په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١١\٢٠١٠

پڕۆژە یاسای خۆپیشاندان ، یان پڕۆژەی بێدەنگکردنی خەڵکی کوردستان!

مەحمود ئەحمەد  


دوا بەدوای زۆربۆ ھێنانی جەماوەری ئازادی خوازی کوردستان بۆ پارت و دەسەڵات و حکومڕانانی کوردستان سەبارەت بە ئازادی و بە کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان ، وە کەووتنە ناو تەنگەژەو ھستریایەکی لەڕادەبەدەر لەئاستێکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتیدا لەلایەن جەماوەرەوە ، ناچار دەسەڵاتی کوردی و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە ئیعازو لەلایەن بارزانیەوە و لەڕێ ی سەروکەلەی ژمارەیەکی زۆر لە مفتەخۆرە کۆنەپەرستەکانی ناو پەرلەمانە حیزبیەکەی دەسەڵاتی کوردی توانیان پڕۆژە یاسای کەلەبچە و قفڵ لێدان لە زمان و ئیرادەی خەڵکی کوردستان فەراھەم بکەن و، ھەرلەڕێ ی ئەو یاسا دژی مرۆڤانایانەوە بە تاک و بە کۆمەڵ ئازادی خوازان و تێکڕای خەڵکی کوردستان حەوالەی دادگاگانیان بکەن و سزای لەسێدارەدانی ھۆش و ئەقڵ و بیرو بیرکردنەوەی جیاواز لەپارتی کوردی بەکردەوە و لەمەیداندا بەشێوەیەکی فەرمی بخەنە دەستووری کاریانەوە ..

با لەوە بگوزەرێێن کە ھێشتا ئەم پڕۆژە یاسایانە پێچەوانەی دەستووری خێڵی قەوم و قەبیلە و مەزھەبیەکانی عێراقە..بەڵام خودی ئەم ھەڵوێست و کاردانەوەیە لەلایەن پارتیەوە نەک بە تەنھا ڕێگە گرتن و بەرتەسک کردنەوەی ئازادی یەکانە، بەڵکو سەرکوت کردن و لەخوێن ھەڵکێشانی لەمەودوای بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستانە و، پەیامی ڕاستەقینەی شەڕێکە کە دەسەڵاتی کوردی و بەتایبەتی تردەسەڵاتی بارزانی لەدوای تیرۆری سەردەشتەوە بەدواوەیەتی لەدژی ئازادی خوازانی کوردستان..

ناوەرۆکی ئەم پەیام و پڕۆژە یاسایانەی بنەماڵەی پارتی کوردی لەڕێی مووچەخۆرە کۆنەپەرستەکانیانەوە جگەلە سەرکوتی ئازادی و ئازادی خوازی ، جگەلە کڕنووش بردن و بێ دەنگ کردنی خەڵک بۆ دەسەڵاتی بەزۆر خۆسەپێنەری پارتی کوردی ، جگەلە بێ ئیرادەکردنی خەڵکی کوردستان ھیچی تر نیە..ئەوان ھەموو ئالگۆو میکانیزمێک ئەگرنە بەر بۆ دوور خستنەوەی ھەموو جۆرە خەتەرێک لەلایەن خەڵکەوە کە ھاتە پێشێ و ، تا ئەوکاتەش کە بزانن ھێشتا پەلامار نەدراوون و دەسەڵاتیان تێک نەدراوە ، بەبەرگی مرۆڤ دۆستی یەوە و لەڕێ ی یاساکانیانەوە خۆ ئەنوێنن و بەم ھۆیەوە ڕێگا لەھەر جموجۆڵێکی جەماوەر ئەگرن کە لەدژی ئەوان بێتە مەیدانەوە... ئەوان لەڕێ ی ئەم بڕیارو پەیامانەیانەوە خۆیان دەکەنە وەکیلی خەڵکی کوردستان و لە جیاتی ئیرادەی واقیعی و ڕاستەقینەی ئەوانەوە بیر بۆ خەڵک ئەکەنەوە ، بیر بۆ پەیداکردنی نانی ڕۆژ ، ژیانی تێرو تەسەل ، خۆش گوزەرانی ، ئاووکارەبا ، نیشتەجێ بوون و ھەزارو یەک داخوازی تر...ئەوان ئەیانەوێ لەجیاتی ئێمە بڕیار بدەن کە چانسی ئێمەی خەڵکی کوردستان ھەرئەوەیەو ئەبێت خۆتی لەگەڵدا بگونجێنیت ! ئەبێت سەبرو ئۆقرەمان ھەبێت لەبەرابەرگەندەڵیی مالی و دزین و فەرھودی کردنی ژیانی ئێمە..ئەبێت بێ دەنگ بین لەئاست شەڕو تاوانکاریەکانیان ، لەئاست کەڵەکەی سامانەکانیان ، لەئاست دزینی داھات و ژیانی یەکە بەیەکەی خەڵکی کوردستان..ئەوان بەڕاستی نایانەوێت خەڵکی کوردستان ئازادو بەرابەر بن ، نایانەوێت ژیان و ئایندەو چارەنووسێکی باشتریان ھەبێت و بەکردەوە و بەدرێژایی مێژووی کۆن و نوێیان ئەمە پەیامی بنەماڵەی ناسیونالیزم و پارتی کوردی بووە .. تەنھا ڕێگایەک کە مابێتەوە بۆ خەڵکی کوردستان خەباتی بەردەوامیانە بۆدەست کۆتا کردنی دەسەڵاتی ئەوان و ھێنانە کایەی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ دیاری کردنی چارەنووس و ئایندەیەکی مرۆڤ دۆستانە ....


١٠
\١١\٢٠١٠
ماڵپه‌ڕی مه‌حمود ئه‌حمه‌د