په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١\٢٠١٠

پرۆژەى (مەدیا) بۆ پتەوکردنى زووان"زمان"ى کوردى ..

ڕاژەڤانێکى بێکەس، هاوارێکى نەبیستراو!


ئامادەکردن و شرۆڤەى: بەختیار مامحەمید


ئەم پرۆژەیە کار دەکات و هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەى زاراوە"زاراڤە"ى جوان و گونجاو،بۆ ئەو زاراوە بیانیانەى کە تا هەنوکە"ئێستا" زاراوە کوردییەکەیان نیەو لە ناو خەڵکدا زۆر باون،یان زاراوە کوردیەکەى هەیەو کارى پێناکرێت،هەروەها ئەم پرۆژەیە بە پێى توانا کار دەکات بۆ ئەوەى کە زاراوەگەلى تێکەڵ لە شێوەگۆکانى "بەهدینى،لوڕى،هۆرامى،زازاى،سۆرانى و هتد....."بێنێتە کایەوە بۆ ئەوەى ئەگەرى چێکردن و دروستکردنى زووانى نەگۆڕ"ستاندەر"،پتر و لە بارتر بێت،و زووانى شیرینى کوردى گشت شێوەگۆ"دیالێکت"کان، لە باوەش بگرێت و سەرەنجام زمانێکى دەوڵەمەند و پتەو بێتە بوون!،بۆ وێنە"عەینەک=چەم پاس" "چەم" هۆرامى یە و واتاى چاوە،"پاس" سۆرانى یە و کورتکراوەى پارێزەر یان پاراستنە،"ئینتەرنێت=تۆڕڤەچوون" "تۆڕ" سۆرانى یەو واتە شەبەکە،"ڤەچوون" بەهدینى یە و واتاى چوونە ناوەوە یان داخڵ بوون دەگەیەنێت،"سەلاجە=بەورگە""بەور" واتاى بەفرەو زۆربەى دانیشتوانى دەڤەرى گەرمیان لە باشورى کوردستان و زۆرێکیش لە ڕۆژهەڵات بە کارى دەبەن،"گە یان گا" بە واتاى شوێن و خانەو جێگە دێت و لە زۆربەى شوێنەکانى کوردستانى گەورە بە کار دەبرێت،"تەوبە=پەتەت" لێرەدا گەڕاوینەتەوە بۆ گرنگترین و دەوڵەمەندترینى ژێدەرى زووانەوانى کوردى ئەویش "ئاڤێستا avesta"ى پیرۆزى نێردراو بۆ سەر ئەشوو زەردەشتە،"پەتەت" زاراوەیەکى "ئاڤێستا"ییەو واتاى گەڕانەوە بۆ لاى خوداى تاک دەگەیەنێت،وە زۆر گونجاو و جوانترە لە "پاشگەزبوونەوە،گەڕانەوە،پەشیمانى"،.ئێستاش بەر لەوەى بڕۆینە سەر زاراڤەکان و لێکدانەوەیان،پێویستە کەمێک و چمکێک زانیارى لەسەر خودى پرۆژەکە وە بەر چاڤ بخەین بۆ بەرچاوڕوونى پترى خوێنەرى کورد،و خوازیارى زووانەوانى کورد.


ناڤ(ناو)ى پرۆژەکە.


ناڤى پرۆژەکە لە ناوى مامۆستاى زووانى شیرینى کوردى،وە کیژە چاونەترسى بوێر،دادە"مەدیا"وە،وەرگیراوە،کە لە مانگى ئابى 2009دا، بە وتنەوەى وانەى زووانى کوردى لە ماڵەکەى خۆیدا، بە گژ تورکە فاشیەکاندا چوەوە،و بە ڕاشکاوى پێى وتن کە ئێوەى دوژمن "تورک و فارس و عەرەب و ئەرمەن"،ناتوانن رێگە لە بوونى ئێمەى کورد بگرن و زووانمان لێ یاساغ بکەن!!،ئەوەى جێى بایەخە ئەوەیە کە ئەم کیژە چاونەترسە چالاکە تەمەنى تەنها (12) ساڵە...!!!!،هەر بۆیە،ئێمەش(1) لەبەر خۆشەویستى و ڕێزى ئەو دادە بەجەرگ و خەمخۆرەى زووانى کوردى(مەدیا)،پرۆژەکەمان ناونا پرۆژەى (مەدیا) بۆ پتەوکردنى زووان"زمان"ى کوردى.


بەروارى دامەزران.


سەرەڕاى ئەوەى کە نزیکەى ساڵێک پتر بوو سەرقاڵى ئەو پرۆژە بووین،بەڵام قەدەرى خودا کەوتە مانگى ئەیلول، و، هەر بە چەند ڕۆژێک دواى ڕووداوەکەى (مەدیا)خان،لە باکورى کوردستان،و لە ڕۆژى (3-9-2009)،ئەم پرۆژەمان دامەزراند،و بە شێوەیەکى دامەزراوەییانە دەستمان بە کارو ڕاژە"خزمەت"کرد.


بانگەواز و ئاگادارى.


بەدەر لەوەى لە تەک هەموو بەشەکاندا داوامان لە هەموو خەمخۆران و دڵسۆزانى زووانى کوردى دەکرد کە ئالیکارو یارمەتیدەرمان بن،بەڵام بە فەرمى دوو ئاگادارى بانگەوازمان بڵاو کردەوە،بۆ ئەوەى پرۆژەکە فراوانترو جوانترو ڕێک وپێکتر بکرێت، و ببێتە ڕاژەڤان"خزمەتکار"ى بوارى زووانى کوردى،یەکەم بانگەوازمان لە ڕۆژى 30-9-2009،و لە لاپەڕە 15ى ژمارە (1066)ى ڕۆژنامەى ئاسۆ،دا،بڵاو کردەوە،تیایدا داوامان لە هەموو ڕۆشنبیران و زووانەوانان و دڵسۆزانى کورد، کرد کە هاوکارو یارمەتیدەرمان بن،بۆ ئەوەى بتوانین زووانێکى پتەوو دەوڵەمەند بۆ میللەتى کورد بهێنینە ئاراوە،ئەگەر چى ڕەنگە پرۆژەکە هێندەش گەورە نەبێت،وەلێ "دیارى،دیاریە،بۆ خاوەن دیارى"،و ئێمەش بە پێى خۆمان هەر ئەوەندە دەتوانین،بانگەوازى دووەم،لە ڕۆژى 4-10-2009،بوو لە ماڵپەڕى(pcdk) بڵاڤکرایەوە بە ناونیشانى (لە کوردێکەوە بۆ هەموو کوردەکانى هەر پێنج پارچەى کوردستان)،جگە لەمانەش بە زۆر کەسمان ڕاگەیاند و داواى ئیش وکارو چالاکیمان کرد.....!!!


بە دەمەوە "نەهاتن" و بە دەمەوە "هاتن"!!


سەرەڕاى ئەو بانگەواز و داواکارى و"پاڕانەوانە"ى کە کردمان،بەڵام یەک کەس ..............بڕوا بکەن یەک کەسیش نەیووت "کەرتان بە چەند" و یە کەس بە دەممانەوە نەهات!!،بەڵام خوا هەڵناگرێت بەڕێزێک بۆ ئیمەیڵەکەمى نووسیبوو"ئێوە بۆ پارە ئەم کارە دەکەن، و بە کرێگیراون..!"،ئیتر بۆ خوێى چێشتیش کەس لێمانى نەپرسى نە بە چاک نە بە خراپ،نە دەسخۆشى ونە ملشکان،نە پێشنیارو نە ڕەخنە،!با بێمە سەر ئەوەى کام ماڵپەڕ بە دەممانەوە هات"لەگەڵ هیچ گۆڤارێک باسمان نەکرد،بەڵام بەشى یەکەمم نارد بۆ گۆڤارى "مێرگ" ئەویش بێوەڵام بوو!"،ماڵپەڕەکانى (pcdk) و(islampost) و(kurdistannet) زۆر بە باشى و دڵسۆزانە هاوکارمان بوون،.پچدک،هەرکە بەشەکەى پێدەگەشت دەست بەجێ بڵاویدەکردەوە،.ئیسلام پۆست،بۆ ماوەى دوو ڕۆژ بابەتى دامەزراندنى پرۆژەى (مەدیا)ى، کردە هەواڵى سەرەکى ماڵپەڕەکەى!،کوردستان نێتش هاوکارێکى خراپ نەبوو بۆمان،ئێمە پڕ بە دڵ سوپاسى هەڵوێستى دڵسۆزانەیان دەکەین.


بەشى یەکەم،دووەم،سێ یەم،چوارەم،لە پرۆژەى (مەدیا) بۆ پتەوکردنى زووان"زمان"ى کوردى.


زاراڤەکان و لێکدانەوەیان:


1- ئینتەرنێت=تۆڕڤەچوون، واتە چوونە ناو تۆڕو شەبەکەوە.


www -2=تۆڕى جاڵجاڵۆکەى جیهانیى=تۆجاج.


Tv -3=تەلەڤزیۆن،دووروەشان،واتە دوورت بۆ ئەوەشێنێت و پەخشى ئەکات.


4- سەلاجە=بەورگە،بەفرانى، واتە بەفرو بەور دروست دەکات و لە خۆى دەگرێت.


5- کۆنتڕۆڵ یان ێەیتەرە=زاڵە، واتە هەمیشە زاڵ و دەست بەسەراگرە.


6- جانتا یان ژانتا=تیاکۆ،واتە هەر شتێک بتەوێت تێیدا کۆى دەکەیتەوە بە مەرجێک جێى ببێتەوە.


7- ڕۆبۆت=پەتەڕى یان خۆڕۆ،واتە بە دەستى خۆى نیە چۆن بیجوڵێنن.


8- ڕۆژنامەگەرى،گۆڤارگەرى،پەرتوکگەرى،بڵاوکراوەگەرى=پەڕنووسگەرى،پەڕنووسگەرى بۆ هەممویا دەبێت وگشتگیرە.


9- بیبلیۆگرافیا،پەراوێزەکان=پترگۆیى، واتە زیاتر ووتن لەسەر ئەو بابەتەى دیارى کراوە.


10- دیموکراسى،دیموکراتى=گەلمیریى، واتە دەسەڵات و میریەتى گەل.


11- موجەمیدە=شەختەکار، شەختە واتە زۆر ساردبوو،یان تەواو بەستوو.


12- ئۆتۆماتیک=خۆکار،واتە خۆى کارەکە ئەنجام دەدات ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.


12- ئەرشیف=جەواڵگرد،ئەم زاراوەیە لە دوو بەش پێک دێت،یەک جەواڵ واتە باخەڵ و گیرفان و پارێزگە،دوو گرد واتە کۆکردنەوە و گردکرنەوە،بە گشتى واتە کۆکردنەوەى هەر شتێک لە گیرفانێکى پارێزراودا.


13- مۆبایل=بێهێڵ،واتە بەبێ بوونى هێل و خەت پەیوەندى تەواو دەکات.


14- کۆمپیوتەر=کۆکەر، واتە ئەم ئامێرە بابەتە هەمەجۆرەکان کۆ دەکاتەوە،فۆڵدەر+فایلەکان،نوسین و ژمارە+ئاوازو دەنگ و وێنەو هتد.............. .


15- شاشە=تیابین، واتە هەموو شتێکى تێدا بەدى دەکەیت.


16- کیبۆرد یان لەوحەت مەفاتیح=دانشێوە، واتە ئەم دوگمانەى سەر کیبۆردەکە لە دانى مرۆڤ ئەچن،بۆیە ئەم ناڤە گونجاوە.


17-سۆپەرمارکێت=هەمەفرۆش، واتە لە هەموو ڕەنگ و جۆرێک دەفرۆشێت.


18- لەحیمکردن=پێکڤەنان یان لکاندن،واتە نوساندن و لکاندنى شتێک بە شتێکى دیکەوە.


19- مینى مارکێت=بازاڕۆکە، واتە بازاڕێکى گچکەیەو زۆر شت تێیدا دەستەبەر دەبێت.


20- کافتریا=پشووگە،مەبەست لەوەیە کە کافتریا لاى کورد بۆ پشوو بە کاردێت بە جۆرەکانییەوە.


21- عەینەک=چەمپاس، وشەکە دوو بەشە چەم واتە چاڤ و چاو،پاس واتە پارێزو پاسەوان،کۆى ووشەکە دەبێتە چاوپارێزو زۆر لە وشەى چاویلکە گونجاوترە!.


22- پاسۆرد یان ڕەمز حمایە=راِزگر،واتە ڕازو مەبەستى تۆ دەگرێت و ئاشکارى ناکات.


23- کۆمەڵە،ڕێکخراوە=جڤات،ئەم زاراوە تازە نیە، وەلێ بۆیە باسى دەکەین بۆ ئەوەى لە جیاتى کۆمەڵ و کۆمەڵە بەکار ببرێت.


24- ستاندارد یان ستاندەر=نەگۆڕ، واتە جێگیرو نەگۆڕ و چەسپاو.


25-نەزاهە=پاکژکاریى یان پوختڕەوى،واتە پاککرنەوەو کارى پاکژ ئەنجامدان پوختکردنى شتێک.


26- بایکۆت=پێچانەوە یان پوچەڵکردن،واتە نەهێشتن و پێچانەوەى هەر شتێک لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى دیکە.


27- میمۆرى=مێشکیلە،واتە مێشکێکى بچوک و پڕ لە زانیارى هەمەجۆر.


28- وەزیر=شالیار یان کاربەرێوەبەر،شالیار وشیەکى کۆنى کوریەو بۆ وەزیر بەکاردێت و سەردەمەکەى دەگەڕێتەوە بۆ زەمانى ئەشوو زەردەشت،کاربەڕێوەبەریش واتە کارسوڕێن و کارڕایى کار.


29- ئاهەنگى شەوانە=شەڤاهەنگ،شەڤ واتە شەو،ئاهەنگ شایى و دیلان و خۆشى،لە برى ئەوەى بوترێت ئاهەنگى شەوانە گونجاوترە بوترێت شەڤاهەنگ،،.....
هەندێک زاراوە کە بە هەڵە بە کار دەبرێن و پێویستە ڕاستەکانیان بوترێت،بۆ ئەوەى دابەشکردنى یەکجارەکى (کوردستان kurdistan) بکەینە خەون و خەیاڵ بۆ دوژمنان!
کوردستانى عیراق=باشورى کوردستانى گەورە،
کوردستانى تورکیا=باکورى کوردستانى گەورە،
کوردستانى سوریا=ڕۆژئاڤاى کوردستان،
کوردستانى ئیران=ڕۆژهەڵاتى کوردستان،
کوردستانى ڕوسیا=کوردستانى سوور،
سنوورى عێراق و ئێران و تورکیاو سوریا=سنورى باشور و ڕۆژهەڵات و باکور و ڕۆژئاڤاى کوردستان،
حکومەتى هەرێمى کوردستان-عیراق=حکومەتى هەرێمى باشورى کوردستان،
هەولێرى پایتەختى کوردستان=هەولێرى پایتەختى باشورى کوردستان،
کوردى ئێرانى و سورى و تورکى و عیرافى=کوردى کوردستانى.


30- اللە=ئاهورامەزدا،هەروەک چۆن ئاساییە (اللە) بە "خودا،خودێ،خوداڤەند،خوا،خوداوەند" بانگبکرێت،ئاوهاش ئاساییە بە بە "ئاهورامەزدا" بانگبکرێت،چونکە لە کۆنداو لە دەمان(سەردەم)ى ئەشوو زەردەشتى پەیامبەر"س.خ"،خوداى تاک و تەنها بە ئاهوورامەزدا ناسرابوو،وە هەر ئەو ناوە نیشانەى تاکى و بێهاوتایى (اللە)ى مەزن ئافرێنەرى جیهان بوو،بۆیە زۆر گونجاوە لە برى اللە یان خودا،بووترێت(ئاهوورامەزدا).


31- سپلیت=کەشگۆڕ،واتە دەتوانێت کەشو هەواى گەرم سارد بکات و بە پێچەوانەشەوە،چونکە سپلیت گەرمیش و ساردیشى هەیە،وە هەرکات بتەوێت کەش دەگۆڕێت.


32- قەمەر ێناعى=هەیڤى چێکراو، ئەوەى کە دەیەژن مانگى دەستکرد زۆر تەواو نیە،چونکە "مانگ" بەرامبەر بە "شەهر"ى عەرەبیە و بۆ کات گونجاوترە بۆ نمونە (چەندى مانگە؟ مانگى چەند دێیت؟ مانگێکە تەڤن دکەم)،وەلێ "هەیڤ" ڕێک یەکسانە بە "قەمەر"و بۆ خودى هەسارەکە بەکار دەبرێت،بۆیە گونجاوترە بوترێت"هەیڤى چێکراو" لە برى "مانگى دەستکرد".


33- حەفتە=هەفتە، یان دەتوانین "هەوتە،هەوتو" بەکار بێنین،بەڵام ووشەى حەوتو یان حەفتە پتر لە دەنگە عەرەوبییەکانەوە نێزیکە،ڕاستە ئێمە بە ژمارە"7 هەوت"دەڵێین "حەوت"،بەڵام ڕاستەکەى هەوتە نەک حەوت،چونکە پیتى "ح" لە کوردیدا بوونى نیە،بەڵام بە هەبوونیشى زیان ناکەین بەڵکو شێوەى دەربڕینەکانمان پتر دەبن،بۆ نمونە تورک کە دەنوسن "ئەلى" بانگى دەکە بە عەلى،دەنوسن"موهەمەد" بانگى دەکەن موحەمەد،وهتد....،بەڵام سوپاس بۆ خودێ ئێمە ئەڤ ئاریشەمان نیە.


34- قاتل=کوژەر،لەڕاستیدا هەم بکوژو هەمیش پیاوکوژ دوو زاراڤەى هەڵەن،ێونکە "بکوژ" واتە "ئوقتول" نەک "قاتل"،پاشان پیاوکوژیش تەنها پیاو دەگرێتەوەو هەڵەیە،ئەگەر مرۆکوژ بێت تاڕادەیەک گونجاوە،بەڵام کوژەر تەواوەو گونجاوە بۆ کەسى مرۆڤکوژ.


35- خەتەر=بڤە،دیارە ووشەى "خەتەر" زۆر بەکار دەبرێت لە کاتێکدا ووشەى "بڤە"ى کوردیى شیرین بوونى هەیە،وە گونجاوە بۆ زاراوەى "خەتەرناک" زاراوەى "بڤەدار یان بڤەناک" بەکار ببرێت.


36- موبەریدە=فێنکار،ئەم زاراوە گونجاوە،چونکە کارى ئەم ئامێرە تەنها کارى فێنک کردنەوەیە،زاراوەکە لە دوو بەش پێکهاتووە ئەویش "فێنک،سارد،خۆشبا" و"کار"، دەکاتە "فێنککار" بەڵام بۆ جوانتر دەربڕینى زاراوەکە دەبێت پیتى چوارەم واتە"ک"ەکە،لا ببەین و زاراوەکە ببێتە"فێنکار".


37- دیالێکت=شێوەگۆ،بۆ زاراوەى دیالێکت دەتوانین شێوەزاریش بەکار ببەین وەلێ"شێوەگۆ"گونجاوترە،چونکە هەندێ جار بە زمانیش دەىوترێت زار،بەڵام "گۆ"واتە قسەو گفت و بۆ دەربڕین بەکاردێت.


38- زمانى بادینى=شێوەگۆى بادینى،بە داخەوە ئێستا زۆر کەس بێئەوەى بى خۆیان بزانن زمان"زووان"ى شیرینى کوردییان کردوە بە چەند پارچەیەکەوە،بە هۆی دەربڕینى زاراڤەکانەوە،بۆ نمونە بە شێوەگۆکانى "بەهدینى،سۆرانى،گۆرانى،هۆرامى،زازایى،گەرمیانى وهتد.."،دەیەژن زمان وەک بڵێیت ئەمانەى هەموو زمانن و خاوەنەکانیشیان نەتەوەن،کە ئەمەش هەڵەیە،چونکە ئەوانە هەموو دێنەوە سەر زمانى ڕەسەنى کوردیى ،ولک"لق"ێکن لە زووانى فەرمیى کورد.


39- ئاپۆ=مامە،زاراڤەى "ئاپۆ" کە هەنوکە بۆ بیرمەندى زیندانیکراوى کورد عبداللە ئۆچ ئالان پتر بە کار دەبرێت،زاراوەیەکى شێوەگۆى "زەنگەنە"یە،و بۆ "مام ،مامە،سەروەر،ڕابەر" بەکاردێت،تا ئێستاش زەنگەنەکانى گەرمیان،بە مامەکان و هەندێ جار بە گەورەکان،دەیەژن"هاپۆ،ئاپۆ"،ئەمەش نیشانەى تۆکمەیى و مەزناتى زمانى کوردى دەردەخات،سەرۆکێکى "باکورى وڵات" زاراوەیەکى "گەرمیانیان"ە ،دەکرێتە بەرگى باڵای و ناسناوى هەمیشەیى.


40- فەلسەفە=زانخوازى،لە زۆربەمان ئاشکرایە کە زاراوەى فەلسەفە یۆنانیەو لە دوو وشە پێکهاتوە،ئەوانیش(فیلۆ+سۆفى)کە دەکاتە حەزکردن لە زانست،بەڵام ئێمە بۆ زاراوەى"فەلسەفە" "زانخوازى" بە گونجاو دەزانین،ئەم زاراوەیە دوو وشەیە ئەوانیش"زان+خوازى"،زان بن و ڕەگى زانینە،هەروەک لە زاراوەکانى "زانکۆ، زانیار، زانست" بە دەردەکەوێت، هەروەها "خوازى" واتە ویستن و حەزکردن و خواستن، هەروەک زاراوەکانى "خۆشەویستى، دنیاویستى، شەڕخوازى، پاوەنخوازى"، کەواتە"فەلسەفە=زانخوازى واتە حەزو ئارەزو بۆ زانین و دانایى،وە بۆ "فەیلەسوف" زاراوەى "زانخواز" بە گونجاو دەزانین.


41- هۆتێل=حەوانگە،ڕاستە ئێستا بە هۆتێل دەوترێت"میوانخانە" بەڵام زاراوەى میوانخانە زۆر گونجاو نیە،چونکە زۆر کەس میوانیش نیەو خەڵکى ئەو جێگەشەو دەچێتە هۆتێل و هتد..،بەڵام زاراوەى"حەوان+گە"زۆر گونجاوە،چونکە بە ماناى جێگاى حەوانەوە دێت بۆ هەر کەسێک کە دەچێتە ئەوێندەر،،
42-تەوبە=پەتەت،ووشەى "پەتەت" وشەیەکى ئاڤێستایى یەو ڕێک بەرامبەرە لەتەک وشەى "تەوبە"،و بۆ گەڕانەوەو پاشگەزبوونەوە بۆ لاى خوداى تاک،بەکار دێت،بەڵام وشەکانى "پەشیمانى،گەڕانەوە،پاشگەزبوونەوە"هەریەگەو بۆ شتى دیکە گونجاون،بۆ وێنە(لە مامەڵەکەم "پەشیمان" دەبمەوە) یان(لە شەودا "دەگەڕێنەوە"بۆ ئێرە) یان (لە بڕیارەکەم "پاشگەز" دەبمەوە)و هتد......،هەر بۆیە وشەى "پەتەت" گەلێک جوان و پڕ ماناو گونجاوە بۆ وشەى "تەوبە".
_________________________________
تێبینى: ئەم پرۆژەیە بۆ یەکەمجارە بڵاو ببێتەوە لە گۆڤارو ڕۆژنامە.
پەراوێز(پترگۆیى)
1-لە سەرەتا تەنها بووم بەڵام دواتر(سەیوان حسێن،هێمن عەلى،وریا حەسەن،کەمال مەحموود،ئەمیر عەبدوڵڵا)زۆر هاوکارم بوون و هەموو خۆیان بە ئەندامى دەستەى پرۆژەکە زانیوەو بێوچان کاریان کردوە.

 

 

07507958507

email:islam_kurdistan@yahoo.com