پەیوەندی نێوان پیسبوونی هەواو تەمەن کورتی لە شارە گەورەکاندا.
ئا/ روخۆش محەمەد
توێژینەوە زانستییەکان ئەوەیان ڕوونکردۆتەوە، کەوا ئەو پیسبوونەی کە لە شارە گەورەکان و جەنجاڵەکان پێوەی گیرۆدەبوونە، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر دانیشتوانەکەی بەجۆرێک دەبێتە هۆی مردنیان لە تەمەنێکی زۆر زوو ئەگەربەراورد بکرێت لەگەڵ دانیشتوانی لادێکان، هەروەک لەم بارەیەوە زاناکانی پەیمانگای لێکۆڵینەوەو توێژینەوە زانستییەکانی ئەمریکی سەبارەت بە کاریگەری تەندروستی ڕایانگەیاندووە، لەو توێژینەوەی بەم دواییەی دەریانکردووە ئەوەیان ڕوونکردۆتەوە، کە دانیشتوانی شارەکان تەمەنیان کەمترە، واتا کەمتر لە ژیان دەمێننەوە بەهۆی کاریگەری پیسبوونی ژینگە بەسەر تەندروستی مرۆڤ، هەروەک چۆن هەندێک گیروگرفتی تەندروستی سەریهەڵداوە بەهۆی پیسبوونی هەوا وەک بڵاوبوونەوەی ئەو تەنۆلکە بچووکانەی بە هەوای ناو شارە گەورەکان. هەندێک توێژینەوەی زانستی لەم بارەیەوە ئەنجامدراوە بەتایبەت لە وڵاتانی پێشکەتوو وەک ئەمەریکا، ڕاستی ئەوەیان ڕوونکردۆتەوە کەوا پەیوەندییەکی تۆکمە هەیە لە نێوان کورتی تەمەن و ڕێژەی پیسبوونی ژینگە، بەتایبەتی پیسبوونی هەوای شارەکان ئەمە سەرەڕای ئەوەی کەوا لە توێژینەوەکان هەندێک هۆکاری دیکەشیان لەبەرچاوگرتووە کەوا کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر ڕێژەی تەمەنی مرۆڤ لەوانەش هەژاری، ئاستی خوێندەواری و ئاستی داهاتی تاکەکەس و دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، بەڵام بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پشکی شێر بەر هۆکاری پیسبوون و پلەی گەرمی و ڕێژەی شێداری دەکەوێت. بەڵام زۆر ئاساییە لە لادێکان تەمەنی مرۆڤەکان زۆر زیاترە لەناو شاردا، بۆ نموونە زۆرجار ئەوەمان بەرگوێ دەکەوێت خەڵکانێک هەن تەمەنیان زۆرە، کەچی هەر لەسەر کارکردن بەردەوامن، لێرەدا هۆکاری ئەو جیاوازییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ڕێژەی پیسبوونی ژینگە لەناو شارەکان گەلێک زیاترە بەبەراورد بە لادێکان ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەو هەوایەی کەوا مرۆڤ هەڵیدەمژێت لەوانەیە ڕێژەی ئۆکسجینی بەو شێوەیە نەبێت کەوا مرۆڤ پێویستی پێی هەیە بۆ زیندە چالاکییەکانی ناو لەش، ئەمە جگە لە زۆری ڕێژەی جەنجاڵی و ژاوە ژاوی ئۆتۆمبێلەکان و جۆرەکانی دیکەی پیسبوون، هەموویان کاریگەرن لەسەر تەندروستی مرۆڤ، هۆکارەکەشی بۆ کەمی دارو درەخت دەگەڕێتەوە لەناو شارەکان گۆڕینی شوێنی سەوزایی بۆ شێوازەکانی دیکەی ژیان وەک نیشتنەجێ بوون و کارگەو باڵەخانەی گەورەو... هتد، بەڵام ئەگەر سەیری گوندو لادێکان بکەین ئەوا لەبەر زۆری ڕێژەی دارەکان و کەمی کێشە ژینگەییەکان و سازگاری ئاووهەواکەیان، وایکردووە تەمەنیان درێژبێت ئەمەش بەهۆی باشی ئاستی تەندروستیان. ئەگەر بەراوردێک بکەین لە ڕووی تەمەنی مرۆڤەکان لە کوردستان ئەوا ڕاستی ئەم بابەتەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە چونکە زۆربەی زۆری ئەو خەڵکانەی لە شارە گەورەکانی وەک هەولێر و دهۆک و سلێمانی دەژین تەمەنیان لە(70)ساڵ تێپەڕ ناکات ئەگەر بە دەگمەن نەبێت، ئەمەش بەهۆی زۆری ڕێژەی پیسبوونی ژینگە لەو ناوچانەدا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک ڕەبۆ، شێرپەنجەو تەنگەنەفەسی و جۆرەها نەخۆشی دیکە، ئەمەش وایکردووە ڕێژەی مردنیش لەناو شارەکان ڕوو لە زیادبوونەو ڕێژەی تەمەنیش ڕوو لە کەمبوونە بە بەراورد لەگەڵ لادێکان.
|