په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٤

پڕۆژە یاسای جەعفەری، پشتکردنە لە

شارستانیەت و دەسکەوتی شارستانیەتی چەند سەد ساڵە!


لاوژە ماهیە       


یاسای جەعفەری دووای لێکدانەوە و پەسەندکردن لە لایەن بلیمەتەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە گەیشتە بەردەم پەرلمانی ئەو وڵاتە، بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنی وەک یاسا و سەپاندنی بەسەر خەڵکی عێراقدا، ئەم شاکارە گرنگە بێجگە لەوەی ئاستی هۆشیاری، شعور و تێگەیشتنی دەسەڵاتدارانی عێراق دەخاتەڕو، شاڵاوێکی پیاوسالارانە و کۆنەپەرەستانەیە کە سەدان ساڵ کۆمەڵگا پاشەکشە پێدەکات و بە جێبەجێ کردنی یاسای لەم چەشنە گەورەترین شەرمەزاری توشی کۆمەڵگای عێراق دەکات کە ئەمڕۆ جێگای نەفرەتی نێودەوڵەتیە، دەستدرێژی بۆ سەر منداڵانی ٨ ساڵ و ٩ ساڵ لە ژێر ناوی زەواج وە یان هەر ناوێکی تر، بێشەرمانە یاسایی کردنەوەی پێدۆفیلییە، نە هیچی تر.


یەکێکی تر لە دەلیلی ناڕەوا بوونی ئەم یاسایە، بێبەشکردنی ژنانی موتەڵەقەیە پاش جیابوونەوە، دوای جیابونەوە هیچ مافێک بە دایک ڕەوا نابینێت و ژنان ئەوەندەی تر بێماف دەکات و دەیانخاتەوە کونجی ماڵەوەو وە بۆ ئەوەی کە منداڵەکانیان لەدەستنەدەن ئامادەن دوو ئەوەندی پێشوتر ژیانی چەرمەسەری قبوڵبکەن بەڵام جیانەبنەوە، بەڵام ئەوەی کە لە هەمووی زیاتر کاریگەری لەسەر من داناوە و ناتوانم بۆ یەک ساتیش بیری لێنەکەمەوە ئەم بڕگەیە کە شەرعیەت بە هاوسەرگیری منداڵانی ٩ ساڵ دەدات وە ئەگەر کچەکە خۆی ڕازی بێت دەتوانێت لە ٨ ساڵیەوە بچێتە ژیانی هاوسەرگیریەوە.


ئەوەی وایکردووە کە من بۆ یەک ساتیش هاوسەرگیری منداڵان لەم تەمەنە لەبیرنەکەم ئەوەیە کە خۆم دایکی کچێکم بە ناوی نینا کە تەمەنی هەشت ساڵ و نیوەو لە مانگی ٨ دەبێتە ٩ ساڵ. هەرچەندە سەیری نینا دەکەم ئەم جیهانەی کە ئەو هەیەتی تەنها فەنتاسیاکانی منداڵییە نە هیچی تر، ئەمە وادەکات زیاترو زیاتر توشی شۆک دەبم، ئەوە چ کۆمەڵگایەکە کە گەورەسیاسیەکانی ئەمە تێگەیشتن و عەقڵیانە؟ ئەمە چ کۆمەڵگایەکە کە بوار دەدات یاسای کۆنەپەرستانەی لەم چەشنە دەرگای بۆ ئاوەڵە بکرێت.


نینای کچم بەردەوام لە جیهانی خۆیدایە، ژورەکەی تا ئێستاش بە نوێن، پەردەی شازادەکانی وەک و ساندراو گوڵە لاو لاوو چەندینی تر ڕازاوەتەوە، ڕەنگی ژورەکەی ئەو ڕەنگە پەمەیی منداڵانەیە کە کچانی منداڵ ئارەزوی دەکەن، هەمیشە لەبیری ئەوەدایە کە چۆن بوکەشوشەیەکی زیاتری هەبێت و هەرئێستا خاوەنی زیاتر لە سەد بوکەشوشەیە و شەوانە لەگەڵیان دەخەوێت.


جیهانی ئەو جیهانێکی ڕەنگاو ڕەنگ و پڕ لە یارییە، دادەنیشێت وێنە دەکێشێت، کاغەزو ڕەسم دەبڕێت و ناوی دایک و باوکی لێدەنوسێت و بەدیاری دەمانداتێ. ئەو زۆرترین کاتی بە یاری کردن لەگەڵ منداڵانی هاوڕێی و هاوتەمەنی بەسەر دەبات، ڕۆژانە دوای خوێندنگا تا سعات ٥ زۆربەی لەگەڵ هاوڕێکانیەتی. نازانێت بەرپرسیاریەتی و ژیانی هاوسەرگیری چییە، بۆ ئەوەی فێری دەرس و مەکتەب بێت کاتی تایبەتمان بۆی داناوە بۆ خوێندنی دەرسەکانی، گەر وانەبێت هەرگیز لە بەر یاری بیری کتێبەکانی ناکەوێت. دەبێت هەمیشە بیری بهێنینەوە کە ئەرکەکانی مەکتەبیش گرنگە لە پاڵ یاریکردندا، بەگشتی منداڵ لەم تەمەنە دەبێت چوارچێوەیەکی دیاریکراوی هەبێت و ئەرکو بەرپرسیاریەتی بەپێی تەمەنی لێی چاوەڕوان بکرێت، ئەگەر لەوە زیاتر بێت کاردانەوەی خراپی لەسەر مێشکی دەبێت و لەوانەیە بۆ هەموو ژیانی کاریگەری لەسەر بەجێبهێڵیت. دیارە ژیانی نینا ژیانی منداڵێکی ئاساییە لە کۆمەڵگایەکی ئارامدا کە منداڵان تا ڕادەیەک جێگاو ڕێگایان پێدراوەو گرنگیان هەیە.


من تێناگەم لە کۆمەڵگای ئێمە ژن ئەگەر ١٠٠ ساڵیشی بێت، هەر ژنە و وەک بێ عەقڵ و زەعیفە سەیر دەکرێت، چۆن چۆنیە لە ٩ ساڵی ئامادەی زەواج کردنە. ئەم بەڕبەڕیەتە لە قۆناغێکی مێژویی بەڕێوەدەچێت کە دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان لە سەرتاسەر دونیادا وەک پێدۆفیلی بە تاوان لەقەڵەم دەدرێت و تاوانکاران سزای گەورە دەدرێن.


سەرچاوە زانستیەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە کوڕو کچ لە هیچ قۆناغێک نابێت دیواری ڕەگەزی بخرێتە بەینیان و لە هەمانکاتیشدا پەیوەندی سێکسی کەسی سەرو ١٦ ساڵ، لەگەڵ کەسێکی ژێر ١٦ ساڵ تەنانەت ئەگەر بەڕەزامەندی خۆشی یان لەژێر هەر ناوێکی تر، دەستدرێژی و تاوانە و دەبێت قەدەغەبکرێت. لەبەر ئەوەی لەباری سایکۆلۆژی و فیسیۆلۆژیە وە کامل نیەو ناتوانێت وڵامدەرەوەی دەرئەنجامەکانی بێت.


لە وڵاتە پێشکەوتووەکان تەمەنی هاوسەرگیری ١٨ ساڵ دانراوە، بەهۆی ئەوەیە کە عەقل و جسمی ئینسان لەم تەمەنە کامل دەبێت و توانای بڕیاردانی هەیەو وە هەروەها لەڕوی جسمیشەوە وەکو پێویست گەشەی کردوە. نەک تەنها بۆ ژیانی هاوسەرگیری بەڵکو لە زۆر بواری تری ژیان ئەم تەمەنە دیاریکراوە بۆ نمونە وەرگرتنی مۆڵەتی شوفێری، کاری ڕەسمی و مافی باجدان بە دەوڵەت، تەنانەت بەکارهێنانی ئەلکهول و جگەرەوە چەندان شتی تر. هەر بەپێی ئەم بنەمایەش لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا ئەمە نوسراوەتەوە کە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئیمزایان کردوەو عیراقیش یەکێکە لەم وڵاتانە.


دیاریدەی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان، کێشەیەکی جیهانگیر و بەربڵاوە، بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە زۆربەی وڵاتانی دونیا دیاردەی دەستدرێژی بەتایبەت بۆ سەر منداڵان کێشەو گرفتێکی کۆمەڵایەتیە. بەڵام گرنگ ئەوەیە لە هەر کۆمەڵگایەک چۆنچۆنی ڕوبەڕوی ئەم دیاردەیە دەبنەوە، بۆ نمونە لە وڵاتی دانیمارک قوربانیەکان لە ژێر چاودێری تایبەتدان و لە ڕوی تەندروستی، دەرونی و پێگەی کۆمەڵایەتیەوە یارمەتی دەدرێن و شێواز و ڕێگە چارەی جۆراوجۆر لە گەڵ ئەوکەسانە بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی خەسارەتەکانی ئەوکارەساتەیان لەسەر کەم بکەنەوە، ئامرازی جۆراوجۆر هەیە بۆ ئەوکەسانە هەتا بتوانن مەعاناتی خۆیان دەربڕن، بۆ نمونە سایتی تایبەتیان هەیە لەوێوە باس لە ئازارەکانیان دەکەن.


لە هەمانکاتدا هەموو ڕێگایەکی توند دەگرنە بەر بۆ دەستگیرکردن و سزادان لە دژی تاوانکارانی ئەم دیاردەیە.


عیراق کە کۆمەڵگایەکی لێک هەڵوەشاوەیەو ئینسانەکان ناتوانن ژیانی ئاسایی تێدا بەرنە سەر، منداڵان بونەتە شاهیدی شەڕو ئینسان کوشتن، تەقینەوەی بەردەوام، نائارامی و نا ئەمنیەتی لەدەستدانی دایک و باوکک و خۆشەویستەکانیان........تاد. بەڕای مالیکی و حکومەتە ئیسلامی و میلیشیایەکەی ئەوە بەس نییەو دەبێت لە شوێنێکی ترەوە ببنەوە قوربانی و یاسای ١٥٠٠ ساڵی نیمچە دورگەی عەرەبی بەسەریاندا بسەپێندرێت و دەردو ئازاری تریشیان پێبگات. هەر لە ٨ بۆ ٩ ساڵیەوە بخرێنە ناو بەرپرسیاریەتی و ژیانی هاوسەریەوەو گوشاری فیزیکی و دەرونیەوە بۆ بهێندرێت و مۆری ژنبوونیان لێدرێت و بە ماڵ و منداڵەوە ببەسترێنەوە. لەبری ئەوەی بوکەشوشەکانیان یاری بکەن، هەر لە ١٢ ساڵیەوە ببنە دایک و منداڵیان پێ پەروەردە بکرێت. دیارە هەر بەپێی سەرچاوە پزیشکیەکان زۆربەی ئەم منداڵانەی کە لە تەمەنی نێوان ١٢ بۆ ١٤ ساڵ دوو گیان دەبن بەهۆی منداڵبونی بەدەنیان و بەرگە نەگرتنی لەکاتی لەدایک بوونی منداڵەکانیان ئەگەری گیان لە دەستدانیان زۆرە.

بەجیا لەمانە، ئێمە لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکانەوە دەیبینین و دەیبیستین کە عیراق یەکێکە لەم شوێنە ترسناکانەی کە بۆتە جێگەی سەرنجی باندەکانی بازرگانی بە منداڵان و ژنان. ئەم یاسایە ڕێگا خۆشدەکات بۆ ئەم باندانە کە بە یاسایی بازرگانی بە منداڵانەوە بکەن لە جێگەی ئەوەی کە بیانفڕێنن. بەئاسانی دەچن هاوسەرگیری لەگەڵ چوار منداڵ دەکەن و بازرگانی خۆیانی پێدەبەنە پێشەوە. بەتایبەتی لە ئێستای عیراقدا کە بەهۆی شەڕو ماڵوێرانیەوە چەندین منداڵ سەرپەرشتیان لەدەستداوەو بێکەس ماونەتەوە، وە لە هەمانکاتدا لەبری ئەوەی کە لە هەوڵی ئەوەدابن جێگاو ڕێگاو خێزان بۆ ئەم منداڵانە بدۆزنەوە هەر لە هەشت ساڵیەوە سەرانو ئیمامە بەڕێزەکانیان لەخۆیان یان کەسێکی نزیکیانی مارە دەکەن و خۆیان لە بەرپرسیاریەتی دەردەکەن.


هەمیشە لە جیهاندا کە کارەساتی مرۆیی و سروشتی ڕودەدات ڕێکخراوەکانی بەرگری لە منداڵان، بەخەمی ئەوەن کە منداڵێکی زۆر سەرگەردان دەبێت و لەیەکەم ساتدا باندەکان لەم شوێنانەدا ئامادەن بۆ سود وەرگرتن لە بارودۆخەکەو بەکارهێنانی ئەم منداڵانە، جا لە وڵاتێکی وەک و عیراق دەبێت چی ڕوبدات؟ لەکاتێکدا کە پێدۆفیلیاو دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان یاسایی دەکرێتەوە؟


دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا، کەخۆیان هۆکاری سەرەکی بوون لە دروستبونی ئەو زەلکاوەی کە ئەمڕۆ عێراقی تێچەقیوە، بۆ شاردنەوەی روخساری راستەقینەی خۆیان و پاراستنی مکیاجی سیمای دیموکراسیەکەیان، نا چار بوون زۆربەیان دوراودور لە دژی پرۆسەیاسای جعفری بێنە دەنگ و ئیدانەی بکەن، بەڵام ئایا ئەم مەحکومکردنە بەسە بۆ ڕاگرتنی ئەم پڕۆژە یاسایە؟ لەکاتێکداهەندێک لەو وڵاتانە کە خۆیان مێعماری بونیادنانی ئەم سەناریۆ ڕەشەی عێراقن و بەرپرسی یەکەمن لەو بارودۆخەی کە ئێستا بەسەر عیراقدا هاتوە و ئەوانبوون لە ساڵی ٢٠٠٣ بەناوی پرۆسەی ئازادی عیراق ئەم وڵاتەیان بەرەو چارەنوسێکی نادیار بردوو، پشتی ئەم لایەنە تیرۆریستو ئیسلامیانەیان گرت، پرۆسەی بە ئیسلامیزیەکردنی عیراق لەژێر دەستی ئەوان و تا ئێستاش بە پلانی ئەوان بەڕێوە دەچێت، ئەوانبوون جیاوازیان خستە نێوان شیعەو سونەو دیواریان لە ناوەڕاستی بەغدا دروستکردو جیایانکردنەوە ئەم وڵاتەیان کردە وڵاتی تائیفە گەری و مەزهەبی؟ وەهەروەها تا ئێستاش ئەوان هاوپەیمانی دڵسۆزی سەرانی ئەم وڵاتەن و لە پشتیانەوە وەستاون، گرێبەستی بازرگانی لەنێوانیاندا هەیەو هاوڕێو هاوکاری یەکترین و پەیتا پەیتا میوانداری یەک دەبن. ئەگەر ژیان و گوزەران و داهاتوی کۆمەڵگای عێراق تە نها بەشێکی بچوکیش بوایە لە پلانەکانی ئەوان، ئایا ناتوانن شەرتی جدیان بۆ دابنێننو پێیان بڵێن تا ئەوکاتەی ئێوە ڕێز لە ئینسان و لە ئازادی ڕادەربڕین نەگرن و پڕۆژە یاسای کۆنەپەرستانەی لەم شێوەیە کە پێدۆفیلیا یاسایی دەکاتەوە نەکێشنەوە ئێمە هاوڕێو هاوکاری ئێوە نابین؟ بێگومان دەتوانن ئەم کارە بکەن، بەڵام بەخاتری بەرژەوەندی سەرمایەی خۆیان نایانەوێت ئەم کارە بکەن و ژیان و گوزەرانی خەڵک هیچ بایەخێکی نیە بۆ ئەوان هەرگیز نەبوەتە مەشغەڵەیان.


ڕووی ئەم نووسینەم لە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازە، لەو کەسانەیە کە خوازیاری کۆمەڵگایەکی ئاسودەو بەختەوەر و ئازادن، ڕوی لەوکسانەیە کە لە سەرەوەی مللیەت و مەزهەب و داب و نەریت، کۆمەڵگا موستەحەق بە ژیانێکی هاوچەرخو شیاو دەزانن، ڕوی لەوکەسانەیە کە نایانەوێت دەستدرێژی کردنە سەر منداڵان لە شکڵی یاسا و بە قانونی بەڕێوە بچێت.


پرۆژە یاسای جەعفەری شاڵاوێکی بە ئیسلامی کردنە بۆ سەر کۆمەڵگا، شاڵاوێکە وەک زەواجی مسیار و فرەژنە، شاڵاوێکە وەک دامەزراندنی داعش بە شێوازی یاسایی لە لایەن دەسەڵاتەوە، لە لایەن ئەوکەسانەوە کە داهات و سەرمایەی ئەو وڵاتەیان لە بەردەست دایە، ئەم پڕۆژە یاسایە واتا جێبەجێکردنی یاسا ئیسلامیکان و کەلتوری چەند هەزار ساڵ پێش ئێستا، وە هەروەها ئەم پڕۆژە یاسایە دەرگا ئاوەڵە دەکات بەسەر هەموو فیرقە مەزهەبی و تایفەکان کە هەمویان بە ئارەزوی خۆیان پڕۆژە یاسا داتاشن و جێبەجێیبکەن. بۆنمونە بەرەی دژی توندوتیژی و مافەکانی منداڵان و ژنان زیاتر لە دوو دەیەیە کار بۆ ئەوە دەکات کە خەتەنە کردنی منداڵان قەدەغە بکات و کاری هۆشیارکردنەوە لە دژی دەکات، بەڵام دوور نیە ئەو تاقمە مەزهەبیانەی کە ئەم کارە بە سونەت دەزانن، پڕۆژە یاسایەکی لەم جۆرە نەدەنە پەرلەمان لە عیراق و کوردستان. یاخود یاسای بەردە بارانکردنی ژنان لەلایەن تیرەیەکی ترەوە نەدرێتە پەرلەمان. بەجیا لەوانە پڕۆژەی یاسای لەچەشنی مسیار زۆر بەئاسانی دەتوانێت تێپەڕێت. لەسەروی هەموشیانەوە وڵات دەکاتە جەهەنەمێک بۆ نیوەی کۆمەڵگا کە ژنانن.


ئێمە لە کوردستان ئەزمونی پڕۆژە یاسای پیرۆزیەکانمان هەیە کە بە هەوڵ و تێکۆشانی ئازادیخوازان، ڕێگا نەدرا کە تێپەڕێت و بەرەنگاری بونەوە و بەو شێوەیە پوچەڵکرایەوە. بەهێزی یەکگرتوو سەرتاسەریمان دەتوانین بەرەنگاری ئەم پڕۆژە یاسایە و شاڵاوی لەم بابەتە ببینەوە. خەڵکانی ڕادیکاڵ و ئازادیخوازی کوردستان نابێت بەناوی ئەوەی ئەمە لە پەرلەمانی عیراقەو لە کوردستان نییە خۆمانی لێ بێخەم بکەین! ئینسان و ئینسانیەت لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدایەو ئێمەش لەبردەم لێپرسراویەتیەکی مێژوییداین. وەرن با هەمومان لە ناوەوەو دەرەوەی عیراق بەرەنگاری ببینەوە. لە دەرەوە دەتوانین بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەرگریکار لە منداڵان بەرەیەک پێکبهێنین کە گوشار بۆ سەر وڵاتەکان بهێنێت بۆ ئەوەی هەڵوێستی جدی تریان هەبێت. خۆپیشاندان و ئیعترازی گەورە بەڕیبخەین، ببین بە گوشارێک بۆسەر وڵاتانی ئەوروپاو وە دەوڵەتی عیراقی. بەهەر شێوەیەک کە پێمان دەکرێت.
 

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک