٢٤\١١\٢٠١١
پەیوەندیی
رۆژنامەنووسان و دەزگا ئەمنییەکان.

شوان سدیق
- بەشی یەکەم -
لەدوای سەرھەڵدانی میدیای ئازادو زۆربوونی ئۆرگانەجیاجیاکانی
راگەیاندنو فراوانبوونی کاری رۆژنامەوانی لە کوردستان، پەیوەندی
رۆژنامەنووسانو ھێزە ئەمنییەکان لەم ھەرێمەدا، بە ئاراستەیەکی نیگەتیڤ
ھەنگاوی نا، ناڵێم پەیوەندییەکی دوژمنکارانەیان لەنێواندا ھەبووە،
بەڵام بەوپێیەی ئاسایشو پۆلیسو پێشمەرگە و... ھتد.
بەرگی ناونیشانی پاراستنی گیانی ھاوڵاتییانیان لەبەرکردووە، بۆیە
دەکرێت ئەوانیش بە ئەرکی خۆیان ھەڵسن، لەکاتی پێویستدا گیانی
رۆژنامەنووسانیش وەک ھەر ھاوڵاتییەکی تر بپارێزن، بەتایبەتی لەکاتی
بەجێگەیاندنی کارەکانیاندا، نەک ئەو ھێزانە خۆیان ببنە بەشێک یان
تەرەفبن لەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر ھاوڵاتییان، رۆژنامەنووسان
بەتایبەت ئەنجام دەدرێت.پێویستە بەرلەوەی باسی رێگرییو ھاوکاری
نەکردنی ئەو ھێزانە بکەین لەئاست کاری رۆژنامەواناندا، دەبێت ھەموو
دیسپلینو بڕگەکانی کاری دەزگایەکی بە نموونە ئاسایش لەم رێگایەوە وەک
خۆی بخەینەڕوو، چونکە گرنگە ھەموومان بزانین لەم وڵاتە کە دەزگایەکی
لەو شێوەیە کە سامانی گشتی لەپێناو بۆ خراوەتەگەڕ، بە پلانی حزبو چەند
کەسێکی ناو دەسەڵات تا دواسنووری بەرژەوەندی خۆیان ئەم ھێزانە بۆ
مەرامەکانیان بەکاردێنن.
ھەرچەندە ئەم ھێزانە لە ئاستی تاکدا، ھیچ گرفتێکیان لەگەڵا
رۆژنامەواناندا نییە، بگرە زۆرجار دەستخۆشانەشیان لە رۆژنامەنووسان
کردووە، بەوەی کە کێشەوگرفتەکانیان خراونەتەڕوو، ھەروەھا جاروباریش
لەئاستی بەرپرسانو راگەیاندنەکانیان، جۆرە گفتوگۆو لێک حاڵی بوونێک
بەدی کراوە، بەڵام ئەوەش گرێدراوە بە ئاستی رۆشنبیریی خودی کەسەکانەوە،
نەک سیاسەتی دەزگاکان. لێرەدا ئەوەی کە وەک ناکۆکی دەردەکەوێت،
پیادەکردنو دەرکردنی ئەو بڕیارانەیە لەلایەن حزبەوە دەردەکرێت، بۆیە
ئەم ھێزانەش بە خاتری ھۆیەکانی ژیانی رۆژانەیان بڕیارەکان جێبەجێدەکەن،
ئەگەرنا ھەرگیز ئامادەنین ئەو سیاسەتەی ئێستا پیادە بکەن! لە ھەولێر
ئەو کەسانەی دامەزراون یان تا ھەنووکەش دادەمەزرێن، وەک ئاسایش، ئەوان
پێش راھێنانی چەند رۆژە، مەرجی سەرەکی دەبێت «پارتی» بن، خۆ ئەگەر
پارتی نەبن، نەک دانامەزرێن، بگرە رۆژنامەنووسیش بن، بۆیان نییە بچنە
ناو بۆنەو ئاھەنگەکانیانەوە، جگە لە رۆژنامەی حزبی پارتی!پێتان وانەبێت
کە تەنیا دامەزراندنی ئاسایش لە ھەولێر بەوجۆرەیە، بێگومان لە سنووری
ئیدارەی سلێمانیش بەھەمان شێوەیە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە روونە، ھەرکەسێک
ئەم یاساو پێوەرانەی حزبە دەسەڵاتدارەکان بخوێنێتەوە، بۆی روون
دەبێتەوە کە ئەم حزبانە لەسەر داھاتی گشتی، ئۆرگانە حزبییەکانی
خۆیانیان ھێناوەو بەرگی حکومیی بوونیان بەبەردا کردووە.بە حکومیکردنی
دەزگا حزبییەکانی پارتیو یەکێتی، ئەمەش تاڕادەیەک دەکرێت، بە ئاسایی
وەربگرین، بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە بەوپێیەی ئەم کیانەی ئێرە زیاتر
لەسەر ئەساسی حزبی دامەزراوەکان کاریان کردووە، لە حاڵەتێکدا، ئەگەر
ھاتوو ئەو دامەزراوانە بۆ لەمەودوا لەسەر بنەمای پیشەییو بێلایەنی کار
بکەن، زۆر گرنگە، بەڵام لە قۆناغی ئێستاش کە بودجەی مانگانەیان لەسەر
داھاتی گشتییە، ئەم ھێزانە ھیچ گۆڕانکارییەکیان لەڕووی دامەزراندنی
فەرمانبەرو کاروبارەکانی رۆژانەیان بەسەردا نەھاتووە.
خۆ ئەگەر لە رابردوودا بەرپرسانی ئیدارەی پارتی لە ھەولێرو یەکێتی لە
ئیدارەی سلێمانی، بێ باکیی خۆیان دەربڕیبێت لەوەی کە ئاسایشو دەزگا
ئەمنییەکان، سەر بەحزب نین، یان ئەجێندای پارتیو یەکێتی جێبەجێ ناکەن،
بەڵام لە دوای رووداوەکانی ١٧ی شوباتی ساڵی «٢٠١١» ئەو خۆپیشاندانو
ناڕەزاییانەی کەچەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، ھاوڵاتییان
دژ بەحوکمی نادادپەروەرو گەندەڵاو ژیانی ملکەچکردن بۆ حزبو بنەماڵە
رژانە سەر جادەو شەقامەکان، چونکە خەڵک گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی کە
عەقڵییەتی ستەمکاری تەنیا کۆنتڕۆڵکردنی داھاتی ژیانیان نییە لەلایەن
گرووپێکی دەسەڵاتدارەوە، بگرە ھەست بە کۆنترۆڵکردنی ئازادییو
شێواندنی ئارامیی دەروونی ئینسانیش دەکرێت، کە ئەوەش رەنگدانەوەی
نێگەتیڤی ھەیە لەناو خەڵکدا، بۆیە ناکرێت پەرە بسێنێو بێدەنگی
لێبکرێت.
بۆ ھەموو لایەکمان روونبوویەوە، کە ئەم ھێزانە نەک ھێزێکی نیشتیمانی
نین. بگرە ھێزێکی حزبی میلیشیایین، چونکە ئەوان بە پێچەوانەی
ئەرکەکانی خۆیان پاڵپشتیان لە دەسەڵات دەکردو پاراستنی گیانی
ھاوڵاتییانو رۆژنامەنووسانیشیان بەلاوە گرنگ نەبوو. بەڵگەی زیندووش بۆ
ئەو قسانە ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە ھاوڕێو ھاوپیشەکانم، لەم ساڵی
«٢٠١١»یەدا زۆرترین پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامدراوە، ھاوکات لەکاتی
رووماڵکردنی کارەکانیاندا، ئەو پێشێلکارییانەش بەئاشکرا دیار بوون، کە
کەسی حزبییو ھێزە ئەمنییەکان بەشدارییان تێدا کرد.کاتێک دەڵێم ئەم
دەزگایانە سیاسەتی پیشەییانەی خۆیان کە پاراستنی گیانی ھاوڵاتییانو
رۆژنامەنووسانە، جێبەجێ نەکردووە، چونکە یەکێک لە کارەکانی
رۆژنامەنووسان، گواستنەوەی رووداوەکانە، لەوکاتەدا دەبێت دەزگا
ئەمنییەکان ببنە پردو پەرژینێک بۆ پاراستنی گیانی ئەوان، بەڵام
لەوکاتانەی رۆژنامەنووسان ئامادەبوون لەکاتی رووداوەکاندا بۆئەوەی
روماڵی بکەن، کەچی ئەم دەزگایانە، بەتایبەتی ئاسایش بە ئەرکی خۆی
ھەڵنەساوە، بگرە ھەر خۆی بۆتە بەشێک لە مەترسی بۆ سەر گیانی
رۆژنامەنووسانو سووکایەتیشیان بە رۆژنامەنووسان کردووە.
بۆ نموونە وەک ئەوەی لەچەند مانگی رابردووی ئەمساڵدا لە رۆژی
(١٨/٤/٢٠١١) لە شاری ھەولێر بینیمان، کە لە پێش چاوی دەیان قوتابی
زانکۆی سەڵاحەدین، بە خراپترینو تراژیدیاترین شێوە ھێزە ئەمنییو
سەربازییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، سووکایەتیان بە چەند
رۆژنامەنووسێک کرد، دەکرێت لەوانە نموونەی نووسەری ئەم بابەتە وەک
شاھید حاڵێک ئاماژەی پێ بدەین. دوا بەدوای ئەوەش لە سنووری سلێمانی
ھەمان رووداو دووبارە بوویەوەو کەمتر نەبوو لە رووداوەکانی پێشتر، بۆیە
لەڕاستیدا مرۆڤ ھەست بە کارەساتێکی دڵتەزێن دەکات، ئەوکاتانەی کە
کۆمەڵێک کەس خۆیشیان لەناخیاندا ھەست بەو سیاسەتە بێزراوو مافیا
ئاسایە دەکەن، کە لەکاتی رووداوەکاندا بەتوندترین شێوە رووبەڕووی
رۆژنامەنووسان ببنەوە.پێشتر وتم، ھەرگیز رۆژنامەنووسان دژ بەھێزە
ئەمنییەکان ھەنگاوێکی خراپیان نەناوە، روونتر بڵێم رۆژنامەوانان نەیان
ویستووە لەئەرکەکانی ئەم ھێزانە کەمبکەنەوە، چونکە ئەوان رۆڵی
بەرچاویان ھەبووە لە رووبەڕووبوونەوەی «گروپە تیرۆریستییەکانو
دابینکردنی ئارامییو ئاسایش»، بەڵام ئەم ھێزانە ئەوەندە خزمەتیان
بەپرسی حزبیی چەند بنەماڵەو خێڵێک کردووە، ھێندە خزمەتیان بە کۆمەڵگا
نەکردووە، کە بێلایەنانە بتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەنو ئێمەش
بەھێزێکی نیشتیمانیان لەقەڵەم بدەین، چونکە چیرۆکە زیندووەکان پێمان
دەڵێن ئەم دەزگایانە گوێرایەڵی حیزبن، بۆیە پەیوەندیشیان لەگەڵا
رۆژنامەواناندا زیاتر پەیوەندییەکی نێگەتیڤە!
- بهشی دووهم -
وەک وتمان پەیوەندی رۆژنامەنووسان و ھێزە ئەمنییەکان، پەیوەندی
دوژمنکارانەیان لەنێواندا نەبووە، بگرە لە ئاستی تاکدا ھەندێ جار
کارمەند و ھەڵسوڕاوانی ئەم دەزگایانە تاڕادەیەک ھاوکارو نزیکایەتیشیان
ھەبووە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا، بەڵام ئەو پاڵنەرە سیاسی و کاریگەرییە
حزبی و شەخسیانە وایکردووە، کە سیاسەتی دەزگا ئەمنییەکان بە
پۆلیسیشەوە، کارەکانیان زیاتر لە بەرژەوەندی حزب و گروپگەلێکی ناو
دەسەڵات بێت، بۆیە لەو ساتەوەختانەی کە ھاوڵاتیان ناڕەزای دەردەبڕن و
دێنە سەرشەقامەکان، رۆژنامەنووسانیش کە بەئەرکی خۆیان ھەڵدەستن، ئیدی
ھەندێ جار لەلایەن پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکانەوە رووبەڕووی پەلامار و
دەستدرێژی دەبنەوە!
ھەرچی لە بارەی رۆژنامەنووسانەوە ھەیە، ئەوان ئەزموونی رۆژانەیان باش
کردووە، لە کاتی روماڵکردن و ئیش وکاری رۆژنامەوانی خۆیاندا، کە ھەنگاو
بەھەنگاو ھێزە ئەمنییەکانیش لەو جێگایانە ئامادەییان ھەبووە، کە
رووداوەکان روویانداوە، بەڵام کارەکانی ئەم ھێزانە بەلای
رۆژنامەنووسانەوە ئاشکران، چونکە زۆرجار ئەوان کەمتر بە رۆڵ و
ئەرکەکانی خۆیان ھەڵساون، بگرە لەوکاتانەی کە رۆژنامەنووسان رووبەڕووی
ھێرش و دەستدرێژیکردن بوونەتەوە، دواتر دەرکەوتووە، دەزگا ئەمنییەکان
خۆیان بەشێک بوون لە ئەنجامدانی ئەو پێشێلکاریانە.پێویستە بگوترێ ئەمەش
دەمانگەڕێنێتەوە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەم دەزگایانە ئەوەندە رێگریان لە
رۆژنامەنووسان و توندوتیژیان بەرامبەریان کردوون، ھێندە نەبوونەتە
پەناگەیەک بۆ پاراستنی گیانی ئەوان لەکاتی رووداوەکاندا، سەرەڕایی
ئەمەش دەسەڵات ھەمیشە ھەوڵی ئەوەی داوە، وەک چۆن بەدرێژای چەند ساڵی
رابردوو ویستوویەتی متمانەی میدیا و راگەیاندنەکان لەلای کۆمەڵگا بێ
ئەھمێت و لەکەدار بکات. ھەروەھا لەکاتی روودانی ئەو پێشێلکارییانەی
بەرانبەر رۆژنامەنووسان کراون، ئەوان رەتیان کردۆتەوە!
بەڵام لە راستیدا وەڵامدانەی ئەوان تینویەتی خەڵک ناشکێنێ، چونکە لە
راست و دروستی بابەتەکانی ژیانی رۆژانەی ھەموولایەک گەیشتوون، کە
بەدرێژای چەند ساڵی رابردوو دەسەڵاتداران ھەر بەیانێکی دڵگیریان
راگەیاندبێت دواتر دەرکەوتووە بێ ناوەرۆک بووە، وەک ئەو ھەموو وەعد و
بەڵێنە رەنگاو رەنگانە کە بە ھاوڵاتیانیان داوە لە ناوچەکە،
بێسڵەمینەوە ئەوان چەمکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی ئینسانی
کوردیان، کردووە بەبنێشتە خۆشەی سەرزارییان، وا پیشانمان دەدەن لە ھیچ
شتێکمان نییە! کاتێکیش رۆژنامەنووسان بابەت گەلێک بڵاو دەکەنەوە، کە
لەگەڵ بەرژەوەندیاندا تەبا نییە، کەچی رۆژنامەنووسان بە «چەواشەکار،
دەستی دەرەکی و خراپەکار« وەسف دەکەن.ئەم جۆرە وەڵامدانەوەی ئەوان، لە
دوای رووداوەکانی ١٧ی شوبات بە جۆرێکی تر و دیوێکی تردا تەرجومەیان کرد
بۆ وەڵامدانەوەی رۆژنامەنووسان، بەتایبەتی ئەو کاتانەی کە
رۆژنامەنووسان رووبەڕووی ھێرش و پەلاماردان بوونەوە، زۆرێک لە
راگەیاندنەکانی حزب بەشێوەیەکی پێچەوانە رووداوەکانیان تەفسیرکرد وا
بڵاویان کردەوە کە «رۆژنامەنووسان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لێیان
نەدراوە«، بەڵکو لەلایەن چەند کەسانێکی نەناسراو لێیاندراوە!ئەگەر چی
دەسەڵات ھەواڵی لێدان و سوکایەتیکردن بە رۆژنامەنووسان پشتڕاست کردەوە،
بەڵام راستییەکانی بە ئاراستەیەکی تردا برد، بۆ نموونە لە «١٨/٤/٢٠١١«
لە شاری ھەولێر ژمارەیەک رۆژنامەنووس لەلایەن چەند کەسێکی ئامادەکراو
راسپێردراوی حزب لێیان درا، کەچی دەسەڵاتی ناوچەی «زەرد« ئەو
ھەواڵانەی رەتکردەووە، بەبیانووی ئەوەی گوایە لە ھەولێر پێشێلکاری
بەرانبەر بە کەس نەکراوە تا بە رۆژنامەنووسان بکرێت!
بەڵگەش بۆ پشت ڕاستکردنەوەی قسەکانم ھەمان ئەو رۆژەی کە لەسەرەوە
ئاماژەم بە بەروارەکەی داوە، دوای ئەوەی ژمارەیەک رۆژنامەنووس لە
ھەولێر لێیاندراو سوکایەتیان پێکرا، کەچی ھەر ئەو کەسانەی کە ھەستان
بەلێدانی رۆژنامەنووسەکان خۆیان بێبەری کرد لەئاست ئەو داستانە
پێشێلکاری و تاوان و کردارە قێزونەی کە بۆ حزبەکەیان تۆمارییان کرد
بەڵام لەبەرئەوەی کەس نەیدەزانی ئەوان سەربە چ دەزگایەکن بۆیە وەک
ھەرکارە فرت و فێل و قێزەونەکانی دییان دۆسیەی ئەو روداوەشیان بە
ئاراستەیەکی تردا برد!دوای ئەو لێدان و سوکایەتی کردنە بەو چەند
رۆژنامەنووسە ھێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی ھەولێر ھاتنە سەر رووداوەکە
ئەوەی من بینیم مامەڵەی پۆلیسەکانیش بەدەرنەبوو لە رەفتاری ئەو گروپە
دار وەشێن و شەق وەشێنە، چونکە پۆلیسیش وەک دیلی جەنگ مامەڵەی لەگەڵ
رۆژنامەنووسەکان کرد، بەتایبەتی ئەو کاتانەی کە بەپاڵ و پشتەمل چەند
رۆژنامەنووسێکیان فڕێدایە پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان و مۆبایلەکانیشیان
لێ وەرگرتن، دواتر کە رەوانەی بنکەی پۆلیسی فریاکەوتنیشیان کردن،
پێلاوەکانیان پێ داکەندن و بۆ چەند خوولەکێکیش کەلەپچەیان کردن. لەکاتی
ھەموو ئەو رووداوانە کە لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی رویانداوە، پۆلیس
ئامادەیان ھەبووە، بەڵام ئەوان نەیانتوانیوە سنووری دەسەڵاتەکانی
دەزگایەکی وەک ئاسایش ببەزێنن بگرە زۆرجاریش پۆلیس خەریکی چنینەوەی
پاشماوەی سیناریۆکانی حزب بوون، چونکە کاتێک چەند کەسێکی حزبی لە
رۆنامەنووسانیان داوە، دواتر کەس خۆیانی نەکردووە بەخاوەنیان،
دەزگاکانی پۆلیسیش لە زۆر رووەوە کەمتەرخەم بوون!مەبەستم لە ھێنانەوەی
ئەم نموونانە جەختکردنەوە بوو لەو قسانەمان کە وەک ھەر شتێکی تر
پێویستمان بەوەیە بەڕاستی و ئەمانەتەوە دەست بخەینە سەر ھەقیقەتی
شتەکان لەکاتی تۆمار کردنیان، چونکە ھەموو ئەو رووداوانە دەبنە بەشێک
لە یادەوەری ژیانی رۆژنامەمان. ھاوپیشەکانیشمان لە دەفتەری
بیرەوەرییەکانی خۆیاندا دەینووسنەوە، بۆیە باوەڕناکەم ھەریەک لە ئێمە
ئەو رووداوانەی بەسەرماندا ھاتوون لەبیرمان بچێتەوە، کە جێگەی داخە لە
سەردەمی حکومڕانی خۆماڵی و پارتە ناسیۆنالیستە دەسەڵاتدارەکان،
رۆژنامەنووسان رووبەڕووی ئەو شاڵاوە توندوتیژی و پەلاماردانانە ببنەوە.
بەڵام ئەوەی بۆ رۆژنامەنووسان گرنگە کە لەیادمان نەچێت، خۆ پاراستنە
چونکە گیانی رۆژنامەنووسێک لە ھەواڵێک یان گرتنی وێنەیەک گرنگترە بۆیە
پێویستە ئەمە باش لێک بدەینەوە، ھەروەھا پێویستیشە ئەوەش لەیاد نەکەین،
نابێ چاوەڕێی ئەوە بکەین، کە ھەرگیز دەسەڵاتداران دەستخۆشی لە
رۆژنامەنووسانی ئازاد یان رۆژنامەنووسی سەر بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان
بکەن، چونکە رۆژنامەنووسان کاریان ھەڵدانەوەی لاپەرە شاراوە و
راستییەکانە ئەوان ھەوڵ دەدەن کەموکوڕییەکانی دەسەڵات و رەخنەکانی
ھاوڵاتیان بڵاوبکەنەوە، بۆیە زۆر زەحمەتە لە دۆخێکی وەک ئێستا دەسەڵات
دەستخۆشی لە کەس بکات!ھەروەھا گرنگە رۆژنامەوانان لە ئاستی
بەرپرسیارێتیدا بن لە بەرانبەر ئەو پەیامەی کە ھەڵیان گرتووە، لە چوار
چێوەی پیشەیی و شارەزاییاندا, چونکە خەڵک چاوەڕوانی ئەوانن لە گەیاندن
و زانینی ئەو پرسانەی لە وڵاتدا ھەن. بێگومان ناشبێت رۆژنامەنووسان
بەڕق و کینەوە سەیری دەزگا ئەمنییەکان بکەن، بە بۆچوونی من ئەوە
کارمەندو فەرمانبەری ئەم دەزگایانە نین، رقیان کردووە بە کەرەستەیەک
وەک توندوتیژی لە بەرانبەر رۆژنامەنووساندا بەکاری دێنن، ئەوە سیاسەتی
حزب و چەند کەسێکی دەسەڵات بەدەستی ناو دەسەڵاتەو ترسیان لە
کورسیەکانیان و ئەو دەستمایە و داھاتە ھەیە کە بەزەبری توندوتیژی
بەدەستیان ھێناوە، پێیشموایە ئەوەی کە گەنجانی وڵات ھان دەدات
توندوتیژی وێرانکەر بەرانبەر ھاونیشتیمانییەکانیان ئەنجام بدەن، ئەو
ئەم جۆرە سیاسەتەی حزبە دەسەڵاتدارەکانە کە ھەموومان بینیمان ئەوان ھەر
کاتێک بیانەوێت دۆخێکی ترسناکی تێکەڵ بە توندوتیژی و رق بەرھەم دێنن!
ماڵپهڕی شوان سدیق
|