٢٢\١١\٢٠١٤
پیلانی دروستکردنی
جەنگ و دوژمنایەتی لە نێوان کوردان و عارەبان.
هەژێن
ئەگەر سەرنجی ڕووداوەکانی ئەم چەند مانگەی دوایی بدەین ڕاستییەکی
پشتپەردەمان بۆ ئاشکرادەبێت؛ هەوڵدانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش)
بۆ نیشتەجێکردنی خانەوادەی عەرەبزمان لە جێی کوردانی دانیشتووی موسڵ و
شوێنی شەبەك و کاکەیی و ئیزدییان، هەروەها لەنێوخۆی کوردستانیشەوە
دژایەتی و هەڕەشە و هەڵمەتی واژۆکۆکردنەوە بۆ دەرکردنی ئاوارە
عەرەبزمانەکان و تەنگاوکردن و کردنیان بەهۆکاری ڕووداوەکان و
نەهامەتییەکان، دوو جەمسەری تەواوکەری ئەو پیلانەن.
ئەگەر هەر کەسێك بەبێ پاشرەویی پاگەندە و لێکدانەوەی میدیای زاڵ و
ئایدیۆلۆجیاکان، بە وریاییەوە سەرنجی ئەو دوو هەوڵانە بدات، ئەوا یەك
ڕاستی دەردەکەوێت، ئەویش هەبوونی پەیوندی نێوان ئەو دوو هەوڵەیە و
گەڕانەوەیانە بۆ یەك سەرچاوە؛ کێ بەرژەوەندی لە دروستکردنی وەها جەنگ و
کینەدۆزییەكدا هەیە و کێ دەتوانێت سوودبەر بێت؟
ئەوەی تا ئێستا من لە چاودێریی ڕووداوەکان و هەڵوێستەکان و
دەربڕینەکانی دەوڵەتان و ڕامیاران و کارکردنی پارتییەکان و
دەسەڵاتدارانی ناوچەکە تێگەییشتبم، بەڵگەکان ئاماژە بە هەبوونی
پیلانگێریی دەوڵەتی تورکیە لە پشت ئەو هەوڵانەوە نیشاندەدات؛ هەموو کەس
دەزانێت هێزەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) لەلایەن دەوڵەتی
تورکییەوە کۆمەك وەردەگرن و هەروەها گروپە نەژادپەرست [ڕەیسیست]ەکانی
هەرێم دەستێکی شاراوە دنەیاندەدات، زۆر ئاسایی دەکرێت دیسانەوە ئەو
دەستە شانەکانی دەزگەی سیخوڕیی دەوڵەتی تورکیە [میت] بن، کە لە ساڵی
١٩٩١ لە عیراق وهەرێمی کوردستاندا لەژێر چەندین دەمامکدا خۆیان
شاردووەتەوە؛ لەوانە کەوانەی سووری تورکیە، ڕێکخراوە ڕامیارییە
تورکمانە پڕۆ-تورکییەکان، لەشکری کڵاوشینی تورکیە لە بامەڕنی،
بەڕێوەبەران و مامۆستایانی باخچەی ساوایان و خوێندگە و دانشگە
تورکییەکان لە هەرێمی کوردستان و کۆمەلێك وتارخوێنی مزگەوتەکان، چەند
کەناڵ و سایت و بڵاوکراوەیەکی میدیای کوردی... تد.
لەبەرئەوە بەبۆچوونی من، ئەگەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و کوردان
بەتایبەتی زۆر وریانەبن، ئەوا بەگوێرەی ئەو هەوڵانەی کە بۆ دروستکردنی
جەنگ و کینەدۆزیی و ئاژاوەکان دەدرێن، مەترسی هەڵگیرساندنی جەنگی
ئێتنیی نێوان کوردان و عەرەبان لە مانگان و ساڵانی داهاتوودا ئەگەرێکی
زۆر دوور نابێت و لە ڕوودانی وەها ئەگەرێکدا بێجگە لە مسۆگەربوونی
بەرژەوەندی دەوڵەتی تورکیە و بەهێزبوونی ڕەوتە ناسیونالیست و ڕەیسیست و
مەزهەبییەکان و وێرانبوونی هەرێمی کوردستان و عیراق بەگشتی هیچی دیکە
بەرهەمناهێنێت و هەروەها کاراکتەرە چالاکەکانی دروستکردنی وەها جەنگ و
ئاژاوەیەك، گروپ و تاکە ناسیونالیست و مەزهەبییەکانن و چ بخوازن و چ
نەخوازن، ئەوان 'في سبیل اللە" ڕۆڵی بەکرێگیراوێکی دەوڵەتی تورکیە
دەبینن!
٢١\١١\٢٠١٤
ماڵپهڕی ههژێن
www.hejeen.wordpress.com
|