په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠٢٠

پراکتیزەکردنی سیستەم.

ئارام ئازاد       


سیاسەتی دەوڵەتداری لە پایەکانی کورسییەک دەچێ ھەر کاتێک یەکێک لە پایەکان کەوت کورسیەکە بەکارنامێنێ، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان خراپترین ڕوویداوە، ھەر چوار پایەکانی کورسییەکەی ھەرێمی کوردستان دەمێکە کەوتوە کەچی حوکم بەھێزتر بووە.

پراکتیزەکردنی سیستەم وڵات لە قەیران دەردەھێنێ کەچی لێرە وایلێھاتوە سیستەم لەسەر بنچینەی خۆگونجاندن لەگەڵ قەیران دادەرێژدرێتەوە، وایلێھاتووە قەیران بە قەیران دادەپۆشرێ، بە جۆرێکی لێھاتووە گەر بێی بتەوێ باسی شتێکی باش بکەی کە لە رابردوو نووسەر توانیویەتی دوو دێڕی لەسەر بنووسێ ئێستا دەرفەتی ئەم دوو دێڕەش نەماوە، لێرە بە دواوە بە راشکاویی لەگەڵ یەک قسە بکەین باشترە. لە پەرتووکی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆرویل لە یەک لە دێرەکان دەڵێ (ھێز و دەسەڵات بریتییە لە رووخاندنی مێشکەکان و دواتر دروستکردنەوەی بەو شێوازەی کە خۆت مەبەستتە) ئەوە یەکێکە لەو بابەتە هەر بنچینەییانەی جیهانی ئێستای پێوە سەرقاڵە، دەرفەتی بیرکردنەوە و ھۆشیاربوون بەرەو ئاراستەیەکی زۆر کارەساتبارە ئەویش بە چەندین شێواز بەرجەستەیە یەک لەوان بابەت دروستکردنە بۆ لەبیربردنەوەی بابەتی زۆر کاریگەرتر چونکە وەک وتراوە (ئەوەی لەبەرچاوانە،لەبەر دڵانە) بۆیە بابەتی گەرمیش بە دڵنیاییەوە کڕیاری زیاترە لە بابەتێک کە چوار مانگ لەوەو پێش ڕوویداوە، ئەم شێوازە تازەیە چەندین مەبەستی بە دواوەیە و وەک عەرەب وتەنی (لا مفر منه) واتە بە ھیچ شێوەیەک لێ دەربازبوونی نییە و ناشبێ، خۆزگە بەشێک بووایە لە فەلسەفە چونکە ئەو کات چەندین پەرتووک و نامیلکە لە پێناوی ھۆشیاربوون لێی بڵاودەکرایەوە، بێ گومان بەشێک لە خەڵک رەخنەیان لەم شێوازە ھەیە بەڵام ناشزانن کە خۆیان ھۆکارن بۆ زووتر بڵاوکردنەوەی بە تایبەت چینی پیشەکاری بازاڕ.

 

جا ھەموو ئەوانەی کە باسکران با بھێنینەوە مەیدانی واقیع و بەرجەستەی خۆمان، میللەتی کورد ئەمڕۆ بەشێکە لەم یارییە بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دوایی دەسەڵاتی کوردی بۆ ئەوەی چەندین بابەتی زۆر ھەنووکەیی و گرنگ لەبیر خەڵک بباتەوە، چەندین جار ئەم شێوازەی بەکارھێناوە جا ھەر لە دروستکردنی چەندین بابەت لەوانە پارە خەرجکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی چەندین کەسایەتی ساختە یا بە دروستکردنی ڕووداوی بە ئەنقەست یا بە درێژکردنەوە و گەورەکردنی رووداوێکی بارێکی رۆژانە، ئەوانە ھەموو مێشکی گەل بەرەو لایەکدا لاسەنگ دەکەنەوە کە بە دڵی ئەوانە. سەرلێشێواندن بەشێکە لەم شێوازە، کە رووداوێک روویداوە ئایا کێ ھۆکارە؟ ئایا پەیوەندی بە کێوە ھەیە؟ ئەی ھۆکاری روودانەکەی چیە؟ ئەگەر بە شێوەیەکی گشتیی ئەم پرسیارانە دروست ببن ئەوا دڵنیا بن کەسانێک ھەن کە پیشەیان شێواندنی ئەم جۆرە رووداوانەیە بە شێوەیەکی رێکخراو و پتریش لە رێی میدیاوە دەیکەن بۆ ئەوەی بگاتە ھەمومان ھەتا ئێرە شتێکی ئاساییە چونکە پیشەی ئەوانە، ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە کە ئەم ڕوداوانە بە مەبەستی لێدانی چەندین کەسایەتی یا دەستە یا دامەزراوەی گەورە بەکارھێنراوە.

 

کێشەی بنچینەیی ئەوەیە خەڵک خۆی لەگەڵ ئەم گێژاوە ڕاھێناوە و ھەوڵی ئەوە نادا کە خۆی لێکدانەوەیەکی دروست و لۆژیکیی بۆ بکا چونکە دەرفەتی تێهزرینیان نەھێشتۆتەوە، بەڵام لەوە تێناگەن کە یەکێک لە بنچینەکانی میدیای لایەندار ئەوەیە (درۆ بکە، درۆ بکە،درۆ بکە، تا باوەڕت پێ دەکەن)ە. ئەی چی بکرێ بۆ ئەوەی بەسەر ئەم شێوازەدا زاڵ بین؟ بنچینەییترین خاڵ ئەوەیە کە مرۆڤ بەھای مرۆڤبوونی خۆی بزانێ بە بیرکردنەوەی تەندروست و لۆژیک و ھەبوونی ڕای گونجاو لە کاتی گونجاو بۆ ھەر بارودۆخ و هەڵوێستێک مەرج نییە دەریببڕێ بەڵام مەرجە کە ڕای ھەبێ، دێکارت دەلێ (من بیردەکەمەوە، کەواتە ھەم).

 

 

aram.galaly95@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک