په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پرۆژەکەى تاڵەبانى تاکتیکە یان ستراتیژ.

ئاسۆ عوسمان    


جەلال تاڵەبانى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە ڕۆژی 18-12 -2008 پڕۆژەیەکى بۆ چاکسازیى و جیاکردنەوەى حیزب لە حکومەت پێشکەش کرد، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن چاودێرانى سیاسیى و شەقامى کوردییەوە مشتومڕێکى گەرمى دروستکردووە و بۆتە جێگاى لێکدانەوە و گفتوگۆى نێو لاپەڕەى گۆڤارو رۆژنامەکان سادەترین پرسیاریش کە لە وەڵامێک زیاترى دەوێت ئەوەیە ئایا تاڵەبانى خوازیارى چ سیاسەتێکى نوێیە بۆ حیزبەکەى. ئەم پرسیارە لەنێو دەزگاکانى راگەیاندى یەکێتى بەگەشبینییەوە وەڵام دەدرێتەوە بەپێچەوەانەشەوە بەلاى بەشێک لەڕۆژنامەنووسان وچاودێرانەوە ئەم پڕۆژەیەش تەنیا بۆبەڕێکردنى کات و دواخستنى کێشەکانە لەراستاى چارەسەرکردندا .

 

تاڵەبانى بەم پڕۆژەیەى راستییەکى درکاند کەدەمێکە سەرکردایەتى یەکێتى نکۆڵى لێدەکات ئەویش ئەوەیە کەحیزب لەکوردستاندا بۆتە مایەى زیانگەیاندن بەئەزموونى حکومڕانى لەماوەى حەڤدەساڵى رابردووداو چارەسەرنەکردنى ئەم دۆخەش هەرێمى کوردستان بەرەو چارەنووسێکى نادیار دەبات هەروەک چارەنوسى یەکێتى وپارتیش بەرەو هەڵدێر دەچێت،چاکسازیى وجیاکردنەوەى حیزب لەحکومەت لەبارودۆخێکى وەک ئەمڕۆى کوردستاندا بۆ هەردوو پارتى فەرمانڕەوا نەک هەر کارێکى ئاسان نییە بەڵکو دەتوانین ئەوە بڵێین کەئەستمە لەبەرئەوەى ئەم دوو پارتە ماوەى 17 ساڵ زیاترە تێکڕاى ژیانى سیاسى وئابوورى کۆمەڵگاى کوردیان بۆ خۆیان قورخکردووەو سەرچاوە داراییەکانى حکومەتیان لەپێناوى بەرژەوەندیى حیزب وبنەماڵەکانیاندا خەرجکردووە هەروەک هێزى پێشمەرگەو دەزگا ئەمنییەکانى ترى کوردستان لەپێناوى پاراستن ومانەوەى ئەم دوو پارتەدا بەکارهێنراون وهیچ کاتێک ئەم دووحیزبە رێگەیان بەدرووستبوونى ئۆپۆزیسیوێنێکى کاریگەر نەداوە لەکوردستناندا تاکێبەڕکێیان لەگەڵدابکات. پرۆژەکەى تاڵەبانیش پێویستە لەلایەن پارتى دیموکراتى کوردستانەوە پشتیوانى لێبکرێت وبنەماڵەى بارزانیش کەئێستا سەرۆکایەتى پارتى وهەرێم وحکومەتیان بەدەستەوەیە پێناچێت بەکردەوە لەگەڵ پڕۆژەیەکى وادابن، هەروەک چاودێرانى سیاسى پێیانوایە پڕۆژەکەش لەپێناوى چاکسازییدا نییە هێندەى لەپێناوى قوستنەوەى رۆڵى باڵى ریفۆرم و رەگ و نەیارانى ترى ئەم بارودۆخەیە لەهەرێمى کوردستان و دابەشکردنى کێشەکانى نێو ئیدارەى یەکێتییە لەگەڵ پارتیدا کەئەمەش خۆی لەخویدا هەنگاوێکى زیرەکانەى تاڵەبانییە بۆ دەربازکردنى ئیدارەى سلێمانى کەعومەر فەتاح ئەندامى مەکتەبى سیاسیى حیزبەکەى وەک جێگرى سەرۆکى حکومەت سەرپەرشتى دەکات کەرووبەڕووى گەندەڵى وجێبەجێنەکردنى پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆتەوە ،بەپێچەوانەى ئەم بۆچونانەش دەنگێکى ترى جیاواز هەیەو پێى وایە تاڵەبانى بەم پرۆژەیەیی هەنگاوێکى مێژوویى و مەزنى هەڵگرتووە و ئەگەر نەوشیروان مستەفا وپارتى دیموکراتى کوردستان هاوکاریى لەسەر خستنى ئەم پڕۆژەیەدا بکەن ئەوا بەشێکى زۆرى قەیرانە نێوخۆیى و دەرەکییەکانى هەرێمى کوردستان چارەسەر دەبن و پێیانوایە تاڵەبانى کلیلى چارەسەرى کێشەکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە. بۆ تیشک خستنە سەر ئەم بوارەیە نێوەند ئەم تەوەرەیەی سازکردووە کە هەریەک لەم نووسەر و رۆژنامەنووسانە بەشدارییان لەوەڵامدانەوەدا کردووە.


1- سۆران عومەر      - سەرنووسەری گۆڤاری رێگاو بەڕێوەبەری سایتی کوردستانیوز.
2- هیشام ئاکرەیی    - نووسەرو بەڕێوەبەری سایتی دەنگی سەربەخۆ.
3- ئاسۆ کەمال       - ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان.
4-رزگار کۆچەر       - نووسەرو رۆژنامەنووس.
5- ئیحسان مەلافوئاد - نووسەرو رۆژنامەنووس.


ئاسۆ عوسمان: سەرەنجام لەکۆتایى ساڵى 2008جەلال تاڵەبانى سکرتێرى یەکێتى بەپڕۆژەیەک کەلەژێر ناوى"جیاکردنەوەى حیزب لەحکومەت" لەپێناوى چاکسازیى پێشکەشکرد، دانى بەو راستییەدا نا گەندەڵى کوردستانى تەنیوەتەوەو حیزبەکەشى بەرپرسیارتییەکى زۆرى ئەم گەندەڵییەى دەکەوێتە ئەستۆ، زۆرێک لەچاودێرانى بارودۆخەکەش باس لەوەدەکەن ئامانجى تاڵەبانى لەپڕۆژەکەى قۆستنەوەى رۆڵى ئەو دەنگە نەیارانەیە ئێستا لەرێگای رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانەوە بەرزدەبنەوە. پرسیارەکەى من ئەوەیە لەئێستاى کوردستاندا یەکێتى وپارتى دەستیان بەسەر هەرسێ دەسەڵاتى یاسادانان وجێبەجێکردن ودادوەریى گرتووەو بگرە دەسەڵاتى چوارەمیشیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە چ چاوەڕوانییەک لەو پڕۆژەیە دەکرێت؟.


سۆران عومەر: هیچ چاوەڕوانییەک ناکرێ لەو پڕۆژەیە چونکە خودی تاڵەبانی یەکێکە لەو کەسانەی بەرپرسیارێتی گەندەڵییەکانی ئەکەوێتە ئەستۆ، لەبەرئەوەی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بەگەندەڵی لەژێر باڵی ئەوداو بەپێی پۆستی حزبەکەی ئەو بوونەتە خاوەنی دەسەڵاتێک کەبۆ خۆدەوڵەمەندکردن بەکاریبهێنن، باوەڕم بەو پرۆژەو بەئەنجامە ئیجابییکانی نییە چونکە ئەو مەسەلە بەداگاییکردن و لێپێچینەوە لەموڵک وسەرمایەی بەرپرسان دەکرێ نەک بەپرۆژە.


هیشام ئاکرەیی: پێموایە پڕۆژەی مام جەلال بەهەمان شێوەی تاڤلەیەک یەکێتی دەیەوێت بۆ جوانی هەڵبواسێت وکاری پێناکات هەر بۆیەش ئەو پڕۆژەیە بۆ ئەوە باشە پەڕاوێز بکرێت وبۆ جوانی لەبارەگاکانی یەکێتی نیشیمانی کوردستاندا هەڵبواسرێت، چونکە تەنیا یەک بڕگەش لەو پرۆژەیە جێبەجێ ناکرێت نەک لەبەرئەوەی پڕۆژەکە کەموکوڕیی تێدایە بەڵکو لەبەرئەوەی کەس نییە ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکات. بەڕێز تاڵەبانی زیاتر لەهەموو کەسێک دەستکاریی دەسەڵاتەکانی حزبی وحکومی وقانوونی دەکات، مام جەلال یەکەم رێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسادا. باشە ئەگەر دانەری ئەو پڕۆژەیە ئەمە حاڵی بێت ئەی ئەوانەی خوارووتر چۆن دەبن!؟. ئەم پڕۆژەیەی مام جەلال هەمان چارەنووسی پرۆژەکەی بەڕێز بارزانی بەسەردێت کاتێک پێش چەند ساڵێک لە شاری دهۆک وتی :ئەوان لێپرسینەوە لەسەروەت وسامانی بەرپرسیاران دەکەن، یانکۆ نەخشەی (ئەوەی هەتە لەکوێت هێنا) جێبەجێ دەکەن. بەڵام ئەو پڕۆژەیە نەک جێبەجێ نەکرا بەڵکو دزەکان زۆرتر وقەڵەوتربوون. پێموایە ئەوجۆرە قسانە بۆ بەکارهێنانی محەلین وبۆ ئەوە دەکرێن ماوەیەک هاووڵاتیانی پێهەڵەبخەلەتێنن.


ئاسۆ کەمال: چاکسازیی لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە لەبەرامبەر گەندەڵیدا باس دەکرێت کەبووەتە میحوەری ناڕەزایەتی جەماوەر دژ بەئیدارەی یەکێتی وپارتی. ئەم ئیدعا وشیعارانەی چاکسازیی‌ لەژێر فشاری ئەم ناڕەزایەتیانەدایە کەخەڵک بەگشتی لەدەسەڵاتی‌ ئەم حزبانەی هەیە ولەڕاستیدا شتێک نییە جگە لەهەوڵی ئەم حزبانە بۆ کپکردنەوەی ئەم ناڕەزایەتیانە. ‌بەڵام چاکسازیی لەچیدا دەکەن؟ دەڵێن جیاکردنەوەی حزب لەحکومەت، ئەمە مومکین نییە. لەبەرئەوەی سیستمی دەسەڵاتدارێتی لەکوردستاندا میلیشیاییەو کوردستان خۆی دەوڵەت نییە وناسنامەی سیاسیی وحقوقی ونێودەوڵەتی دیار نییەو بەمشێوەیەش ناتوانێ باس لەسیستمی سیاسیی مەدەنی لەکوردستاندا بکەین. کوردستان بەشێکە لەعێراقێکی ئایندە نادیاری پڕ کێشەی یەکلایی نەکراوە لەگەڵ مەرکەزێکی ناجێگیردا. ئەمە زەمینەی سیاسیی ما‌نەوەی دەسەڵاتی میلیشیایی حزبەکانە لەعێراق وکوردستاندا. ئاشکراشە گەندەڵی بەشی جیانەکراوەی دەسەڵاتی میلیشیاییەو باسی چاکسازیی وجیاکردنەوەی حزب لەحکومەت هیچ زەمینەیەکی واقیعی نییەو تەنیا پۆشینی دەمامک وماسکی هەڵخەڵەتێنەرانەی ناڕازیبوونە لەوەزعی مەوجود لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە تاکو خەڵک لەچوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیاندا بەدیار چاوەڕوانی گۆدۆوە بهێڵنەوە. قەیران وگرفتەکانی خەڵکی کوردستان لەم سیستمی میلیشیایی ئەم حزبانەو زەمینە سیاسیی مانەوەییدایە کەسەرگەردانی سیاسییەو رێگاچارەکەشی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان وهاتنە سەرکاری سیستمێکی عەلمانی ومەدەنییە. بەبێ ئەم هەنگاوە هیچ چاکسازییەک لەدەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی وپارتیدا وەڵامی کێشە سیاسیی وئابووری کۆمەڵایەتی وئیدارییەکانی بەردەم خەڵکی کوردستان ناداتەوە.

 
رزگار کۆچەر: پێم سەیرە پاش 18 سال لەراپەڕین سەرکردایەتى سیاسیى کوردستان ئێستا هەست بەبوونى بۆشاییەک دەکات لەسیستمى سیاسیى وئابوورى کوردستان، لەکاتێک هەژدە ساڵە لەکوردستان ناعەدالەتێکى ئێکجار زۆر هەیە بێجگە لە گەندەڵى وبەهەدەر سەرفکردنى سامانى وڵات ودەوڵەمەندبوونى کەسانێکى نامەسئوول لەسەر حسێبى خەڵکى هەژارو کەم دەرامەتى کوردستان، بوونى گەندەڵیش لەکوردستان شتێکى تازە نییە تا وا بەسانایى بنبر بکرێت. هەموو بینیمان پاش راپەڕین جۆن شۆفەل وئۆتۆمبیلە گەورەکان ئاودیوى ئێران دەکران وبەرەى کوردستانیش بەش وپشکیان هەبوو زۆر لەبەرپرسانیش بەم جۆرە کاسبیە بوون بەفیرعەون نەیانتوانى تائێستا واز لەگەندەڵی بهینن خەڵکیشان وەک خۆیان فێرکرد، گەندەڵى ئێستاى کوردستان درێژەپێدراوى پاش راپەرین وحوکمرانى یەک دوو ساڵەى بەرەى کوردستانییە، لەپاش راپەڕینەوە ئەوجۆرە پێشنیارانەمان چەند جارێک بەر چاو وبەر گوێ کەوتووە، ئەمەش لەوە سەرچاوە دەگرێت حزبە کوردستانییەکان هەمیشە کاتێک رووبەڕووى قەیرانێک دەبنەوە ئینجا بەخۆیاندا دەچنەوە روو لەراى گشتى دەکەن تا بەیامە تۆز لەسەر کەوتوەکەیان بگات بەخەڵک، پێموایە پڕۆژەکەى تاڵەبانى لەم قۆناغە پێش وەختە بۆ خودى یەکێتى نیشتمانییە کەلەچەند لایەک دەنگى ناڕەزایى لەنێو تێکۆشەرانى بەرز بۆتەوە تا چاکسازیى بکرێت ئینجا هەوڵدانێکە بۆ راکێشانى حزبەکانى تریش بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەیەک کەپێموایە ئێستا درەنگە بۆ جێبەجێکردن وباسکردنى چونکە دەبوو خستنەرووى ئەم پڕۆژەیە لەو کاتانە بایە کەگەندەڵى وبەفیرۆدانى سامانى کوردستان وەک ئێستا تەشەنەى نەکردبایە، ئێستا گەندەڵى بۆتە پەتایەک سەرچاوەکەشى لەبەرپرسانى یەکێتى وپارتییەوە دەستپێدەکات رەگێکى بەتینى لەهەر دەستپێشخەرییەکى تازەى ئەم دوو حزبەدا داکوتیوە بۆ جێبەجێکردنیش دەبێت رەگى گەندەڵى بنبر بکرێت کەمحاڵە بەم پڕۆژەیە بنبڕ بکرێت، چونکە لەسایەى دەسەڵاتى ئەم دوو حزبە لەشکرێک لەگەندەڵ ومشەخۆر لەکوردستان دروستبوون، لەم قۆتاغە بانگەشەکردن بۆ ئەم پڕۆژەیە کارێکى ئیجابى نییە چونکە پێشوەخت دەبێت لەخۆوە دەستپێکرێت تا متمانە بگەڕێتەوە بۆ خەڵک، لاى خەڵک بەهۆى ئەم ناعەدالەتییە زۆرە ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکى ئیفلیجە چۆن بەئیفلیجیش لەدایکبوو هەرواش بەئیفلیجى دەمێنێتەوە چونکە حزب لەهەموو دام و دەزگاکانى حکومەت وجودی هەیە تەنانەت تابلۆ ودیوارو تاوەرو دارو درەختیش لەکوردستان بەحزبى کراوە، ئەمەش وا دەکات پڕۆژەیەکى لەمشێوەیە هەر تەنیا بانگەواز وریکلامێک بێت بۆ دەرخستنى نیەت پاکى یەکێتى لەم قۆناغە هەستیارە تا کە لەداهاتوو هەر قسەیەک هاتە گۆڕێ بەئەرێنى باس لەم هەڵوێستەى مام جەلال بکرێت بڵێن یەکێتى ومام جەلال دەستپێَشخەر بوون ، پێموایە پڕۆژەکە زێدەتر خۆ دەربازکردنە لەقەیرانێک کەئێستا رووبەڕووى یەکێتى بۆتەوە چونکە دەبوو یەکێتى زۆر زوتر لەئێستا دەستپێشخەریى لەچاکسازیى هەموو بوارەکانى ژیان کردبا نەوەک تەنیا جیاکردنەوەى حزب لەکاروبارى حکومەت.


ئیحسان مەلا فوئاد: جگە لەدروشم بەهیچی تری نازانم، چونکە بەدرێژایی 18 ساڵ چەمکی (مافی مرۆڤ، دیموکراسی، دادپەروەریی، کۆمەڵگەى مەدەنى، سەروەری یاسا، ..تاد) هەموو ئەم چەمکانەیان کردە دروشم و وەک شاخێک لەپەنایدا میللەتیان پێی چەوساندەوەو زەلیل کرد، ئەم کردەوە بەدروشمکردنەیان بەردەوامبوو تاپێش هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی یەکێتی نیشتمانی، ئیدی خەڵک بڕوای بەزمانی ناڕاستى و وتەى زل وچەمکی جوان نەما، تێگەیشتن لەوەى کەئەوانە تەنیا وەک دروشم بەکاردەهێنرێن وهیچی تر، ئنجا هیچ چەمکێک نەما ناعەدالەتی پێوە بکەن تەنیا چەمکی (ریفۆرم) نەبێ، ئەوەبوو لە2006 ەوە چەمکی ریفۆرمیان کردە کۆڵەکەى حزبەکەیان و وتیان دەبێت یەکێتى ریفۆرمی گشتگیر ئەنجامبدات، ریفۆرمی حزب ورێکخراوو دەزگاکانی وتەنانەت ریفۆمی عەقڵی ئەندامەکانیش، کەچی دەرکەوت چەمکی (ریفۆرم) تەنیا وەک دروشمێک بەکاردەهێنرێت، ئەوەتا ئەمڕۆش لەدواى چەمکى ریفۆرم هیچ چەمکێک نەما ئۆمێدیان پێی هەبێت تا بەردەوامیی ببەخشنە گەندەڵی ومیللەتى پێ فریو بدەن، هاتوون (جیاکردنەوەى حزب لەحکومەت)یان کردۆتە نوێترین دروشم، بۆیە جەماوەرو توێژی رۆشنبیر بەتایبەت هەرگیز ئەو داهێنانەى تاڵەبانی بەپراکتیزەکردنى واقیع نازانن جگە لەبەدروشمزانین، چونکە روونە جێبەجێکردنی جیاکردنەوەى حزب لەحکومەت پێویستی بەپڕۆژەو لێتوێژینەوەو دیراسەکردنە نەک بە پێشکەشکردنی راپۆرتێک، کۆتایی ئەم کورتە نووسینە بەپرسیارێک دەسپێرم، ئایا لەوڵاتێکدا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەبێت کەعەقڵی ئەندامانی حزب لەژێر سفرەوە بێت؟، تەنیا لەیەککاتدا دەچێتە بواری واقیعەوە ئەویش (شەفافییەت وبەسەروەریکردنی یاسا) کەخودی تاڵەبانی وبارزانیش بێن لەبەردەمیدا بوەستن وبڵێن فەرموو ئەوە ئێمەش ئامادەین، جا ئەوکاتە دەتوانین بڵێین بەڵێ ئەو پڕۆژەیە 100% جێبەجێ دەبێت.


ئاسۆ عوسمان: پڕۆژەکەى تاڵەبانى پێویستە رەزامەندیى پارتی دیموکراتى کوردستان بەتایبەتى تر بنەماڵەى بارزانى بەدەستبهێنێت کەئێستا سەرۆکایەتى حکومەت وهەرێمى کوردستانیان لەدەستدایە، لەمبەرو ئەوبەریش قسە لەسەر ئەوەدەکرێت تاڵەبانى بەپێشکەشکردنى ئەم پڕۆژەیە دەیەوێت کێشەکانى ئەمڕۆى ئیدارەى یەکێتى لەگەڵ پارتیدا دابەشبکات! پرسیارەکەى من ئەوەیە تاچەند گەشبینن بەوەى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان رەزامەندیى لەسەر ئەم پرۆژەیە دەرببڕێت؟.


هیشام ئاکرەیی: پێموانییە پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکاریی یەکێتی بکات لەو پڕۆژەیەدا چونکە ئەگەر یەکێتی دان بەوەدابنێت گەندەڵی ودەستوەردانی حزبی هەیە لەبەڕێوەبردندا ئەوە پارتی هێشتا لەو قۆناغەدایە کەدەڵێت ئەوان هەردوو دەسەڵاتی حزبی وحکومییان جیاکردۆنەتەوە. کەواتە یەکێتی دەبێ خەباتێک بکات بۆ ئەوەی پارتی دان بەدەستکاریی حزبی بنێت لەدەسەڵاتدا. کەواتە لێرەدا یەکێتی هەنگاوێک لەپێش پارتیدایە. یەکێتی وەک ئەو تاوانبارەیە کەدان بەتاوانەکەیدا دەنێت بەڵام پارتی ئەو تاوانبارەیە هێشتا دان بەتاوانەکەیدا نەناوە. لەلای ترەوە پارتی باش دەزانێت پڕۆژەی مام جەلال تەنیا بۆ راگەیاندنەو هیچی تر نا. پێموایە پارتی ویەکێتی باش دەزانن کەهەردووکیان بازرگانی سیاسین وحزب ودەسەڵات بەکاردێنن لەپێناو چەند کەسانێکدا. دوور نییە هەردوولا پڕۆپاگەندەی گۆڕانکاریی بکەن بەڵام لەناوەڕۆکدا هیچ گۆڕانکارییەک ناکرێت.


ئاسۆ کەمال: پارتی کێشەی لەگەڵ خەڵکدایە لەسەر گەندەڵی ئیدارەکەی،بەڵام یەکێتی باڵێکی ناوخۆی حزبەکەی ئەم مەسەلەیەیان کردۆتە فشارێک بەسەر سەرکردایەتی ئێستای یەکێتییەوە تاکو لەشەڕی دەسەڵاتی ناوخۆی حزبەکەیاندا ئامانجەکانی خۆیان بپێکن. پڕۆژەی تاڵەبانی ئەگەر لەچوارچێوەی کێشەی گەندەڵی ئیداریی حکومەتی هەرێمی هاوبەشیشیاندا ئارایشکراوە بەڵام لەراستیدا رووی لەلابردنی فشاری ناوخۆی یەکێتییە نەک پرۆژەیەکی جیددی بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. رووی گەندەڵی ئەم جۆرە دەسەڵاتە تاکەکەسی وبنەماڵەییە. کەئەمە سیمای هاوبەشی ئەمڕۆی دەسەڵاتی یەکێتی وپارتیشە. ئەم سیستمە بنەماڵەییە لای پارتی جێگیرەو ئەوەی دەبێت بەئەندامی پارتی لەپێشدا ئەم وەلائەی بۆ بارزانی قبوڵکردووە. بەڵام لای یەکێتی ئەم تاک دەسەڵاتدارێتییەی تاڵەبانی وەک بنەماڵە تا‌زەترەو لەبەرامبەریشدا کەسایەتی وباڵی تر هەن کەشەڕیانە لەسەر دەسەڵاتی زیاترو ئایندەی یەکێتی دوای تاڵەبانیش ئەم مەسەلەیەی توندترکردۆتەوە. هەربۆیە بەنەبوونی ئەم مەسەلانە لەناو پارتیدا پڕۆژەی چاکسازیی تاڵەبانی ئاڵاهەڵگری نییەو خودی پارتیش لەرێگەی کۆنترۆلی بنەماڵەییەوە رێگەنادات لەناو پارتیدا مەرکەزی دەسەڵاتی تر دروستبێت ولەدژی یەکتر بکەونە پەردەهەڵماڵین لەسەر گەندەڵی ئیداریی وماڵیی، وەک ئەوەی لەناو یەکێتیدا رۆژانە دەیبینین. ئەمە جگە لەوەی ئەم پڕۆژەیە بۆ هەردوولا جیددی نییەو زیاتر پڕوپاگەندەیەکە کە لەناو حزبە دەسەڵاتدارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نموونەی زۆرە بەبێ ئەوەی زەڕەیەک لەدەسەڵاتی تاکڕەویی ودیکتاتۆریی وگەندەڵی ئەمانەی لەدەیان ساڵی حوکمدارێتیاندا کەم کردبێتەوە.


رزگار کۆچەر: ئێستا هیچ میکانزمێک نییە بۆ جێبەجَکردنى ئەم پرۆژەیە چونکە پاش چەند ساڵێک لەناکۆکى ئێستا هەردوو حزبى زلهێزى کوردستان لەبارێکى ئاسایى لەگەڵ بارودۆخە سیاسییەکە خۆیان دەگونجێنن یەکێتى ومام جەلال خۆیان بۆ کاروبارى عیراق تەرخانکردووە لەمەش مام جەلال دەیەوێت رۆڵى فریادڕەس لەعێراق ببینێت بارودۆخى کوردستانیش زێدەتر بەهۆى سەرۆکایەتى هەرێم وسەرۆکایەتى حکومەت بۆ پارتى جێماوە، خستنەرووى پڕۆژەیەک ئەگەر زێدەتر پرۆژەیەکى چاکسازیى کۆمەڵایەتى ئابوورى سیاسیى بێت پێموایە لەسەر هەموو لایەکە جێبەجێی بکات، بەڵام کاتێک کوردستان رووبەڕووى قەیرانێکى وەک ئێستاى نەمانى متمانە لەنێوان جەماوەرو دەسەڵات دەبێتەوە، دەبێت پڕۆژەکە زێدەتر گشتگیر بێت، بەواتایەکى تر فرەلایەن بێت چونکە ئەوەى باسى لێوە کراوەو لەپڕۆژەکە هاتووە بەنسبەیەکى زۆر بەر دوو حزبە گەورەکەى کوردستان دەکەوێت، ئۆباڵى زۆرى ئەم نەهامەتیش هەر ئەوان لێى بەرپرسن لەوانەشە بەهۆى نەبوونى ئۆپۆزیسیۆن لەکوردستان بەشیێکى بەر ئەم حزبانەش بکەوێت کە لە هەڵەکانى یەکێتى وپارتى خۆیان بێدەنگ کردووە، گەشبین نیم نەوەک پارتى دیموکراتى کوردستان ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ ناکات بەڵکو پێموایە خودى یەکێتیش تازە ناتوانێ بە شێوەیەکى وا ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکات بەهۆى بوونى چەند جۆرە بۆچوونێک لەناو یەکێتى.


ئیحسان مەلا فوئاد: هەرگیز رازی نابن وبەرژەوەندیی باڵای بنەماڵەو پۆستەکانیان ناخەنە بەر مەترسیی و گۆڕانەوە، چونکە جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی لەو وێنەیە حەتمەن سنووری بنەماڵە وەک خێزانێکی ئاسایی لێدەکات، ئەگەر تێفکرین لەوتەو لێدوانی هەر بەرپرسێکی پارتی تێەگەین کەئەوان رازیبوونیان بەو پرۆژەیە مەحاڵە، کەهەموو ئەو بەرپرسانە هەمیشە وتوزیانە لەنێو پارتیدا مەرکەزییەت هەیە، بارزانی رەمزی ئێمەیە، بڕیاری کۆتایی هەموو شت لای بارزانییە، تاد لەو قسانە، کەواتە ئەگەر پارتی بیەوێت گۆڕان بکات بەوشێوەیە نایکات یاسا سەروەر بێت، من وسەرۆک یەکسان بین، بەڵکو دێت خزمەتگوزاریى وهەندێ لایەنى گوزەرانی خەڵکی زیاتر دەکات وگۆڕانێکی جزئی لەهەڕەمی حکومەت ولایەنە خزمەتگوزارییەکان دەکات نەک باوەشگرتنەوە بۆ پڕۆژەیەکی وەک ئەوەى تاڵەبانی. دووبارە دەڵێم رازی نابێت، بۆ؟، چونکە وەک لەپێش راپەڕین بینیمان یەکێتی داواى حوکمی زاتی دەکرد، پارتی داوای سەربەخۆیی کوردستانی دەکرد، یەکێتی دەیووت داواکردنی سەربەخۆیی واقیعی نییە لەمڕۆدا، پارتی دەیوت نەخێر، ئەمە نەک لەبەر ئەوەی پێیان هەڵە بوو، بەڵکو هەر لەبەر ئەوەى یەکێتی وای وتووەو داواى دەکات، کەواتە هەرگیز پێیان هەزم وقبووڵ ناکرێت هەر لەبەرئەوەى مامی یەکێتی وای وتووە.


سۆران عومەر: گەندەڵی کوردستانی تەنیوەو تەنیا یەکێتی نیشتمانی بەشی بەرناکەوێ بەبۆچوونی من گەندەڵی لای پارتی کەمتر نییە لەیەکێتی بەڵام گەندەڵییەکەی لای پارتی رێکخراوە بەو مانایەی کەسانێکی کەم دەستیان بەسەر حزب وحکومەتدا گرتووە، پارتی دیموکراتیش پێویستە دان بەوەدا بنێ حکومەت لەدەستی ئەواندایە گەندەڵی سەرپای گرتۆتەوەو پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزنەوەو لەخۆشیانەوە دەستپێبکەن نەک لەفەرمانبەرێکی داماوەوە کەبێ دەسەڵاتە، پارتی دیموکرات بەهیچ شێوەیەک رەزامەندیی دەرنابڕێت چونکە نێوانی یەکێتی وپارتی درۆی پێکەوە ژیان ویەکتر قبوڵکردنی تێدایە نەک راستگۆیی خزمەت بەخەڵک ویەکتری قبوڵکردن بەفیعلی، ئەوان پڕۆژە پێشکەش نەکەن 3 وەزارەتەکەیان یەکخەنەوەو دزەکانی ناو حزبەکانیان بدەن بەدادگا، ئەمەش مەحاڵە چونکە ئەگەر دادگایی دزەکانی ناو یەکێتی وپارتی بکەیت ئەبێ حزبەکانیان هەڵوەشێتەوە.


ئاسۆ عوسمان: هەر لەسەرەتاى بڵاوکردنەوەى پڕۆژە چاکسازییەکەى تاڵەبانیدا لەلایەن بەشێک لەچاودێرانەوە ئەو دەنگە بەرزبووەوە پڕۆژەکە تەنیا وەک سرنجێکى ئازارشکێنى کاتى بەکاردێت ومەحاڵە سەر بگرێت ئەم بۆچونانەش لەسەر ئەو بنەمایانە سەرچاوەى گرتووە ئەم پڕۆژەیە لەزیانى حیزبەکانە وقازانجى خەڵکییە وپارتەکانى باشوورى کوردستانیش هیچکات ئامادەیى ئەوەیان نییە خۆیان بکەنە قوربانى بەرژەوەندییەکانى خەڵکى کوردستان. پرسیارێک کەلێرەدا دێتە پێش ئەوەیە ئایا تاڵەبانى کەلەهەموو تاکێکى کوردستان زیاتر ئەو راستییە دەزانێت جێبەجێکردنى ئەم پرۆژەیە لەپێشدا زیانە بەبنەماڵەکە خۆى وپاشان حیزبەکەى بۆچى پڕۆژەیەکى واپێشکەش دەکات؟.


ئاسۆ کەمال: هۆیەکانی ناچاربوونی تاڵەبانی بەپێشکەشکردنی پڕۆژەی چاکسازیی ئەمانەیە:
یەکەم:ناڕەزایەتی جەماوەر دژ بەئیدارەی یەکێتی لەسەر مەسەلەی گەندەڵی کەکاریگەریی لەسەر ئایندەی یەکێتی داناوە لەبەرامبەر پارتیدا.
دووەم:دەرهێنانی ئەم کارتی فشارە لەدەست ئەو باڵەی ناو یەکێتی کەنەوشیروان بەناوی ریفۆرمەوە لەململانێی ناو یەکێتیدا بەلاری دەهێنێت.
سێیەم: کەمکردنەوەی ئەوفشارانەی بەهۆی بڵاوبونەوەی ناونابانگی گەندەڵی ئیدارەی تاڵەبانی لەئاستی جیهانی دەرەوەدا. بەڵام سەرەڕای ئەم فشارانە خودی بێ بنەمابوونی ئەم چاکسازییە بەمیکانیزمی جێبەجێکردنەوەکەیەوە دیارە کەبۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی لەجێگای گۆڕینی سیستمی سیاسیی وئیداریی نامەدەنی ومیلیشیایی شکاتکردن لای تاڵەبانی کراوەتە گەرەنتی جێبەجێکردنی ئەم چاکسازییە لەکاتێکدا رووی گەندەڵی خۆی ئەمجۆرە دەسەڵاتە تاکەکەسی و بنەماڵەییە. هەربۆیە ئەگەر چاکسازیی لەناو یەکێتیشدا پێویست بێت بۆئەوەی ببێتە حزبێکی مۆدێرن لابردنی ئەم سیستمی تاکدەسەڵاتی وبنەماڵەییە وبوونی بەرنامەیەکی مۆدێرنە بۆ ئیدارەی کۆمەڵگە کەلەم سیستمە میلیشیایی وعەشیرەتییە دەریکات کەسیمای هەموو باڵەکانی ناو یەکێتیە. هەربۆیە ئەم چاکسازییە بەمانەوەی سیستمی ئیداریی وحزبی ئێستای یەکێتییەوە لەڕاستیدا دەسەڵاتی تاڵەبانی وبنەماڵەکەی وحزبەکەی لاوازناکات وهیچ کەسێکیش ئەو پڕۆژەیە لەم حزبانە بەجیددی وەرناگرێت. لەبەرئەوەی ئەمە سیستمێکە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی عەسکەریی وسیاسیی وئیداریی حزب دەچێتە پێش، هەربۆیە ئەگەر حزب کۆنترۆڵی نەکات هەموو شتێکی هەڵدەوەشێتەوە. ستاکتۆر ودامەزراوە قانوونی وجێگیرەکانی ئیدارەی وڵاتێک لەپێشدا پێویستی بەبنەما سیاسیی ونێودەوڵەتییەکانی ئەو دەسەڵاتەیەو کوردستان هیچکام لەمانەی دیارنییەو ئیدارەیەکی کاتییە لەدەستی دوو حزبدا کەداهات ودەسەڵاتەکەی بەشکراوەو هەموو شتێک لەم هەرێمەدا لەرێگای ئەم دوو حزبەوە دەچێتەپێش وهەربۆیە دەستبەرداربوونی ئەم دوو حزبە لەم ئیمتیازاتانەو بەخشینەوەی بەسەر حزب وتاکەکاندا شتێکی مومکین نییەو سیستمی دەسەڵاتداریی ئەوان تێکدەدات وهەربۆیە بە هێزی چەک وماددیی رێگە لە لەدەستدانی ئەو ئیمتیازاتەنە دەگرن. راستییەکانی دەستبردن بۆ چەک لەبەرامبەر نەیارانی سیاسیاندا و نەبوونی خزمەتگوزاریی ویاریکردن بەچارەنووسی سیاسیی کوردستان لەرابردو وداهاتووشدا راستیی ئەم قسانە دەسەلمێنێت.


رزگار کۆچەر:
مەحاڵە ئێمە واتەسەور بکەین کەلەداهاتوو سەرکردەکانى ئێمە وەک هەموو تاکێکى ئەم نیشتمانە بە ئاسایى دەژین، لەکوردستان ئێستا چەندین ئیمبراتۆر هەیە هەر جۆرە بەناوێک وبەشێوە رەنگێک، پێموانییە هیچ سەرکردەیەکى کوردستان کەلەپاش راپەڕینەوە بەکەیف و هەوەسى خۆى دەخوات ودەوڵەمەند دەبێت زەرمەند بێت ومل دابنێت بۆ پرۆژەیەک کەکار بۆ ئیفلیجبوون وبێهێزیى خۆى دەکات، ئێستا لەکوردستان ئەوانەى حوکمرانى ئەم وڵاتە دەکەن شوێن نەماوە موڵک وماڵى خۆیانى لێ کۆنەکەنەوە، هەر لەئێستاوە کوڕەکانى خۆیان لەسەر هەمان رێچکەى خۆیان ئامادەکردوون وەک خۆیان تێکەڵى سیاسەت وبزنسیان کردوون خەڵکى سادە پاش چى سوودمەند دەبێت لەکاتێک ئەوان هەموو شتێکیان لەنێوان خۆیان دابەشکرد، من دەپرسم ئەگەر ئەم پڕۆژیە جێبەجێکرا ئایا بەشێک لەدەستکەوتە داراییەکانى ئەم دوو حزبە بۆ خەڵک دەبێت؟ ئایا ئەوانەى ئێستا سامانى ئەم نیشتمانە بەڕێوە دەبەن لەسەددا چەنى بۆ خەڵک تەرخاندەکەن؟ لەکاتێک لەکوردستان رۆژ لەدواى رۆژ کێشەی ئابوورى وکێشە کۆمەڵایەتییەکان بۆ هۆى ئەم ناعەدالەتى ونایەکسانییە بەرەو زێدەبوون دەچێت، پێموایە پێشکەشکردنى پڕۆژەیەکى لەم شێویە تەنیا خەریککردنى خەڵکە بەلێکدانەوەى خەونێک کەمەحاڵە بەهۆى بوونى ئەم هەموو مشەخۆرەى ناو حزبەکانى کوردستان بهێتەدى.

سۆران عومەر: مەسەلەی گەندەڵی وچاکسازیی ئەمڕۆ لەهەموو شت زیاتر قسەی لێدەکرێ و رۆژنامەگەریی ئازاد تەنگی بەیەکێتی وپارتی وحکومەت هەڵچنیوە، هۆکاری ئەمەشە وایکردووە تاڵەبانی دەستپێشخەری بکات ونیەتی چاکسازیی بکاتە پرۆژە، رەنگە ئەمە بۆ مەسەلەی هەڵبژاردنەکانی ئایندە کاریگەریی هەبێت یان بۆ رازیکردنی نەشیروان مستەفاو هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی نێوانیان ئەمەیان کردبێت، یان بۆ داماڵینی ئەو تۆمەتانەیە کەرووبەڕووی حکومەت دەکرێتەوەو دەیانەوێ تۆپەکە بخەنە ساحەی پارتی کەسەرۆکایەتی حکومەتی بەدەستە، دوای ئەوە تاڵەبانی دەسەڵاتێکی باڵای ئەم وڵاتەیە بەسەرۆکی عێراق وسکرتێری حزبەکەیەوە، ئەگەر ئەو نیەتی چاکسازیی هەیە با ببینین چەند بەرپرسی حزبەکەی خۆی دەردەکات وموڵک وسامانە خەیاڵیەکەی بلۆک دەکات؟ ئەگەر ئەوەش نەکەن ناتوانن ببنە خاوەنی هیچ پرۆژەیەکی فیعلی وجیددی بۆ چاکسازیی، بەبۆچوونی من ئەمە هۆکارێکی نوێی چاوەبەستی خەڵکە بۆ مەرامی زیاتر گەندەڵیکردن لەناو حزب وحکومەتدا.


ئیحسان مەلا فوئاد: وەکو لەپێشدا وتم تەنیا دروشمەو هیچی تر،ئەگەر راست دەکات با لەسبەینێوە لەماڵ وخێزانەکەى خۆیەوە دەستپێبکات چونکە دڵنیام تاڵەبانی باش دەزانێت پڕۆژەیەکی وا جێبەجێ نابێت وناچێتە سەر شەقامی واقیعەوە، بەڵکو تەنیا مەبەستێکی هەیە لەپێشکەشکردنی ئەو پڕۆژەیە لەئێستادا، ئەویش ئەوەیە کەوەک سوور دەزانێت جێبەجێ نابێت، دیت دەڵێت ئەوە نییە من وام وت و وام کرد کەچی بەقسەیان نەکردم، خەتای من نییەو نەبوو، ئیتر لێرەدا خۆی لەهەموو رابردووەکان پاک دەکاتەوەو وشەو دروشم بەئێمەى میللەت دەفرۆشێتەوە، سەرەنجام خەڵکە ساویلکەو خۆشباوەڕو عاتیفییەکەى خۆشمان دەدەن بەپشتی ملی خۆیانداو دەڵێن ئەشهەدو بیلا راست دەکات.


هیشام ئاکرەیی: تاڵەبانی باشتر لەهەموو کەسێکی تر دەزانێت کەئەو پرۆژەیە جێبەجێ ناکرێت، بۆیە پێشنیاری کردووە. ئەگەر تاڵەبانی دڵنیابوایە جێبەجێ دەکرێت باسی لێوە نەدەکرد. ئەو کارانەی تاڵەبانی لەپڕۆژەکەدا باسی لێوە دەکات دروستکراوی خودی تاڵەبانین. تاڵەبانی یەکەم کەس بووە پڕۆژەی هێنانی جاشەکان بۆ ناو ریزەکانی یەکێتی پەسەند کردووە، تاڵەبانی یەکەم کەس بووە پاساوی بۆ فایلدارەکانی ناو یەکێتی هێناوە. ئەگەر ئەو نامانەی تاڵەبانی بۆ بەرپرسیارانی تری یەکێتی ناردوون کۆبکەیتەوە ئاشکرا دەبێت عەشیرەتگەریی وبێ قانوونی لەتاڵەبانییەوە دەرکەوتووە. تاڵەبانی بەئارەزووی خۆی پارەی بەخەڵک داوەو خەڵکی تەعیین کردووە. لەلای ترەوە پێموایە پڕۆژەی مام جەلال لەخزمەتی پەیڕەو پرۆگرامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دایە، بۆیە جێبەجێکردنی لەخزمەتی یەکێتی نیشتیمانی شۆڕشگێرە بەڵام لەبەرئەوەی ئەو یەکێتییەی جاران نەماوەو لەجیاتی یەکێتی گەندەڵکارانی کوردستان هاتووتە ئاراوە بۆیە ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ ناکرێت. تەنیا لەیەک حاڵەتدا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەکرێت ئەویش بەگرتنی مام جەلال تاڵەبانی وسزادانی وەک سەری گەندەڵکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وسزادانی هەموو ئەوانەی بە ئەمری مام جەلال ودارو دەستەکەی کراونەتە بەرپرسیار. پێموایە دوورکەوتنەوەی بەڕێز نەوشیروان مستەفا وگروپەکەی لەمام جەلال وهەوڵدانیان بۆ دروستکردنەوەی یەکێتی هۆی هەرە سەرەکی ئەو پڕۆژەیەن مام جەلال پێشنیاری کردووە. بەڵام چۆن قسەی راست لەدەمی درۆزندا باوەڕی پێ ناکرێت ودەست پاکی لەدزێکەوە باوەڕی پێ ناکرێت بەهەمان شێوەش بانگەشەی چاکسازیی لەمام جەلالەوە کەس بەجیددی وەریناگرێت وئەگەر سەرنجی خۆت بدەیت دەبینی پێشنیارەکەی مام جەلال تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی جیددی مامەڵەی لەگەڵ نەکراوەو تەنیا وەک مەرەکەب ماوە لەسەر کاغەز.


تێبینى: فۆتۆى بابەت : جەمال پێنجوێنى.

 

Lawa_0@hotmail.com
Asoahmad2004@yahoo.com