![]()
|
١\٦\٢٠٢٦ پەیدۆزکردنەوە!
دارا خونچە لە هەر زویربوون و زیزبوونەک رێچکەیەک پشتی بزربوونت چێدەبی ١، ٢ من پەیدادەکەی سەرلەنوێ! * * * نا نا نەکەی.. ئیدی چیدی بەرگەناگرم ٣ لە دوا پێکی هەر ژوان و رامووسانێ لە دەستپێکی هەر رۆیشتن و جیهێلانێ شوێنپێیانت رەوت و رۆیینم قووتبدەن نەخشەی شەقامی سەرەکیی ئەڤیندارییم لێرووێرکەن. ٤ نا نا نەکەی.. ئیدی چیدی لە ژێر گوشار و هورژمی ٥ کەڕەسیسەی رێچکۆڵانت ٦ لە ژێر هەڕەت و هەژموونی ٧ قوتەقوتی مەمکۆڵانت لە نۆژەنڕا من پەیدۆزکەی! * * * مەژییمان وەنێو تیشکەکان گوزەریانکرد ٨ لەشولاریان بۆنکڕووزی لێوەدێ ٩ هەرگیز دیتیتتان سۆز لە ناخەوە زانست لە هەمێز بگری ١٠ یان زگوزاری لێی هەبی؟! ١١ ئەمن شەرمەزاری لێوانم؛ دەمەک پەیڤە سەرمەستەکان دەمەک ماچە تەڕەکان هۆردووکیان ١٢ هەر وە لێوان دەکرێن. ١٣ ئەمن ولۆ دەتهۆنمەوە ١٤ خۆ خۆی خودی هۆزانیش ئایندەیە ئیدی با ئاوەزیش هەر دمبکی ژیربێژیی لێبدا و هەر ئاوازی خۆی بژەنی. دە ئاخر پەیدۆزکردنەوە ئاوێتەیەکە لە ئازار و ئاسوودەیی لێ جاری یەکەم لە نیگەرانییت دەگری جاری دووەم لە گۆشەگیریی سێیەم جاریش لە چارچیوەیێ پتەو! ______________________________________________ ١- پشتی: لە پاش، لە دوو، لە دوای. ٢- چێدەبی: دروستدەبی. ٣- ئیدی چیدی: ئیتر هیچی دیکە، ئەوجا هیچی دیکە. ٤- لێرووێر: تەڵخ، لێڵ، ناڕۆشن. ناڕوون، ناڕۆن. ٥- هورژم: هروژم، ورووژم، هێرش، پەلامار. ٦- کەڕەسیسە: دابەزینی هەر تشتەک پێکەوە و بە ژمارەیەکی زۆر لە جێیەک. ٧- هەڕەت: کارتێکردن. جودایە لە (هەڕەت) وەک (هەڕەتی لاویی). ٨- مەژیی: مێشک. ٩- بۆنکڕووز: بۆنی ناخۆشی سوتان. ١٠- هەمێز: ئامێز، هەمبێز، باوەش. ١١- زگوزار: دووگیان. وەک نموونە (گەوهەر بەو زگوزارەیەوە لە زارێ خێراتر دەڕۆیشت). ١٢- هۆردووکیان: هەردوو، هەردووک، هەردووکیان. ١٣- وە: بە. ١٤- ولۆ: ئەوها، ئاوەها، ئاوا، ئیوها، وەتۆ، هوسا.
کۆتاییەکانی مایسی ٢٠٢٦ - لەندەن
|