٢٨\٣\٢٠١٤
پەیوەندییەکانی
نێوان ھەرێم و بەغدا:
ھیچ ئاژەڵێک بۆ
سەربڕینی خۆی چەقۆ ھەڵنابژێرێ.

فوئاد زیندانی
- بەشی یەکەم -
عێراق وڵاتێکە لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی
کایزەری سەقەت بەپێی بەرژەوەندیەکانی سیستەمی داگیرکاری و سەرمایەداری
لەدایکبووە، ھەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە زوڵم و ستەم و چەوساندنەوە
بەشێکی سەرەکی بووە لەسیاسەتی حکومەتەکانی یەکلەدوایەکی عیڕاق بەرامبەر
بەگەلی کورد ، لەبەرئەوەی گەلی کورد بەشدارنەبووە بەئیڕادەی سیاسی خۆی
لە بڕیاری دامەزراندنی دەولەتی عیراق، بەڵکو بەسەریاندا سەپاندووە،
بۆیە کێشەی کورد تائێستاش چارەسەرنەبووە، تا مافە نەتەوەییەکانی گەلی
کورد بەدەست نەھێنرێت ئەوا ئەو کێشەیە ھەربەردەوام دەبێت لەنێوان
باشوری کوردستان و حکومەتی ناوەندی عیڕاق.
بە حوکمی ئەوەی
کوردستانی باشور ھەرێمێکی دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتیەکانی ژێر زەوی و
سەرزەوی کەگرنگترینیان (پەتڕۆڵ - نەوت) و ئاو و کانزاکانە بەو ھۆیەوە
لەھەرێمی کوردستان داھات و بژێوی ھوڵاتیان چەند ساڵێکە بەبەراورد لەگەڵ
ڕابردوودا باشتربووە، بەڵام تاقیکردنەوەکان سەلماندیان باشتربوونەکە
کاتییە، ھەرکاتێک حکومەتی ناوەندی بوودجە ببڕێ گوزەرانی ھوڵاتیان و
بارودۆخی بازاڕ خێرا بەشێوەیەکی نێگەتیف گۆڕانکاری بەسەردادێت، بڕینی
بوودجە جگەلەوەی بیرکردنەوەی دیکتاتۆریەتی حکومەتی ناوەندی ھاوشێوەی
حکومەتەکانی پێشووتری عیڕاق دەسەلمێنێ، لە
ھەمان کاتدا بێئەزموونی و ناڕونی دەسەڵاتی
سیاسی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەردەخا!!
دوای رووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە
ساڵی (٢٠٠٣)دا، کورد لەنووسینەوەی دەستووری نوێی عیڕاقدا
بەشداربووە، لەو دەستوورەدا کۆمەڵێک خاڵی باشی بۆ کورد تێدایە، بەڵام
کۆمەڵێک خاڵی کوشندەی بۆ کورد تیایە کە کورد خۆی پێشتر بەشداربووە لە
نووسینەوەیدا و بووە بەھۆکاری دروستبوونی کێشە و تێکچوونی
پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند، گرنگترین ئەوخاڵانەی
کەلەدەستووردا ھاتووە وەک خۆی دەینووسینەوە بریتین لە:
مادەی (١١٠):
ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە تایبەتن بە حکومەتی فیدراڵی:
بڕگەی ھەشتەم: پلان دانانی تایبەت بەو سەرچاوە ئاویانەی لە
دەرەوەی عیڕاقەوە دێن و مسۆگەرکردنی برە ئاوی پێویست بۆ ناو
عیڕاق بە گوێرەی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان.
مادەی (١١١):
نەوت و غاز موڵکی سەرجەم خەڵکی عیڕاقن لە
ھەموو ھەرێم و پارێزگاکاندا.
مادەی (١١٢):
یەکەم: حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ ھەرێم و پارێزگا بەرھەمھێنەرەکان نەوت و
غازی بەرھەمھێنراوای کێڵگەکانی ئیستا بەڕێوەدەبات بەمەرجێک
داھاتەکانیان بەگوێرەی دابەشبوونی دانیشتوان لەسەرجەم پارچەکانی وڵاتدا
دابەشبکرێت لەگەڵ دیاریکردنی پشک بۆ ماوەیەک بۆ ئەو ھەرێمە
زیانلێکەوتوانەی ڕژێمی پێشوو بێ بەشی
کردون و ئەوانەش کەپاشتر زیانیان لیکەوت بەجۆرێک گەشەسەندنێکی
ھاوتەریب بۆ ناوچە جیاوازەکانی وڵات مسۆگەر بکات و ئەوەش بەیاسا
ڕێکدەخرێت.
دووەم: حکومەتی فیدراڵی و ھەرێمەکان و پارێزگا بەرھەمھینەرەکان پێکەوە
ھەڵدەستن بە ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی ستراتیجی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی
سامانی نەوت و غاز بەجۆرێک کە ببێتە مایەی
دەستخستنی زۆرترین سوود و کەڵک بۆ گەلی عیڕاق ئەویش بە پشتبەستن بە
نوێترین تەکنیکی بنەماکانی بازاڕ و ھاندانی وەبەرھێنان.
مادەی (١١٤):
دەسەڵاتە ھاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمەکان:
یەکەم: بەڕیوەبردن و ڕێکخستنی گومرگ بە
ھەمئاھەنگی لەگەل حکومەتی ھەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی ناکەونە سنووری
ھیچ ھەرێمێکەوە.
حەوتەم: ڕەنگڕیژکردنی سیاسەتی سامانە ئاویەکان و ڕێکخستنیان بەجۆرێک کە
دادپەروەریی بھێنێتەدی و ئەوەش بەیاسا
ڕێکدەخرێت.
مادەی (١٤٠):
یەکەم: دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن ھەنگاوی پێویست دەنێت بۆ تەواوکردنی
جێبەجێکردنی پێداویستیەکانی مادەی (٥٨) لە یاسای بەرێوەبردنی دەوڵەت بۆ
قۆناغی گواستنەوە بە ھەموو بڕگەکانیەوە.
دووەم: ئەو بەرپرسیاریەتەی لەسەر شانی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنە لە
حکومەتی ئینتقالیدا لە مادەی (٥٨) لە
یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوەدا ئاماژەی
پێکراوە، بەردەوام دەبێت و دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنی
ھەڵبژێردراو بەگوێرەی ئەم دەستوورە بۆ ئەوەی بە
تەواویی جێبەجێبکرێت (ئاساییکردنەوە،
سەرژمێریی، لە
کۆتاییدا ئەنجامدانی ڕاپرسی لە کەرکوک و ناوچەکانی تر کە
ناکۆکیان لەسەرە بۆ دیاریکردنی ویستی هاوڵاتیان)
لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە
لە مانگی ١٢/٢٠٠٧ دا تێپەڕ
نەکا.
جگە لەو خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێیکرد
خاڵێکی تر کە بریتیە لە کردنەوە یا داخستنی
ئاسمانی عێراق بە رووی ھێڵە ئاسمانییەکان
بە ھەرێمی کوردستانیشەوە بەشێکە لە
دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی.
نوێنەرانی کورد لەساڵی ٢٠٠٥دا بەو شێوەیە بەشداربوونە لە نووسینەوەی
دەستووری نوێی عیڕاق، گرنگترین کلیل کە داھاتی (پەتڕۆڵ، نەوت،
غاز)ی کوردستانە لە ڕێگای ئەو
دەستوورەوە ڕادەستی حکومەتی ناوەندیان کردووە، ئەوەش وەکو ئەوە وایە
لە مەیدانی ئاژەڵان،
ئاژەڵ بە شێوەیەکی دیموکراتی بە
خۆی چەقۆ ھەڵبژێڕێ بۆ سەربڕینی خۆی!! سەرباری
جێبەجێنەکردنی مادەی ١٤٠ لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا و ھێشتنەوەی تائێستا
بەھەڵواسراوی و جێگیرکردنی ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە لەناوچەکانی
کەرکوک ، بەرپرسانی کورد لەزۆر بۆنەدا بەشانازیەوە دەڵێن ئێمە لەڕێگای
ھێزەکانمان واتە ھێزی پێشمەرگە سوپای نوێی عیڕاقمان دروستکردەوە!!
سەرباری ئەوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی ھەبووە
لەڕێکخستنەوەی ناو ماڵی عەرەبی عیڕاق واتە نێوان سووننە و شیعە و
دووبارە ھێنانەوەی مالیکی بۆ سەردەسەڵات، دەبینین مالیکی ئەمڕۆ بوودجەی
ھەرێم دەبڕێ بۆ بەدەستھێنانی دەنگی عەرەبی عیڕاق ئامادەیە ھەموو گەلی
کورد برسی بکا! ئەوەی مالیکی دەیکات بابەتەکە شەخسی نیە چونکە ئەوەی
پێش مالیکی ھەمان ھەڵوێستی ھەبووە و ئەوەی دوای مالیکیش ھەرھەمان
ھەڵوێستی دەبێت بەرامبەر بە کورد.
دەسەڵاتی کوردی بۆ دروستکردنی متمانە
لەنێوان حکومەت و هاوڵاتیانی ھەرێم پێوویستە
فرۆشتن و داھاتەکانی نەوت بۆ خەڵکی ھەرێم ئاشکرا بکا بۆ ئەوەی ھەموو
هاوڵاتیەکی ھەرێم بزانێ بڕی فرۆشتن و داھات
چەندە بۆ کوێ دەچێ، لەبری ئەوەی ناوماڵی عەرەب و کێشەی نێوان
مەزھەبەکانی سوننە و شیعە ڕێکبخەینەوە، کورد پێوویستە بیر لەدواڕۆژی
خۆی بکاتەوە، دوای سەدەیەک لەتێکۆشان و قوربانیدانی گەلی کورد و زیاتر
لە ٢٢ ساڵ ئەزموونی دەسەڵاتداری لەھەرێمی کوردستان ، کورتبینی سیاسی و
خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنی بەھەڵەی ھاوکێشەکان و بەڕێوەبردنی ململانێکان
و پشتبەستن بە وڵاتانی ھەرێمیی و بێ ئەزموونیی
و ئامادەنەکردنی ئەجندای پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر
ئەجندایەکی لەناکاوی بەرامبەرەکەی بە روونیی
لە سیاسەتەکانی ھەرێمی کوردستان دەرکەوتن!!
fuadzindani@yahoo.de
|