په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٥\٢٠٢٥

پنتەوێنەکانی گیان.*


ئەرسەلان مەحمود      

١. خۆشیەکانی ئەم سەردەمە.
خۆشیەکانی ئەم سەردەمە، سەرابێکی دیجیتاڵین، لە ڕووکاری ئەپەکان دەچن، هەر نوێبوونەوەیەک، وەک شەپۆلێکی ڕەش، سیستەمی کۆنی بیرەوەریەکان دەڕووخێنێت، دیوارەکانی هەستمان دەتەقێنێتەوە و هەموو شتێک دەڕمێنن، بێئەوەی جێماوەکانی ڕابردوو کۆبکەنەوە.

٢. چۆن دەگەی بە دڵت.
چۆن دەگەی بە دڵت، کاتێک پەنجەکانت بووبنەتە کۆیلەی شاشەیەکی بێگیان، بەندەی سمارتفۆنەکان وەک زنجیرێکی زێڕین لە مەچەکیانەوە دەئاڵێن، بیرەوەریەکانیان ئەو شتە نهێنیانە نامێنن کە وەختێک هی خۆیان بوون، ئێستا لە هەورەکاندا هەڵدەگیرێن - شوێنێک کە دەست پێی ناگات، هەروەک چۆن هەستەکانیش هەڵدەگیرێن لە شوێنێک کە خۆیان پێی ناگەن.

٣. سۆشیال میدیا.
سۆشیال میدیا، ئەو دێوەی خەونەکانمان دەدزێت، ناهێڵێت بحەسێنەوە، تەنانەت لە کاتی خەوتنیشدا... ئەی ژیانی ڕاستەقینە... کوا دەنگی هەناسەت؟ هەموو نۆتیفیکەیشنەکان وەک سوپایەکی بێدەنگ، لە تاریکیدا بۆ سڕینەوەی ئارامی دێن، چاوەکان دەکرێنەوە، بەڵام ڕۆح دەنوێ تا هەتایە.

٤. بۆ ئەووو کەسە دەگریەیت.
بۆ ئەووو کەسە دەگریەیت کە تەنها پیکسڵێکە لەسەر شاشەکەت، لە پرۆفایلەکەیدا ون بووە، وەکو نهێنیەک لەناو دەریای فیلتەرەکان، وێنەیەکی ڕاستەقینەیشی بۆ جێنەهێشتووی بیناسیتەوە، چۆن دەزانیت فرمێسکەکانت بۆ کەسێکی ڕاستەقینەن، یان بۆ خەیاڵێک کە تەنها لە دنیای ئەلگۆریتمەکانی ئینستادا هەن؟

٥. ئەگەر داتاکانم بدزیت.
ئەگەر داتاکانم بدزیت، لێم دەبیتە دزێکی عەقڵ، چ شوناسێکم بۆ دەمێنێتەوە جگە لە چەند بایتێکی هەڵەوگێڕ؟ پاسۆردەکانم هەموو بەشەکانی ناسنامەکەمن، ئەو کەسەی لەناو سێرڤەرەکاندا بێ ماڵە، ئایا هەبوون تەنها بریتیە لە کۆدەکانی پشتەوەی پرۆفایلەکان؟

٦. خێرا ڕەشکردنەوە بکە.
خێرا ڕەشکردنەوە بکە، دوگمەی سڕینەوە بێت لە دەستتان، نەکا کۆمێنتێکی دوێنێت بتسووتێنێت وەک ئاگرێکی دیجیتاڵی، ڕابردوو ناتوانێت بمرێت لە جیهانی ئینتەرنێتدا هەموو وشەیەک دەژیەت لە ناو سێرڤەرە نەمرەکاندا، هەر وەک چۆن هەڵەکانیش، ناتوانن بخەون لە گۆڕستانی بیرچوونەوەدا.

٧. نە نێتۆرکت هەیە نە مێمۆری.
نە نێتۆرکت هەیە و نە مێمۆری، وەک ڕۆحێکی ون لەناو ئاسمانی دیجیتاڵدا. دەبێ ئەوە بزانی ژیان بەبێ کۆنێکشن هەڵواسران نییە؟ ژیانکردن لە دەرەوەی شاشەکانیش هێشتا هەناسە دەدات، لە جیهانێکدا کە واڵایی هەیە، پەنجەکانت هێشتا دەتوانن شتێکی گەرمتر لە مۆبایلەکەت بگرنە خۆیان.

٨. پێبکەنە.
پێبکەنە، بەڵام دڵنیابە ڕاستەقینەیە، خۆ فلتەرەکانت نەماون تا چاڵە قووڵەکانی ناو ڕوخسارت بشارنەوە، یەکێک بتناسێتەوە لە جیهانی ڕاستیدا، نەک تەنها لە ناو چەند پیکسڵێکدا، ڕاستی کۆتایی هاتووە لە دنیای سناپچاتدا، ئەمەم بە ئەلگۆریتمەکە وتووو... خێراااا دیلیتم کرد، بەڵام مێشکەکان هێشتا شوێنی شکاوی بیرەوەریەکانت هەڵدەگرن.

٩. نە ئیمۆجی دەزانی.
نە ئیمۆجی دەزانی و وەک بێگانەیەک لە زمانی نوێی سەردەم، نە ڕۆژێکیش ریکوێستت قبوڵ کردووە، وەک دەروێشێکی دوورەپەرێز، تەنها سکرینشۆت دەکەی.. کاتێک لەستۆرییەکانەوە چاودێری دەکەی، لەپشت پەردەی نادیارەوە، وەکو سێبەرێک دەژیەیت، ناکۆتا سکرۆڵ دەکەی، هەروەک چۆن چاوەکانت ناکۆتا دەگەڕێن بەدوای واتایەکدا.

١٠. ژیانی من.
ژیانی من، چەندین گیگابایت پاشگەزبوونەوەیە، تەرازووی دڵ لەنێوان ئاپلۆد و دیلیتدا هەڵواسراوە، مێژووی بوون بریتیە لە پاککردنەوەی کاشەکان، هەموو ڕێگەیەک ئەنجامی ئیرەری ٤٠٤ دەداتەوە، ژیان وەک کۆدێکی هەڵە، هەمیشە لە میمۆریدا دەسوڕێتەوە.

١١. جیپیئێس ئێستا دەتوانێت.
جیپیئێس ئێستا دەتوانێت وەک شەیتانێکی بچووک، جۆرە ڕاستییەکمان پێ بڵێت لەبارەی شوێنی ونبوونمان کە بە ڕێکەوت بیبینین، هێشتا بەدوای خۆماندا دەگەڕێین، لە کاتێکدا موبایل'ـش ئەوەندە تایبەت نەماوە، بەڵکو بۆتە ئاوێنەی گیانمان، لە هەموو کوچە و کۆڵانێکدا سێبەرێکی دیجیتاڵی ئەوەتا بە شوێنمانەوەیە.

١٢. نۆتیفیکەیشنەکانت بێدەنـگ بکە.
نۆتیفیکەیشنەکانت بێدەنـگ بکە، تا دەنگی ڕۆحی خۆت باشتر ببیستیت، لەبەردەم سکرینەکەدا ڕاوەستە، وەک پەیکەرێکی مەڕمەڕی، مەسجێک لێرەوە تێپەڕ دەبێت، دەنگێکی کورت و کاتی، کە تا هەتایە دەبێتە هاشتاگ لە دڵتدا، وشەیەکی نەسڕدراوە، ماچێکی دیجیتاڵی کە هەرگیز ناتوانێ گەرمی لێوەکان بناسێتەوە.

١٣. بوونی تۆ چ پێویستییەکە.
بوونی تۆ چ پێویستییەکە لە جیهانێکدا پڕە لە وێنەی خۆت؟ هێشتا سێڵفیەکانت وەک کلۆنێکی پێکەنیناوی، باشتر لە خۆت لە خۆدەرخستن دەزانن، ڕەنگە تۆ تەنها بۆ وێنەگرتن هاتبیت، تەنانەت ئەستێرەکان وێنەی سێلفی دەگرن، سێبەرەکەت نامۆیە بە خۆت و کۆپیەکانت بەناوبانگ ترن.

١٤. هەستەکانت ئاشکرا بکە.
هەستەکانت بەتەواوی ئاشکرا بکە، بە هەموو جیهان بڵێ دڵت چی دەوێت، باشترە لەوەی لەناو پرایڤەت چاتەکاندا بمێنێتەوە، وەک نهێنیەکی شاراوە، دڵتەنگیەکانت بکە بە ستۆری، بیروڕاکانت بکە بە پۆست، لە کۆتاییدا ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها ژمارەی لایکەکانە، هەروەک چۆن دڵی ڕاستەقینەت نامێنێت بۆ هەستکردن.

١٥. باتری.
باتری لەناو دەستەکانماندا کۆتایی دێت، وەک تەمەنێکی کورت، بەڵام کەس بیری لەوە ناکاتەوە، کە ڕۆحیش کاتژمێری کۆتایی هەیە، جگە لەوانەی لە کۆنێکشن بڕاون، ئەوانەی بۆ ساتێک لە ئازادی ژیان، لە دەرەوەی زیندانی وای فای، لەناو سروشتدا ئەوان تەنها کەسانێکن، کە دەزانن جوانترین مەسجەکان، ئەوانەن کە بە چاو دەنێردرێن.


١٦. ئایا کاتێکی وامان بەدەستەوە ماوە.
ئایا کاتێکی وامان بەدەستەوە ماوە، لەم ڕاکردنە بێ کۆتاییەدا، بۆ ئەوەی ڕیئاکشن نیشان بدەین، یان تەنها شتێک بڵێین گرنگ بێت؟ لە خوارەوەی باتریەکەت بپرسە، ئەو مەحکومە بەو مردنە، سکرینەکەت چاوەڕێی مردن دەکات، هەروەک ڕۆحی ڕەشهەڵگەڕاو، کاتژمێرێک هەیە لە ناخماندا، هیچ شەحنێک ناتوانێت پڕی بکاتەوە.

١٧. فلتەرەکانن ڕوخسارمان ڕێکدەخەن.
فلتەرەکانن ڕوخسارمان ڕێکدەخەن، دەمامکی دیجیتاڵی لە ناو جیهانی مەجازیدا، هەرکاتێک ئەپلیکەیشنەکانمان، وەک بەرگدروویەکی هونەری، پرۆفایلێکی نوێ دروست دەکەین، کەسایەتیەکی دیکە دەخولقێنین، چیتر ناتوانین لە ئاوێنەدا خۆمان بناسینەوە، ئایا کامە ڕاستەقینەیە؟ ئەوەی ناو شاشەکە یان ئەوەی دەرەوەی؟

١٨. ئەو ڤیدیۆیەی لەو سۆشیالدا ڤایرال بوو.
ئەو ڤیدیۆیەی لەو سۆشیاڵەدا ڤایرال بوو، وەکو نەخۆشیەکی ڕاکردوو لە هەموو میدیاکاندا، بۆ چەندین سەعات کەس نەیزانی ساختەیە، لەبەر ئەوەی ڕاستی ئێمە وەک کاڵیەکی کەمیابە، ئێستا کۆپیەکەی هەوڵ دەدات بگەڕێتەوە، وەک ڕۆحێکی پەشیمان و سەرگەردان، لەناو دەریای مەعلوماتدا، درۆکان بە خێرایی پەڕەکان باڵاودەبنەوە، کەچی ڕاستیەکان بەقەد باڵندەیەکی بریندار، بە هێواشی دەتوانن بفڕن.

____________________________________________

* پنتەوێنە: ئەو رووبەرە چوارگۆشە وردە رەنگینانەن کە وێنەیان لێ چێدەبێ. (پیکسل).

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک