک مافیای کوردی و بنەماڵەی عەشایەرو خۆسەپێن کە مووچەی سەدان هەزار هاوڵاتی کوردیان بڕیوە و خۆشیان وەکو فیرعەونەکان لەسەر سەفتەی ملیاردها دۆلار خەریکی ڕابواردنن! بەڕاستی مەلا بەختیار ڕووی دکتاتۆرێکی وەکو ئەسەد و ئەردۆگانی سپیکرد بە وەسفی ئەو دیموکراسییەی حزبەکەی خۆی لەگەڵ پارتیدا ٢٥ ساڵە دایانمەزراندووە و بەرانبەر بە خواستەکانی هاوڵاتیانی هێشتاش دەڵێن ساوایە! لە کوردستانە دیموکراسییەکەی مەلا بەختیاردا بەکۆمەڵ مووچەی سەدان هەزار مامۆستاو فەرمانبەر دەبڕرێت، لەسەر ووتارێکی ڕەخنەیی ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی تیرۆر دەکرێت، پاکسازی موخالیفانی سیاسی بەردەوامە. ژنان بەبیانووی شەرەف بەکۆمەڵ ئەنفالدەکرێن! پیرۆزتان بێت ئەم مێژووە جوانە! بەڵام خەڵکی کوردستان خەریکە چارەنووسی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی کوردایەتی و دیموکراسییە موزەییەفەکەی ئیوە جیادەکاتەوە.

کاراکردنەوەی پارلەمان.


سەبارەت پرسی کاراکردنەوەی پارلەمان پێدەچێت هەڕەشەکانی بارزانی نەخشی هێنابێت و کۆسپی یەکەمی سەر ڕێگای گفتوگۆکان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکی نوێی بێ لە بزووتنەوەی گۆڕانی لادابێت. چونکە بزوتتەوەی گۆڕان لە زمانی دانا عەبدولکەریم بەرپرسی ژوری حکومەت و پەرلەمانی بزوتنەوەکەوە ڕایگەیاندووە: "ئامادەین دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بین، بەو مەرجەی پۆستی سەرۆکی حکومەت وەربگرین".! مەرجدانانی بزووتنەوەی گۆڕان یەکەم، بۆ ڕێخۆشکردنە تا بارزانی بەڵکو لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکاندا بەشدارییان پێبکات، دووەم، وەکو بیانوویەک بۆ دڵنەوایی جەماوەرێک کە شوێنییەوە ماوە بەکاریدێنێت. دەنا پێگەی دوورخراوەی دەستەودایەرەی پارلەمان و وەزیرو گزیرەکانی گۆڕان لەلایەن پارتییەوە، بەو جۆرەی بینیمان بە بێدەنگی و بێ ناڕەزایەتییەکی جددی و کاریگەری حزبەکانی تر تێپەڕی و پارتی بۆی چووەسەر، پێگەی گۆڕانی فڕیداوەتە دەرەوەی کایەی سیاسی دەسەڵاتی کوردی. بەتایبەتیش لە ئێستادا کە ناو ماڵی کورد شپرزە و شێواوە و هەموولایەک ئازارەکەی دەچێژن بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە، ئێستا بارزانی کە نەیارێکی سەرسەختی گۆڕانە، وەکو فریادڕەس هاتۆتەپێشەوە بۆ ڕێکخستنەوەی، ئیتر گۆڕان کوا ئەهلییەتی شەرت و شروت دانانی هەیە، ئەویش بۆ کەس نا، بۆ بارزانی و پارتیش! گۆڕان وەک دەڵێن، لە خودای دەوێت وەکو بەشێک لە بۆرژوازی کوردی ناو ماڵی کورد ڕیکبخرێتەوە. چونکە متمانەی نێو خەڵک و جەماوەری لەدەستداوە. تەنانەت شان و شەوکەتی ئۆپۆزیسیۆنبوونیشی نەماوە و ڕەوشەکەش موساعید نییە بۆ ئەم کارە. بەمپێیە گیروگازی گۆڕان چیتر لە پارتی دوورکەوتۆتەوە و ئیتر سەرۆکی پارلەمان هەر کەسێک بێت، وەکو ئەوە وایە لە ئەندامانی پارتی خۆی بێت!

حکومەتی تازە.

مەسەلەی پێکهێنانی حکومەتێکی تازەش بۆ پارتی و بارزانی، هەروا کارئاسانی زۆری بۆ کراوە. مەرج نییە گۆڕان تەنانەت بتوانێت پێداگربێت لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت، نەک هەوڵی سەپاندنی مەرجەکەی بەسەر پارتیدا بۆ دەستبەرداربوونی لە پۆستی سەرۆکی پارلەمان. چونکە حکومەت دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و پارتی ملنادات بە دووبارەبوونەوەی هەمان تاقیکردنەوەی پارلەمان بە سەرۆکایەتی ئەندامێکی گۆڕان. سەرەڕای ئەوەش ئێستا پارتی لە مەوقعی هێزەوە خۆی نماییش کردووە و هەموو پرۆسەی گفت و گۆ و دانوستانەکان لە هەولێر دەبێت و لەژێر چاودێری خاوەنی پێشکەشکاری پڕۆژەی چارەسەریدا دەبێت کە بارزانییە. بۆیە قورسایی پارتی و قسەی بارزانی ئەساسی و یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ تەواوی قۆناغەکانی گفتوگۆکان. هەموو ئەم فاکتۆرانەش لە شانسی گۆڕاندا نییە و کاندیدی زۆر لەبەر دەستدایە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەتیش. یەکێتی هەردوو باڵەکەی لە زۆر ڕووەوە لەگەڵ پارتی هێند سازگارن کە بێترس پۆستی سەرۆکی حکومەتیان پێبدرێت. چونکە قۆناغەکە هەستیارە و مەرج نییە سەلاحیەتی پارلەمانی و دەنگەکانی هەڵبژاردن ڕۆڵیان وەکو سەردەمی پێکهێنانی حکومەتی بنکەپان بێت. حکومەتی تازە بەرئەنجامی ڕێکەوتنی سەروەختی باری نائاسایی دەبێت، ئەگەری زیاد هەیە پارتی بە هەموو شێوەیەک هەوڵبدات گۆڕان ناچاربکات ببێتەوە بە ئۆپۆزیسیۆن. چونکە هەمان ڕۆڵی پێشووی پێناگێڕدرێت و سەرئێشەی زۆری نابێت بۆی. حزبە ئیسلامییەکانیش سەریان پێوە نییە بۆ فەرمانی بارزانی و تەنانەت منەتیشی هەڵدەگرن ئەگەر پۆستێکیی نیمچە سیادیشیان پێبدات.

سەرۆکی هەرێم.

هەموو ئاماژەکان هاواردەکەن، بارزانی چونکە دەزانیت لەم بارودۆخەدا کە لەلایەک قەیرانی ئابووری هەیەو شەڕی داعش لەئارایە، پاشان دوای داعش مەسەلەی موسڵ و ناوچەکانی جێناکۆکی لەگەڵ بەغدا دێتەپێش، کێشەکانی دیکە لەگەڵ ناوەند، لەناوخۆش ناکۆکی و کێشەی سیاسی نێوان حزبەکان هەیە، کێشەی ئابووری و بڕینی مووچەی خەڵکی هەیە و ناڕەزایەتییەکان جمەیان دێت دژی دەسەڵات و گوشارەکانیان تادێت زیاتر دەبێت، هیچ کەسێکی تر جگە لە خۆی پەیدانابێت بۆ سەرۆکی هەرێم جێگای ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان بێت. بۆیە داوادەکات کەسێکی دیکە لە گفتوگۆکانیاندا بۆ سەرۆکی هەرێم دیاریبکەن. مەحمود عوسمان کە کادری سیاسی بەردەستی بارزانی باوک بووە، خۆی کاندید کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییەی پۆستی سەرۆکی هەرێم تا هەڵبژاردن. بخوازێت یان نا قیافە و شاییستەگی ئەو کارەی نییەو سەرئەنجام بەخێر هەر بۆ بارزانی دەگەڕێتەوە! بارزانی مەبەستی ئەوەیە هەموو لایەنەکان بخاتە بەردەم ئەمری واقع، کە بڵێن، بابە مادام کەسی باشتر لە مەسعود بارزانی شک پێنایەت، با بەدەنگی هەموومان بیکەینەوە بە سەرۆکی هەرێم، ئەوسا حزبەکان لە پارلەمان و حکومەتی تازەدا پێکدەگەن و پێکەوە یەکپارچە دەسەڵاتدارێتی هەرێمی کوردستان ئەدادەکەن. بەڵام ئەگەری پەرەسەندنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکان گەلێک زیادەو لەو حاڵەتەشدا ڕکابەری هەرە سەرەکی بارزانی و تەواوی جووڵانەوەی کوردایەتی لەنێو دڵی ناڕەزایەتییەکانی ئێستاوە سەردەردێنێت و دەسەڵاتدارێتیی شورایی ئەگەر ببێتە ئەڵتەرناتیڤی خەڵکی ناڕازی سەرجەمی پڕۆژەو بەرنامەو ستراتیژەکانی بارزانی و تەواوی حزبەکانی دیکەش ئەکەونە بەردەم هەڵمەتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ڕاپەڕیو و یەکگرتووی ناو شوراکانی کوردستان و یەک یەک لە دەستیان دەردەهێنرێت.
_________________________
بەستەری پەیامەکەی بارزانی:
http://basnews.com/index.php/so/news/kurdistan/312816
 

٢٤\١١\٢٠١٦

ماڵپه‌ڕی حه‌مه ‌غه‌فور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک