پرسگریکەکانی
میدیای کوردی
(1-2).

فەرەیدون سامان
سەربارى هەموو ئەوپرسگریکانەی کە ئەمڕۆ رووبەرووی میدیای کوردی بۆتەوە
بەسانایی هەستی پێدەکەین وەلێ لەهەمانکاتدا گۆڕانێکى نەوعی لە رەوشی
میدیا و رۆژنامەگەرى کوردیدا بەدی دەکرێت، ئەگەر ئەم و گۆڕانکارییە
لەگەڵ سەردەمێکى پێش راپەڕین بەراورد بکەین کە ئەو ساکە نوزەیەکیش
نەبوو بەناوى میدیای کوردی کە لەلاى خودی کوردەوە (نەک بێگانەوە))
بەڕێوە دەچوو، بۆیە ئاساییە کاتێ تەماشادەکەین ئامرازەکانى راگەیاندن
لە کوردستاندا بە سوپایەک کادیری راگەیاندنەوە لە هەرێمى کوردستاندا
شەو دەخەنە سەر رۆژ لەسەرجەم بوارە جیاوازەکانى رۆژنامەگەرى سیاسی و
کۆمەڵایەتى و ئابوورى و رۆشنبیرى و وەرزشی و هەروەها کەناڵە حیزبی و
حکوومی و تاڕادەیەک ئەهلییەکانیش سەبارەت بە هەبوونى چەندین رۆژنامەو
گۆڤار و کەناڵەکانى راگەیاندنى وەک رادیۆو تەلەفزیۆنە لۆکاڵی و
ئاسمانییەکان، سەرەڕاى ئەوەش چەندین کەناڵی دیکەى کوردیش هەن دەبینرێن
و دەبیسترێن کە لە دەرەوەى هەرێمى کوردستانەوە خەڵک و بینەران و
بیسەران و خوێنەران هەواڵ و باس و خواسەکانیان دەشۆپێنن، ئەو کەناڵانە
ئەگەرچی لەهەندێ وڵاتانى دەرەوەى کوردستاندا یان ئەوروپاو ئەمریکاوە
پەخشەکانیان دەگەنە ناو ماڵی کورد. دوورو نزیک خۆیان لە قەرەى رەوشی
سیاسی و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگی کۆمەڵگاى کوردستانى باشوور دەدەن ، کاتى
ئەوەش هاتووە بپرسین بۆچی ئێمە مانان نەمانتوانیوە رای گشتى شەقامى
کوردی لەئاستى مەسەلە گەرم و هەنووکەییەکانى (ئەو کێشانەى پەیوەندی بە
کۆمەڵگای کورد و تاک و کۆى هاووڵاتیانى کوردستان هەیە لەچارەسەرکردنى
ژیرانەى سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانى ناوەوەو دەرەوەى کوردستان
یان ئەو هەڕەشەو گورەشانەى کە لەناوەوەو دەرەوە تا ئاسایشی نەتەوەیی
کوردستان دەخەنە بەردەم تراژیدیایەک، کەچی هێشتا رای گشتى لەوڵاتى
ئێمەدا بەسانایی دروست نەبووەو نابێ، راگەیاندن و رۆژنامەگەرى ناتوانێ
ببێتە دەسەڵاتێک وەک دەسەڵاتێکى شەرعی دیکەو پرسینەوە بکات بەرامبەر
دەسەڵاتەکانى دیکە لەهەمبەر ئەو گرفتانەى کە رۆژانە دووچارى کۆمەڵگا و
دەسەڵاتى کورد دەبن. دواتر راگەیاندن و میدیای کوردی ببێتە سەکۆیەک بۆ
مەشوورەتپێکردنى تاک و کۆمەڵی کورد لەچارەسەرکردنى گرفتە سیاسی و
کۆمەڵایەتى ئابوورییەکان، دواجاریش ئیعتیبارێک بۆ تاک و کۆمەڵی کورد
بگەڕێنێتەوە کە مرۆڤى کوردیش وەک باقی مرۆڤى نێو کۆمەڵگا
شارستانییەکانى مافی بەشداریکردنى هەیە لە پرسە نەتەوەیی و
نیشتیمانییەکان وەک چۆن ئەو ئەرکانەى لەسەر شانە کە لەکاتى تەنگژە و
قەیرانەکاندا بێباکانە ئەنجامی داوە و خۆشبەختانەش قوربانی بۆ دەدات.
باشە هۆکارى نەبوونى رای گشتى لە کوردستاندا بۆچی دەگەڕێتەوە، ئایا
وەڵامەکەى ئەوەیە کە دەسەڵاتى کوردى بۆخۆی لەمپەرە لەبەردەم
دروستنەبوونى ئەم رای گشتییە، کاتێ دەبینێ سەرجەم رێکخراوە دیموکراسی و
جەماوەری و پیشەییەکان خۆیان بەشێکن لە دەسەڵات لەلایەن خودی دەسەڵاتیش
تەمویل دەکرێن و لەهەر کارو کردەوەیەک و دەرەنجامیشی رێنماییەکانى
دەستبەکاربوونیان هەر لە هەرەمی دەسەڵاتەوە دێتە خوار. ئەم رێکخراوانەش
فەرمایشتەکان جێبەجێ دەکەن. لەو رووەشدا هەناسەیەک بۆ شەقامى کوردی
فەراهەم نابێ و شتێکیش لەنێو لاپەڕەکانى فەرهەنگی دیموکراسیەت و
کۆمەڵگا مەدەنییەکان نایەتە بەرچاو کە ناوى هەبوونى رای گشتی بێ.
ئایا بێدەنگی ئەو ئیلیەتە رۆشنبیریەى کورد هۆکارێکی دیکە نییە کە
لەکایە رۆشنبیرى و زانستییەکاندا شوێنێکى بەرچاویان هەیەو دەتوانن
لەنزیکەوە دەسەڵات بدوێنن و رەخنەى لێبگرن لەهەمان کاتدا ببنە پردێک
لەنێوان خواستى خەڵک و دەسەڵات دا بەمەرجێک بەدەر لە ڕەچاوکردنى
بەرژەوەندییە شەخسییەکانیان و چاوپۆشیکردن لەو ململانێ ناڕەواییەى کە
هەریەک لەو تاکە رۆشنبیرانە هەیانە بۆ وەدەستهێنانى قازانج و دەسکەوتى
زێترو گەیشتن بەپلەو پایەکانى دەسەڵات و دواتر تێکەڵ بون بە یەکێک لە
دەزگاکانى دەسەڵات و وەلانانى ئەرکە مرۆیی و نەتەوەیی و
نیشتیمانییەکانى لە بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى خەڵک و گەشەپێدانى کایە
فەرهەنگی و زانستییەکانى نێو کۆمەڵگاى کوردی، کە من پێموایە لەو
ئیلیەتە رۆشنبیرییە لە دەسەڵاتدا سەرگەرمترن لە بەکەم زانینی تواناى
هزرى و رۆشنبیرى و هەڵوێستى ئەو خەڵکانەى کە ئینتیمایان بۆ حزبەکەى
نییە، بەو بیانووەش کە ئەم جۆرە جێی گومانن و ناتوانن وەک پێویست
گوزارش لە خواست و داواکانى ئەو قۆناغە بکەن کە لەپێشتر دەسەڵات
بەرنامەیەکی بۆ داڕشتووە. لەوەش خراپتر زۆر جار بەچاوى بێگانە تەماشاى
خەڵکانێک دەکرێت کە لەسەنگەرى ئەواندا نین و لەکاتێکدا هەر خودی ئەو
خەڵکە دەسەڵاتە کوردییەکە بە دەسەڵاتێکى نیشتیمانى دەزانێ و ملکەچی
یاسا و رێساکانیەتى، بەڵام لەهەمان کاتدا توێژێکى بەرچاوى ئەم خەڵکە
لەمافی هاووڵاتیبوونى وەک پەیداکردنى کارو وەزیفەو شوێنى نیشتەجێبوون
داوبینکردن و سوتەمەنى وهتد.. لێی بێبەش کراون. رەنگە توێژێک یان بەشێک
لەو خەڵکەش هەبێ کە لەلایەن کە لەلایەن گرووپ یان هێزوێکى دیکەوە جا چ
ناوخۆ بێ یان دەرەکی) بێ کە خاوەن ترادیسۆن. یان کولتوورێکى تایبەت
بەخۆیان کولتوورێکى تایبەت بەخۆیان لەوانەش پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکانیان یان کولتوورى ئایینیان هۆکارێک بن لەبەردەم
جێبەجێکردنى خواست و داواکانى خەڵک و نەشتوانرێ وەکو پێویست لەو
قۆناغەدا گوزارش لەو خواستانە بکرێن ئەویش بەڕەچاوکردنى هەندێ
بەرژەوەندی دەسەڵاتى ناوەندى یان وڵاتانى دەوروبەر، یان بەهەلەَ
تێڕوانینی و خوێندنەوەیان بۆ ئەو مەسەلەو رووداوانەى کە پەیوەندی
راستەوخۆی بەرژەوەندی و چارەنووسی هاووڵاتیانى کورد هەیە لە بەشەکانى
دیکەى کوردستاندا. راستە جۆرێک لێکحاڵی نەبوون هەیە لەنێوان تێگەیشتنى
خەڵک و کارەکانى حکوومەتدا بۆ نموونە کە دەسەڵات کارێک یان پڕۆژەیەکى
خزمەتگوزارى ئەنجام دەدات کە راستەوەخۆ پەیوەندی بە رەوشی کۆمەڵایەتى و
ئابوورى خەڵکەوە هەیە، کەچی دەبینین هەندێ لەو خەڵکە (توێژێک) وەکو
هەڵوێست وەرگرتن رەنگدانەوەیەکی نەگەتیڤییان دەبێ و دژایەتی دەکەن.
ئاخۆ ئەم دیاردەیە بۆ بوونى متمانەى خەڵک دەگەڕێتەوە بە حکوومەت یان
هۆکارى دیکەى شاراوە هەن کە دەستێک هەیە (زۆر جاریش بەداخەوە دەسەڵات
لاواندنەوەى بۆ دەکات) بەئاشکراو بەنهێنی دژایەتییەکى هەموو پڕۆژەیەکی
شارستانى و بەمەدەنى بوونى خەڵکى کوردستان دەکات.
هۆشیار کردنى کۆمەڵگای کوردستان کە رەوشە تازەکە وادەخوازێ هەنگاو بنێ
بەرەو مەدەنییەت و سەقامگیرکردنى سیستەمێکی دیموکراسی راستەقینەى
شارستانیانەو پەرت کردنەوەى پەیوەندییە خێڵەکی و بنەماڵەیی و
ئایینەکانیان و دروستکردنى ناسنامەى هاووڵاتى بوونى تاکی کوردستانی
لەسەر بنەماى نەتەوەو نیشتیمان ، نەوەک لەسەربنەماى ناوچەگەرێتى
وشێوەزارو ئینتیماى سیاسی. بۆیەش دەبینین کە وڵاتەکەمان دووچارى
قەیرانێکى سیاسی دەبێتەوە. دەبینین کە لەسەر ئاستى ناوەندە سیاسییەکان
و لەسەر ئاستى ئیلیەتە رۆشنبیرى و زانستیەکەو نەک لەسەر ئاستى هەڵوێستى
ئاشکراى خەڵکەکە وەکو پێویست خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی و سیاسی بۆ
رەوشەکە ناکرێت و بەبەرچاوان گەورەترین، تراژیدیا روودەدات، بەڵام نە
دەسەڵات و نە خەڵک وەکو پێویست بەرپەرچی ئەم رەوشە نادەنەوە، میدیای
کوردیش بەهەموو کەنالی راگەیاندن و هەموو رۆژنامەو هەفتەنامەو ئەو
هەموو رادیۆو تەلەفزیۆنانە ناتوانن سەکۆیەک بۆ تاکەکانى کۆمەڵ فەراهەم
بکەن، تاتوانن بەڕاشکاوى گوزارش لە کۆژان و بۆچوونەکانیان بکەن، مخابن
لێرەدا دەبینین هێشتا میدیای کوردی رۆڵێکی کاراى نەگێڕاوە. هۆى ئەم
کارانەبوونەش هەر تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەتا ئێستا میدیای کوردی
میدیای پاشکۆى حیزب و دەسەڵاتە ، میدیا کە سەربەخۆ نییە ناشتوانێ
بەمشێوەی ئێستا سەربەخۆبێ ئەگەر زەمانەتێک بۆ ئازادییەکانى تاک و کۆمەڵ
فەراهەم نەکرێت. نموونەیەکی دیکەى ئامادە نەبوون و بەشدارى کردنى
دەسەڵاتى چوارەم لە رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتى هەنووکەییەکان لەوانەش
راپرس نەکردن بە خەڵکى کوردستان لەئاست پرۆسەى رەشنووسی دەستوورى عێراق
و (دواتریش رەشنووسی دەستوورى هەرێمى کوردستان ) و بێدەنگی میدیای
کوردی لەهەمبەر ئەم مەسەلە هەستەوەرو گرنگەدا وەک دیارنەکردنى مافی
چارەنووسی گەلی کوردستان یان چاراسەر نەکردنى کێشەى ناوچە تەعریب
کراوەکان و جێبەجێ نەکردنی مادەى 58ى یاسای کاتى دەوڵەتى عێراق تایبەت
بەکێشی کەرکوک. مەگەر بۆ چەند کاتێکی کەم خایەن توێژێک لەو خەڵکەى کە
سەر بەلایەنەکانی حیزب و دەسەڵات بوون لەڕێگاى کەناڵەکانى راگەیاندنەوە
هەندێ راوبۆچوونى جیاوازیان هەبوو و هەندێ وردە هەڵوێستى سیاسین وەرگرت،
بەڵام هەرگیز ئەو فشارە نایەتە سەر شەقامى کوردی و رای گشتى خەڵکى
کوردستانى نەورووژاند تا خەڵکى کوردستان وەک هێزێکى یەکلایکەر سەنگەر
بگرێ و فشار بخاتە سەر دەسەڵاتى ناوەند و هێزە فرە رەگەزەکان بۆ
پەلەکردن بۆ جێبەجێکردنى ئەو مادەیە، گەڕانەوەى کەرکوک و ناوچە تەعریب
کراوەکاننیش بۆ سەر هەرێمى کوردستان. ئیدی چەندین و چەندین نموونەى
دیکە هەن کە ناکرێ لەم نووسینەدا بەدرێژی ئاماژەى پێبکرێ (وەک هاتنى
عەمرۆ موساى ئەمیندارى گشتى کۆمکارى عەرەبی بۆ ناو پەرلەمانى کوردستان
و هەڕەشەو گوڕەشەکانى سەدر و فەزڵولڵا و تورکیا و ئێران و سوریا و
وڵاتانى دیکە. دەبینین میدیای کوردی شەرمنانە بێ دەنگی هەڵدەبژێرێ و
هەڵوێست وەرناگرێ و ناتوانێ ببێتە فشارێک بۆ ورووژاندنى رای گشتى خەڵکى
کوردستان هۆکارەکەشی دیسان هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێشتا میدیای
کوردی میدیای حیزب و دەسەڵاتى کوردیە بە میدیایەکە نە ئازادەو نە لەو
رەوشەشدا زەمانەتى ئازادبوونى هەیە.
هەبوونى ئەو هەموو قەیران و گرفتانە کە رۆژانە دووچارى تاک و کۆمەڵگاى
کوردى دەبێتەوە. سەربارى هەبوونى ئەو هەمووسەرمایە کەڵەکە کراوەى کە لە
کوردستاندا هەیەو خەڵکانێکی سەرمایەدارى کوردیش ئامادەن لەدەرەوەى
کوردستاندا سەرمایەکانیان بەگەربخەن، ئامادە نابێ کەناڵێکى میدیای
ئازادیان ئەهلی (چ لە شێوەى رۆژنامە یان کەنالێکى رادیۆیی و تەلەفزیۆنی
(لۆکالس یان ئاسمانی وەگەر بخەن).
faraydunsaman@yahoo.com
|