٢٢\٧\٢٠١٦
پەیبردن بە
خەوشییەکانی سەرمایەداریی.

ناودار زیاد
ڕەهەندە نەرێنی و سلبییەکانی سیستەمی سەرمایەداریی بێ شومارو
لەژمارنەهاتوون. بەداخەوە ئەم سیستەمە وەک شارستانیەتی سەردەم
باڵیکێشاوە بەسەر جیهاندا. خستنەڕووی مەترسییەکانی پێویستی و ئەرکێکی
مرۆییە. ئاوها نەبێ هەرئەبێ لەژێر چەپۆکی قورسی عەقڵیەت و کردەکانی ئەم
سیستەمەدا بناڵێنین. ئەوانەی بێدەنگن و نوقەیان لێوەنایەت یان
دەستەمۆکراون و سڕبوون، یاخود چەپەڵ و چڵێسن، ئاسایش و بەرژەوەندییان
لەو قازانجەدایە کە ئەم سیستەمە بۆیان دەستەبەر ئەکات.
سیستەمی هەژمونگەرای سەرمایەداریی زاڵ لەوەدا بێڕەحم و دڕندەو
دێوئاسایە کەبەتەواوی تاک بەرزەفت ئەکاو ئەیخاتە ژێر هەژمون و کۆنتڕۆڵی
خۆیەوە. ئەتوانین بڵێین مەکینەی هاڕین و توێ توێ کردنی مرۆڤە لەناو
خۆیدا. مەترسیدارترین لێکەوتەو دەرهاویشتەی بریتییە لەتواندنەوەو
ئاوێتەکردنی تاک لەناو کاڵاو شتومەک و ماددەدا، لێرەوەیە بێڕەحمی و
ساردوسڕی و کەلێنی گەورە لەنێوان مرۆڤەکاندا دروست ئەکات، بەجۆرێک تاک
بەتاڵ ئەکاتەوە لەبزاوت و جوڵەو ڕۆحی گەرمی مرۆڤانە و سروشتییانەی.
لەلایەکی ترەوە عەقڵیەتی پیشەسازی و بازرگانی و بازاڕ سەرلەبەری وجود و
کیانی مرۆڤ و پێکهاتەو ڕەگەزەکانی سروشت ئەخاتە خزمەتی خۆیەوە، بۆیە
خەتاو سوچی گرفتە دەروونی و کارەساتە ژینگەیی و سروشتییەکان ئەکەوێتە
ئەستۆی. لەگەڵ ئەوەشدا هاوشێوەیی و لەیەکچوون لەهەموو شتێکدا ئەبێتە
مۆرکی تاکەکانی کۆمەڵگە، ئەمەش لەگەڵ خۆیدا دیاردەو حاڵەتەکانی
ئەوپەڕێتی و دەمارگیری و توندوتیژی و گشتگیری دێنێتە کایەوە.
دەتوانین بڵێین تەواوی مرۆڤایەتی گیری خواردووە بەدەست ئەم سیستەمەوە،
بەهۆی ئەوەی ڕۆڵی مرۆڤ لەبەکاربردندا چڕبۆتەوە، هیچ دەرفەتێکی لەبەردەم
سروشتی ڕەسەنی خۆیدا نەهێشتۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو کێشەی کەمینەکان،
تیرۆرو توندوتیژی بێ سنور، وێرانکردنی ژینگە، پێشێلکاری مافەکان و
ئازادییەکانی مرۆڤ، چەکی ئەتۆم، زیادبوونی بێسەروبەری دانیشتووان و...
هتد دەرئەنجامی سەپاندنی دەسەڵاتەکان و تواندنەوەی تەواوی کۆمەڵگەیە
لەو جانەوەر( لیڤیتان )ەی كهناوی دەوڵەتە. دۆخەکە بەئاستێک گەیشتووە
دەوڵەت سەرپاکی بیرو چالاکی و جوڵەی تاکەکانی لەسنوری ڕەهای خۆیدا
قەتیس کردووە، تاکەکان توشی هەناسەتەنگی بوونە، نوززەیان لەبەربڕاوەو
لەپەلەقاژەی خنکاندان. سنوردانان بۆ پەلکێشییەکانی دەوڵەت
بەرپرسیارییەتییەکە لەئەستۆی تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگەدایە. ئەگەرنا وەک
مێروولەیەک دهبێ لەژێر باری کارکردنی سەخت و تاقەتپروکێندا بمێنینەوە.
شارستانی سەرمایەداریی زاڵ کەبەرهەمی چینایەتی و شاربوون و
دەوڵەتدارییە، مەکینەیەک بووە بۆ ئەنگێزەی وێرانکەری ئایدۆلۆجییە
دۆگماو دەسەڵاتخوازەکان و، سکەیەکی تۆکمەو لەباریش بووە بۆ پەرەپێدانی
مۆدێلی بەکارهێنانی ئامێرەکانی توندوتیژی و چەوساندنەوە. سەرباری ئەوەی
خۆپڕچەککردنی ئەتۆمی و پیسکردنی ژینگەو نەخۆشییە زایەندییەکان و
ژینۆسایدکردن و... هتد لەمۆرک و نەریتە دیارەکانی ئەم شارستانییەتەیە.
بۆ پهیبردن بههەڵەو خەوشییەکانی شارستانییەتی سەرمایەداریی زاڵ وەک
فیلمێکی تراژیدی چۆن کۆتا دیمەن بەڕووداوێکی خەمناک و دڵتەزێن دواییدێت
و ئاهوکەسەر لەدڵدا بەجێئەهێڵێ ئاوها بەتەماشاکردنی دەرئەنجامەکەی
تراژیدیاو کارەساتبارییەکەییت بۆ دەرئەکەوێ. بۆ گەیشتن بەواتای ڕاستی
ژیان، ڕێگای ڕزگاری و دەرەتانێک، گرنگە ببینە ڕەخنەگری ئەم سیستەمی
سەرمایەدارییەی وا شارستانییەتەکەمان بەرەوهەڵدێرو خەرەند ئەبات.
لەکاتێکا بوونە پارچەی ئەو مەکینەیەی وا ڕەوڕەوەی ژیانە سروشتییەکەمانی
بەرەو ئاقاری شێواندن وههلاههلابوون و لەناوبردنی مینۆكی و فیزیکی
بردووە بەشداریکردن و پشکدارییە لەتاوانێکی ڕێکخراوو سیستماتیک دژی
بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی.
znawdar910@gmail.com
|