٢٠\٧\٢٠١٨
پڕۆژەی ئاپۆیی و
چەلەحانەی بێکارەکان.

جەلال محەمەد
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢دا خۆپیشاندانە جەماوەریەکان سەرتاسەری وڵاتی
سوریای گرتبوویەوە و منیش وەک ڕاگەیەندکارێک هاوکاری "ستێرک'تیڤی"م
دەکرد، لەو کاتەدا بەڕێز ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵیەوە پەیامێکی بەڕێ
کرد کە پڕۆژەیەکی چارەسەری بوو بۆ وڵاتی سوریا و ئێمەش پەیامەکەمان لە
تەلەفزیۆن بڵاوکردەوە.
ئەوەی دێتەوە یادم، دەقی پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان بەم شێوەیە بوو:
{من لە نزیکەوە بنەماڵەی ئەسەد دەناسم و زۆر خانەوادەیەکی زیرەکن،
هیوادارم بەشار ئەسەدیش لەو زیرەکییە بێ بەش نەبووبێت. ئەمڕۆ لە
سوریادا ڕەوشێک هاتۆتە پێشەوە، زۆر لایەن چاویان لە سوریا بڕیوە و لە
درێژەکێشانی ئەو ڕەوشەشدا دەستێوەردانی دەرەکی دێتە ئاراوە. بۆئەوەی
ئەوەش ڕوونەدات، پێویستە بەشار ئەسەد بە ئاقڵی هەڵسوکەوت بکات و
ڕەوشەکە هێور بکاتەوە. هێورکردنەوەی ڕەوشەکەش بە چارەسەرکردنی پرسی
گەلی کورد دەبێت، ئەگەر بەشار ئەسەد لەگەڵ لایەنی کورد بکەوێتە
دانوستاندن و مافەکانی گەلی کورد بسەلمێنێت، ئەوکات هەم ڕەوشەکە
کۆنترۆڵ دەکات و هەم ڕێگری لە دەستێوەردانی دەرەکیش دەکات}.
دوا بە دوای ئەم پەیامە، ئەنەکەسەکانی ڕۆژاوا کە هەموو ژیانیان بەبێ
دەنگی دەربازکردبوو و خاوەنی هیچ پڕۆژەیەکی چارەسەریش نەبوون، بوونە
کاسەی لە ئاگر گەرمتر و کەوتنە هێرشێکی ڕاگەیاندنی دوور لە هەموو
پێوانەیەکی ئەخلاقی بۆسەر پەیەدە و پەکەکە و خودی بەڕێز ئۆجالان و بە
بەردەوامی دەیانگوت (پەیەدە بۆتە بەشێک لە ڕژێمی ئەسەد، پەکەکە کوردی
سوریا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار دەهێنێت، ئۆجالان ڕۆژاوای کوردستانی
فرۆشتووە و زۆر تۆمەتی دیکەش).
کات هات و چوو، ئەوەی ئۆجالان پێشبینی کردبوو هەمووی هاتەدی، بەهۆی گوێ
نەگرتنی ئەسەدیشەوە سوریا وێران کرا، میلەت سەرگەردان بوو، دوژمنایەتی
و بیری تۆڵەکردنەوە هەموو وڵاتی گرتەوە و جۆرەها دەستێوەردانی دەرەکیش
هاتە ئاراوە، بەڵام خۆشبەختانە بەهۆی ئەو پەیامەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لایەنی
کوردی زیاتر لە چارەسەری نزیک دەبێتەوە و براوەی یەکەمیش لە
ڕووداوەکانی سوریادا گەلی کوردە.
خۆ ئەگەر ئێستا پەیامەکەی ئۆجالان بخرێتە پێش چاوی ئەنەکەسەکانی
ڕۆژاوا، ئەوا یان چاوی خۆیان لە ئاست ڕاستی و دروستی پەیامەکە شۆڕ
دەکەن یان نکۆڵی لێ دەکەن.
لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، کۆمەڵگای دیموکراتی و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
"کۆدار" و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" پڕۆژەیەکی چارەسەرییان
پێشکەش کرد و زۆر بە ڕاشکاوی تیشکیان خستە سەر هەموو ئەو ئەگەرانەی کە
چاوەڕوانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
ئەنەکەسەکانی ڕۆژهەڵاتیش کە لە هەموو ژیانیاندا خاوەنی پڕۆژەیەکی
چارەسەری نەبوون و سەرتاپای ژیانییان لە بێ دەنگی و ئۆردوگانشینیدا
بەسەر بردووە، کەچی لە دژایەتی کردنی پژاک و پەکەکەدا ڕووی کۆماری
ئیسلامی ئێرانیان سپی کردەوە و بێ حورمەتی و تۆمەت نەما کە ئاڕاستەی
پەکەکە و پژاک و بەڕێز ئۆجالان و تەنانەت شەهیدانیشی نەکەن.
لە ئێستادا هەم پڕۆژەکەی پژاک لە ئارادایە و هەم ئۆردوگانشینان لە دەم
هەراشی بەردەوامن و هەم هیچ ڕووداوێکی ئەوتۆش لە ئێران ڕووینەداوە،
گومانم لەوەدا نییە کە بەهۆی لاساری و گوێ نەگرتنی ڕژێمی مەلاکانی
ئێرانەوە ڕەوشێکی هاوشێوەی سوریا و بگرە خراپتریش ڕوو لە ئێران دەکات.
ئەوکات ئەگەر پڕۆژەکەی پژاک بخرێتە پێش چاوی هەر یەکێک لەو ئەنەکەسە
ڕۆژهەڵاتیانەی کە لە ئۆردوگاکانەوە بەرامبەر پژاک و کۆدار دەڕشێنەوە،
ئەوا یان چاوی خۆیان لە ئاست ڕاستی و دروستی پڕۆژەکە شۆڕ دەکەن یان
نکۆڵی لێدەکەن.
______________________________________________
بۆ خوێندنەوەی پڕۆژەکەی کۆدار و پژاک کرتە لەسەر ئەم لینکە بکە:
https://anfsorani.com/%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/%D9%BE%D8%B1%DB%86%DA%98%DB%95%DB%8C-%D9%83%DB%86%D8%AF%D8%A7%D8%B1-%D9%88-%D9%BE%DB%95%DA%98%D8%A7%DA%A9-%D8%A8%DB%86-%D8%AF%DB%8C%D9%85%DB%86%D9%83%D8%B1%D8%A7%D8%AA%DB%8C%D8%B2%D9%87-%D9%83%D8%B1%D8%AF%D9%86%DB%8C-%D8%A6%DB%8E%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%A8%DA%B5%D8%A7%D9%88%DA%A9%D8%B1%D8%A7%DB%8C%DB%95%D9%88%DB%95-4079
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|