٢\٧\٢٠١١
ئابووری:
پردی پەیوەندیی
نێوان کوردستان و تورکیا.

ستیڤان ئەحمەد
رەنگە چرکەساتی سەردانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا "ئەردۆگان" بۆ هەولێری
پایتەخت، یەکێک بێت لە ساتەوەختە مێژووییەکانی پەیوەندیی نێوان
هەردوولا، هەروەک سەرۆک وەزیرانی تورکیا خۆی لەناو ئەو فڕۆکەیەی گەشتی
پێکردبوو بۆ هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسە یاوەرەکانی لەوانە "چەنگیز
چاندار"ی وتبوو، ئەم پەیوەندییە دوای ئارامگرتن و حەوسەڵەیەکی زۆر
بەدەستهاتووە. بۆیە چاندار لای خۆیەوە ئەو سەردانە وەک رووداوێکی
مێژوویی لە قەڵەم دەدات. لە باری واقیعیشەوە کۆتاییهێنان بە دڕدۆنگی
نێوان هەردوولا و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندیی دیبلۆماتی و
بازرگانی، رووداوێکی سادە نییە سەبارەت بە هەر لایەک، هەر خودی
سەردانکردنی یەکەم جاری سەرۆکێکی تورکی بۆ کوردستان رووداوێکی ناوازە و
شایەنی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەرکردنە. ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لێرەدا
دووبارە قسەکردن نییە لە بارەی بایەخی سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ کوردستان،
بەڵکو دەمانەوێت باسی ئەوە بکەین چۆن و بە چ میکانیزمێک دەتوانرێت ئەم
پەیوەندییە دۆستایەتییەی نێوان تورکیا و هەرێم درێژەی پێبدرێت؟
لە دەستپێکدا دەبێت لەو فاکتە تێبگەین، تورکیا دەروازەیەکی گرنگی نێوان
رۆژهەڵات و رۆژئاوایە، یان خاڵی بەیەکگەیشتنیانە، هاوکات بۆ ئەمەریکا و
کۆی وڵاتانی تری رۆژئاوایی بایەخێکی ئێجگار گەورەی هەیە، چوونکە تاکە
دەوڵەتی سکۆلار و دیموکراتی ناوچەکەیە و هاوپەیمانێکی دێرینی رۆژئاوایە
بەتایبەت ئەمەریکا. بە کۆتاییهاتنی رژێمەکەی موبارەک، کێرڤی
پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئیسرائیل زیاتر هەڵدەکشێت. لە رووی ئابوورییەوە،
تورکیا چیتر لە ریزی دەوڵەتە هەژارەکاندا نییە، ئاستی داهاتی ساڵانەی
تاکەکەس بۆ 10 هەزار دۆلاری ئەمەریکی بەرزبۆتەوە، چینی ناوەند کە
لایەنگری لیبرالیزم و کرانەوەیە لە گەشەکردنێکی خێرادایە، لە بواری
مافەکانی کوردیشدا، رژێمی ئێستا ئەگەر وەک پێویستیش نەبێت کۆمەڵێک
هەنگاوی ناوە. کەواتە تورکیا سەبارەت بە ناوچەکە و جیهان بە گشتیی و
کوردستان بە تایبەتی، بایەخی سیاسیی و ئابووری گرنگی هەیە.
بە بڕوای من، پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لە نێوان هەرێم و تورکیادا،
یەکێکە لەو میکانیزمە گەورانەی کە دەتوانێت سوودێکی دووسەرە بگەیەنێت،
کوردستان لە بواری پێشخستنی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەدا دەتوانێ سوودی
زۆر وەربگرێت، تورکیاش لە رێی سەرمایەگوزارییەوە ئەو مافەی دەبێت
قازانجێکی ئابووری باش بەدەستبهێنێت، ئەوەش راستەوخۆ کاریگەریی دەبێت
لەسەر دۆخی کوردەکانی ناو تورکیا، چوونکە دەوڵەت و چینی ناوەڕاستی
لایەنگری بازاڕی ئازاد، هەمیشە ناچارن دەرفەت بۆ ئاشتی بدۆزنەوە، دیارە
کێشەی کوردیش یەکێک لەو کێشە گەورانەی تورکیایە کە وا بیری لێکراوەتەوە،
بە ئاشتی چارەسەر بکرێت.
مستەفا ئاچار، مامۆستای ئابووری لە زانکۆی کرک کالا پێیوایە "ئێستا لە
کاتی چارەسەرکردنی کێشەی کورددان، ئەمەش هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی هەیە".
بە وتەی ئەو "ئەمڕۆ لە دونیایەکدا دەژین سنوورەکان وردە وردە کاڵ
دەبنەوە و ئابوورییەکان بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، تورکیا پردێکە بۆ
گواستنەوەی نەوتی عەرەب و غازی ئاسیا بۆ ئەوروپا، بۆ ئەمەش پێویستە
ئاسایش هەبێت، بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئارامیی، سەرەتا دەبێت کێشەی
کورد چارەسەر بکرێ". بەم پێیە چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە ناوخۆی
تورکیا، بەشێوەیەکی سەرەکیی باکگراوەندێکی ئابووری لەپشتەوەیە. لەوە
زیاتریش تەنانەت باشبوونی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەرێمی
کوردستان، ئەگەر بەشێکی بۆ پەیوەندیی دیبلۆماتی نێوان هەردوولا
بگەڕێتەوە، ئەوە بەشی زۆری بۆ ئەو پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییە
دەگەڕێتەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە نێوان هەردوولادا هەبووە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز" لە کۆتایی ساڵی 2010. زیاتر
لە 1200 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستاندا سەرمایەگوزاریی دەکەن، 700
لەوانە کۆمپانیای تورکین. رۆژانەش 1500 کامیۆن "بارهەڵگر" لە مەرزی
ئیبراهیم خەلیلەوە پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی بیناسازیی و پۆشاک و
خۆراک و مۆبیلیات دەگوازنەوە بۆ هەرێم. لە حاڵی حازریشدا نزیکەی 15
هەزار وەبەرهێن و کرێکاری تورکی لە کوردستاندا کاردەکەن. تەنانەت
قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوولا لە ساڵی رابردوو 6 ملیارد دۆلاری
تێپەڕاند. جیا لەمەش رۆژانە لە رێی کونسوڵگەری تورکیاوە لە هەولێر 300
فیزا دەدرێت بە هاووڵاتیان بە مەبەستی گەشتکردن بۆ تورکیا. لە بواری
کولتووریشەوە جگە لە زانکۆ، 19 قوتابخانەی تورکیا هەن کە ژمارەی
خوێندکارەکانی لە 5000 زیاترن، لەسەر ئاستی پەیوەندیی دیبلۆماتیش،
هەرێمی کوردستان 40 پرۆتۆکۆلی جیاجیای لەگەڵ وەزارەتی بارزگانی و
ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا واژۆ کردووە. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر
هەنگاوی بەستنەوەی غازی کوردستانە لە رێی هێڵی نابۆکۆوە بە ئەوروپاوە،
کە بێگوومان ئەو گواستنەوەیەش لە رێگەی تورکیاوە دەبێت. ئەویش هێندەی
تر رۆڵی دەبێت لە قووڵکردنەوەی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێم و
کۆماری تورکیادا.
بەشێوەیەکی گشتیی ئابووری پردی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان کوردستان و
تورکیایە، دوا بە دوای ئەو سەردانە مێژووییەی ئەردۆگانیش، وەک موراد
ئۆزچەلیک باڵیۆزی تورکیا لە عێراق وتی: پەیوەندیی نێوان تورکیا و
هەرێمی کوردستان زۆر بەهێز دەبن، پەیوەندییەکانیش دەگەنە ئاستێکی زۆر
پێشکەوتوو. کردنەوەی کۆنسوڵخانە و بانکەکانی تورکیا، کردنەوەی هێڵی
ئاسمانی تورکیش ئێرلاین لەلایەن ئەردۆگانەوە باشترین نموونەیە بۆ ئەوەی
ئێمە بڵێین پەیوەندیی بەهێزمان هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کار
دەکەین بۆئەوەی پەیوەندییەکانمان بەهێزتر ببن. بێگوومان وەک لە
پێشتریشەوە هێمامان بۆ کردووە باشبوونی پەیوەندیی نێوان هەرێم و تورکیا،
بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاریگەریی دەبێت لە پێشکەوتن لە دۆزی کوردی
باکووردا، چوونکە چینی ناوەندی تازەگەشەکردوو کە ئەکەپە نوێنەرایەتی
دەکات و متمانەی بۆ چوار ساڵی داهاتووش بەدەستهێناوەتەوە نایەوێت خەونە
ئابوورییەکانی خۆی بۆ جەنگێکی خوێناویی تاقیکراوەی فاشیل لە بار ببات،
بەڵکو رێچکەی بۆ ئەوە گرتۆتە بەر بە ئاشتی "کە مەرجی گەشەی ئابووری و
خێراتری چینی بۆرجوازیی تورکیایە" کۆی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی
چارەسەر بکات.
Shamzini79@yahoo.com
|