|
٤\٣\٢٠٢٦
پەیامی من بۆ
تێکۆشەرانی رۆژەڵاتی کوردستان!
دارا خونچە
ئەمن
تا سەر ئێسقان دژ بە هەر جۆرە دەسەڵاتێکم بە تایبەتییش دەسەڵاتی
بنەماڵەیی (بارزانی و تاڵەبانی) و ئاپۆیی، هەروا دژ بە هەر جۆرە پارتی
و پارتیایەتییەکم و پێموەیە پارتیایەتی لەمێژە تەنیا خێڵایەتییەکی
مۆدێرنە!
تکایە، لەو بارودۆخەی ئێستای رژێمی سێدارەی ئیسلامیی ئێران کە
دەرفەتەکی مێژووییە و لە دەرێی ویستی کوردان لە ئارادایە.. ئێستا کاتی
ئەوەیە تێکۆشەرانی نێو پارتییەکانی رۆژەڵات لە شاخەکان بێنەخوارێ و
بڕژێنە نێو شارەکان تا خەڵک بە پشتیوانیی ئەوان رابن و رژێم رابماڵن و
کوردستان پاک بکەنەوە، واتە رێک ئەزموونی سەرکەوتووانەی باشووری
کوردستان دووبارە بکەنەوە کە پێشمەرگە لە شاخ دابەزی و بە هاوکاری خەڵک
راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ بە سەرکەوتن گەیشت*.. بەڵام تکایە خۆ بەدوور بگرن
لەو ئەزموونە شکستخواردووەی (برایەتی گەڵان و دەوڵەتی نانەتەوەیی)ی
هەسەدە! هەروەها یەکسەر دروشمی (سەربەخۆیی کوردستان) بەرزبکەنەوە،
بەڵام ئەگەر سیاسەتی ستەمگەرانەی نێودەوڵەتی رێی نەدا کوردستان سەربەخۆ
ببێ.. ئەوە هیچ نەبێ دەوڵەتی داهاتووی ئێران ناچار ببێ لەگەڵ دەسەڵاتی
شۆڕشگێڕانەی رۆژەڵاتی کوردستان دەوڵەتێکی کۆنفیدرالی یان فیدرالی
پێکبهێنن!
______________________________________________
*
تێبینیی: تکایە ئەو مێژووەی راپەڕینی
باشووری کوردستان چەواشە مەکەن کە پێشمەرگە بە هاوکاریی خەڵک راپەڕینی
باشووری بە سەرکەوتن گەیاند، من خۆم هەفت ساڵ پێش راپەڕین پێشمەرگە
بووم و لە راپەڕینیش دوو جار بریندار بووم بۆیە دەزانم ئەو مێژووە چۆن
بووە کە من و خەڵکێکی تێکۆشەر بە خوێن نەخشاندمان. هەرچەندە ئێستا
لەگەڵ ئەوەی دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارن بەڵام دروستبوونی قەوارەی باشوور
دەستکەوتێکی زۆری لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان وەدەستهێناوە و
دەرفەتێکی باشیشی بۆ چینە هەژار و کرێکارییەکان و بۆ ژنان رەخساندوە تا
خەبات لە پێناو یەکسانییدا بکەن.. هەروا بووەتە مەکۆی شۆڕشگێڕانی هەموو
پارچەکانی دیکەی کوردستان! واتە گوێ بەو رۆشنبیرۆکە و رامیاربازانە
مەدەن کە دوژمنداریی باشوور دەکەن و نایانەوێ کەتواری میللەتەکەمان و
چەوسانەوەی بێدەوڵەتیی و داگیرکەریی لەبەرچاو بگرن، ئەوان تەنیا
دەیانەوێ بە قسە هەڵبزڕکاوەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (لایک)
کۆبکەنەوە و خۆیان دەربخەن!
لە بەرانبەر بە ناو (چەپ و یەکسانییخوازەکان)یش دەبێژم؛ ئەمن
کۆمۆنیستێکی کردەیی و ئازاد و سەربەخۆم.. هەر بۆیە دەتوانم بێ
رەچاوکردنی هیچ جۆرە خولیایەکی رامیاربازیی لە پێناو سەربەخۆیی
کوردستان و رێخۆشکردن بۆ تێکۆشانی چین و توێژە کرێکاریی و چەوساوەکان
ئەو پەیامە زۆر بە رۆشنیی دەرببڕم.
٣\٣\٢٠٢٦
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|