٢١\١٢\٢٠١٣
پرسەی
تێپەربوونی تەمەن
لە
چاوەڕوانیی ھاتنی منداڵییم.

ئەفسانە سروش
تۆ بڵێی لەوبەری
کامە رووبار
چاوەڕوانی پردێک بێ
تا بەسەریا بپەڕێتەوە و
لە ئێوارەیەکی سار ساردا
کە من لە چاوەڕێی ئاوابوونی
خۆری ئەمرۆ و
تەمەنێکی بێ منداڵییم؛
کەزیی تاڵە سپییە تێکەڵەکانی
رۆژگارە رەشەکانم
دەھۆنمەوە..
بدەی لە دەرگای
ئاچەرە شکاوەکەی
تەمەنم و
بێتە ناو حەوشەی خاڵی لە چاوەڕوانیی،
ئەو دەمە
دەبینی سەردەمی
چاوەڕوانیی تۆ چەند کۆن بووە و
لەوە درەنگترە بێی و
منی تێپەریوو لە چاوەروانیی
بتگرێتە باوەش،
دەبینی
چەندین ماڵۆچکەی
یارییم لە حەوشەی
چاوەڕوانیی منداڵییمدا
دروست کردوە و
ھەمووی لە خانەخەرابێک نەبێ
لە ھیچی تر ناچن
ئێستا ھەر
شوێنەواریانە کە ماون،
دەبینی چەند تەرمی
ئاواتی منداڵییم لەبەر ھەیوانی
ژوورەکەم نێژراون و
نوێژی مردووشیان لەسەر نەکراوە
کەس فاتیحایەکی درۆشی
بۆ نەخوێندوون،
ئدی ھێدی ھێدی
شل دەبن ھەنگاوەکانت
بەرەو من و
دەبینی ھەموو سێبەرەکانی منداڵییم
پرسەی تێپەڕینی
تەمەنی من دەگێڕن و
لێرە تێدەگەی چەند
درەنگە و دەستی تۆ
ئا دەستی تۆ!
ئیتر من ناناسێتەوە.
ماڵپەڕی
ئەفسانە سروش
|