١٠\١٠\٢٠١٣
یاداشتنامەیەک رووەو
بزووتنەوەی گۆڕان و رای گشتیی:
پلەدوویی ژن لە شتە نەگۆڕ و جێگیرەکانی
هێزێک نییە کە رێزی بۆ مرۆڤ هەبێ.
ئێمە
کۆمەڵێک نووسەر و ئەکادیمیست و چالاکوان کە دۆزی یەکسانیی ژن و پیاو لە
کوردستان بەلامانەوە لە دۆزە هەرە گرنگەکانی ناو کۆمەڵگایە، بە
نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی گوتاری سیاسیی ئەم دواییەی بزووتنەوەی
گۆڕان دەکەین. رێکخەری بزووتنەوەکە لە کەناڵی کەی ئێن ئێن رایگەیاند کە
«ههر شتێک نهگونجێت لهگهڵ (سهوابت*)ی
دینی ئیسلامدا، ئێمه رهزامهندیی لهسهر نیشان نادهین و رهتی
ئهکهینهوه.» ئەم لێدوانە دواتر لە لایەن هەندێک لەو
ئەندامانەی بزووتنەوەکەوە کە بۆ پەرلەمان هەڵبژێردراون جەختی لەسەر
کرایەوە.
ئێمە نیگەرانین بەوەی کە ئەو بزووتنەوەیە ئاوا بێباکانە لەبەردەم رای
گشتییدا خۆی پابەند دهکا بهوهی که له پهرلهمانی کوردستاندا ههر
یاسایهک لهگهڵ شتە نەگۆڕ و جێگیرهکانی ئاینی ئیسلامدا ناکۆک بێ،
له دژی دهوهستێتهوە. بە لای ئێمەوە ئەوە کۆششێکی فریودەرانەی
دێماگۆژیانەی ئەو بزووتنەوەیەیە بۆ پترکردنی دەنگدەران و لایەنگرانی
خۆی لەسەر شانی شکۆمەندیی مرۆیی و ئازادییەکانی ژنانی کۆمەڵگای
کوردستان. بۆیە ئەمە هەڵوێستێکە کە ئێمە شەرمەزاری دەکەین و داوا لە
رای گشتییش دەکەین کە هاوکارمان بن بۆ دروستکردنی گوشار تا هەڵوێستی
لەم جۆرە نەبێ بە بڕیار و کردەوە.
دیاره ههر بزوتنهوهیهک و حیزبێکی سیاسیی ئازاده لهوەی چ بەهایەک
دەکاتە پایەی بناغەیی سیاسەت و ستراتیژیی خۆی، بەڵام نابێ ئەو بەهایانە
ناکۆک بن لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانیی ژن و پیاو. ئێمە
پێمانوایە دەستبردنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ واژەیەکی ئاینیی کارێکی
نابەرپرسانە و بێباکانەیە لە ئاست ئەو هەموو بێ مافییە گەورانەی کە لە
کۆمەڵگای پیاوسالاریی کوردستاندا لە بەرامبەر نیوەی هاوڵاتییاندا دەکرێ
تەنیا بە هۆی ئەوەوە کە رەگەزی مێینەن.
لە سەدەی بیست و یەک و لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرندا، ئێمە ئەو شتە نەگۆڕ و
جێگیرانەی کە بزووتنەوەی گۆڕان نایەوێ ناکۆک بێ لەگەڵیان بە ریسواکردنی
شکۆمەندیی مرۆڤی کوردی دەزانین: دانانی دوو ژن بەرامبەر بە یەک پیاو لە
شایەتییدان، فرەژنیی و مافی (تەمبێکردن**)ی
ژن لە لایەن پیاو و قەدەغەکردنی گەشت و هاتوچۆ بۆ دەرەوە بە بێ
رێپێدانی (نیگادار***)ێک کە
پیاوە و... زۆری دیکە، شتگەلێکی نەگۆڕ و جێگیر نین کە جێگەی رێز بن.
بۆیە پێمانوایە کە دەبێ گونجاندنی ئاین لەگەڵ گیانی سەردەم و
پێداویستییەکانی مرۆڤی سەدەی بیست و یەکدا ببنە بنەمای ستراتیژ و کاری
هێزە سیاسییەکان لە کوردستاندا.
ئێمە هیوادارین بزووتنەوەی گۆڕان درک بەوە بکا کە بەو کارەی تا چ
ئاستێکی کوشندە مافی ژن لە پەراوێز دەنێ و پشت دەکاتە دۆزی رەوای
یەکسانیی ژن و پیاو لە کوردستاندا. بۆیە هیوادارین ئەو بزووتنەوەیە
هەست بە بەرپرسیارێتیی بکا و چاو بەو واژەیە ئاینییەدا بخشێنێتەوە و
هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ چەسپاندنی داکۆکیی لە شتە جێگیر و نەگۆڕەکانی
ئاینی ئیسلام وەک بەشێک لە پرۆگرام و ئامانجی سیاسیی خۆی نەنێ.
ئێمە پێمانوایە هەر بزووتنەوەیەک نابەرپرسیارییەتیی لەم جۆرە بنوێنێ و
ئاوا پیشانی بدا کە باکی بە دۆزی مافی ژن و یەکسانیی ژن و پیاو نییە لە
کۆمەڵگادا، بزووتنەوەیەکە کە شایەن بەوەیە خەڵک بە پشتتێکردن سزای بدا.
ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوام بێ لەو کۆششەی کە پلەدوویی ژن بکاتە
شتی نەگۆڕ و جێگیر، ئەوا ئیتر ئێمەش وەکو ژنانێکی یەکسانییخواز ئەوە بە
بەشێک لە ئەرکی خۆمان دەزانین کە کاری راشکاوانە بکەین بۆ ئەوەی ئەو
بزووتنەوەیە بە پشتتێکردن لە لایەن خەڵکی یەکسانییخوازەوە، سزا بدرێ.
__________________________
*
(سەوابت):
(ثوابت)، شتی نەگۆڕ و جێگیر.
**
(تەمبێکردن):
(تەئدیب).
***
(نیگادار):
(وەلی ئەمر).
نەزەند بەگیخانی، نەجیبە
مەحمود، هۆزان مەحمود، ئەڤین ئیبراهیم فەتاح، رۆزا حوسێن، رووناک
فەرەج، چۆمان هەردی، ڤینۆس فایەق
٧\١٠\٢٠١٣
|