په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٢\٢٠١٧

پەیامی بەڵگەنامەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر یەکتری

چ راستیەک دەخاتە بەردەم خەڵکی کوردستان!


نوری بەشیر      


دەورەی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، بۆ حیزبە ناسیونالیستە کوردیەکان، دەوریەکی نوێ لەدەرخستنی بەردەوامی لە عادەت و ماھیەتی چینایەتی بۆرژوازیانەو ساتوسەدا چی و دەوریەک کەتیادا حیزبەکانی کوردایەتی لەوپەڕی رەزیلی و پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و کێشەیان لەسەر بەرژەوەندی حیزبی و بنەماڵەیی و شەخسی و پشکی زیار لەدەسەڵات و سەرچاوەی نەوتی زیاتر شتێکی تر نیە. سیاسەت و کارنامەیەک کەناسیونالیزمی کورد و حیزبەکانی ھەیانەم بەدژی بەرژەندیەکانی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگا بووە، لەھەر دەوریەکی سەختیشدا کە ھەیانبووە بەرامبەر بەیەکتری لە ئاشتی و سەختی و بەتایبەت وەک ھەلومەرجی ئێستایان، بەڵام لەدژایەتیان لەگەڵ خواست و داواکاری و مافەکانی خەڵکدا لەبەرەیەکدا بوون و ھاوڕاو یەکبوون و لە دەیان جەبھەو سەنگەر کۆبوونەوەتەوەو روخساری دزێوی خۆیان گۆڕیوەو باوەشیان بۆ دەوڵەتانی عێراق و ناوچەکە گرتۆتەوەو پێشلەشکریان بۆ کردوون و گوێ رایەڵی وڵاتانی ئیمپریالیستی بوون، تەنیا بۆ مانەوەی حیزب و بنەماڵەو دەسەڵاتیان و بووە کەھەمیشە دژایەتیان لەگەڵ زۆربەی خەڵکی کۆمەڵگادا بووە.


ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا روویدا، دریژکراوەی کارنامەی ئاشبەتاڵی ساڵی حەفتاو پێنج، شەڕەکانی شاخ و تیرۆرکردنی یەکتری، ئاوارەکردنی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ و پێکھێنانی بەرەی دژی شوراکانی خەڵکی کوردستانە، شەڕی ناوخۆییان لە ١٩٩٤ وەو کوشتاری ھەزاران لەکوڕی خەڵکی کرێکارو ھەژاری کۆمەڵگا، شەڕەکانی دژی دزینی چاڵە نەوتەکان و رێکەوتنی فیفتی بەفیفتی بۆ پەرلەمان و تیرۆری رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازن و کۆمۆنیستەکان و تیرۆری زیاتر لە ٢٠ ھەزار ژن لەسایەی دەسەڵاتی کوردایەتیاندا، بەقۆنتەراتگرتنی شەڕی موسڵ و وەرگرتنی زیاتر لە چوارسەد ملیۆن دۆلار، ئیمزادان لە فیدراڵیزمی قەومی و تایفی و لکاندنی جارێکی تری کوردستان بە دەوڵەتێکی قەومی و ئیسلامی عەربیەوەو دواجار شەرمنۆکانە شکستی ئەو فیدراڵیزمە یان دانپیا، تەسلیمکردنی شەنگال بە داعش و بەکۆیلەکردنی جنسی ژنان و کوشتاری بەکۆمەڵیان. ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و پێشلەشکری بۆ سوپای بەعس، پێشلەشکری بۆ جمھوری ئیسلامی ئێران و تیرۆری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، شەڕیان لەگەڵ پەکاکا دا دروستکرد، دابەشکردنی سەروەت و سامان و داھاتی کوردستان لەناو خۆیانداو بنەماڵەو لێپرسراوەکانیاندا، بوونی دەیان مستەشارو حمایەی ھەر مەسئول و ئەندام پەرلەمان و سەرۆک و حیزبێک، بوونی سەدان تەلەفزیۆن و ردیۆ و رۆژنامەو گۆڤار لەسەر داھاتی خەڵکی کوردستان و بودجەی حیزبەکانیان لەو داھاتە، بڵاوکردنەوەی فەسادو گەندەڵی لەکۆمەڵگادا و رێکەوتن و کاری قاچاخ و مافیایی لەگەڵ داعشدا، .... رەنگە کەسانی تر بێت و سەدان بەڵگەی تریان کەلەسەر یەک وتووە وەک کیمیابارانی ھەڵەبجەو ناوچەکانی تری کوردستان وئەنفال بەم لیستەی من زیاد بکات... کە دواترینیان لەھەمووی رۆشنترو بەبەرچاوی نەک تەنیا خەڵکی نەک کوردستانەوە بەڵکو بەبەرچاوی ناوچەکەو دنیاوە و بەئاشکرا وەک کارنامەیکی ئاساییان خەڵکی کوردستانیان فرۆشت لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا. بۆ ئەوەی کوڕو خێزانی خەڵکی فەقیرو ھەژار نەکوژرێت نەھاتن شەرافەتمەندانە رایگەیەنن کەبڵین ئەوە ئێمە ‌لەگەڵ حەشدی شەعبی و قاسم سلەیمانی رێکەوتوین و ھێزەکانمان دەکشێنیەوە و ناوچەکان چۆل دەکەین و ئەو کارەسات و نائومێدی و برسێتی و کوشتارەیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا نەسەپاندایا.


لایەکی تری مەسەلەکە ھەر ریسوایی بزوتەنەوەی کوردایەتی حیزبەکانی نیە، بەڵکو شکاندنی شکۆو ھەیبەتی خەڵکی کوردستانە کە کەبەجیا لەپاوانخوازی و کێشەکانی نێوان ئەم حیزبانەی دەسەڵات ‌و گەندەڵیەکانیان و مایەپوچی پەرلەمانە بنەکە فراوانەکەیان، داسەپاندنی فەزای بێئەمەلی دوودڵی و فەقیری و ھەژاری و سەپاندنی فەزای ترسی ھێرشی وەحشیانەی داعش ئاسای ئێستا کەلەناوچەکانی دوزو کەرکوک ئەنجامی دەدەن و حکومەتی ھەرێم و حیزبەکانی حکومەتی بنکە فراوانیش ھەریەکەیان خەریکی کاری پشتی پەردەی ریکەوتنن و شایی و لۆغانی دژی شکستی یەکترن بۆ ئەوەی راستی ھەڵوێستی خۆیان بسەپێین، بۆ شکاندنی یەکتری وەک سەردەمی ٣١ ئاب حەشدی شەعبی و عەبادی بەفریادرەس دەزانن، لەسەر ئەو ھەموو پێشێلکاریانەی لە ناوچەکانی دوزو کەرکوک و ھەندێ ناوچەی تر ئەنجامدەدرێ، ئەمان ھەریەکە خەریکی ساتوسەدایە لەگەڵ عەبادی و کلکایەتی بۆ ئەمریکا. واتە ئەوەی ئەنجامیان دا لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا ھەمان کارنامەکانی پێشوویانە لە مێژووی سیاسی دروستبوونی حیزبەکانی کوردایەتیەوە ھەیە بە کۆنیان و تازە دروستبوونیانەوە، بەرەنگی کۆنی پارتی و یەکێتی بوون و دەرکەوتنی بەبەرگی گۆڕانی تازەوە، شتێک نیە لەماھیەتی بۆرژوا ناسیونالیستی و ھەتا ئیسلامیانەی بزوتنەوەکەیان کە ھیچ شتێک نیە تەنیا بەڵا نەبێت بەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە. ئەوەیە کەدەڵێن ناسیونالیزم و قەومپەرستیەکەیان شەرمەزاری و دژی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستانە، ئەوەیە کەدەڵێن سیاسەت و ئایدۆلۆژی و کارنامەیان ھەر ئەوە نووە کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لەھەموو کات ماھیەتیان زیاتر دەرکەوت، وە ئێستا ھەریەکەیان لە ھەر ٥ حیزبەکەی پەرلەمان و حکومەتە شکستخواردووەکەیان خەریکی رزگار کردنی دەسەڵات و شەریکە بەشی دەورەی داھاتوون ھەر لە حکومەتی ئینقازی نیشتمانی و نێوەنجیگەری و کاری دیبلۆماسیان نێوان خۆیان، ئەگەر حکومەتی عەبادی و حەشدی شەعبی و قاسم سلەیمانی و ئەمریکا خێریان پێبکەن و لەگەڵیان دانیشن.


ئەوەی تا ئێستا وتومانە دڵۆپێکە لەدەریایەک لەسەر وەزعی کوردستان و خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵک و زەلیل بوون و ریسوا بوونی حیزبەکانی کوردایەتی و بزوتنەوەکەیان. بەڵام ئەوەی ئەمجارەش لەکێشەکانیادا بەرچاوە، وەک کارنامەیان لەھەر کێشە و شەڕێکدا، کەلەسەر یەکتری خستنەڕووی بەڵگە نامەی تاڵانچێتی نەوت و داھاتی خەڵکی کوردستان و دەرخستنی نامەی ژێر بەژێر لەگەڵ ئێران، عەبادی و نوێنەرانی ئەمریکاو وێنەی دانیشتنی دووقۆڵی و چەندقۆڵی باڵ و بەرە مخالفەکانی یەکتریە، دەرخستنی ناوی لیستی دەیان و سەدانی گەندەڵکاری بەسامانی کۆمەڵگای کوردستانەوە، لە خانەنشینی بەپلەی وەزیرو مدیرو چەند موچەیی و دەرخستنی ناردنە دەرەوەی پارە بە ملیۆن و ملیاری بنەماڵەو لێپرسراوە حیزبیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیە بۆ بانکەکانی ئەوروپاو ئەمریکاو بە وتەی خودی ئەندام پەرلەمانەکانی حکومەتە بنکە فراوانەکە،‌ لەئەڵمانیا لێپرسراوی حیزبی ھەیە بەسەدان شوقەی لەشوێنی گرانبەھاو سەر دەریا دروستکردوە و بەناوی کەسانی ترەوە پارەکانیان ساغ کرۆتەوەو سەرمایەکانیان لەرێگای قاچاخجی خۆیان و سەرمایەدارانی ترەوە لەدەرەوە دەخەنە گەڕ، ئەوە ناوی ئەو سەروەت ومان و خانوانە باس ناکەن کە سەرانی ئەو حیزبانە لەبەریتانیا و ئەمریکا ھەیانە، ئەوە جیا لەدەرخستنی خاوەندارێتی پاپۆڕی گەورەو و تەیارەی تایبەت و خانوون و ڤیلای گرانبەھاو خستنە ڕووی وینەکانیان لەگردو گردۆڵکەو شاخ و شارەکانی کوردستان و ھەواڵی چەند ژنەی سەرۆک و لیپرسراوەکان بڵاو دەبێتەوە، وێنەو ھەواڵ و بەڵگەی ‌تیرۆرەکانیان کەم نیە. رەنگە ھەموو ئەوەی دەیخەینە ڕوو لەسەدا ١٠ی ئەو ھەلومەرجە لەکارنامەی حیزبە کوردیەکان نەبێت.


ھەتاکو رەنگە ئەوەی ئیشارەمان پێداوەو ئەوانەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو دەبێتەوە بەشێکی بە فۆتۆشۆپ وەک ھەندێ لەئەندام پەرلەمانەکان و سەرانی حیزبەکانی کوردایەتی فیری ئەوەبوون دەڵێن ئەوە راست نیەو فۆتۆشۆپە، بەڵام گریمان ھەموو ئەمانە کە روو دەدەن، لەسەر حکومەتی ھەرێم، پەرلەمان و ئەندام پەر‌لەمانەکانیان، لەسەر حیزبەکان بە قەومی ئیسلامی و بنەماڵەکانەوە، لەسەر لێپرسراوەکان و موچەکانیان و سەروەتەکانیان، کەھەموو ئەمانە لەدەمی خۆیان و لەمیدیاکانی خۆیانەوە بڵاو دەبێتەوە، ئەوە نیە لەدەمی ئێمە کۆمۆنیستەکانەوە کە لەدەیەکانی نەوەدا دەمانووت لەسەر ئەم حیزبانەی کوردایەتی و داوامان لەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان دەکرد کەباوەڕیان بەم حیزبانەی کوردایەتی نەبێت گۆڕینی دەموچاوەکانە لەحیزبی بەعسەوە بۆ ئەمان، دەیانوت ئێوە توندڕەو ئاژاوەگێڕو دەستی دەرەکی لەپشتنانەوەیە، بەڵام ئەوەی ئێمە لە دوو دەیە لەمەبەرەوە دەمانووت ئێستا زۆریان لەسەر کێشەی چاڵە نەوت و دەسەڵات و پشکی زیاتر بەیەکتری دەڵێن و ئاشکرای دەکەن، ئێستا بەئاشکراو لەمیدیاکانی خۆیانەوە بەڵگەنامە بەڕاست و دروستکراو لەسەر یەکتری دەڵین، بەجیا لەراست و دروستی بەڵگەنامەکان، ئایا ھەموو ئەوانە چ پەیامێکیان بۆ خەڵکی کوردستان و بەتایبەت بۆ کرێکاران و مەحرومانی کۆمەڵگا، بۆ ژنان و لاوانی کوردستان تێدایە، دەبێ بەوری سەرنجی بدرێتێ و خەڵکی کوردستان بۆ ئەم دەورە نوێیە کەکوردستان پیایدا تێدەپەڕێت و دەورەیەکی ‌درێژخایەن دەبێت، ئەگەر خەڵکی بە ھوشیارانە بیری لێنەکاتەوە ئەوا جارێکی تر ھەر پێنج حیزبەکانی کوردایەتی بەئیزافەی دەموچاوی کە بە رەنگی ترەوە خۆیان رێکدەخەن و جارێکی کە لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان بازرگانی دەکەن و سات و سەدا لەگەڵ فیدراڵیزمە قەومی و تایفیە شیعەکەدا دەبەنە پێشەوە.


خەڵکی کوردستان دەبێ بزانن پەیامی ئەو بەڵگانەی حیزبەکانی کوردایەتی لەسەر یەکتری، لەسەر سەرکردەکان و لێپرسراوانی و ھەتا حکومەت ھەرێم وەک دەسەڵاتدارێتی بۆژوا ناسیونالیستی کوردی، بەجیا لە ‌دروست و نادروستیان یەک راستی بۆ خەڵک دەردەخات، ئەوەیە چ لەدەمی خۆیان و چی لەدەمی خەڵکی کوردستانەوە، تەنیا یەک بەڵگە نامە نیە لەسەر کارنامەی ٢٧ ساڵی دەسەڵاتیان لەرابردوودا، کەکارێکی باش و خزمەتگوزاریەکی باش و بەرنامەیەکی باشیان ھەبووبێت و وەڵامیان بەپێداویستیە سەرەتاییەکانی خەڵک دابێتەوە، تەنیا یەک بەڵگەنامە بڵاو نابێتەوە کە رۆژێک سەرانی ئەو حیزبانەو بنەماڵە و لیپرسراوەکانیان وەک خەڵکی کوردستان ژیابن، یەک بەڵگە نامە نیە کە ھەموو ئەو حیزبانە لەسەر مێزی گفتوگۆی نێوان خۆیان و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەو ئەمریکا دانیشتبن لەسەر ئایندەو چارەنوس و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان قسەیان کردبێت. کەواتە ئەم حیزبانەی دەسەڵات و حکومەتی ھەرێم و بنەماڵەو سەرکردەکانیان درورو نزیک ھیچ بەرژەوەندیەکیان لەگەڵ خەڵکی کوردستان؛ لە ژنان، کرێکار، مامۆستا و مناڵ و پیرو لاواندا نیە. ھەربۆیە خەڵکی کوردستان دەبێ لەئایندەشدا ھیچ چاوەڕوانیەکیان لەم حیزبانەی ناسیونالیزمی کوردی بەقەومی ئیسلامیەوە نەبێت، تەنیا دژی ئەم حیزبانە قسەکردن و ریسوا کردنیان کافی نیە کە ئێستا خەڵک دەیکات لەسەریان، بەڵکو خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگا، ژنان و لاوان و کارمەندو و مامۆستا دەبێت لەئاسۆ و بەرنامەو کارنامەو سیاسەتی ئەم حیزبانەی ناسیونالیزمی کوردی بەیەکجاری دوربکەونەوەو داببڕێن. خۆ ھوشیاری و رێکخراوبوون لەدەرەوەی حیزبەکانی کوردایەتی و ئیسلامی، یەکەمین ھانگاوە لەسەر رێگای دەستکۆتاکردنی ئەم حیزبانە بۆ ھەمیشەیی و دیاریکردنی ئایندەیەک کەخەڵکی کوردستان کۆمەڵگا بەدەستەوە بگرن و بەدەستی خۆیان ئایندەی خۆیان دیاری بکەن.


٢٩\١١\٢٠١٦٧

ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک