پڕۆژەى چاودێریکردنى
بەڵێنەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
کۆمەڵەى ئەمریکى بۆ کورد
ASK
ساڵى دووەم - 2008
ڕاگەیاندنی سێیەم
دواى ئەوەى پڕۆژەى چاودێریکردنى بەڵێنەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى
کوردستان لەلایەن رێکخراوى ASK لەپڕۆژەى ساڵى (2006-2007)ڕەزامەندیەکى
ناوخۆیى و نێودەوڵەتى بەدەستهێنا، بۆیە (ASK) بڕیاریدا بۆماوەى ساڵێکى
تر پڕۆژەکە درێژ بکاتەوە، قۆناغى دووەمى چاودێرى لە (1/10/2007) دەستى
پێکردەوەو تاوەکو (30/9/2008) دەخایەنێت.
ئەو بەڵێنانەى دواى تێپەڕبوونى سێ ساڵ و نیو
هێشتا جێبەجێ نەکراون:
1) بەڵێنى ژمارە (2) تایبەتە بە یەکخستنەوەى هەردوو ئیدارەى هەرێم و
پاراستنى دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان. تاکو ئێستا ئەو بەڵێنە بەتەواوى
جێبەجێ نەکراوە، چونکە هێشتا وەزارەتەکانى (پێشمەرگە، دارایى، ناوخۆ )
یەک نەخراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی پەرلەمان باس لەوە دەکات کە هەوڵی جدی
بۆداوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی تێبینیەو دەردەکەوێت پەرلەمان
نەیتوانیوە هێزی فشار بێت لەسەر حکومەت و حزبەکان.
2) بەڵێنى ژمارە (4) تایبەت بەدیاریکردن و چەسپاندنى سنوورى جوگرافى
هەرێمى کوردستان. دیارە تا ئێستا کارێکى واى بۆ نەکراوەو هیچ جارێک
پەرلەمانى کوردستان کۆبوونەوەى تایبەت بەو مەسەلەیەى ساز نەکردووەو تا
ئێستاش بەڵێنى ژمارە (3) جێبەجێ نەکراوە کە زۆر پەیوەندى بەو بەڵێنەوە
هەیە کە تایبەتە بەگەڕانەوەى ناوچە دابڕاوەکانى کوردستان، ئەگەرچى
وادەى شەش مانگ درێژکراوەش بەسەرچوو بەبێ ئەوەى هیچ ئەنجامێکى ڕوون و
ئاشکرا هەبێت.
3) بەڵێنى ژمارە (13) تایبەت بە یەکخستن و ڕێکخستنەوەى هێزى پێشمەرگەى
کوردستان وەکو هێزێکى نیزامى هاوچەرخ و دابینکردنى پێویستیەکانى. دیارە
تا ئێستا پێشمەرگە وەکو خۆی ماوەتەوەو پەرلەمان هەڵوێستی ڕوون وئاشکرای
دەرنەبڕیوە، لەکاتێکدا هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمان پێیان وایە ئەو
مەسەلانە پەیوەندی بە ڕێککەوتنی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار هەیە و
پەرلەمان ناتوانێت ئیشی لەسەر بکات.
4) بەڵێنى ژمارە (19) تایبەت بەدانانى بەرنامەیەکى خێراو بنچینەیى بۆ
بنبڕکردنى کێشەکانى (ئاو و کارەباو سوتەمەنى) لە هەرێمى کوردستان و
تەرخانکردنى بودجەى پێویست بۆیان. بەداخەوە کە تائێستا ئەو کێشەیە
بەردەوامە و جێی نیگەرانی خەڵکی کوردستانە و لەم دواییەدا بووە هۆی
ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵکی شارەکانی کوردستان. خەڵکی کوردستان
نیگەرانن لەوەی کە بە دەیان گرێبەست بە ملیۆنان دۆلار سەرف دەکرێت لەو
پرۆژانەی کە پێویستی سەرەکی خەڵک نین، کەچی مەسەلەی ئاوو کارەبا و
سوتەمەنی هەوڵی جدی بۆ نەدراوەو بە کێشەیەکی لاوەکی سەیر دەکرێت.
5) سەبارەت بەبەڵێنی ژمارە (27) تایبەت پەرەپێدان و کاراترکردنی
خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی و ڕێگەوبان و ئاوەڕۆکان. دیارە سەبارەت بە
خزمەتگوزارییەکان خەڵکی نیگەرانن بەو پرۆژانەی جێبەجێدەکرێن، چونکە
بەشێک لەپڕۆژەکان دواى ماوەیەکی کورت شکست دێنن بەهۆی بەکارهێنانی
مەوادی خراپ کە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوە و تێکچونی پرۆژەکە و زیان
گەیاندن بە هاوڵاتیان و پاشانیش بە هەدەر بردنی سەرمایەیەکی زۆری
حکومەت کە پەیوەندی بەباری گوزەرانی خەڵکەوە هەیە، تائێستا پەرلەمان
هیچ لێپێچینەوەیەکی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار نەکردووە سەبارەت بەو
گەندەڵییەی لە پرۆژەکاندا دروستبووە.
6) لە دوای دەرکردنی هەر بڕیارێک پەرلەمان بەدواداچوونی نییە بۆ
بڕیارەکە و لەجێبەجێنەکردنی هیچ وەزیرێک بانگ نەکراوەتە پەرلەمان.
7)پەرلەمان داوای حکومەتی قبوڵکرد بە درێژکردنەوەی یاسای
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر،بەبێ ئەوەی لەماوەی دەرکردنی یاساکەدا هیچ
هەڵسەنگاندنێک بۆ یاساکە کرابێت، کە دەبوو لیژنەی ناوخۆ ڕاپۆرتی هەبێت
لەسەر یاساکە لە ڕۆژی دەرچوونی تا بەرواری کۆتایی هاتنی ماوەی یاساکە.
ئەو یاساو بڕیارانەی کە تەواو بوون:
یاساکانی (ڕێکخستنی مافی بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵ، دیوانی چاودێری
دارایی هەرێمی کوردستان، بودجەی هەرێمی کوردستان، یاسای پاراستن
وپەرەپێدانی بەروبوومی کشتوکاڵ، هەموارکردنی یەکەمی یاسای
بەرەنگاربونەوەی جگەرەکێشان لە هەرێمی کوردستان، قەدەغەکردنی خراپ
بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەیاندن، دابینکردنی خانوی نیشتەجێبوون بۆ
هاوڵاتیانی کوردستان، یاسای پاراستنی ژینگە لەهەرێمی کوردستان،
هەموارکردنی یاسای بە کرێدانی خانوبەرە، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی
کوردستان، درێژکردنەوەی کارکردن بەیاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر،
هەموارکردنی دووەمی یاسای خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمان). هەروەها
هەردوو بڕیاری (دانانی ڕۆژی 16/4 ی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی ژینگە،
پەسەندکردنی بە جینۆسایدناساندنی ئەنفال). هەموو ئەو یاسایانە بەشێک
بوون لەبەڵێنەکانى هەڵبژاردن و پەرلەمان لەماوەى ڕابردوودا توانیویەتى
کاریان لەسەر بکات، بەڵام ئەوەى جێگاى تێبینى خەڵکە ئەوەیە کە بەشێک
لەو بڕیارانە لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێ نەکراون، یا تا ئێستا
میکانیزمێکى ڕوون و ئاشکرایان بۆ دانەنراوە، ئەگەرچى زۆر پێویستیشن
وەکو یاساى دابینکردنى خانووى نیشتەجێبوون.
ڕاو بۆچوونەکانى سەرۆکی پەرلەمانى کوردستان
لەبارەى بەڵێنەکان:
سەبارەت بە بەرنامەى کاری لیستی نیشتیمانی دیموکراتی کوردستان، کە
تیایدا (30) بەڵێن بە خەڵکی کوردستان درابوو لەلایەن حزبە
کوردستانیەکان، بەڕێز عەدنان موفتى سەرۆکی پەرلەمانى کوردستان باس لەوە
دەکات کە ئەوان لەو بەرنامەیەدا، بێگومان بەڵێنی ئەوەیان بەخەڵک نەداوە
کە سەدا سەد ئەو بەڵێنانە جێبەجێ دەکەن، بەڵکو وەکو لە سەرەتای
بەرنامەی کارەکەدا هاتووە دەڵێین (تێدەکۆشین) واتا هەوڵی بۆ دەدەین،
هەر بۆیە پێی وابوو کە پەرلەمان کەمتەرخەم نەبووە لە هەوڵًدان بۆ
جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە بۆ نمونە: سەبارەت بە بەڵێنەکانی (1) و (5) و
(6) و(7) و(9) و(11) و(14) و(16) و(17) و(18) و(19) و(20) و(22) و (24)
و(30)، ئەوەی لەسەر پەرلەمان بووە جێبەجێی کردووە لە دەرکردنی یاسا و
ئیشکردن بۆ ئەو بەڵێنانە. بەڵام بەڵێنەکانی (2) و(3) و (4) و (10)
و(12) و (13) و (15) و (21) و (23) و (25) و (26) و (27) و (28) و(29)،
پەرلەمان ئەوەندەی پێیکراوە هەوڵی جدی بۆ داوەو بۆ هەندێ لەو بەڵێنانە
لیژنەی تایبەتمەندی پێکهێنانەوە و بەدواداچونی بەردەوامی هەبووە بۆ
هەوڵەکان، هەروەها پەرلەمان لە پشتگیری بەردەوامی ئەو لایەنە
پەیوەندارانەدا بووە کە پەیوەندییان بە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەوە
هەیە، هەر وەک بە گرنگییەوە هەماهەنگی لایەنەپەیوەندارەکانی کردووە.
سەرۆکی پەرلەمانى کوردستان پێی وابوو کە دەبوو لیژنەیەکی تایبەت بە
کاروباری گەنجان لە پەرلەماندا هەبوایە کە نوێنەرایەتی داخوازییەکانی
گەنجانی بکردایە، بەڵام ئەوە تا ئێستا نەکراوە.
ڕاو بۆچوونى وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان
لەبارەى بەڵێنەکان:
بەڕێز سەعد خالید وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پەرلەمان پێى وایە کە
بەڵێنی (1)و(6) و (7) و (22) و(26) و (27) و (29) لە بەرنامەکەدا
جێبەجێکراون و بەشێوەی زۆرباش کاریان لەسەر دەکرێ. بەڵێنی (2) دەکرێت
بڵێین تا ڕاددەیەک ئیشی لەسەر کراوە، چونکە هێشتا ئاسەواری دوو
ئیدارەیی بەحکومەتی هەرێمی کوردستان دیارە. بەڵێنی (3) و (4) پەیوەستن
بەیەکەوە، کە هەوڵی جێبەجێکردنی بۆ دەدرێت و هێشتا جێبەجێ نەبووە.
بەڵێنی (5) ئاوڕێکی جدی لێنەدراوەتەوە، هەرچەندە ئەم بەڵێنە بەبێ
یەکاڵاکردنەوەی کێشە هەڵپەساردراوەکان و سەقامگیری لە ڕووی سیاسیەوە،
وەکو پێویست بەرجەستە ناکرێ. بەڵێنی (8) بۆ بەشی یەکەمی هەوڵدراوە،
بەڵام بۆ قەرەبوو کردنەوە هیچ شتێکی بەرجەستە نەکراوە. بەڵێنی (9)
ئەوەی پەیوەندی بەکاری تیرۆرستی هەبێت باش جێبەجێکراوەو یاسای تایبەتی
بۆ دەرچووە، بەڵام ئەویتر وەکو پێویست دژایەتی نەکراوەو کەمترین ئیشی
لەسەرکراوە. بەڵێنی (10) و(11) و (12) هەندێ هەوڵی بەرایی بۆ
جێبەجێکردنیان دەدرێ. بەڵێنی (13) یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
کە زامنی پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە، جێبەجێ نەکراوە.
بەڵێنی (14)و(15) و (18) جێبەجێنەکراوە. بەڵێنی (16) پەیوەستە
بەحکومەتی مەرکەزی. بەڵێنی (17) و (19) و (20) و (25) و (28) و(30)
هەندێ هەنگاوی سەرەتایی بۆ ئەم خاڵانە نراوە. بەڵێنی (21) کەمترین
ئاوڕی لێنەدراوەتەوە. بەڵێنی (23) (24) هەندێ هەنگاوی سەرەتایی بۆنراوە،
بەڵام هێشتا جێگیر نەبوونە.
چەند تێبینیەکى گشتی:
1) یاسای کرێی خانوبەرە، جێی نیگەرانی خەڵکی کوردستان بوو، چونکە خەڵک
پێیان وابوو کە ئەندامانی پەرلەمان باری ئابووری خەڵکیان لەبەرچاو
نەگرتبوو، بەڵکو لە باری ئابووری خۆیانەوە سەیری مەسەلەکەیان کردووە.
2) تا ئێستا پەرلەمان نەیتوانیوە چاودێری حکومەت بکات. بۆیە تێبینى
دەکرێت کە بەشێک لەئەندامانى پەرلەمان لەژێر کاریگەرى دەسەڵاتى
حکومەتدان.
3) لەڕووی دەرکردنی یاساکاندا دیارە لەپەرلەمانى کوردستان هەوڵی جدی
دراوە، بەڵام تێبینى دەکرێت کە زۆرجار نەبوونی زانیاری تایبەت لەسەر
یاساکان لەلایەن هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمان، یاساکان بەکەموکوری
دەردەچن، ئەوەش دەبێتە هۆی ناڕەزایی خەڵک لەو یاسایانە.
4) لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت لە پەرلەمان ڕوبەڕووی جۆرێک
لە ململانێ بونەتەوە بەهۆی پرۆژە یاسای (خەتەنەکردنی مێیینە)، دووەمین
خولی پشووی پەرلەمان دێتە پێشەوە و ئەو پرۆژە یاسایە لەلایەن
سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ناخرێتە ناو بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی
پەرلەمان بۆ گفتوگۆ، سەرباری جەختکردنی لیژنەکەو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی
مەدەنی لەسەر دەرکردنی ئەو یاسایە، بەڵام بە گووتەی بەشێکی زۆری
ئەندامانی پەرلەمان بەهۆی ئەوەى ئەندامانی پەرلەمان شەرم دەکەن وتووێژى
لەسەر بکەن، بۆیە ناخرێتە بەرنامەى کارەوە.
5) باسکردنی بودجە ئەرکێکى گرنگی پەرلەمانە، پەیوەندی بەو بەڵێنانەوە
هەیە کە لە کاتی هەڵبژاردن بە خەڵکی کوردستان دراوە، یەکێک لە
بەڵێنەکانیش باشترکردنی باری گوزەرانی خەڵک و دابینکردنی
خزمەتگوزارییەکانە بۆ خەڵک. دیراسەکردنی بودجە و یاساکەی ئەرکی
پەرلەمانە بەمەبەستی پارێزگاری لە سامانی نیشتمانی و ڕێگەگرتن لە
بەفیڕۆدانی و دابەشکردنی بەشێوەیەکی عادیلانە وزانستیانە، بەشێوەیەک
دواتر بتوانیت لە ڕێگەی لیژنەکانەوە چاودێری بەدواداچونی چۆنیەتی
خەرجکردن و بەکارهێنانی بکرێت. پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت کە
تاوتوێکردنی یاسای بودجە لە ساڵی 2008 بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2007 باشتر
بوو، هەروەها ماوەیەک زووتر گەیشتە پەرلەمان، چونکە ساڵی 2007 لە مانگی
.
7 تاوتوێکرا، ئەگەرچى بودجە و یاسای بودجە پێویستە پێش مانگی 11 ی هەر
ساڵێک بگاتە پەرلەمان، بەڵام دیسان تا مانگی 3 دواکەوت.
6) (حساباتی خیتامی) پێویستە لە کۆتایی ساڵدا بگاتە پەرلەمان، بەڵام تا
کۆتایی مانگی 6 نەگەیشتوەتە پەرلەمان، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی
بەڵێنی دابوو تا مانگی 6 بینیرێت و تا ئامادەکردنى ئەو ڕاپۆرتەش
پەرلەمان هیچ داوایەکی ڕەسمی ئاراستەی وەزارەتی دارایی نەکردووەو بەدوا
داچوونى بۆ نەکردووە. لیژنەی دارایی لە پەرلەمان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن
کە بەشەفەهی چەندجارێک تڕکیدیان لەم بابەتە کردووەتەوە.
7) بودجەکە و بەتایبەت بودجەی خەمڵێنراوی هەر وەزارەتێک لەلایەن حکومەت
و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەیوەندارەوە، پاش دیراسەکردنی لەلایەن
لیژنەی تایبەتی خۆیەوە لە پەرلەماندا، پەرلەمان مافی خۆیەتی ئەو بڕە
بودجەیەی کە حکومەت بۆ هەر وەزارەتێک خەمڵاندویەتی زیادو کەمی بکات،
بەڵام لە تاوتوێکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان، ئەم مافە لە پەرلەمان
زەوتکرابوو، لەکاتی گفتوگۆی بودجەش لە دانیشتنی ئاسایی پەرلەماندا
لیژنەکان ڕاپۆرتی تێبینیەکانی خۆیان خوێندەوە، بەڵام تەنیا خوێندنەوە
بوو هیچ گۆڕانێکی نەکرد.
8) بودجەی وەزارەتەکان پێویستە ئەوپەڕی شەفافیەت و زانستی بوونی
تێدابێت، بەڵام لەبودجەی هەرێمدا خاڵی شاراوەو لابەلای زۆر هەبوو کە
ڕونکردنەوەیان لەلایەن وەزارەتە پەیوەندارەکان گرنگ بوو، بەڵام نەکرا،
جێی ئاماژەیە ئەندامانی پەرلەمان جگە لە ژمارەیەکی زۆرکەمیان نەبێت
جەختیان لەسەر ئەوە نەکردەوە کە ڕونبکرێتەوە.
9) لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمان کۆمەڵێک ڕەخنە و خاڵی ڕووبەڕوی
یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان کردەوە کە دەبوایە حکومەت وەڵامی جدی و
بڕیاری دووبارە نەبوونەوەی سلبیاتەکان بدایە، بەڵام هەروا بەڕێکرا.
10)گرفتی سەرەکی لەڕێگەی بودجە و یاساکەی بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ
یەکنەخستنەوەی سێ وەزارەتەکەی(دارایی، ناوخۆ، پێشمەرگە) کە یەکێک لە
بەڵێنەکانی هەڵبژاردن بوو، بەڵام تائێستا هەر بەڵێنە لەلایەن حکومەت
چەند ساڵێکە بەو جۆرە ماوەتەوە، و پێکهاتەی هەردوو حیزبی دەسەڵات لەسەر
دابەشکردنی بودجەکە بەڕێژەی(46 بە 54%).
ئەو پرۆژە یاسایانەی تائێستا لەلایەن لیژنەکانى
پەرلەمانەوە ڕاپۆرتیان پێشکەش نەکراوە:
1. پارێزگاری کردن لە مافی پاراستنى موڵکدارێتى هزرى و هونەرى.
2. پڕۆژە یاساى تیشکدانەوە (الاشعاع) ڕاکێشراوەتەوە.
3. یاساى نەهێشتنى قۆرخکردن (احتکار)و پاراستنی مافی بەکاربەر،
خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کراوە لە (30/10/2007) بەڵام لەسەر داوای
وەزارەتی بازرگانی ڕاگیراوە بۆ دەوڵەمەندکرنی.
4. هەموارکردنى یاساى پارێزەرایەتى کە خوێندنەوەی یەکەمی لە
(30/10/2007) بۆ کراوە.
5. پرۆژە یاسای دەزگای فڕۆکەخانەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان کە
خوێندنەوەی یەکەمی لە (17/3/2008) بۆ کراوە.
6. بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربارەی کاری ڕۆژنامەگەی لە
کوردستان ژمارە(359)ی ساڵی(2007).
ئەو پرۆژە یاسایانەی کە ڕەوانەی حکومەت کراوە بۆ
وەرگرتنی ڕاو بۆچوون لەسەر پرۆژە یاساکان، یان ڕاکێشراونەتەوە، یان
دواخراوە:
1. یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبونەوە گشتییەکان کە خوێندنەوەی
یەکەمی بۆ کراوە لە (31/12/2007) ئێستا ڕاکێشراوەتەوە.
2. هەژمارکردنی خزمەتی سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانی خزمەتی دادوەری، کە
خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە لە (5/11/2007) ئێستا ڕەوانەی حکومەت کراوە.
3. پرۆژەی یاسای بودجەی حزبەکان کە لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانی
پەرلەمان پێشکەشکراوە لە (16/4/2008) خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوەو
ڕەوانەی حکومەت کراوە.
4. پرۆژە یاسای دانانی پاسەوانی شەرەف (حرس الشرف) لەسەر میلاکی
پەرلەمان (سەرۆکایەتی پەرلەمان جێبەجێی دەکات).
5. هەموارکردنی یەکەمی یاسای باجی دەرامەت ژمارە(26) ی ساڵی (2007)
لەسەر داواى حکومەتدوا خراوە.
|