په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٣\٢٠١١

پەیامێک لە هەولێرەوە.

 


بە هیواى ژیانێکى نوێ..


لە ئێستادا هەرێمى کوردستان بە قۆناخێکى ئیجگارهەستاردا تێدەپەڕێت و قەیرانێکى هەمەلایەن هەرێمەکەى تەنیوەتەوە، بارودۆخ بە شێوەیەک ئاڵۆزبووە هیچ هاونیشتمانییەک دڵنیانەبێت لە ژیان و کەرامەتى خۆى، ئەمەش هەر سیاسییەک و هەر رووناکبیرێک و هەر تاکێک بە گوێرەى پایە کۆمەڵایەتیەکەى دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتێتى ئەخلاقى و پێویستى ئەوە دێنێتە ئاراوە هیچ کەس لە بێدەنگیدا نەمێنێتەوەو لە هەڵوێستى بەرپرسیارانە خاوەن دەربکەوێت.

ئەوەى ئەمڕۆ لە شەقامەکانى کوردستاندا دەگوزەرێت ناڕەزایەتییەکى داخوازیمەندى خەڵکە، هەمان ئەو ناڕەزایەتیەیە کە لە سەرەتادا هەم دەسەڵات و هەمیش ئۆپۆزسیۆن وەک "ئاژاوەگێڕى و گێرەشێوێنى"بەناویان کرد. لە ئێستاشدا کە خۆپیشاندانەکانى بزووتنەوەى شەقام پێى ناوەتە قۆناخێکى نوێ، دەبێت گەنجان و بە گشتى خەڵک نەهێڵن دەسەڵات بە بەڵێنى بێ بنەما ئەو دەنگى داخوازییە کپ بکاتەوە، هاوکات نەشهێڵن ئۆپۆزسیۆن بە پێى مەرامە دەسەڵاتخوازییەکانى خۆى ئاراستە بە شەقام بدات و دواجار بە رێکەوتنى سیاسیانەى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەسەر هەڵبژاردنێکى پێشوەختە، داخوازییەکانى بزووتنەوەى شەقام ناکام بکرێت. پێویستە رێبەرانى بزووتنەوەى شەقام لەوەى کە هەیە وشیارانەتر بزاڤ بکەن، بزاڤکردنێکى ژیاندۆستانەى وەها و گۆڕانخوازییەکى وەها تەنیا لە سنوورى خزمەتگوزارییەکان و چاکسازییەکی سنوورداردا نەمێنێتەوە، بەڵکو پەلبهاوێت بۆ چاکسازییە کولتورییەکانیش، دەشێت لە پاڵ داخوازییە هاوبەشەکاندا ژنان و گەنجان مانیفێستى داخوازیی گۆڕانى کولتوور بخەنەڕوو. دەشێت نووسەران و رووناکبیران لەسەر کەمنرخاندنى نووسین لەلایەن دەسەڵات و کۆمەڵگەوە چالاکى تایبەتیان هەبێت و هونەرمەندانیش لە بوارى خۆیاندا رەنگى نوێ بە شەقام بدەن. سنووردارکردنى چالاکییە شەقامییەکان لە فۆڕمى خۆپیشاندا ئەرێنى نییە، دەتواندرێت پەیڕەوى لە هەمەڕەنگى چالاکیی بکرێت.

دەبێ دەسەڵاتدارانى کوردستان ئەو راستییە بزانن کە هیچ هێزێکى سیاسیی نییە لەم هەرێمەدا بتوانێت بە درێژایی زیاتر لە ماوەى یەک مانگ خەڵکى بهێنێتە سەرشەقامەکان تەنیا مەگەر سایکۆلۆژیاى خەڵکەکە خۆیان پاڵیان پێوەبنێت، بۆیە پێویستە بە گرنگیەکى زۆرەوە لەو هاتنە سەرشەقامەى خەڵک بڕوانرێت و بە کردەوە وەڵام بە داخوازییەکان بدرێتەوە. ئەو ناڕەزایەتیەى ئەمڕۆى شەقام ناڕەزایەتییەکى رەواو ڕەسەنە، ناڕەزایەتییەکە بەرهەمهاتووى قەیرانێکى هەمەلایەنەیەو سەرەتاکەى بۆ پێشى دروستبوونى هێزى ئۆپۆزسیۆن دەگەڕێتەوە. پێش شەش ساڵ کە هێشتا قەیرانەکان بەو رادەیە قووڵ نەببوونەوە گەنجانى سەربەخۆ هەستیان بە مەترسییەکەى کرد و ئێمەبووین لە رێگەى پێکهێنانى بزووتنەوەى گەنجانى "پەرلەمانى سەرشەقام"ـەوە یەکەمین خۆپیشاندانمان لە ناو جەرگەى شارى هەولێر دژ بە گەندەڵى و ناعەداڵەتى سازکرد و بە گشتى ماوەى سێ مانگ تێکۆشانى شەقامى و میدیاییمان بە دروشمى "نەژیاوین دەمانەوێ بژین"بەڕێوەبرد. بێگومان ئەگەر ئەوسا گوێ لەم پەیامى چاکسازییە بگیرایە، ئێستا قەیرانەکان بەو ئاستە مەترسیدارە نەدەگەشتن. ئێستاش کە شەقامى کوردى خرۆشاوە، پێشپێگرتنى و تەقەکردن بەرامبەر بە خوپیشاندەران و بێدەنگى پێکردنى خەڵکى لە رێگەى تۆقاندن و بەکاربردنى هێزەوە، نەک ئاسایی ناگوزەرێ و نابێتە مایەى چارەسەرى، بەڵکو مەترسیداریشە. هەرئەم دۆخەى دروستکراوە دوو ئیدارەیی و دوو پارچەیی لە هەرێمدا تۆخ دەکاتەوەو ئەوەندەی تر خەڵکی بێدەنگکراو تووڕەترو بێ هیواتر دەکات بەرامبەر بە دەسەڵات. ئێمە لاى خۆمانەوە بە روونى هەست بە خواستى شەقام بۆ چاکسازى دەکەین، بەڵام لە مامەلەى دەسەڵات و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنیش لەگەڵ دۆخەکەدا بەدگومانین و دەبینین هێندەى دۆخەکە کراوە بە دۆخى ململانێى سیاسى، هێندە دۆخێک نییە بۆ خواستى راستەقینەى چاکسازییە بنەڕەتییەکان.


لێرەدا لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەوە ئەم پەیامە رادەگەیەنین و پێمانوایە بۆ دەربازبوونى هەرێمەکەمان لە ئاڵۆزى و قەیرانەکان، دەبێ ئەم خاڵانە بە ئەساس وەربگیرێن :


1- دەبێ حکومەتێکى بنکەفراوانى نیشتمانى- ئینتیقالى پێک بهێندرێت، حکومەتێک قودرەتمەندبێت بە دەسەڵاتێکى سەرووتر لە دەسەڵاتى ئەحزاب و خوارووتر لە دەسەڵاتى پەرلەمان و کەسانى سەربەخۆو پڕۆفیشنال جومگە سەرەکییەکانى ئەو حکومەتە پێک بهێنن.


2- دەبێ هەڵبژاردنى پێشوەختەى پەرلەمان کە داخوازیی ئۆپۆزسیۆنە بخرێتە دواوەى داخوازییەکانى بزووتنەوەى شەقام و تا ئەوەى خواستەکانى خەڵک جێبەجێ نەکرێت هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت.


3- دەبێ دەست خستنە کاروبارى دامەزراوەى دادوەرى بە هێڵى سوور دابندرێت و سەربەخۆیی بۆ دادگاکان بگێڕدرێتەوە، بەجۆرێک کە یاسا سالارى بەدیبێت و دەزگا قەزاییەکان لە توانایاندا هەبێت ماف و ئازادییەکانى هاونیشتمانیان بپارێزن.


4- دەبێ سەرۆکى هەرێم لەم قۆناخى ئینتیقالیەدا سەرۆکایەتى خۆى لە نێو حیزبەکەیدا هەڵپەسێرێت و هەموو تواناکانى خۆى بۆ بەجێگەیاندنى بەرپرسیارێتى سەرۆکایەتیی هەرێم بە کاربهێنێت.


5- دەبێ دەزگا ئەمنى و سەربازییەکان بێلایەن بکرێن لە رووداوو ململانێیە نێوخۆییەکان و ئەرکیان پاراستنى ژیان و کەرامەتى هاونیشتمانیان بێت و بە هیچ چەشنێک لە سەرکوتکردنى بزووتنەوەى شەقام بەکار نەهێندرێن.


6- دەبێ ئەنجومەنێکى باڵاى چاودێری لە نوێنەرانى دەسەڵات و ئۆپزسیۆن و کەسانى سەربەخۆ پێک بهێندرێت کە ئەم ئەنجوومەنە سەرپەرشتى ئەو لێژنە تایبەتمەدانە بکات کە بۆ بەدواداچوونى داخوازییەکانى خەڵک پێک دەهێندرێن.


7- دەبێ سەقفێکى زەمەنى بۆ جێبەجێکردنى داخوازییەکانى خەڵک دیارى بکرێت.


- بزاڤى ژیان بۆ داکۆکیکردن لە گەنجان و
- سەرۆکایەتى لیستى گەنجانى سەربەخۆ لە هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى کوردستان


29\3\2011 - هەولێر

Kempin2010@gmail.com

07504784133
 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک