٢٦\١٠\٢٠١٠ په‌یکه‌رێک بۆ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه ئه‌م په‌یکه‌ره‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو په‌یکه‌ره‌کانی تره‌وه‌یه ، په‌یکه‌ره‌که‌ی سه‌رو ژێر دانراوه ، واته هه‌ردوو پێیه‌کانی له‌سه‌ره‌وه به‌ره‌و ئاسمانن ، سه‌ریشی له خواره‌وه‌یه له‌سه‌ر سه‌کۆی بنی په‌یکه‌ره‌که‌دا‌یه.مه‌به‌ستی زیره‌ک میره‌ی په‌یکارتاش له سه‌روژێر دروستکردنی ئه‌م په‌یکه‌ره‌دا .. ده‌یه‌وێت ئه‌وه ده‌ربڕێت که شتی نادروستیش له‌م سه‌رده‌مه‌دا دروسته ، ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیری قوڵی فه‌لسه‌فی خودی شاعیر له‌تیف هه‌ڵمه‌ت که به‌لای ئه‌وه‌وه نامه‌عقووله‌کانیش مه‌عقوولن..نابێ ئه‌مڕۆ وه‌کو دوێنی بێ و سبه‌ینێش وه‌کو ئه‌مڕۆ نابێت..
دروستکردنی په‌یکه‌ر بۆ که‌ڵه ئه‌دیب و هۆنه‌رمه‌ند و هه‌ر تێکۆشه‌رێکی دڵسۆزی گه‌له‌که‌مان که ڕۆڵێکی به‌رچاویان هه‌بووه و هه‌یه و شوێن په‌نجه‌یان دیاره له خزمه‌تکردنی کو‌رد و کوردستاندا ، له‌هه‌ر بوارێکدابێت ،که تا ئێستا له ژیاندان و ڕێزیان لێده‌گرن ، به ڕاستی ڕێزلێنانێکی ڕه‌مزی گه‌وره‌یه و مایه‌ی شادی و خۆشی و شنازنازییه بۆیان ، ئه‌گه‌رچی خزمه‌تکردن و قوربانیدان ئه‌رکێکی پیرۆزی نیشتمانیه و که‌سانی گه‌ل و نیشتمانپه‌روه‌ری دڵسۆز چاویان له پایه و پاداشت و خه‌ڵات نییه ،به‌ڵام پێ‌زانین و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ش ، ڕێزێزگرتنکێی گه‌وره‌یه و مایه‌ی دڵخۆشییه. که‌ڵه شاعیری مه‌زنی گه‌له‌که‌مان(له‌تیف هه‌ڵمه‌ت)له ساڵی «١٩٧٤»له شاری کفری ی سه‌ر به پارێزگای که‌رکوک له دایک بووه، دواتر هاتوونه‌ته شاری که‌رکوک ، ئێستا له شاری سلێمانیدا ده‌ژی ،له‌تیف هه‌ڵمه‌ت شاعیر و نووسه‌رێکی نوێخوازه و داهێنه‌ری ڕیچکه‌یه‌کی نوێیه له ئه‌دبی کوردی‌دا ،به یه‌کێک له شاعێره مه‌زنه‌کانی دوای قۆناغی گۆران داده‌نرێ، ئه‌وانه‌ی شیعره‌کانی هه‌ڵمه‌تیان خویندبێته‌وه، ئه‌و ڕاستییه‌یان بۆ ده‌رکه‌وتووه، که هونه‌ره‌که‌ی بۆ خزمه‌تی گه‌له‌که‌مان ته‌رخان کردووه نه‌ک «هونه‌ر بۆ هونه‌ر»هه‌ڵمه‌ت شیعره‌کانی له‌چه‌ند به‌رگێکدا چاپکردوون «دیوانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت» .
بێجگه له شیعر ،چه‌ندین کتێبی لێکۆڵینه‌وه و بابه‌ت هه‌مه‌جۆره‌ی تریشی چاپکردوون. له بواری ئه‌ده‌بی منداڵاندا، تا ئه‌مڕۆ هیچ نووسه‌رێکی کوردمان له نووسینی هۆنراوه و چیرۆک و ئۆپه‌رێتدا بۆ منداڵان نه گه‌یشتوونه‌ته توانا و پایه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ، ڕاسته کۆمه‌ڵێکی باشی نووسه‌رمان هه‌بوو و هه‌یه که خزمه‌تێکی باش و به‌رچاویان له ئه‌ده‌بی منداڵاندا هه‌یه جێیی ڕێز و شانازیمانن ، به‌ڵام له‌تیف هه‌ڵمه‌ت شۆڕشێکی نوێخوازی له ئه‌ده‌بی منداڵاندا په‌رپاکرد.. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت توانی بچێته قوڵایی دنیای منداڵان و زمانی ئه‌وان فێربێ ،به حه‌ز و خواسته‌کانی کوردیله‌کان هۆنراوه و چیرۆکه‌کانی هه‌وێن بکا. هۆنراوه و چیرۆکه‌کانی ،وشه و ڕسته‌کانی ،شێوازی هۆنینه‌وه و داڕشتنی ، ئاسان و ساکارن، بێ گرێوگۆڵن،شیرین و به‌تامن ،گوزارشت له ژیانی راستیی مندڵانی کو‌رد و ژینگه‌ی جوان و قه‌شه‌نگ و ئه‌فسووناوی کوردستان و، کو‌رد و کورستانپه‌روه‌ری و، هه‌ستی کوردایه‌تی و، ڕه‌وشت و به‌ها جونه‌کان ،هه‌موو ئه‌مانه ڕه‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه له نووسینه‌کانی له‌تیف هه‌ڵمه‌تدا بۆ منداڵانی کوردمان.بۆیه زۆربه‌ی هۆنراوه‌کانی کراون به سروود و گۆرانی و بوونه‌ته وێردی سه‌ر زمانی کوردیله چاوگه‌شه‌کانمان..
هێنده‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت لای ئه‌ده‌بدۆستانی گه‌وره‌مان خۆشه‌ویست و به‌ڕێزه..ده هێنده‌ش له لای منداڵانمانی کوردمان له‌به‌ردڵ و شیرین و به‌ڕێزه.. تا ئێستا له‌تیف هه‌ڵمه‌ت پانزه کتێبی ( هۆنراوه ـ چیرۆک ـ ئۆپه‌رێتی ) بۆ منداڵانی کوردمان چاپکردووه ، که له «٥٢٠ » لاپه‌ڕه زیاتر ده‌بن ،هیچ نووسه‌ریکی ترمان نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌م ژماره‌یه له بواری نووسین و چاپکردن بۆ منداڵان..دوا دوو کتێبی نووسینی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت بۆ منداڵان، دڵنیام که دوا کێبی نابن ــ تا هه‌ڵمه‌ت بمێنێ کتێبی زیاتر و تازه‌تریشی ده‌بینین ــ ئه‌م دوو کێبه‌یه، که هه‌ردووکیان به یه‌ک ڕۆژ ده‌رچوون: ١ــ ( پشیله‌یه‌ک پاسکیل لێده‌خوڕێ) کۆمه‌ڵێک هۆنراوه و چیرۆک و ئۆپه‌رێته بۆ منداڵان. ٢ــ ( مانگ له نێوانی هه‌زار و یه‌ک ئه‌ستێره‌دا ده‌نوێ ) که نزیکه‌ی چل و پێنج شیعری منداڵانی جیهانه ، گۆڕیونێتیه سه‌ر زمانی کوردی. پایه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له بواری ئه‌ده‌بی منداڵانی کوردی‌دا ، له پایه‌ی « هانز کریستیان ئه‌نده‌رسن» ی دانمارکی که‌متر نییه، که به‌هۆی به‌رهه‌مه‌کانی له بوای ئه‌ده‌بی مندڵاندا ناوبانگی جیهانی گرته‌وه.
من له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به شایانی له‌و په‌یکه‌ره‌ش زیاتر ده‌زانم.. ده‌کرێت شه‌قامێک ،قوتابخانه‌یه‌ک،یا هۆڵێکی ڕۆشنبیری به‌ناو له‌تیف هڵمه‌ته‌وه بنرێت . له‌و باوه‌ڕه‌شدام ،که له داهاتوودا چه‌ند نامه‌یه‌کی ماچستیر و دوکتۆرا له‌سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کان و ڕۆڵی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له ئه‌ده‌بی نوێی کوردیماندا بنووسرێن..ته‌مه‌ندرێژی بۆ کاک له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ده‌خوازم و جوانترین پیرۆزبایشی لێده‌کم به بۆنه‌ی ئه‌م ڕێزگرتنه شایسته له به‌ڕێزیان ...
٢٥\١٠\٢٠١٠
- نه‌رویج
|