٢٦\٨\٢٠١٠
پەیام.

هیوا رهش
لە بەر تریفەى
مانگە شەوا
لە سەر ڕیتمى جریوەى ئەستێرەکان
لە دوا ڕەتڵى شەوا
بێ ئەوەى لە دەرگا بدەم
لە بەر تیشکى نیگاى چاوى ڕەشت
ڕێگە ئەگرم دێمە ناو باوەشت
هیچ کاتێک
ڕێژنەى باران ڕِێگەى لێ نەگرتووم
گرمە و هەورە تریشقەى هەور و
بڵاچەى برووسکە ، ڕاینەچڵەکاندووم
ئەو دەمانەى خەیاڵ بەرۆکى پێ گرتووم
ملێ ڕێم ناوەتە بەر و هاتووم،
هاتووم و
گوێ لە بانگۆزى دڵت بگرم
تا چەپکە گوڵى ئەوین لە یەخەت بدەم و
تاوێک لە سینەتا پشوو بدەم و
یەک دوو نەرمە گاز
لە لێوى گۆشتنت بگرم
ئەگەر بۆم نەکرا بێت ، بێم
ڕێگەم لە شنە با و
شەپۆَڵى دەریا گرتووە
پەیامى ساردى هەناسەم بەوان ڕاسپاردووە
هەواڵى چاوى پڕ لە ئەسرین و
ترپەى سستى دڵى خوێنین و
ئامێزى ساردى بێ تۆییم پێیاندا ناردووە.
* *
* * *
دە تۆش وەرە هەناسەم ،
عاشق کوا توڕەبوون ئەزانێ
عاشق ڕق و کینە چوزانێ
لە فەرهەنگى عەشقا لێک دابڕان کوانێ ؟ !
وەرە و با یەکجاریى تێک ئاڵێین
وەکو چنار و لاولاو
تا بۆ تۆى عاشقى تینووى ماچ
ببم بە دڵۆپێک ئاو
بڕژێمە سەر لێو
شۆڕ بمەوە بۆ باخى سێو
ماچت بۆ بکەم بە گۆرانى و بەستە
تا ئاوێزانى یەک ئەبین و
ئەبین بە یەک جەستە.
* *
* * *
دە وەرە ئازیزم
من هیچ ناڵێم و
هیچ لە دڵما نیە ،
تۆش مەڵێ زیزم
وەرە با ئاشت بینەوە
غەمى دوورى نێوانمان و
تەمى گومان بڕەوێنینەوە
وەرە ئاڵاکەم
بۆم ببە بە شەم
تا وەکو دێوانە
کڕنوشت بۆ ببەم
دەرگاى دڵى من ، بۆ تۆ کراوەیە
تۆى تیا نەبیت
چەشنى کەلاوەیە.
مانگم خۆش دەوێ.
نەک جارجار
هەزاران جار
هەزاران ئێواران و
هەزاران شەوان
لەگەڵ مانگ چوومەتە ژوان
جارێک بەڵێنى نەدامێ
شەیدام بێ
دزەى نیگاى دەکرد و دەڕۆییشت
نەیدەهێشت خۆشى بوێم
نەیدەهێشت لە بارەى خۆشەویستییەوە
هیچى پێ بڵێم !
نەک جارجار ، هەزاران جار
سەدان شەو و
سەدانان ڕۆژگار
پێت ئەووتم : تۆ مایەى ژیانمى
پێت ئەووتم : تۆ ڕوح و گیانمى
هەزاران جار
دەتووت : من بێ تۆ هیچ نیم
دەتووت : مەحاڵە بێ تۆ بژیم
کەچى ئێستا بە ئاسانى
دەرئەبڕى پەشیمانى !
* *
* * *
عەشق خاشاک نیە و
گەردەلوول ڕایماڵێ
ئەڵقە نیە و
لە ئەموست داماڵێ
هەور نیە و
دواى گرمە گرم بڕەوێتەوە
بەفر نیە و
بە تینى هەتاو بتوێتەوە
گەڵا نیە و
لە پاییزا هەڵوەرێ
قسەیەکى ئاسایى نیە و
لە زار دەرپەڕێ
عەشق موقەددەساتە
عەشق مەرگەساتە.
* *
* * *
نازانم ڕاست دەکەى ؟ !
کە فەرمووتە :
(( عەشق قوربانیى ئەوێ قوربان ))
تا لێت بپرسم :
کوا قوربانیى
کوا بەڵێن و پەیمان
کوا قوربان
کوا قوربان ؟
* *
* * *
من دەمزانى تۆ ڕقنى و
ووڕک ئەگرى
بەرگەى دژواریى عەشق ناگرى
بەڵام چى بکەم ؟ کەوا
لەپاى ئەو عەشقەتدا
ئێستا داماو و بێ دڵم
تۆ دڵت دزیوم و
هەرچەند دەکەم
نامدەیتەوە ، گوڵم ؟!
پێ بزانى یا نەزانى
من لە خۆشەویستی تۆ
ناگەزم پەنجەى پەشیمانى
بەڵام وا دەزانم
خەونێکە و دیم ،
تۆ ڕوبارێکى بەخوڕ ڕۆییشتوویت و
منیش ڕەگى شۆڕەبیم
خەون براى خەیاڵە
زۆربەیان
ناویان بۆش و بەتاڵە.
* *
* * *
بۆیە دەڵێم :
مانگم خۆشتر دەوێ
چونکە ئەو تەفرەى نەداوم
بەڵێنى ناڕاستى پێ نەداوم
شەونخونیم بە دیاریەوە نەچێشتووە
دواى دوا پەیمان و دوا بڕیار
جێمى نەهێشتووە.
* *
* * *
وامەزانە قینم لێتە
تۆشم خۆش دەوێ وەکو ئەو
چونکە لە شیعرەکەما
هاوشانى ئەوى
ئەو وەفادارە لە ئاسماندا
بەڵام تۆ
بێبەڵێنترین کەسى لە گۆى زەوى.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|