١٥\٧\٢٠١٠
پەیوەندی
رووناکبیر و دەسەڵات..

غەفور ساڵح عەبدوڵا
گەرچی زۆر هەن رەشبینن لەوەی کە ئێمە رووناکبیرمان هەبێ بە واتای
رووناکبیر، زیاتر ئێمە خەڵکی خوێندەوارو نووسەرمان هەیە پتر لە
رووناکبیر. راستە ئێمە لەشکرێک مامۆستاو پزیشک و ئەندازیارمان هەیە، کە
زۆرجار بە خەڵکی رووناکبیر پۆلین دەکرێن ، بەڵام مومارەسەی ئیشی
رووناکبیریی ناکەن. ( رووناکبیر ویژدانی نەتەوەیە و ئەقڵەکەشیەتی). ئەم
دەستەواژەیە زۆرجار لە ووتارو نووسینەکانی ئێستایشدا دەووترێتەوە،
گەرچی ئەم دەستەواژەیە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی رۆشنگەریی.. بێگومان
رووناکبیر بە گوێرەی چەمکی (ئەنتۆنێۆ گرامشی) وەکو لەنامەکانی
بەندیخانەدا نووسیویەتی: (هەموو خەڵکی رووناکبیرن، لەبەر ئەوەش مرۆڤ
دەتوانێ بڵێت: کەچی هەموو خەڵکی لە کۆمەڵگادا مومارەسەی ئەرکی
رووناکبیران ناکەن). ئیشەکەی گرامشی خۆی نموونەیەک دەداتە دەستەوە ، بۆ
ئەو رۆڵەی کە رووناکبیر دەیگێرێت: ئەو زانایەکی زمانی بەتوانا بوو،
رێکخەری چینی کرێکاری ئیتاڵیاش بوو، لە نووسینە رۆژنامەوانیەکانیدا
یەکێک بوو لە لێکۆڵەرەوە کۆمەڵایەتیە بیرمەندەکان ،خەمی ئەوەی هەبوو ،
کە نەک بەتەنها بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی درووست بکات، بگرە
پێکهاتەیەکی رووناکبیریی تۆکمەیش پەیوەند بەو بزووتنەوەیەوە درووست
بکات. گرامشی هەوڵیدەدا ئەوە روونکاتەوە ، ئەوانەی کە مومارەسەی ئیشی
روناکبیریی دەکەن، دەکرێت بکرێنە دوو بەشەوە: یەکەمیان، رووناکبیرە
تەقلیدیەکان: وەکو مامۆستایان و پیاوانی ئایین و کارگێڕەکان ، کە بە
بەردوامی نەوە لەدوای نەوە هەمان ئیش دەکەن، دووەمیان ، رووناکبیرە
ئۆرگانیەکانە، ئەوانەی کە گرامشی دەیبینین راستەوخۆ پەیوەندن بە
چینەکانەوە، یان بە دامەزراوە بازرگانیەکانەوە، کە رووناکبیر
بەکاردەهێنن بۆ رێکخستنی بەرژەوەندیەکانیان وبەدەستهێنانی دەسەڵاتی
گەورەتر و، پەیاکردنی سانسۆرێکی بەربڵاوتر. بەوشێوەیە گرامشی بە
رووناکبیری ئۆرگانی دەڵێ:( بەڵێندەری سەرمایەداریی لە هاوشانی تەکنیکی
پیشەسازی و پسپۆڕی لە ئابووری سیاسی و رێکخەری رووناکبیریی نوێدا و،
ئەوانیدی دەخوڵقێنێ، بۆ سیستمێکی یاسایی نوێ).
لە دێر زەمانیشدا لاف و گەزافی خوداوەندانەی شاهانە ئەوە بووە، کە
گوایە مەعریفەت و دەسەڵات یەک کۆمەڵگان و یەک سەرچاوەیان هەیە، بەڵام
گەشەکردنی بیروباوەڕی مرۆڤیش بووە هۆی دەرکەوتنی فەیلەسووف و بەشەکانی
دیکەی مەعریفەت . ئەوە بوو دەبوو یان دەسەڵات و رۆشنبیریی پێکەوە
تەبابن ، یان ناکۆک و رووبە رووببنەوە ، ئەنجامیش رووناکبیران دووچاری
سەرکوت کردن و دەرکردن دەبن ، وەکو دەرکردنی (ئەفلۆتین) . بۆیە هەمیشە
پەیوەندی نێوان رووناکبیر و دەسەڵات پەیوەندیەکی ناکامڵ بووە ، بگرە
زۆرجاریش رووبەرووبوونەوە و دژایەتی بووە.
بۆیە ئەو نووسەرانەی سەر بەدەسەڵاتن چەمکی رووناکبیر نایانگرێتەوە، کە
بەپێی خواست و دڵی دەسەڵات و بۆ بەرژەوەندیەکانی دەسەڵات دەنووسن. بگرە
ئەوانە زیاتر وەکو دوو جۆرەکەی (گرامشی) نین ، بگرە ئەوانە زیاتر وەکو
ئەرزوحاڵ نووسی دەسەڵات و دەوڵەت وان. چونکە دەسەڵات هەندێ کەس بەکرێ
دەگرێت و سیفەتی مەعریفیان دەداتێ، بۆ ئەوەی پاکانە بۆ کردەوەکانی
دەسەڵات بکەن، ئەوانەیش پێیان دەووترێ رووناکبیرانی دەسەڵات، یان
فەقیهەکان وشێخەکانی دەوڵەت ، لەبەر ئەوەی ئەوانە دەسەڵات چی بوێ بەوە
فەتوا دەدەن، بە دەقێکی شەرعی داتاشراو لەلای خۆیانەوە پاکانەی بۆ
دەکەن. ئەوانە پێیان دەووترێ رووناکبیری ئینتیقائی یان سپڵەی لاوورگ (توفەیلی)ن،
ئەمانە لەکاتی مامەڵەکردنیاندا لە گەڵ دەسەڵات ، دەیانەوێ ببنە
ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات، ئەنجامی هاندانی تۆێژێک کە رەنگی خۆیان دەگۆڕن
یان هەلپەرست، ئەمانە نەک مەترسین بۆ سەر دەسەڵات. بگرە مەترسیشن بۆ
سەر کۆمەڵانی خەڵک ، ئامادەن قەڵەمەکانیان بفرۆشن ،بۆ ئەوەی جارێک دژی
سیاسەتمدار کار بکەن و، جارێکیش دژ بەگەل، پاروەکەیان لەکوێ بێ لەوێ
دەگیرسێنەوە.
لە لایەکی دیکەوە رووناکبیران هەن کە لەلای چەپی رژێمی سیاسیەوەن،
ئاڵای ئۆپۆزسیۆنی فیکری و سیاسی هەڵدەگرن، تا دەگاتە ئەوەی هەندێک
پەنابەرنە بەر چەک بۆ گۆڕینی دەسەڵات. ئەم جۆرە رووناکبیرە پەیوەندیان
لەگەڵ دەسەڵاتدا، پەیوەندی هاووڵاتیبوون و داهێنانە، بەشێوەیەک کە
رووناکبیر ناکاتە ئامرازێکی لیبۆکی بۆ دەسەڵاتێک یان بۆ حیزبێک یان بۆ
تایەفەیەک یان بۆ خێڵێک، بگرە دەبێتە ئامرازی بنیاتنان بۆ ئاراستەکردنی
رای گشتی نیشتیمانی بۆ بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان.
(گۆبڵز) وەزیری دیعایەی نازیەکان یپَموایە جوانترین پێناسەی رووناکبیری
کردوە ، کە ووتوویە: (هەرکە گوێم لە ووشەی رووناکبیر دەبێ دەمانچەکەم
دەردێنم). واتا رووناکبیر کەسێکی پۆزەتیڤی کۆمەڵگایەو، بەرگری لە چینە
بەشخوراوەکان دەکات و، مەترسیە بۆ سەر دەسەڵاتە دیکتاتۆر و
تۆتالیتارەکان. بۆیە دەسەڵاتە تۆتالیتارەکان هەمیشە چەوسێنەری ئەم
رووناکبیرانە بوون ،( بیگومان ئەو رووناکبیرەی کە گۆبڵز لێی ترساوە)!
دووچاری گرتن و بەندیخانەو تیرۆر بوون، بۆ نموونە (حەلاج و عەبدوڵای
کوڕی مقفەع و گارسیا لۆرکا و فەرەج فۆدە و عەبدلخالق مەعروف).زۆری تریش
کەنانبڕاوکران و دەربەدەرکران و بە هەناسەساردی سەریانناوەتەوە. ئەوەی
کە لەدەرەوەی چەمکەکانی دەسەڵات نەبێت ، پێی ناووترێت رووناکبیر، با
ئەو دەسەڵاتە سیاسیە تا رادەیەکیش گوزارشت لە هەندێ بیرو راو بۆچی
رووناکبیر بکات، ئەگەربێتو رووناکبیر مەودایەکی دانا لە نێوان خۆی و
دەسەڵاتدا، بۆیە دەتوانێ بەم پێیە سەربەخۆ بێت. د.نەسر حامید ئەبو زێد
دەڵێ: (دەبێ رووناکبیر بتوانێ گوتارێک بەرهەم بهێنێ کە دەسەڵات نە بە
نەگتێڤ و نە بە پۆزەتیڤ نەخاتە کرۆکی خۆیەوە. ئەمەیش بانگەشەیەک نیە بۆ
وەستان لە رەخنەگرتن دژ بە دەسەڵات، بە هەموو دەرنجامە کۆمەڵایەتی و
سیاسی و رۆشنبیریەکەیەوە. مەبەستیش کورتنەکردنەوەی چەمکی –دەسەڵات- نیە
لە سیستمی حوکمڕانیدا. هەندێ لە رووناکبیران لەو بڕوایەدان کە گۆڕان
نایەت و ناێتەدی تەنها لەسەرەوە نەبێت، کەچی پێموایە گۆڕانی بەردەوام
دەبێ لە بنکردایەتیەکانەوە بێت نەک لە لوتکەوە. دەسەڵات دەتوانێ
یاساکان بگۆڕێت، بەڵام ئەم یاسایانە هیچ کاریگەریەکیان نابێ ئەگەربێتو
زەینەکان نەگۆڕدرێن). گەرچی ئەمرۆ توێژێکی دیکەی بەناو(رووناکبیر)
لەلای خۆمان پەیابووە، بگرە کۆمەڵێ نوسەر وشاعیرن، نە لەگەڵ دەسەڵاتن و
نە دژی دەسەڵاتیشن ، گەرچی لەسەر خوانە چەورەکانی دەسەڵات دەژین،
لەلارێیکانیشدا لە گەڵ ئۆپۆزسێوندان. ئەمانە وەکو گروپە مافیایەکی
نووسین کاردەکەن و، هەندێ دەزگای بڵاوکردنەوەیان بۆ خۆیان قۆرخ کردوە،
گوتاری تایبەتیان نیە، ئەگەرچی هەر گوتاریشیان نەبووە. بۆیە ئەم تۆێژە
نوسەرە ترسناکترین گروپێکن لە رووناکبیرانی دەسەڵات و دەوڵەت.
(فازڵ سامر) دەڵی: ( پێموایە پەیوەند رووناکبیری عێراقی لەسەر جۆرێک لە
دژایەتی و رووبەرووبونەوەو گومان دروست بووە. چونکە رووناکبیر سەر بە
پانتایی ئازادی و یاخی بوون و جیاوازیە، بەڵام دەسەڵات زۆرجار سەر بە
پانتایی دیسپلین و لە قاڵبدان و هەندێجاریش زۆرداریی و داپڵۆسین و
چەوساندنەوەیە. دەسەڵاتەکانی عێراق پەراوێزخستنێکیان بەسەر رووناکبیری
عێراقیدا سەپاند بوو، لە رۆڵی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا. هەمیشە
هەوڵیان دەدا کە بیخەنە ژێر سانسۆر و دەسەڵاتی خۆیانەوە. چونکە بەلای
ئەوانەوە یاخی بوو و رەتکەرەوەو ڕکابەرێکی ترسناکە، لە خستنەرووی پرۆژە
فیکری و وجوانکاری و مەعریفیدا، کە لەسەر جەدەل و دیالۆگ و شەڕفرۆشتن
دروست بووە. بۆیە بەرامبەری سیاسەتی پشتگوێ خستنیان بەکارهێناوە جارێک
، یان سیاسەتی ئیحتیواکردن و دوورخستنەوەی ودەستەمۆکردنی جارێکی دیکە.
ئەگەریش لەم سیاسەتەدا شکستیان هێنا ئەوا پەنا دەبەنە بەر داپڵۆسین و
دەمبەستن ).د. جابر عێفوریش دەڵێ : ( بەلای منەوە رووناکبیری ئەکتیڤ
هۆشی رەخنەیی کۆمەڵگایە، بەرجستەکردنی خوڵقێنەری ویژدانی نەتەوەیە.
بۆیە ئەو هەمیشە دەکەوێتە لای چەپی رژێمی سیاسیەوەو، بەگرفتە هۆشیاری
کۆمەڵایەتی یان فیکری یان ئایینیەکانیەوە. یەکەم ئەرکی ئەو ئەوەیە کە
ئەو رژێمەو دەست و پێوەنەکانی و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنەکانیشی بخاتە بەردەم
لێپرسینەوەیەکی ریشەییەوە، ئەمەیش وای لێدەکات کە هەمیشە چاوی لە
ئایندە بێت ، نەک بە رابردووەوە داکوتراو بێت، کە لەوانەیە بیکاتە کۆت
وزنجیر وببێتە کۆسپ لەبەردەم جووڵانەوەی نەتەوە بەرەو پێشەوە و، نە بۆ
هەنووکەیەکی دواکەوتوویش کە بەرەو هەڵدێر دەروات. چونکە ئەو مژدەبەری
پێشکەوتنە . رووناکبیر ئەو ئەقڵە بەئاگایەیە ڕاناوەستێ لەوەی کە دەوڵەت
و رژێمی سیاسی ،کە لە ئاوێنەی ئامادەگی ئەودا رەنگدەداتەوە، بخاتە ژێر
لێپرسینەوەوە. بگرە ناشوەستێ لەوەی کە خۆیشی وەکو خۆی بخاتە هەمان
جێگاوە، لە پەیوەندی بە دەوڵەتەوە و یان بەو رژێمە سیاسیەی کە بەرێوەی
دەبات، بەنێگێتیڤانە بێت یان بە پۆزەتیڤانە بێت.).
بێگومان بەشدارکردنی رووناکبیر لە ژیانی سیاسیدا لە وڵاتی ئێمەدا
لەرووی فیکریەوە بووە ، یان لە رووی لۆژیکێکی تەسکی حیزبایەتی بووە.
زۆر لەوانە نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن لەو بوارەدا و شکستیان
هێناوە.واتا ئەو رووناکبیرانەی کە لە سیاسەت شکستیان خوارد . بێگومان
من پێموایە رووناکبیری راستەقینە لەگەڵ سیاسەتدا تاسەر هەڵناکات. بەڵام
ئەوانەی کە بۆ پلەی سیاسی بەرز بوونەتەوە ، ئەوانە تۆوی رووناکبیری
راستەقینەو جدیان لە گەڵ خۆیاندا هەڵنەگرتبوو، بۆیە ژیانی سیاسی لوولی
دان. چونکە رووناکبیر رۆڵی سیاسی نابینێ. بگرە ئەو رۆڵی سەرەکی لە
کۆمەڵگادا دەبینێ ، لە رێگای بڵاوکردنەوەی بیرو باوەڕەکانیەوە. ئەو
راستەوخۆ بەشداری ناکات، بگرە رۆڵی گرنگتر دەبینێ و، کاریگەری دەبێ لە
سەر ژیانی سیاسی، لەرێگای ووروژاندنی دیالۆگ لەبارەی مەسەلە
چارەنووسسازەکانەوە. بەحەماس نابێ بۆ پرۆژە شۆرشگێریەکان، چونکە هەستی
مێژوویی وای بۆ سەلماندوە کە لەوانەیە ئەنجامەکان هەمیشە پۆزەتیڤ نەبن.
رۆلی ئەو لەبەر ئەوەی بە مێژووە بەستراوەتەوە، دەبێ هەمیشە مێژووی ژێر
دەستەیی و زۆرداریی بەبیر بهێنێتەوە ئەمە لەلایەک ، لە لایەکی دیکەوە
بەکردەی سیاسی ئاواتەخوازی رزگاریی نیشتیمانیە . گەرچی دیمان زۆر لە
رووناکبیرە گەورەکانی جیهان چوونە ریزی حیزبە لیبریالیەکان و حیزبە
کۆمەنیستەکانەوە و ، دواجاریش لێیان هاتنەدەرەوە، وەک ژان پۆڵ سارتەر و
ئەلبێرکامۆ و لوی ئاراگۆن و ئەندرێ مارلۆ وزۆری تر . چونکە وەکو د.نەسر
حامید ئەبوو زێد دەڵی : مارەبڕینی کاسۆلیکی لە نێوان رووناکبیر
ودەسەڵاتدا واتای دوورخستنەوەی خەڵکی ڕەشۆکیە. بۆیە رووناکبیری
راستەقینە ناتوانێ تا سەر لەگەڵ دەسەڵاتێک یان سیاسەتێکدا بێت.
(بورهان شاوی) لە بارەی تەنگژەی رووناکبیرە لیبریالیەکان لە عێراقدا
دەڵێ: (ئەمە تەنگژەی راستەقینەیە لەبەردەم رووناکبیرە پێشکەوتنخوازەکان
وهێزە دیموکراسی خوازەکانی عێراقدا . کە دەبینن (زۆرداریی) جگە
زۆرداریی هیچ بەرهەم ناهێنێ و(کەلتوری دواکەوتن و جەهالەت و
نەخوێندەواریی) هیچ بەرهەم ناهێنێ ، جگە دواکەوتووی و نەخوێنەواری
نەبێت. ئاسانە گەر بڵێین بە شێوەیەکی ئینشائی کە هیچ لە بەردەم هێزە
خێرخواز وبەرگریکاران لە عێراقی سبەیدا نیە، تەنها تێکۆشان نەبێت لە
پێناوی بڵاوکردنەوەی چەمکەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و داکۆکیکردن لە
مافەکانی مرۆڤ وتێکۆشان لە پێناوی دامەزراندنی کۆمەڵگای مەدەنیدا، هیچی
لەبەردەمیدا نیە جگە لەوەی کە رۆلی راستەقینەی فیکری و رۆشنگەریی خۆی
ببینێ و، مومارەسەی مەعریفی خۆی بکات لەسەر واقیعی عێراقدا، نابێ دوودڵ
بێ لە وەستان لە رەخنەی تۆکمە لە بەرامبەر کەسانی ناوەخت هاتوو بۆ
دیمەنی رۆشنبیری و فیکری، دەبێ لایەنگیری مەعریفەی بەربڵاوی مرۆڤایەتی
بێ، چونکە هەڵویستی راستەقینەی رووناکبیر هەر رووناکبیرێک بێ ، لەهەر
کات و شوێنێکدا بێ، هەڵوێستگرتنە لە دەسەڵات و، ئازایەتی لە رەگ
داکوتان لە زەویەکی فیکری داهێنەردا). ئەگەر سەبارەت بەرووناکبیری
عێراقی ئەمە وا بێت، دەسا رووناکبیری کوردستانیش بە هەمان شێوە
دەگرێتەوە.
ئەوەی شایانی لێدوانە ، سەرەرای ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا کە
رەشبینین لەوەی ئێمە رووناکبیرمان هەبێت، بەڵام لە دوای راپەڕین و
دامەزراندنی ئیدارەیەکی کوردی لە ناوچەی دژەفڕین لەباشووری کوردستاندا،
بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ، ئیدی حیزبە کوردستانیەکان و بە
تایبەتی یەکێتی و پارتی کەوتنە دامەزراندنی هەندێ نوسەر و، دواجاریش
قورخی کردنیان بۆ حیزبەکانی خۆیان . هۆیەکیش قەیرانی ئابووری بوو لە
کوردستاندا ، دوای ئەوەی رژێم ئیدارەکانی خۆی کێشایەوە و هەروەها
ئابلووقەی ئابووری بەسەردا سەپاند، کە زۆر لەنوسەران بۆ بژێویان
پەنایان بردە بە دەزگای راگەیاندنەکانی ئەو حیزبانە و تەسلیم بوون بە
سیاسەتەکانیان، - نایشارمەوە خۆشم یەکێک بووم لەو نوسەرانە -. تا وای
لێهات زۆر لەو نوسەرانە لە دیاردەی گەندەڵی تێوەگلان و، ئیدی مەحاڵ بوو
لێی دەربازبن و ، بوونە بە موڵکی ئەو حیزبانە، ئەوەشی کە تێوەنەگلا
توانی خۆی دەرباز بکات و سەربەخۆیی خۆی هەڵبژێرێت. بۆیە دەبینین ئەمرۆ
رۆشنبیریی کوردی لە قەیرانێکی گەورەدا دەژی، چونکە زۆرینەی نوسەران
سەربەخۆیی کەسایەتیان لە دەست داوە و، ناتوانن لە ئاستی هەڵەکانی
دەسەڵات و هەڵەی تاکەکانی دەسەڵات بێدەنگ نەبن، چونکە ئەوانیش بوونەتە
بەشێک لەو دیارەیە. یان گرووپی بەناو رۆشنبیر هەن کە گەندەڵیەکانیان
بەسەردا بەبەڵگە ساغ بووەتەوە. کارەساتەکەیش لێرەدایە کە بەخۆم زۆر
ئاگاداری ئەدەبی عەرەبی و میللەتانی دیکەم هەم، کە تائێستا ئەم جۆرە
دیاردەیەم نە بیستووە و نەخوێندوەتەوە، کە کەسێک خۆی بـ(رووناکبیر)
ناساندبێ، ئەم دیاردەیەی لێ ئاشکرا بووبێت و، لەجیاتی هەڵسەنگاندنی
بەرهەمەکانی باسی گەندڵی مادی لەبارەوە کرابێت ، تەنها لە ئەدەبی
کوردیدا نەبێت، بۆ نەگبەتیش ئەمە دوای درووستبوونی بە ناو دەوڵەتی کورد
لە باشووری کوردستاندا سەریهەڵدا!! بۆیە پێشموایە کە تا سەردەمێکی درێژ
کورد لە باشوور ناتوانێ پرۆژەی رووناکبیری هەبێت، بەدەر لەبەشەکانی
دیکەی کوردستان(باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا). بەرای خۆم ئەوان
ئامادەترن بۆ ئەو جۆرە پرۆژەیە، ئەگەر وەکو باشووری کوردستان جۆرە
سەربەخۆییەکیان هەبێ. چونکە دەبینی ئەوان رووناکبیری وایان هەبوە و
هەیە، کە لەسەر ئاستی عەرەبی و فارسی و تورکی و جیهانیدا ناسراوە و،
زۆریان خەڵاتی جیهانی و ناوچەییان وەرگرتووە، وەکو یڵماز گونای، یەشار
کەمال، محەمەد ئوزون ، سەلیم بەرەکات. بەڵام بەداخەوە ئەگەر ئێمە
لەباشووری کوردستان نەفەرێَکی ئاوهام هەبێ ، دەبینین لە دەسەڵات و
گەندەڵیدا تێوەگلاوە!! سیفەتی رووناکبیری لەخۆی سەندوەتەوە. گەرچیش
ئێمە پرۆژەی نەتەوەییمان لە مەترسیدایە، بە هۆی بەرچاو ناڕوونی مەرجەعی
سیاسی لە باشوور و، لادانی لە خەمی پرۆژەی نەتەوەیی و، ئیشکردنی بۆ
بەرژەوەندی بنەماڵەیی و گرووپی و بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی. بۆیە
ئەنجامدانی هەر پرۆژەیەک پێویستی بەسەقامگیری پرۆژەی نەتەوەیی هەیە.
نابێ ئەوەشمان لەبیربچێ کە کورد لە سەدەکانی هەژدەو نۆزدە و پێشتریش
رووناکبیری گەورەی هەبووە ، رووناکبیری تۆکمە وموتەحدی و هەرگیز لەسەر
مەسەلە نەتەوەیە چارەنووسازەکان سازشیان نەکردوە و، ملیان نەداوە بۆ
دەسەڵاتەکان وەکو: ئەحمەدی خانی ونالی و حاجی قادری کۆیی ، فایەق بێکەس
وجەمال عیرفان و جەمیل سائیب یش لەسەرەتای سەدەی رابردوودا ..
رایەکی عەرەبی دەڵێ، رووناکبیری راستەقینە نەک خۆ بەرووناکبیر زان،
مەقسەڵەیەکی ئامادەیە بۆ سەربڕینی سیاسی، واتا رووناکبیر تەواوکەری
سیاسەتمەدارە، لەهەمانکاتیشدا یەکێکە لە دوژمنە سەرسەختەکانی، راستە
ئەو دەسەڵاتی جێبەجێکردنی نیە ، وەلێ دەسەڵاتێکی ترسناکتری هەیە لەوە،
ئەویش دەسەڵاتی هاندانە. ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتی سیاسی زۆرتر دەترسێنێ،
لەبەر ئەوەی مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک دەکات. بۆیە دەبینین ئەمرۆ
دەسەڵاتی کوردی لەگەڵ کرانەوەی دنیا و کرانەوەی تۆێژی لاوانی هۆشدار،
جۆرە دڵەڕاوکێیەکی پێکەوتووە لە نووسینی هەندێ نوسەر لەدەرەوە و ناوەوە
و، بە دوژمنی سەرسەختی خۆیانی دەزانێ، گەرچی لە شاخ دروشمی نان و
ئازادی بۆ نووسەران بەرزکردبوەوە!.
بۆیە ئەو مەسەلە بنەرەتیەی کە هەموو مەسەلەکان کورت دەکاتەوە، لە
پەیوەندی رووناکبیر بەدەسەڵاتەوە، ئەویش ئازادی رووناکبیرە یان ئازادی
نووسەرانە ، ئەمەیش بە بەڵێن ونزیک کردنەوە ونەرمبوون نابێ بەرامبەری ،
چونکە ئازادیی نوسەر واتا ئازادی رەخنەگرتنە ، ئەمەیش هەموو لەمیانەی
ئازادی بیروراو ئازادی هەڵویستی سیاسی و ئازادی جیاوازی و تەبایی
دێتەکایەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا..
________________________
ژێدەر:
1 - ئەو
خوداوەندەی کە هەمیشە شکست دێنی .. ئیدوارد سەعید
2 - د.
جابر عێفور .. رۆژنامەی (الاهرام) ژمارە 1431، 31 مایس 2010.
3 -
رۆژنامەی ( الصباح) رۆژی 8/6/2010 فازڵ سامر
:پەیوەندی رووناکبیری عێراقی بە دەسەڵاتەوە لە نێوان دوو سەردەمدا.
4 -
رووناکبیر و دەسەڵات..رۆژنامەی (العرب الیوم) ژمارە 4727 ، 11ی
حوزەیران 2010.
5 - الاوان
، 11ی حوزەیران 2010، نەسر حامید ئەبو زێد (کێشەی رووناکبیرو دەوڵەت /
دەسەڵات.
6 -
رۆژنامەی ئەلشەرقل ئەوسەت ژمارەیەک لە ژمارەکانی 2007. برهان الشاوی..
تەنگژەی رووناکبیرە لیبریالەکان لە عێراق..
gaforsalih@yahoo.com
|